ئەلۆك یاداڤ پڕۆفیسۆری ئەدەب و زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن بۆ گوڵان: ئەدەبیات ئامرازێكی بنەڕەتییە بۆ جەختكردنەوە و تۆخكردنەوەی بەها و شوناسە نەتەوەییەكان
ئەدەبیات بوارێك نییە كە تەنیا پەیوەست بێت بە گێڕانەوەی چیرۆك و پاراستنی یادەوەرییەكان، بەڵكو بە درێژایی مێژوو، یەكێك بووە لەو پانتاییانەی كە كۆمەڵگەكان لە ڕێگەیەوە خۆیان پێناسە دەكەن و ڕابردووی خۆیان دەخوێننەوە و وێنایەك بۆ پاشەڕۆژ و داهاتووی خۆیان دروست دەكەن. لەم ڕووەوە، پەیوەندیی نێوان ئەدەبیات و ناسیۆنالیزم پەیوەندییەكی سادە و یەك ئاراستە نییە، واتە ئەدەبیات دەتوانێت لە یەك كاتدا هەم سنوورەكانی «ئێمە» و «ئەوان» تۆخ بكاتەوە، هەم ئەم سنوورانەش بخاتە ژێر گومان و پرسیارەوە. بۆیە لە گفتوگۆی ئەمڕۆدا دەچینە ناو ئەو پرسیارە گرنگەی كە چۆن چیرۆكە نەتەوەییە جیاوازەكان، یادەوەرییە مێژووییەكان و تێكەڵبوونی كولتوورەكان كاریگەرییان دەبێت لەسەر داڕشتنی شوناسی نەتەوەیی و چۆن ئەدەبیات دەتوانێت لە نێوان پەراوێزخستن و پێكەوەژیاندا ڕۆڵێكی جیاواز بگێڕێت. بۆ ئەم مەبەستەش گۆڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەلۆك یاداڤ ئەنجام دا، كە پڕۆفیسۆری زمانی ئینگلیزییە و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە مرۆییەكانە لە زانكۆی جۆرج مەیسۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وانەبێژی ئەدەبی ئینگلیزیی سەدەی هەژدە و ئەدەبی دوای ئیستیعمار و ئەدەبی جیهانییە و چەندین توێژینەوەی هەیە لەبارەی ناسیۆنالیزم و ئیمپراتۆریەت و ئەدەبیاتی كولتووری بەریتانی.
• سەرەتا دەمانەوێت لەوە دەست پێبكەین كە چی ڕوودەدات كاتێك گرووپە ڕكابەرەكان چیرۆكی جیاواز دەگێڕنەوە لەبارەی هەمان ڕووداو و پێشهاتی مێژوویی و ئەگەر ئەدەبیات پێكهێنەری بەشێكی ناسیۆنالیزم بێت، واتە چیرۆكێك بێت كۆمەڵگەیەك بۆ خۆی بگێڕێتەوە، ئایا دەتوانین بڵێین ئەدەبیات بە شێوەیەكی حەتمی جۆرێك لە پەراوێزخستن دروست دەكات، یان دەتوانێت پانتاییەك بخوڵقێنێت كە تێیدا ئەفسانە نەتەوەییە ناكۆك بە یەكەكان بە ڕاستی پێكەوە هەڵبكەن؟
- هیچ شتێكی حەتمی نییە لەبارەی ڕۆڵی ئەدەبیات لە پەیوەندی بە داینامیكییەتە ناكۆك بەیەكەكانی نێوان گەلان و كولتوورەكان. دەكرێت كاری ئەدەبی ببێتە هۆی قووڵكردنەوە، یان ئاڵۆزكردن، یان بەرفراوانكردنی ناكۆكیی نێوان گەلان و كولتوورەكان. واتە دەكرێت ببێتە هۆی تۆخكردنەوەی ئەو تێڕوانینانەی سەردەكێشن بۆ دروستكردن و داتاشینی وێنای دوژمن، یان بیانی بۆ گرووپەكانی دیكە، یان وێنای ئەوانەی ناپاكن بەرانبەر دەوڵەتەكە، یان ئینتیمایان بۆی نییە. لە هەمان كاتدا، كاری ئەدەبی بۆی هەیە بە ئاراستەیەكدا كار بكات و خەیاڵ بە شێوەیەكی بەكار بهێنێت كە ببێتە هۆی خاوكردنەوەی گرژی و دژایەتی و دوژمنایەتییەكانی ئێستا و ڕابردوو و برەودان بە تێگەیشتنی زیاتر، و ساڕێژكردنی برینەكانی ڕابردوو و كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان لایەنە دژ بە یەكەكان. واتە مەسەلەكە بەندە بەوەی كاری ئەدەبی چۆن و بە چ ئاراستەیەكدا بەكار دەهێنرێت. تێڕوانینی تایبەتی من ئەوەیە كە خۆی لە خۆیدا ئەدەبیات و كولتووری ئەدەبی مەیلی پێكەوەژیان و فرەیی لەخۆ دەگرن، ئەگەر بایەخ بە كارلێكی نێوان كولتوورەكان بدەین. تێكەڵبوونی كولتووری بووەتە خەسڵەت و تایبەتمەندیی مێژووی ئەدەبی، ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت، ئەوا دەتوانین ئامرازێكی كارا بەدەست بهێنین لە بەرانبەر ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستییانەی بە ئاراستەی پەراوێزخستندا كار دەكەن، هەروەها دەتوانێت كار بكات بۆ برەودان بە تێگەیشتنێكی گشتگیرتر لەبارەی ناسیۆنالیزم و شوناسی ناسیۆنالیستی.
• ئێمە دەزانین كە چیرۆكەكانی پەیوەست بە مێژووی ڕاستەقینە و بەردەوامبوونی كولتووری و ئینتیما بەشێكی بنەڕەتیی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخن. ئایا ئێمە چی فێر دەبین لەبارەی دیراسەتكردنی ئەدەبیاتی سەدەی هەژدە كە پێمان دەڵێن پێكهێنان و گەڵاڵەكردنی شوناسی سرووشتی چەندە كۆنن، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی توێژینەوەكانتان لەبارەی ئەدەبیات و هەڵكشانی هۆشیاری نەتەوەیی؟
- گوتارەكانی پەیوەست بە ناسیۆنالیزم لە چەند شێوازێكدا دەردەكەون، هەندێكیان ئامانج لێیان پاراستنی یادەوەریی كولتووری و پێداگرییە لەسەر بەردەوامبوونی كولتووری و بانگەشەی پەیوەست بە ئینتیما و تەبایی كۆمەڵایەتی. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمانە كە پتر لە ڕابردوو دەڕوانن، خەسڵەتێكی موحافیزكارییان هەیە لە ڕووی سیاسی و كولتوورییەوە، تا ڕاددەیەكیش هەڵگری مەیلی پەراوێزخستن و جیاكردنەوەن. بەڵام زۆرێك لە ناسیۆنالیزمی دیكە هەن كە پتر ڕوویان لە پاشەڕۆژە، پڕۆژەی هۆشیارانەن بۆ دروستكردنی نەتەوەی نوێ. نەتەوە بە مانای قەوارەیەك كە خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات و بەرپرسیار بێت لە بەرانبەر گەلەكەی، نەك كۆمەڵگەیەكی یەكڕەنگ لە ڕووی ئیتنی و ئایینی، یان زمانەوانییەوە. هەندێ لە ناسیۆنالیزمەكانی دوای كۆڵۆنیاڵیزم، لە باشترین حاڵەتیاندا، جەختیان كردەوە لەسەر ئەم ڕەهەندە و مەیلی بنیادنانی قەوارەیەكی مەدەنی فرەیی و دروستكردنی نەتەوەیەكی نوێ لە فرەیی پێكهاتە ئایینی و ئیتنی و زمانەوانییەكان. زۆرجار ئەم پڕۆژانەی بنیادنانی نەتەوە ڕووبەڕووی تەوژم و چەمكی پێچەوانە بوونەوە، ئەو چەمك و تەوژمانەی ئەم نەتەوە نوێیەیان وەك سەركەوتنی گرووپێكی باڵادەست و دوورخستنەوە، یان سڕینەوەی گرووپە كەمینەكان و چەسپاندنی حوكمڕانییەكی كەم تا زۆر تاكڕەو، وێنا دەكرد. لەم ڕووەوە، ناكۆكی نێوان ئەم تێڕوانینە دژ بە یەكانە بۆ نەتەوە بووەتە خەسڵەتی دۆخی زۆرێك لەو وڵاتانەی تێیدا پڕۆژە نەتەوەییەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە لە جیهانی هاوچەرخدا. مەبەستم ئەوەیە ئەمە شەڕێكە كە یەخەی هەمووانی گرتووە و بووەتە پێوەری توانای مانەوەی چەمكە نەتەوەییەكان لەم سەردەمەدا. دەكرێت هەر چوار پڕۆژەكەی بنیادنانی نەتەوە لە چوار دورگەكەی بەریتانیا (ئینگلتەرا، وێڵز، سكۆتلەندا و ئیرلەندا) لە نێویاندا پڕۆژەی ئاوێتەكردنی ئینگلتەرا لە بەریتانیای مەزن و دواتر بۆ شانشینی یەكگرتووی بەریتانیای مەزن و ئیرلەندا لە سەدەی حەڤدە و هەژدە- بەراورد بكرێت بە پڕۆژەی فیدراڵی لە ئەمریكا، كۆنفیدراڵییەتی لە كەنەدا لە سەدەكانی هەژدە و نۆزدە. ئەمانە هەموو قەوارەی سیاسیی نەتەوەیین، كە پێكهێنانیان دەرئەنجامی كۆكردنەوەی یەكە بچووك و فرەییەكان و هاوكاریی نێوان حوكمڕانییە لۆكاڵییەكان و حوكمڕانییە مەركەزی-نەتەوەیی- فیدڕاڵییەكان بوون. واتە هۆشیارانە دەستیان دایە ئاوێتەكردنی جڤات و كۆمەڵگە جۆراوجۆرەكان كە هەوڵی پێكهێنانی قەوارەیەكیان دەدا كە بوار بە پێكەوەژیان بدات. بە دڵنیاییەوە ئەم پڕۆژانە پڕبوون لە هەوڵەكانی پەیوەست بە باڵادەستی و پەراوێزخستن، بەڵام ئەوەش گرنگە كە بزانین ئەم گردبوونەوانە چۆن كاریان كرد بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گرفتەكانی بنیادنانی دەوڵەت لە ڕۆژگاری دوای كۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپراتۆریەتدا، كە ئەم گرفتانەش بوونەتە خەسڵەتی بنەڕەتیی جیهانی هاوچەرخ. هەر چۆنێك بێت، ڕایەڵەی هەست و سۆزی خەڵك بەم قەوارە نەتەوەییە نوێیانەوە جۆراوجۆر بوون، ئەویش بە گوێرەی مێژوو و ئەزموونی ئەم قەوارە جیاوازانە. بە دڵنیاییەوە، ئەم شوناسە نەتەوەییە نوێیانە و وەبەرهێنان تێیاندا سەریان نەكێشا بۆ زاڵبوون، یان سڕینەوەی شوناسە كۆنەكانی، یان لۆكاڵییەكانی دیكە، بەڵام بوونە هۆی داڕشتنەوەیان و پێدانی ڕەهەندێكی جیاوازتر پێیان لە نێو هەلومەرجێكی تایبەتتردا، كە بە تێپەڕبوونی كات كاریگەرییان لەسەر یەكتری دروست كرد. بگرە هەندێ جار گەڵاڵەبوونی ئەم نەتەوە نوێیانە دەرئەنجامی بارگرژی و ناكۆكیی نێوان چەمك و تێڕوانینە دژ بەیەكەكانی پەیوەست بە نەتەوە و قەوارەی نەتەوەیی بوون. بۆ نموونە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆچونی دژ بە یەك دروست بوون لەبارەی ئەوەی ئایا قەوارەكە بۆ سپی پێستەكانە، واتە مەسیحییەكانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، بۆچوونێكی دیكەی پێچەوانە كە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە دەبێت قەوارەكە فرەیی كولتووری و ئیتنی كۆمەڵگەكە ڕەچاو بكات و لەبەرچاوی بگرێت، دەبێت گرووپە كەمینە و پەراوێزخراوەكانیش لەخۆ بگرێت، -بە دانیشتووانی ڕەسەنی وڵاتەكە و كۆچبەرانیشەوە-، ئەم بۆچوونە ناكۆك بە یەكانە لەبارەی نەتەوەكەوە كاریگەری هەبوو لەسەر داڕشتنی ئومێد و خواست و ئینتیمای خەڵكەكە. ئەم مشتومڕانە و ئەم بۆچوونە پێچەوانانە، هێندەی بەها و نەریتە هاوبەشەكان، كاریگەرییان دەبێت لەسەر دروستبوونی شیرازە نەتەوەییەكە. ئەدەبیاتیش ڕۆڵی هەیە لە تێگەیشتنی خەڵكی لەم مشتومڕ و ناكۆكییانە، ڕەنگە لە سەرەتادا ڕۆڵی گەورەتریشی هەبووبێت، بەهەر حاڵ ئەدەبیات بوارێكی گرنگە بۆ بیركردنەوە و گوزارشت لەخۆكردن.
• لەبەر ئەوەی ئەدەبیات لە ڕووی مێژوییەوە كاریگەریی هەبووە لەسەر بەرەوپێشچوونی هەستی پەیوەست بە شوناسی نەتەوەیی و تێڕوانینە ئیمپریالییەكان، ئایا لە ئێستادا توانای سیاسییەكەی لە چیدا بەرجەستە دەبێت؟ بە واتایەكی دیكە ئایا شرۆڤەكاری ئەدەبی دەتوانێت هاوكارمان بێت بۆ وێناكردنی ئەو شێوازانەی ئینتیما كە مێژووی ئیمپریالی و جیاوازی لەبەرچاو دەگرن، بە بێ ئەوەی تەنیا ڕەهەندێكی ناسیۆنالیستی، یان جیهانی بەدەست بهێنن؟
- ئەمە پرسێكی گەورە و ئاڵۆزە. بەلای منەوە بواری ئەدەبیات پانتاییەكی دەوڵەمەندە بۆ بیركردنەوە لەبارەی چەمكەكانی پەیوەست بە نەتەوەگەرایی و شوناسی نەتەوەیی، لەبەر ئەوەی هەم ئامرازێكی بنەڕەتییە بۆ جەختكردنەوە و تۆخكردنەوەی بەها و شوناسی نەتەوەكان، هەم بوار و پانتاییەكە كە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ڕەوتە ڕۆشنگەری و كولتووری و مێژووییەكانەوە، واتە مینبەرێك دەدات بە ناسیۆنالیزمی كولتووری و لە هەمان كاتدا بەكار دەهێنرێت بۆ برەوپێدانیشی، ئەویش لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی پەنهانی مشتومڕ دژ بە ڕەوتی ناسیۆنالیستی پەراوێزكاری لەخۆدەگرێت. لەبەر ئەوەی كولتووری ئەدەبی تا ڕاددەیەك سەربەخۆیە لە پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەت و گرووپە ئیتنییەكان و تەنانەت لە تێڕوانینە داخراوەكانی تایبەت بە زمان، ناچارمان دەكەن لە ڕوانگەیەكی فرەییەوە لە ناسیۆنالیزم بڕوانین. دەكرێت تێڕوانینی جیاواز هەبێت لەبارەی كۆمەڵگە نەتەوەییەكان، دەشكرێت ئەم كۆمەڵگە نەتەوەییانە بە شێوازی جیاواز بوونیان هەبێت. واتە كۆمەڵگەیەكی ئیتنی زمانەوانی، وەك كۆمەڵگەیەكی مەدەنی، وەك كۆمەڵگەی تاراوگە، هەروەها بۆی هەیە وەك لەسەر ئاستی جیاوازی ناوچەیی و لۆكاڵیش بوونیان هەبێت. لە كۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە سەرنجدان لەوەی چۆن ئەم كۆمەڵگەیانە ئەدەبیات بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكار دەهێنن، دەرفەتی ئەوەمان پێدەدەن هەم بیر لە نەتەوە بكەین و هەم ئاسۆی بیركردنەوەشمان بۆ دوورتر لە نەتەوە درێژ بكەینەوە.
