ئه‌ردۆگان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حكومه‌تى سوریا

ئه‌ردۆگان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حكومه‌تى سوریا
گوڵان/س.م

به‌هۆى به‌رده‌وامى به‌كارهێنانى توندوتیژى دژى خۆپیشانده‌ران و سه‌ركوتكردنیان، سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا هێرش ده‌كات سه‌ر حكومه‌تى سوریا و به‌ئه‌نجامدانى هه‌ڵسوكه‌وتى دژ به‌ مرۆڤایه‌تى تۆمه‌تبارى ده‌كات.

ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌، رِه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا رِایگه‌یاند: حكومه‌تى سوریا هه‌ڵسوكه‌وتى دور له‌ مرۆڤایه‌تى به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌نجام ده‌دات و حكومه‌تى سوریا تۆمه‌تباره‌ به‌ كوشتنى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نى.

له‌هه‌مانكاتدا سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ى نیشاندا بۆ له‌خۆگرتنى په‌نابه‌رانى سورى و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ده‌رگاى وڵاته‌كه‌ى واڵایه‌ به‌رِوى سه‌رجه‌م په‌نابه‌رانى سوریادا.
له‌سه‌ره‌تایی ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانى سوریا تا ئێستا زیاتر له‌ 3 هه‌زار هاوڵاتى سورى وڵاتى خۆیان جێهێشتوه‌ و رِویان له‌ توركیا كردوه‌.

ئه‌ردۆگان وتیشی: حكومه‌تى توركیا به‌ هه‌ستیاریه‌وه‌ چاودێری بارودۆخى سوریا ده‌كات و نیگه‌رانه‌ له‌و رِه‌وشه‌ى له‌و وڵاته‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌.

شایانى باسه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو مانگه‌ خۆپیشاندان له‌ سوریا ده‌ستى پێكردوه‌ به‌پێى رِاپۆرتى رِێكخراوى چاودێری كردنى مافه‌كانى مرۆڤ تائێستا زیاتر له‌ 1100 خۆپیشانده‌رى سورى به‌ده‌ستى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى سوریا كوژراون.
Top