ئه‌مرۆ 51 كه‌س به گوله‌ى هێزه ئه‌منییه‌كان و هێزه‌كانى سوپاى رژێمى سووریا كوژران
تۆڕى مافی مرۆڤیش له سووریا رایگه‌یاند كه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل له هه‌ر یه‌ك له پارێزگه‌ى ئیدلب و حمس و حه‌له‌ب به گوله‌ى هێزه ئه‌منییه‌كان و هێزه‌كانى سوپاى رژێم كوژران و برینداربوون، له شارى حمسیش چالاكوانان رایانگه‌یاند كه تانكه‌كانى رژێم گه‌ڕه‌كى حه‌میدییه‌یان گه‌مارۆ داوه‌و ژماره‌یه‌ك له میلیشیاكانى سه‌ر به رژێم و هێزى ئه‌منى له گه‌ڕه‌كه‌كه بڵاوبوونه‌ته‌وه له كاتێكدا هه‌ر یه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كانى باب هوودو دێر به‌عله‌و ته‌لبیسه به چڕى بۆردومان كران.
هاوكات شه‌ڕوپێكدادان له نێوان هێزه‌كانى رژێم و هێزه‌كانى سوپاى سووریاى ئازاد له نزیك گه‌ڕه‌كى بابا عه‌مروو لاى گه‌ڕه‌كى جوبه‌یره‌وه رووى دا جگه له‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌ى له گه‌ڕه‌كى دێر به‌عل رووى دا كاتێك هێزه‌كانى رژێم هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێزه‌كانى رژێم ئه‌نباره‌كانى مانگى سووریا‌ن له شاره‌كه بۆردومان كرد‌و چى كه‌ره‌سته‌و ئازه‌ووقه‌یان تێدا بوو هه‌موو سووتان. له هه‌مان كاتدا هێزه‌كانى رژێم هه‌ڵمه‌تێكى فره‌وانى ره‌شبگیرییان له گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى حه‌ما ئه‌نجام دا‌و هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر شارۆچكه‌ى مه‌عزه‌مییه له ریف دیمه‌شق و كه‌فر عوه‌ید له پارێزگه‌ى ئیدلب و ده‌ستیان به هه‌ڵكوتانه ناو ماڵى دانیشتووان كرد‌و ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵكى سڤیلیان ده‌ستگیركرد.
