پڕۆفیسۆر لیندسی بێنستید بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی پۆرتلاند ستەیت بۆ گوڵان: خەڵك پشتیوانی دیموكراسین، بەڵام نیگەرانییان لە پاشاگەردانی وایان لێ دەكات سەركردەیەكی بەهێز بە پێویستییەكی گرنگی قۆناغەكە بزانن

پڕۆفیسۆر لیندسی بێنستید  بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی پۆرتلاند ستەیت بۆ گوڵان:  خەڵك پشتیوانی دیموكراسین،  بەڵام نیگەرانییان لە پاشاگەردانی وایان لێ دەكات سەركردەیەكی بەهێز بە پێویستییەكی گرنگی قۆناغەكە بزانن

پڕۆفیسۆر لیندسی بێنستید سەرۆكی بەشی سیاسەتە لە زانكۆی پۆرتلاند ستەیت و هاوكات بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. شارەزاییەكی قووڵی لە سیاسەتی وڵاتانی ناوچەكە هەیە و ڕاپرسیی مەیدانی گرنگی لە مەغریب، جەزائیر، تونس، لیبیا و ئوردن ئەنجام داوە. هەروەها توێژەر بووە لە ناوەندی ودرۆ ویڵسن لە واشنتن و وەك پڕۆفیسۆری سەردانیكەر لە زانكۆی ساینس پۆ لە پایتەختی فەرەنسا وانەی وتووەتەوە. لەم دیمانەیەدا زیاتر جەختمان كردووەتە سەر گۆرانكارییە سیاسیەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێوازی حوكمڕانی و متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حكومەت.

 

• توێژینەوەكەت شرۆڤەی ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای كردووە، ئایا ڕەوتە نوێیەكان دەربارەی گۆڕانی چاوەڕوانیی هاووڵاتییان لە دامەزراوە سیاسییەكان چیمان بۆ دەردەخەن، بەتایبەت لە كۆمەڵگەكانی ژێر فشاری ئابووری و دیمۆگرافیدا؟

- ماوەیەكە دەرەنجامی ڕاپرسییەكان ئەوەمان پێشان دەدەن كە زۆرینەی هاووڵاتییانی عەرەب لە ڕوانگەیەكی ئەرێنییەوە دەڕواننە چەمكی دیموكراسی، وێڕای ئەوەش، بەشێكی زۆریان پێیانوایە كە ئەم سیستمە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای وڵاتەكەیاندا یەك ناگرێتەوە، ئەم جیاوازییە، یان ئەم پارادۆكسە گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە، چونكە بوونی باوەڕێكی ئەرێنی بۆ دیموكراسی لە بنەڕەتدا، دەكرێت هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو گومان و دوودڵییەی كە ئایا ئەم مۆدێلە بۆ ئەو قۆناغە هەستیارەی وڵاتەكەیانی پێدا تێدەپەڕێت، گونجاوە یان نا.

یەكێك لە پاساوە لۆژیكییەكانی ئەم تێڕوانینە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بایەخە زۆرەی كە هاووڵاتییان بە سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابووریی دەدەن، ڕەنگە خەڵكی لە بنەڕەتدا لایەنگری دیموكراسی بن، بەڵام هاوكات ترس و نیگەرانییان لە سەرهەڵدانی ئاژاوە و قەیرانی ئابووری هەبێت، هەر بۆیە بوونی سەركردەیەكی بەهێز و دەستڕۆیشتوو بە زەروورەتێكی حەتمیی قۆناغەكە دەزانن. گەرچی لە ڕواڵەتدا ئەم هەڵوێستانە دژبەیەك دەردەكەون، بەڵام لە واقیعیدا ڕەنگدانەوەی ئەو چاوەڕوانییە جیاوازانەن كە خەڵكی لە دەسەڵات و حكومەت هەیانە. واتە، هەڵسەنگاندنیان بۆ دیموكراسی شانبەشانی ئەو ئارەزووەیاندایە بۆ سەركردایەتییەك كە بتوانێت بە شێوەیەكی كرداری قەیرانەكان چارەسەر بكات و كۆتایی بە نیگەرانییەكانیان بهێنێت.

لە ناوەڕاستی ساڵانی دووهەزارەكانەوە، تێبینیی هەڵكشانێكی بەرچاو دەكەین لە ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی كە هەڵگری ئەم تێڕوانینە ئاوێتەیەن، لەبەر ئەم هۆكارە، بۆ تێگەیشتنێكی قووڵ لە ڕای گشتی، پێویستە زۆر بە وردی شرۆڤەی مەبەستی ڕاستەقینەی خەڵكی بكەین كاتێك باس لە پشتیوانیكردنی دیموكراسی دەكەن. بوونی ڕوانگەیەكی ئەرێنی، مەرج نییە بەو واتایە بێت كە تاك ئەو سیستمە بە گونجاو بزانێت بۆ وڵاتەكەی، دەرككردن بەم پەیوەندییە و تێگەیشتن لەو نیگەرانییانەی كە پەیوەستن بە سەقامگیری و ئابوورییەوە، چەقی تێگەیشتنە لە ئاوات و چاوەڕوانییە سیاسییەكانی هاووڵاتییان.

• بەپێی توێژینەوەكانتان دەربارەی كاریگەرییەكانی ئایین، هۆز، جێندەر و ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر ڕەفتاری سیاسی، ئەم ناسنامانە چۆن لای گەنجانی ناوچەكە دەگۆڕێن، ئایا گرنگییان لە بەشداریی سیاسیدا ڕوو لە زیادبوونە، یان كەمبوون؟

- لەو بڕوایەدام كە پێویستە زۆر هۆشیار بین لەوەی شوناسەكان تەنیا لە گۆشەنیگای هەڵكشان و داكشانی قەبارەی گرنگییەكانیانەوە هەڵنەسەنگێنین. ڕەگەزەكانی وەك ئایین، خێڵ، جێندەر و شوناسی نەتەوەیی، خاوەنی داینامیكییەتی تایبەت بە خۆیانن بۆ دروستكردنی كاریگەریی هەمەچەشن لەسەر تاكەكان، كە بێگومان ئەم كاریگەرییانەش بە تەواوی گرێدراوی هەلومەرجە بابەتییەكان و ژینگە سیاسییەكەن. بۆ نموونە، گەنجێك دەشێت لەو پەڕی هەستكردن بە ئینتیمایەكی قووڵدا بێت بۆ كۆمەڵگەكەی، بەڵام هاوكات پێداگریش بێت لەسەر دەستەبەركردنی هەلی كار، بەدیهێنانی خزمەتگوزاریی شایستەتر و ڕەخساندنی زەمینەی فراوانتر بۆ بەشداریكردنی كارا لە كایە گشتییەكاندا، لەم سۆنگەیەوە و لە تێڕوانینی مندا، كرۆكی پرسە گرنگەكە بریتییە لە شیكردنەوەی چۆنیەتیی ئاوێتەبوون و كارلێكی ئەم فاكتەرە جیاوازانە لەگەڵ یەكتردا. ئەوەی جێگەی سەرنجی منە، وردبوونەوەیە لەو دۆخانەی كە تێیدا شوناسەكان دەبنە بزوێنەر و هاندەر بۆ بەشداریكردنی جەماوەری، یان بەپێچەوانەوە كەی دەگۆڕێن بۆ كۆتوبەند و بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچووندا، سەرباری ئەوەش، گرنگە تێبگەین لەوەی كە نەوەی نوێ چۆن مانا دەبەخشن بەو شوناسانە و لە چوارچێوەی خەون و چاوەڕوانییەكانیان بۆ ئایندە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.

• ئەنجامدانی توێژینەوەی ڕاپرسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی پرسیارە سیاسییە هەستیارەكانەوە دژوارە، ئاستەنگە میتۆدۆلۆژییە سەرەكییەكانی پێوانەكردنی ڕای گشتی چین، هەروەها توێژەران چۆن دڵنیا دەبنەوە كە دەرئەنجامەكان گوزارشتی ڕاستەقینەی بیركردنەوەی هاووڵاتییان دەكەن؟

- یەكێك لە ئاستەنگە هەرە دیارەكانی بەردەم پڕۆسەی ڕاپرسی، بریتییە لە دیاردەی پەردەپۆشكردن، یان شاردنەوەی بۆچوونی ڕاستەقینە؛ بەو واتایەی زۆر جار بەشداربوو وەڵامێك دەداتەوە كە بە تەواوی پێچەوانەی قەناعەتە كەسی و شاراوەكانیەتی. ئەم دیاردەیە تەنیا تایبەت نییە بە ناوچەیەك، بەڵكوو گرفتێكی بەربڵاوی جیهانییە لە بواری توێژینەوە مەیدانییەكاندا، بەڵام پێویستە توێژەرانی جیهانی عەرەبی بە هەستیاری و گرنگییەكی ئەكادیمیی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. لەم پێناوەدا، دەبێت لێكۆڵەران بە وریاییەوە ڕەچاوی باری دەروونیی بەشداربووان و ئەو فشارە دەرەكییانەش بكەن كە لە كاتی چاوپێكەوتندا ئاراستەی بیركردنەوە و دەربڕینەكانیان دەگۆڕن.

بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان، بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتیانی جیهانی عەرەبی، لەژێر كاریگەریی هەستی ترس و جۆرەها فشاری كۆمەڵایەتی، یان سیاسیدا، پەنا بۆ پێدانی ئەو وەڵامانە دەبەن كە لە ڕوانگەی خۆیانەوە «سەلامەتترن» و دەرهاوێشتەی نەرێنییان لێ ناكەوێتەوە، لە پاڵ ئەوەشدا، هەندێك جار بەشداربووان وەڵامەكانیان بە جۆرێك دادەڕێژنەوە كە لەگەڵ تێگەیشتنیان بۆ ئایدیا و هەڵوێستی كەسیی چاوپێكەوتكارەكە یەك بگرێتەوە. لە هەر دوو حاڵەتەكەدا، ژینگەی چاوپێكەوتنەكە كاریگەرییەكی قووڵ و ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر جۆری وەڵامەكان، ئەمەش كۆسپێكی گەورە دروست دەكات لەبەردەم دیاریكردنی قەبارەی ڕاستگۆیی بەشداربووەكە و دەرخستنی ڕایە بێگەردەكەی، لەبەر ئەم هۆكارانە، ئەركێكی حەتمیی توێژەرانە كە بەدواداچوونی ورد بكەن بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی كاریگەریی ئەم فشارانە لەسەر ئەنجامەكان، هەروەها لە كاتی بەدیكردنی دیاردەی شاردنەوەی ڕاستییەكاندا، دەبێت بەدوای ڕەگ و ڕیشەی هۆكارەكانیدا بگەڕێن. لە ئێستادا چەندین میتۆدی زانستیی باوەڕپێكراو هەن بۆ پشكنینی دیاردەی شاردنەوەی بۆچوونەكان و شیكردنەوەی پاڵنەرە شاراوەكانی پشت ئەم هەڵسوكەوتەوە، لە ڕاستیدا، دداننان بەم كەموكووڕییە میتۆدۆلۆژییەدا، هەنگاوێكی بنەڕەتی و چارەنووسسازە بۆ مسۆگەركردنی توێژینەوەیەكی زانستیی ورد و متمانەپێكراو. سەرەڕای بوونی ئەم كۆسپ و تەحەددییە سەختانە، ئێمە باوەڕێكی نەگۆڕمان بەو ڕاستییە هەیە كە هێشتا دەرفەت لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی ڕاپرسیی زۆر پێشكەوتوو و ئاستبەرز لە سەرتاسەری جیهانی عەرەبیدا. كاتێك تیمەكانی لێكۆڵینەوە پابەندی ستانداردە هەرە پێشكەوتووەكانی زانست دەبن و بە شێوازێكی پڕۆفێشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرفتە میتۆدۆلۆژییانەدا دەكەن، ئەو كاتە ڕاپرسییەكان نەك هەر بەهاكەیان لەدەست نادەن، بەڵكو وەك ئامرازێكی زانستیی بێهاوتا و ستراتیژی دەمێننەوە بۆ تێگەیشتنێكی قووڵ و گشتگیر لە مێنتاڵیتی و شێوازی بیركردنەوەی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.

• لە ڕوانگەی توێژینەوەكانی ڕای گشتییەوە، گرنگترینی ئەو هۆكارانە چین كە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە حوكمڕانییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا پتەوتر دەكەن و هانیان دەدەن بۆ بەشدارییەكی سیاسیی بەرفراوانتر؟

- داتا و ئامارەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە متمانەی هاووڵاتییان بە توندی گرێ دراوە بەو باوەڕەكەیانەوە كە ئایا حكومەتەكەیان بەڕاستی لە هەوڵی بنبڕكردنی گەندەڵی و چارەسەركردنی كێشەكانیاندایە یان نا. كاتێك جەماوەر بە كردەیی هەست بەم هەنگاوانەی دەسەڵات دەكات، متمانەیەكی قووڵتر و پتەوتر بە دامەزراوەكان دەبەخشێت. لەم نێوەندەدا، پرسی بەدەمەوەچوون ڕۆڵێكی گەوهەری دەگێڕێت، چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو هەستەی تاكەوە كە ئایا حكومەت بە هەند گوێ لە داواكارییەكانی دەگرێت و پێداویستییەكانی لەبەرچاو دەگرێت. لێرەدا تیشك دەخرێتە سەر شێوازی هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی خەڵك بۆ ڕەفتار و كاركردنی حكومەت، هەوڵەكانی نەهێشتنی گەندەڵی و بەدەمەوەچوونی خواستەكانی شەقام، دوو كۆڵەكەی سەرەكین بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە. بۆیە، هەر دامەزراوەیەك كە خوازیاری بنیادنان و بەهێزكردنی متمانەی جەماوەری بێت، دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە جەوهەرییە بداتەوە: ئایا هاووڵاتییان لە دڵەوە بڕوایان بە بوونی ئەو هەوڵانە هەیە و هەست دەكەن كە نیگەرانییەكانیان بە جدی وەردەگیرێن؟

هاوكات، دەرەنجامی توێژینەوەكە ئەوە دەسەلمێنێت كە پرسی متمانە كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و قووڵی بەسەر تێڕوانینی كۆمەڵگەوە بۆ دیموكراسی هەیە. بوونی متمانە بە دامەزراوەكانی دەوڵەت، لە پاڵ متمانەكردنی تاكەكان بە یەكتری، ئیرادە و خواستی هاووڵاتییان بۆ چەسپاندنی حوكمڕانییەكی دیموكراسییانە بەهێزتر دەكات، لە بەرانبەریشدا بەرپەرچدانەوە و ڕەتكردنەوەی هەر جۆرە سیستمێكی دیكتاتۆری و تاكڕەوانە توندتر دەكات. ئەم دەرەنجامانە دیدگایەكی زانستی و ستراتیژیی گرنگ دەخەنە ڕوو بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و ئەركی دامەزراوە هەرێمییەكان. هەروەها ڕوونی دەكەنەوە كە پەیوەندییەكی ئۆرگانی لە نێوان بەدەمەوەچوونی حكومەت، تێڕوانینی جەماوەر بۆ هەنگاوەكانی دژەگەندەڵی، و ئاستی متمانەی گشتیدا هەیە. بەمەش بە تەواوی دەسەلمێندرێت كە بۆچی دەبێت بابەتی متمانە ببێتە تەوەرێكی سەرەكی و حاشاهەڵنەگر لە نێو سەرجەم ئەو گفتوگۆیانەی كە تایبەتمەندن بە پشتیوانیی جەماوەری بۆ دەسەڵات و دامەزراوە دیموكراسییەكان.

• ئایا حكومەت و دامەزراوە سیاسییەكان چ وانەیەكی گرنگ دەتوانن لە توێژینەوەكانی ڕای گشتییەوە هەڵگۆزن سەبارەت بە بەدەمەوەچوونی پرسە لەپێشینەكانی نەوەی گەنج، هاوشانی پاراستنی تەواوەتیی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی لە كۆمەڵگەدا؟

- قۆرخكردنی پۆستە سیاسییەكان لەلایەن سەركردە بەتەمەنەكانەوە بووەتە جێگەی نیگەرانییەكی قووڵی جیهانی، چونكە دەبێتە هۆی زەوتكردنی دەرفەتی سەركردایەتیكردن لە نەوەی نوێ، ئەمەش پرسێكی چارەنووسساز دەهێنێتە ئاراوە: چۆن كۆمەڵگەكان دەتوانن زەمینەسازی بۆ گەنجان بكەن تاوەكو بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینە لە ئەستۆ بگرن؟ لێرەدا نەوەی پێشوو دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێنماییكردنەوە ڕۆڵێكی یەكجار بونیادنەر بگێڕێت، پێویستە ئەزموونە كەڵەكەبووەكانیان بخرێتە خزمەت پێگەیاندنی گەنجانەوە، بۆ ئەوەی پێگەی شایستەیی خۆیان بدۆزنەوە و توانا شاراوەكانیان بەكار بهێنن، لە هەمان كاتدا، ئەركێكی گەورەتر دەكەوێتە سەر شانی كۆمەڵگە بۆ وەبەرهێنانكردن لە توانا مرۆییەكانی گەنجاندا، دەبێت فراوانكردنی ئاسۆی دەرفەتەكانی گەنجان بكرێتە لەپێشینەیەكی ستراتیژی، بە جۆرێك كە هەموو پاڵپشتییەكی تەواویان بۆ دەستەبەر بكرێت. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا، هەرگیز نابێت گرنگیدان بە پێداویستییەكانی ژنان و دەستەبەركردنی مافەكانیان پشتگوێ بخرێت. پابەندبوونی ڕاستەقینەمان بە پرۆسەی فراوانكردنی دەرفەتەكان، پێویستە هەردوو پرسی ژنان و گەنجان پێكەوە لەخۆبگرێت، ئەم ئامانجەش تەنیا كاتێك دێتە دی كە نەوەی بەتەمەن بە دڵسۆزییەوە ڕێگەخۆشكەر بێت بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەكی تەواو لەبار، تاوەكو نەوەی نوێ بتوانێت بە كاراییەكی زۆر زیاترەوە بەشداری لە سەرجەم كایە جیاوازەكانی ژیاندا بكات و بەرپرسیارێتییە گەورەكانی كۆمەڵگە بە لێهاتوویی لە ئەستۆ بگرێت و داهاتوویەكی زۆر گەشتر بۆ وڵات و نەوەكانی دواتر بە شایستەیی مسۆگەر بكات.

Top