حەیاتی لەندەنی: ئەسەد، پلانی تەقینەوەی لە مەككە داڕشتبوو
عیماد موعین ئەلحەراكی كە دواتر پێوەندیی بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریاوە كرد، بە ژمارەی ئەمڕۆی حەیاتی لەندەنی ڕاگەیاندووە، پلانەكە بۆ وەرزی حەجی ڕابردوو بوو و دەبوایە لە عەرەفە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرلە ئەنجامدانی كردەوەكە و لە تشرینی یەكەمی ڕابردوودا بەرپرسانی وڵاتی سعوودیەی ئاگادار كردووەتەوە كە جێگری كۆنسووڵی گشتیی سووریا لە جەددە، شەوقی شەمات، ئەوی بۆ جێبەجێكردنی پلانی تەقینەوەكە ڕاسپاردووە.
ئەلحەراكی هەروەها گوتی كە لایەنە پێوەندیدارەكانی سعوودیەی لە تۆڕێكی 20 كەسی سەربە حیزبوڵڵای لوبنانی كە لە پێوەندی ڕاستەوخۆدا بوون لەگەڵ شەمات و كۆنسووڵخانەی سووریا لە جەددە، ئاگادار كردووەتەوە.
بە گوتەی حەراكی، دوای دەركردنی سێ دیپلۆماتكاری سووریایی لە سعوودیە، لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە بروسكەیەكی بە پەلەی پێ دەگات و داوای لێ كراوە بگەڕێتەوە بۆ سووریا، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بە هۆی ئەو زانیاریانەی كە پێی گەیشتوون، بڕیاری لەداردانی بە تاوانی خیانەتی گەورەی بەسەردا سەپێندراوە و بە گەڕانەوەیشی سزاکەی بەسەردا دەسەپێندرێت؛ هەربۆیە دەستەڵاتدارانی سعوودیە لەو پلانە ئاگادار دەكاتەوە و ئەوانیش بەڵێنیان پێی داوە خۆی و خانەوادەكەیشی بپارێزن.
