موحسێن رەزایی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران خۆی ده‌پاڵێوێت

موحسێن رەزایی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران خۆی ده‌پاڵێوێت
7 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- سەرۆكی لێژنەی دەستنیشان كردنی بەرەژوەندییەكانی شۆڕشی ئێران موحسین رەزایی ئەمرۆ لە شاری یاسووج لە باشووری رۆژئاوای ئێراندا وتەیەكی پێشكەشی رای گشتی كرد و گوتی: پێشتر بەرەژوەندی شۆڕشی ئێران لەوەدا بوو كە من و كەسانی دیكە وەكو من لە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتدا دوور بن، بەڵام ئەمرۆ بارودۆخەكە گۆڕانی بە سەردا هاتووە و بەرەژوەندییە گشتییەكانی شۆڕشی ئێران ئەوەمان لەسەر فەرز دەكەن كە من و كەسانی دیكە وەكو من بگەڕێنەوە بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی.

موحسین رەزایی ئاماژەی بەوە كرد كە كێشەی هەرە سەرەكەی ئێران لەم قۆناخەدا ئەوەیە كە سیاسەتمەدارەكانی ئێران ناتوانن سیاسەتێكی ئەوەتۆی ئابووری پەیڕەو بكەن كە ژیانی هاووڵاتییان مسوگەر بكەن، ئایا بە راستی ئێران لە رووی ئابوورییەوە توانای مسوگەر كردنی ژیانی هاووڵاتییانی خۆی نییە؟

سەرۆكی پێشووی سوپای پاسداران و بەرپرسی لێژنەی دەستنیشان كردنی بەرەژوەندییەكانی شۆڕشی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە بە هۆی سیاسەتە هەڵە ئابوورییەكانی بەرپرسانی دەوڵەتەوە دراوی ئێرانی نرخی خۆی لە نێو بازارەكاندا لە دەست داوە و گۆشارە ئابوورییەكانیش كاریگەرییەكی یەكجار زۆریان لە سەر ژیانی هاووڵاتییان كردووە بەڵام پلان و بەرنامەی ئێمە لە داهاتوودا باشتر كردنی ژیانی هاووڵاتییان و بەرز كردنەوەی نرخی دراوی ئێرانە.

ناوبراو هەرچەند بە راشكاوی باسی پاڵێوراو كردنی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئێران نەكردووە بەڵام سیاسەتمەدارە ئێرانییەكان دەڵێن ئەمە یەكەمین هەڵمەتی پروپاگەندەی موحسین رەزایی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئێرانە.
Top