جەوهەری سیاسەت پانتاییەكی گشتییە بۆ بیركردنەوە و گفتوگۆ: سیاسەت لە ئێستای عێراقدا پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە چەمكی دەوڵەتداری و زانستی بەڕێوەبردن و بەرژەوەندیی گشتییەوە نییە
پ.د. شێرزاد نەجاڕ
ئەگەر لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و بنەما زانستییەكانی سیاسەتەوە لە واقیعی ئێستای عێراق ورد بینەوە، بە ڕوونی دەبینین ئەوەی لەم جوگرافیایەدا بەڕێوەدەچێت، پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە چەمكی دەوڵەتداری و زانستی بەڕێوەبردن و بەرژەوەندیی گشتییەوە نییە. بەڵكو ئەوەی دەگوزەرێت، ململانێیەكی جەوهەری و بێوچانە لەپێناو چنگخستنی دەسەڵات و قۆرخكردنی سەرچاوە ئابوورییەكان و تاڵانكردنی سەروەت و سامانی وڵات. عێراق بەهۆی پێگە ستراتیژییە مێژووییەكەی و ئەو سامانە سرووشتییە بێشومارەی هەیەتی، هەمیشە بووەتە كایەی كێبڕكێی خوێناوی و ناوەندی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، گۆڕانكارییەكان تەنیا لە ئاستی گۆڕینی ڕوخساری دەسەڵاتدا كورت نەبوونەتەوە، بەڵكو پرۆسەیەكی قووڵتر لە ئارادایە كە ئامانج لێی گۆڕینی تەواوەتیی شوناس، كولتووری سیاسی و پێكهاتەی گشتیی عێراقە بۆ دۆخێكی تەواو جیاواز و پێچەوانە
ڕەهەندە فەلسەفییەكانی سیاسەت مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی سیاسی
گەڕان بە دوای مانای چەمكی «سیاسەت»دا، گەشتكردنە بە نێو قووڵاییە فەلسەفییەكاندا، چونكە سیاسەت تەنیا ڕووداوێكی ڕۆژانە، یان ململانێیەكی سادە نییە بۆ دەسەڵات، بەڵكو دیاردەیەكی ئاڵۆزە كە بە ئاسانی دەستەمۆ نابێت. بۆ گەیشتن بە جەوهەری ڕاستەقینەی سیاسەت، پێویستمان بە فیكر و تێڕامانێكی فەلسەفیی قووڵ هەیە تا بتوانین لە بازنە ڕواڵەتییەكەی تێپەڕین و بچینە ناو جەرگەی مانا ڕاستەقینەكەیەوە. لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانین بڵێین: كۆمەڵگە لەبەردەم دوو ئاراستەی جیاوازدایە: ئاراستەیەكی كەمینە كە لە فەلسەفە و بنەماكانی سیاسەت تێدەگەن و وەك زانستێك لێی دەڕوانن و ئاراستەیەكی زۆرینە كە لەناو هەناوی سیاسەتدا دەژین و كاریگەرییەكانیان بەسەرەوەیە، بەڵام بێ ئەوەی دەرك بە جەوهەر و ڕەگ و ڕیشە فیكرییەكەی بكەن.
پرسیارە بنەڕەتییەكە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت: ئایا مرۆڤ لە سەرەتای بوونیدا پێویستی بە سیاسەت هەبووە؟ بێگومان مرۆڤی تەنیا و دابڕاو، بێ پێویستی بە هیچ ڕێكخستنێكی سیاسی ژیاوە، بەڵام هەر كە مرۆڤ هەنگاوی نا بەرەو ژیانی بەكۆمەڵ و كەوتە نێو تۆڕی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە، پێویستییەك بۆ «ڕێكخستن» و «تەنزیم» سەری هەڵدا. لێرەدا جەوهەری سیاسەت وەك زەروورەتێك بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی گشتی و ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان دەركەوت. ئەم بابەتە بووە یەكێك لە گەورەترین سەرقاڵییە فیكرییەكانی فەیلەسووفە مەزنەكان.
ئەرستۆتێلیس، وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم فیكرە، لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا «سیاسەت»، سەرنجی خستە سەر جووڵە و سرووشتی مرۆڤ. ئەو ڕای وابوو مرۆڤ تەنیا زیندەوەرێكی ئاسایی نییە كە تەنیا بۆ مانەوە بجووڵێت، بەڵكو خاوەن «مەبەست»ـە، ئەم مەبەستەش بریتییە لە ڕێكخستنی ژیان بەو جۆرەی كە شكۆ و بەهای مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت. هەر بۆیە ئەرستۆ پێناسەیەكی مێژوویی بۆ مرۆڤ كرد و بە «Zoon Politikon» یان «بوونەوەرێكی سیاسی» ناوزەدی كرد. ئەمە بەو مانایەیە كە مرۆڤبوون بەبێ سیاسەت و بەبێ بەشداریكردن لە ژیانی گشتیدا، مەحاڵە.
یۆنانییە كۆنەكان لە ئەسینا ئەم تێڕوانینەیان كردە واقیع و مۆدێلێكیان لە دیموكراسی بونیاد نا، كە تێیدا هاووڵاتیان بە شێوەیەكی كارا بەشدارییان لە «كردەی سیاسی»دا دەكرد. ئەم بەشداریكردنە لە پانتاییەكی تایبەتدا دەبوو كە پێی دەوترێت «فەزای گشتی». لەم فەزایەدا، سیاسەت لە ڕێگەی گفتوگۆی ئازادەوە دادەڕێژرا. ئەم فیكرەیە دواتر لەلایەن بیرمەندی هاوچەرخ «یۆرگن هابەرماس»ـەوە گەشەی پێدرا. هابەرماس پێیوایە دیموكراسیی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی بوونی فەزایەكی گشتییەوە دەستەبەر دەبێت كە تێیدا هاووڵاتیان بتوانن بە ئازادی گوزارشت لە بیروڕاكانیان بكەن. كەواتە سیاسەت لە مانا هەرە باڵاكەیدا، بریتی نییە لە سەپاندنی دەسەڵاتێكی ڕەها و یەك لایەنە، بەڵكو بریتییە لە پرۆسەی گفتوگۆ، گۆڕینەوەی فیكر و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی بەكۆمەڵ بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە. بەم شێوەیە، سیاسەت لە ئامرازێكی دەسەڵاتخوازییەوە دەبێتە هونەری پێكەوەژیان و ڕێكخستنی عەقڵانییانەی ژیان.
سیاسەت لە ململانێی دەسەڵاتەوە بۆ ئاسۆی مەعریفە و ئازادی
سیاسەت لە بنەڕەتدا تەنیا كایەیەكی ڕووت نییە بۆ ململانێی گەیشتن بە كورسیی دەسەڵات، بەڵكو پرۆسەیەكی قووڵ و فرەڕەهەندە بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵایەتی بە شێوەیەك كە ئاشتی، سەقامگیری و پێشكەوتنی بەردەوام مسۆگەر بكات. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە كلاسیكییەكانی هزری سیاسی، دەبینین ئەرستۆ بە وردی پێناسەی ئەم كایەیەی كردووە و دوو ئەركی جەوهەری بۆ سیاسەت دیاری كردووە، یەكەمیان، دابینكردنی ڕەفاهییەت و خۆشگوزەرانی لە ناوخۆی كۆمەڵگەدا، دووەمیان، بەرگریكردن لە قەوارەی كۆمەڵگە لە بەرانبەر هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەكی دەرەكی. بەم پێیە، ئاسایشی ناوخۆیی و بەرگریی دەرەكی، دوو پایە سەرەكییەكەی فەلسەفەی سیاسیی ئەرستۆ پێكدەهێنن.
ئەم تێڕوانینە لە سەدەی بیستەمدا و لە لایەن بیرمەندی گەورە «هارۆڵد لاسویل»ـەوە گەشەی پێدرا. لاسویل لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا لە ساڵی ١٩٣٦ بە ناوی «سیاسەت: كێ چی وەردەگرێت؟ كەی و چۆن؟»، ڕەهەندێكی پراكتیكی و ململانێكارانەی دایە چەمكی سیاسەت. بە بڕوای ئەو، سیاسەت بریتییە لە پرۆسەی دابەشكردنی سەرچاوەكان و دەسەڵات، كە ئەمەش وەك «مۆرگانتۆ» ئاماژەی پێدەدات، جۆرێكە لە «Struggle for power» یان «ململانێ لەپێناو دەسەڵاتدا». بەڵام خاڵی هەرە گرنگ لەم ململانێیەدا ئەوەیە كە سەركەوتن تێیدا پێویستی بە كەرەستەیەكی بنەڕەتی هەیە كە ئەویش «مەعریفە»یە. مەعریفەی سیاسی تەنیا زانیارییەك نییە كە مرۆڤ هەڵیبگرێت، بەڵكو توخمێكی ڕەسەن و لایەنی جیانەكراوەی كاراكتەری سیاسییە. بێ مەعریفەت، سیاسەتكردن دەبێتە سەركێشییەكی بێ ئامانج، چونكە مەعریفە ئەو چرایەیە كە ڕێگەی بڕیاردانی دروست بۆ سیاسییەكان ڕوون دەكاتەوە.
بۆ تێگەیشتن لەم پێویستییە، دەتوانین نموونەی ئۆتۆمبێلێك بهێنینەوە، ئەگەر كەسێك شارەزایی لە میكانیك و چۆنیەتیی كاركردنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلێك نەبێت، ناتوانێت بە دروستی بیهاژوێت، یان لە كاتی پەككەوتنیدا چاكی بكاتەوە. ئەم فیكرە میكانیكی و بایۆلۆژییە بۆ ناو جیهانی سیاسەت، لە لایەن دەیڤد ئیستۆنەوە گواسترایەوە. ئیستۆن سیاسەت وەك سیستمێك دەبینێت كە ئەركی سەرەكیی «دابەشكردنی بەهاكانە بە شێوەیەكی دەسەڵاتدارانە». لێرەدا دەسەڵات وەك ئەو ناوەندە دەردەكەوێت كە دەبێت بەها ماددی و مەعنەوییەكانی كۆمەڵگە دابەش بكات. كێشەكە لێرەوە دەست پێدەكات: ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی بڕیار دەدات، مەعریفەی سیاسی نەبێت، دابەشكارییەكە بە ناڕەوایی و خراپی ئەنجام دەدات. دەرەنجامی ئەم بێ مەعریفەتییەش دروستبوونی ململانێی نەرێنی، لەناوچوونی دادپەروەری و پێشێلكردنی سەروەریی یاسایە لە ناو كۆمەڵگەدا.
لە لایەكی دیكەوە، كاتێك دەپرسین «سیاسەت چییە؟»، ناتوانین تێڕوانینە قووڵەكانی «هانا ئارێنت» فەرامۆش بكەین. لای ئارێنت، جەوهەری سیاسەت بریتییە لە «ئازادی». ئەو پێیوایە ئامانجی كۆتایی مرۆڤ لە كاری سیاسیدا دەبێت گەیشتن بێت بە ئازادی. هەر سیستەمێكی حوكمڕانی كە بەرەو تەسەلوتییەت (Authoritarianism) یان گشتگیری (Totalitarianism) هەنگاو بنێت، لە دیدی ئارێنتدا سیفەتی «سیاسیبوون»ی لێ دەبێتەوە. چونكە تۆتالیتاریزم بەو پێیەی نەزعەی مرۆیی و ئازادیی تاك دەكوژێت، تەنیا جۆرێكە لە حوكمڕانیی توندوتیژ و هیچ پەیوەندییەكی بە جەوهەری سیاسەتەوە نییە. سیستمە گشتگیرەكان لەوانەیە بۆ ماوەیەك بە هێز و توندوتیژی بمێننەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ سرووشتی ئازادیخوازیی مرۆڤدا دژبەیەك و ناتەبان، سەرەنجام ڕوو لە داڕمان دەكەن.
بۆیە، ئەوانەی لە كایەی سیاسەتدا كار دەكەن، دەبێت وشیارییەكی تەواویان هەبێت كە ئەركی ئەوان تەسەلوتكردن و چەوساندنەوەی كۆمەڵگە نییە، بەڵكو ئەركیان ڕەخساندنی فەزایەكە كە تێیدا ئازادییەكان بپارێزرێن و ئیرادەی گشتی لە چوارچێوەیەكی یاساییدا ڕەنگ بداتەوە. سیاسەتی دروست ئەو پرۆسەیەیە كە لە ڕێگەی مەعریفەوە، ململانێی دەسەڵات بۆ خزمەتی گشتی دەگۆڕێت و دیموكراسییەت وەك ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەری بەكاردەهێنێت. لە كۆتاییدا، سیاسەت بەبێ مەعریفە و بەبێ ئامانجی ئازادی، تەنیا ئامرازێكی ڕووتە بۆ سەركوتكاری، بەڵام سیاسەت وەك مەعریفە، ڕێگەیەكە بەرەو ڕزگاری و ئاوەدانی.
دیموكراسی لە نێوان قەیرانی مەعریفە و ئامانجی ئازادیدا
كاتێك باس لە جەوهەری سیاسەت دەكرێت، ڕاستەوخۆ پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەگەڵ چەمكی ئازادیدا دروست دەبێت، بەو مانایەی ئامانجی كۆتایی و باڵای سیاسەت بریتییە لە دابینكردنی ئازادی بۆ مرۆڤ. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە و چەسپاندنی ئەم ئامانجە، دیموكراسی وەك ئامرازێكی سەرەكی و مۆدێرن بۆ پیادەكردنی سیاسەت دەردەكەوێت. بەڵام لێرەدا ڕووبەڕووی كێشەیەكی بنەڕەتی دەبینەوە لە ناو دیموكراسیدا: ئایا دیموكراسی لە ڕووی ڕێكخستن و پرۆسیجەرەوە تا چەند دەتوانێت ئەو ئامانجە مرۆییە بپێكێت كە ئازادییە؟ ئەمە یەكێكە لەو تەنگژە گەورانەی كە ئێستا جیهانی سەرقاڵ كردووە.
ئێمە كاتێك سەیری ئەو سێكوچكەیە دەكەین (سیاسەت، ئازادی، دیموكراسی)، دەبینین كێشەیەكی گەورە لە ئارادایە، دیموكراسی لە كاتی پەیڕەوكردنیدا ناتوانێت بە شێوەیەكی تەواو ئەو شتە جێبەجێ بكات كە سیاسەت وەك ئامانج دایڕشتووە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی ئەوانەی لە كایەی سیاسیدا كار دەكەن و بانگەشەی دیموكراسی دەكەن، خاوەن مەعریفەیەكی سیاسیی قووڵ نین. كاتێك مەعریفەی سیاسی لاواز دەبێت، دیموكراسی لە ناوەڕۆكە ڕاستەقینەكەی بەتاڵ دەبێت و بەرەو خۆسەپاندن هەنگاو دەنێت. هەر بۆیە بیرمەندی وەك پڕۆفیسۆر «خوان لینز» لە تێزەكەیدا سەبارەت بە «شكستی دیموكراسی» (Breakdown of Democracy) ئاماژە بەوە دەكات كە دیموكراسیش هەندێك جار ناتوانێت ئامانجەكانی سیاسەت بپێكێت.
یەكێكی دیكە لە ئامرازە هەرە دیارەكانی دیموكراسی بریتییە لە هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێك كە سیاسەت لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕازی نییە. هۆكارەكەش ئەوەیە كە لە پرۆسەی حوكمڕانیدا «مرۆڤ» وەك ئامانجی ئەساسی پشتگوێ دەخرێت. كاتێك مرۆڤ نەكرایە چەقی حوكمڕانی، ئیدی ئازادی وەك چەمكێكی بێمانا دەمێنێتەوە. كاتێكیش ئازادی پاشەكشەی كرد، ناتوانین بڵێین سیاسەت بە مانا ڕاستەقینەكەی جێبەجێ دەكرێت. ئەم دۆخە وای كردووە بیرمەندی فەرەنسی «جاك ڕانسێیر» باس لە «كەراهییەتی دیموكراسی» بكات، چونكە كاتێك دیموكراسی لە جێبەجێكردنی ئامانجە مرۆییەكاندا شكست دەهێنێت، ڕقێكی گشتی بەرانبەر بەم سیستمە دروست دەبێت. لە ئێستای جیهاندا دەبینین هەڵبژاردنەكان دەرەنجامی نەرێنییان لێ دەكەوێتەوە، بە شێوەیەك كە هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەكان و پۆپۆلیستەكان دەردەچن، كە ئەمەش مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ئاشتیی جیهانی دروست دەكات.
لەبەر ئەم كێشانەیە كە هەندێك جار بیروڕا سیاسییەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ڕایەكەی ئەفلاتوون، كە پێیوابوو دەبێت «دەستەبژێر» حوكم بكات. واتە فەیلەسووف و بیرمەندەكان جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست. بەڵام لێرەدا كێشەیەكی دیكە سەرهەڵدەدات، زۆرجار ئەم نوخبەیەش كاتێك دەگەنە دەسەڵات، ئامانجەكانی سیاسەت و ئازادی لەبیر دەكەن و هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. ئەوان یاساكانی هەڵبژاردن بە جۆرێك دادەڕێژن كە تەنیا لە بەرژەوەندیی مانەوەی خۆیاندا بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و دیموكراسی. پڕۆفیسۆر «ڕۆبێرت داڵ»یش لەم ڕوانگەیەوە ڕەخنە لەوە دەگرێت و بە «دیموكراسیی كەمینە» (Minority Democracy) ناوی دەبات. تەنانەت ئەرستۆش كە لایەنگری حوكمی بیرمەندەكان بوو، كێشەی لەگەڵ خودی دیموكراسیدا هەبوو.
قەیرانی دەوڵەتداری لە عێراق لە ململانێی لەسەر داهاتەوە بۆ گۆڕینی بنەماكانی شوناسی نیشتمانی
ئەگەر لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و بنەما زانستییەكانی سیاسەتەوە لە واقیعی ئێستای عێراق ورد ببینەوە، بە ڕوونی دەبینین ئەوەی لەم جوگرافیایەدا بەڕێوەدەچێت، پەیوەندییەكی ئەوتۆی بە چەمكی دەوڵەتداری و زانستی بەڕێوەبردن و بەرژەوەندیی گشتییەوە نییە. بەڵكو ئەوەی دەگوزەرێت، ململانێیەكی جەوهەری و بێوچانە لەپێناو چنگخستنی دەسەڵات و قۆرخكردنی سەرچاوە ئابوورییەكان و تاڵانكردنی سەروەت و سامانی وڵات. عێراق بەهۆی پێگە ستراتیژییە مێژووییەكەی و ئەو سامانە سرووشتییە بێشومارەی هەیەتی، هەمیشە بووەتە كایەی كێبڕكێی خوێناوی و ناوەندی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، گۆڕانكارییەكان تەنیا لە ئاستی گۆڕینی ڕوخساری دەسەڵاتدا كورت نەبوونەتەوە، بەڵكو پرۆسەیەكی قووڵتر لەئارادایە كە ئامانج لێی گۆڕینی تەواوەتیی شوناس، كولتووری سیاسی و پێكهاتەی گشتیی عێراقە بۆ دۆخێكی تەواو جیاواز و پێچەوانە. ئەم جۆرە گۆڕانكارییە بنەڕەتییە، پێویستی بە ململانێیەكی قووڵ و درێژخایەن هەیە كە هێزە گەورەكانی جیهانی تێدا بەشدارن، ئەمەش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورەی لێدەكرێت كە سنوورەكان دەبەزێنێت.
لێرەدا، وتە بەناوبانگەكەی «برۆنۆ كرایسكی»مان بیر دەكەوێتەوە كە هۆشداریی دەدات و دەڵێت: «جەنگی سێیەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە فەڵەستینەوە دەست پێدەكات». ئێستاش عێراق وەك جەمسەرێكی گرنگی ئەم ناوچەیە، لە ناوەندی ئەو تەنگژە مەترسیدارانەدایە. بۆیە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، ئەركی بیرمەندانی عاقڵ، ڕۆشنبیرانی نیشتمانی و شارەزایانی سیاسییە كە بە دیدێكی ستراتیژی و وردەوە سەیری ئەم دۆخە ناهەموارە بكەن. پێویستە پێش ئەوەی ڕووداوەكان بگەنە خاڵی بێگەڕانەوە و كارەساتی گەورە ڕوو بدات، بە عەقڵانییەت و دووربینی ڕێگری لەو هەرەسهێنانە گشتییە بكەن كە هەڕەشە لە داهاتووی ناوچەكە دەكات.
