دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف لە رێوشوێنكی توندی تەناهیدا گواسترانەوە بۆ بەغدا

دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف لە رێوشوێنكی توندی تەناهیدا گواسترانەوە بۆ بەغدا

لەناو رێوشوێنێكی توندی تەناهیدا، نێزیكەی 400 ئەندامی رێكخراوی موجاهیدینی خەلقی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە كەمپی ئەشرەفی پارێزگەی دیالەوە گواسترانەوە بۆ كەمپی لیبرتی \"ئازادی\"" لە نێزیك باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی بەغدا.

ashrafلێژنەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و چاودێرانی ناودەڵەتی سەرپەرشتیی گواستنەوەی دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف دەكەن، كە دوێنێ هەینی لە یەكەم كارواندا 400 ئەندامی رێكخراوەكە گواسترانەوە و بڕیارە بە چەند قۆناغێك ئەوانی تریش بگوازرێنەوە.

زوهێر فەتلاوی، یەكێك لەو پەیامنێرانەی كە لەگەڵ تیمێكی راگەیاندندا رووماڵی پرۆسەی گواستنەوەی دانیشتوانی كەمپەكەی دەكرد بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لەنێو رێوشوێنێكی توندی تەناهیدا كە ماوەی چەند سەعاتێكی خایاند كاروانی یەكەمی ئەندامانی موجاهیدینی خەلق لە پارێزگەی دیالەوە گواسترانەوە بۆ كەمپی لیبرتی \""ئازادی\"" لە بەغدا.

زیاتر گوتی، تا تەواوبوونی رێوشوێنەكانی گواستنەوەكە رێگە بە تیمی راگەیاندن نەدرا بگەڕێنەوە شوێنی كاریان، ئەمەش تووڕەیی و بێزاریی رۆژنامەنووسانی لێ كەوتەوە.

ئەو 400 كەسە بە 20 ئۆتۆمۆبێلی بارەبەر و 18 پاس كە لە لایەن هێزە تەناهییەكانەوە دابین كرابوون، گواسترانەوە بۆ كەمپی ئازادی لە بەغدا.

بان كی مۆن ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان پێنجشەمی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، كاتی ئەوە هاتووە دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف بۆ بەغدا بگوازرێنەوە و لەسەر حكوومەتی عێراقیش پێویستە بەرپرسیارەتی سەلامەتیی دانیشتوانی كەمپەكە بگرێتە ئەستۆ.

دوای ئیمزاكردنی یاداشتێكی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكلاكردنەوەی فایلەكە، حكوومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر درێژكردنەوەی دوا وادەی داخستنی كەمپی ئەشرەفی لە كۆتای ساڵی رابردوو بۆ نیسان/ئەپریلی داهاتوو دەربڕی.

كەمپی ئەشڕەف كە 3500 كەسی سە بە رێكخراوی موجاهیدنی خەڵقی ئێرانی تێدا دەژی، لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو لەلایەن رێژیمی سەدام حوسێن هاتە دامەزراندن."
Top