پڕۆفیسۆر داریۆ باتێستێلا توێژەری باڵای پەیمانگەی لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی بۆردۆ بۆ گوڵان: پاراستنی سەروەریی قەوارە نادەوڵەتییەكان، پێویستی بە تێگەیشتنێكی ورد لە هاوسەنگیی هێز و بەكارهێنانی ژیرانەی دەرفەتەكان هەیە
پڕۆفیسۆر داریۆ باتێستێلا، یەكێكە لە ناوە دیار و درەوشاوەكانی بواری زانستە سیاسییەكان و بیرمەندێكی گەورەی تیۆرییەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە فەڕەنسا. وەك پرۆفیسۆر لە پەیمانگەی لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی بۆردۆ (Sciences Po Bordeauxیە و خاوەنی چەندین بەرهەمی زانستی و ئەكادیمییە، كە گرنگترینیان كتێبی «تیۆرییەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان»ـە، كە وەك سەرچاوەیەكی بنەڕەتی لە زانكۆ جیهانییەكاندا دەگوترێتەوە. تایبەتمەندیی كارەكانی باتێستێلا لەوەدایە كە بە قووڵی لە چەمكەكانی جەنگ، ئاشتی و سۆسیۆلۆژیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەكۆڵێتەوە. بۆ تیشك خستنە سەر ئالنگارییە نوێیەكانی جیهان، گۆڕانكارییەكانی سیستمی نێودەوڵەتی و تێڕوانینە فەلسەفی و سیاسییەكانی سەبارەت بە ململانێكانی سەدەی بیست و یەكەم، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ساز دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
• تا چەند جەنگی ئۆكرانیا سەلمێنەری ڕەوایی تیۆری ڕیالیزم و شكستی لیبڕاڵیزمە و بۆچی گۆڕانی ڕژێمە سیاسییەكان و پرسی ناسنامە نەیانتوانیوە گۆڕانكاری لە ستراتیژییە مێژووییەكانی دەسەڵات و ئاسایشی دەوڵەتی ڕووسیادا بكەن؟
- جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا بە شێوەیەكی ڕیشەیی جەخت لە پێشەكییە بنەڕەتییەكانی قوتابخانەی ڕیالیزم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەكاتەوە، ڕیالیزم لەو گریمانەیەوە دەست پێدەكات كە دەوڵەتەكان لە ژینگەیەكی «ئەناڕكی»دا دەژین، كە تیایدا هیچ دەسەڵاتێكی باڵا بۆ سەپاندنی بڕیارەكان نییە، لەم سیستمەدا پەنابردن بۆ هێزی سەربازی بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان وەك كەرەستەیەكی هەمیشە ئامادە دەمێنێتەوە. لەلایەكی دیكەوە، بەردەوامیی مێژوویی ڕووسیا گومان دەخاتە سەر گریمانەكانی لیبڕاڵیزم، چونكە بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیكییەكان لە سەردەمی قەیسەر، سۆڤیەت و ئێستادا، زۆر لە جۆری ڕژێمەكان بڕیاردەرتر بوون، هەروەها ئەم ململانێیە سنووردارییەكانی كۆنسترەكتیڤیزم دەردەخات، چونكە پێكدادانی ناسنامەكان نەیتوانی ڕێگری لە هێرشی هێرشبەرانە بكات.
دەرەنجام، ئەم جەنگەی ڕووسیا سەلماندی كە سەرەڕای پەرەسەندنی یاسا نێودەوڵەتییەكان، هێشتا هێز و جوگرافیا و هاوسەنگیی ستراتیژی، لە سەرووی هەموو دامەزراوەكانەوەن. كاتێك ململانێ دەگاتە بەكارهێنانی هێزی سەربازیی گشتگیر، ڕیالیزم قووڵترین ڕوونكردنەوە پێشكەش دەكات، چونكە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەكاتەوە كە هێز كەرەستەیەكی ئامادەیە بۆ سەپاندنی ویست و بەرژەوەندیی دەوڵەت، گۆڕینی واقیعی سیاسی و دووبارە پێناسكردنەوەی پەیوەندییەكان.
• چۆن دەتوانین لە ڕوانگەی ئەقڵانییەتی ڤێبەرییەوە شیكاری بۆ پاڵنەرە سیاسییەكانی هەڵگیرسانی جەنگ بكەین و تا چ ئاستێك تێڕوانینی خودی سەركردەكان دەبێتە بەربەست لە بەردەم كاریگەرییە ستراتیژییەكانی بەرپەرچدانەوە و هەوڵە دیپلۆماسییەكاندا؟
- پۆلێنكردنی «ماكس ڤێبەر» بۆ ئەقڵانییەتی «بەهابەند» و «ئامرازی»، ڕاڤەیەكی فەلسەفیی قووڵ بۆ ئەو بڕیارە سیاسییە تەمومژاوییانە دەكات كە لە ڕواڵەتدا دژە-لۆژیك دەردەكەون. لە ئەقڵانییەتی بەهابەنددا، ئەكتەری سیاسی تەنیا گوێڕایەڵی پرەنسیپە ناوەكییەكان و كەرامەتی نەتەوەییە؛ لێرەدا وەلائی ڕەها بۆ بەهاكان لە سەرووی كارایی و ئەنجامە پراكتیكییەكانەوەیە. نموونەی فڕۆكەوانە «كامیكازەكان»، باڵادەستیی ئاكاری جەنگیی «بوشیدۆ» بەسەر لۆژیكی ئامرازیی سەركەوتندا دەسەلمێنێت.
سەركردەكان تێچووە مرۆییەكان وەك چاودێرێكی بێلایەن ناخوێننەوە، بەڵكو جەنگ وەك «كلاوزڤیتز» دەڵێت، بە «درێژەی سیاسەت» دەبینن بۆ پاراستنی شكۆ. بە گوێرەی تێزی «دی مەسكیتا»، ئەقڵانییەتی ئامرازی پێویستی بە متمانەبوون بە «سوودە چاوەڕوانكراوەكان» هەیە. ئەگەرچی ستراتیژی «پەرچەكردار» دەخوازێت هاوكێشەی داگیركەر بەرەو هەڵسەنگاندنی تێچووی قورس ئاراستە بكات، بەڵام بە هۆی غرووری سیاسییەوە (وەك ڕۆسۆ دەڵێت) گۆڕینی «پابەندیی ستراتیژی» دوای قۆناغی بڕیاردان مەحاڵە؛ كەواتە پێویستە دیپلۆماسی و كردەی «بەرپەرچدانەوە» پێش گەیشتن بە خاڵی بێگەڕانەوە، هەژموونی خۆیان بەسەر هزر و بڕیاری سیاسیی سەركردەكاندا بسەپێنن.
• ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێت لە نێوان لۆژیكی ئایدیالیستانەی یەكسانیی دەوڵەتان و واقیعی هەژموونی یاسایی هێزە گەورەكاندا هاوسەنگی ڕابگرێت، بەبێ ئەوەی دادپەروەریی نێودەوڵەتی و شەرعییەتی خۆی لە پێناو سەقامگیری و بەرژەوەندیی سیاسیی ئەندامە ڤیتۆدارەكاندا بكاتە قوربانی؟
- ئەگەر ڕەفتاری دەوڵەتە زلهێزەكان لە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی وەك چەقی ململانێ نێودەوڵەتییەكان ببینین، نەتەوە یەكگرتووەكان وەك گەورەترین مەكۆی یاسایی بۆ سنوورداركردنی ئەو ئەگەرە دەردەكەوێت. بەپێی میساقی ئەم ڕێكخراوە، ئامانجی هەرە باڵا پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە لە ڕێگەی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەكان و هاندانی دیالۆگی ئاشتییانە. ئەمە لە تیۆریدا، سیستمێكی فرەلایەنە بۆ ڕێگری لە بەكارهێنانی یەكلایەنەی هێز دەخوڵقێنێت، بەڵام لە پراكتیكدا، كارایی ئەم دامەزراوەیە بەستراوەتەوە بە هاوكێشە سیاسییەكانی نێوان پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە. ئەنجومەنەكە تەنیا كاتێك كارا دەبێت كە ئاستێكی گونجاو لە تەبایی هەبێت، تەنانەت لە ڕێگەی «ڕێككەوتنی نەرێنی»ـیەوە، كە تێیدا ئەندامێكی خاوەن ڤیتۆ بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. بۆ نموونە، لە كاتی داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە، بێدەنگبوونی چین بەرانبەر بڕیاری ٦٧٨، دەرفەتێكی دەگمەنی بۆ كردەی بەكۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕەخساند.
گرفتە بنەڕەتییەكە لە بنەچەی ستراكتۆری ئەنجومەنەكەدایە. مافی ڤیتۆ دەرفەت بە هێزە گەورەكان دەدات كاتێك بەرژەوەندییان لە مەترسیدا بێت، كارەكانی ئەنجومەن پەك بخەن. ئەمەش دوو لۆژیكی دژبەیەك (ئایدیاڵیزمی كۆمەڵەی گشتی و ڕیالیزمی ئەنجومەنی ئاسایش) لە یەك سیستمدا كۆدەكاتەوە، كە «گێری سیمپسۆن» بە «هەژموونی یاسایی» ناوی دەبات. لێرەدا یاسای نێودەوڵەتی نەك هەر ڕێگری لە زلهێزەكان ناكات، بەڵكو پێگەی باڵایان بە ڕەسمی دەناسێنێت. لەم هاوكێشەیەدا، زۆرجار «سەقامگیریی جیهانی» دەكرێتە قوربانی «دادپەروەریی ڕەها». كاتێك یاساكان تەنیا بەسەر لاوازەكاندا جێبەجێ دەكرێن، شەرعییەتی دامەزراوەكە و توانای بۆ ناوبژیوانییەكی بێلایەنانە و ڕێگری لە ململانێ چەكدارییەكان بە تەواوی لاواز دەبێت و بەمەش متمانەی گەلانی جیهانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە تەواوی جیهاندا بە تەواوی دەشكێت.
• چۆن دەتوانن هاوسەنگییەكی ورد لە نێوان سوودوەرگرتن لە هاوپەیمانییە دەرەكییەكان و پاراستنی سەربەخۆییی سیاسیی خۆیاندا دروست بكەن، تاوەكو لە ئەگەری گۆڕانی بەرژەوەندیی زلهێزەكاندا، مانەوە و ئیرادەی ناوخۆییان بە تەواوی ڕووبەڕووی هەڕەشەی جەوهەری و فەوتان نەبێتەوە؟
- بنەمای جەوهەری بۆ هەر قەوارەیەكی سیاسی كە ئامانجی سەربەخۆیی بێت، چەسپاندنی «مانەوە»یە وەك ئەكتەرێكی كاریگەر، لە فەلسەفەی ستراتیژیدا چەمكی «بوون» لەپێش «سەروەری»یە، چونكە هیچ قەوارەیەك ناتوانێت بڕیاری سەربەخۆ بدات، ئەگەر هێزە دەرەكییەكان بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن. مانەوەی سیاسی لە جەوهەردا بریتییە لە ڕەتكردنەوەی هەر تەسلیمبوونێك بەو لایەنانەی هەوڵی سڕینەوە، یان پاشكۆكردنی ئەو قەوارەیە دەدەن.
ڕیمۆند ئارۆن دەڵێت: «مانەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێكە لە سەركەوتن». سیاسەت بەر لە ململانێی ماددی، پێكدادانی ئیرادەكانە. مێژووی هاوچەرخ لە ڤێتنامەوە تا ئەفغانستان، دەیسەلمێنێت كە باڵادەستیی تەكنۆلۆژی بە تەنیا ئەنجامی ململانێكان یەكلایی ناكاتەوە، بەڵكو زۆر جار بكەرە لاوازەكان بەهۆی پێداگرییەوە بەسەر ئیمپراتۆرییە زەبەلاحەكاندا سەركەوتوون.
لێرەوە دەردەكەوێت كە پشتیوانیی دەرەكی، هەرچەندە بایەخدار بێت، نابێت ببێتە تاقە كۆڵەكەی مانەوەی نیشتمانی. وەك لۆرد پاڵمێرستۆن دەڵێت: «دەوڵەتەكان نە دۆستی هەمیشەیی و نە دوژمنی هەمیشەییان هەیە، تەنیا بەرژەوەندییەكان نەگۆڕن». بۆیە پێویستە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان تەنیا وەك ئامرازێك بۆ بەهێزكردنی توانای ناوخۆیی بەكار بهێنرێن، نەك ببنە جێگرەوەی. مەترسی كاتێك دەست پێدەكات كە وابەستەیی دەرەكی مەودای سەروەریی بڕیاردان بەرتەسك بكاتەوە. ستراتیژیی هەرە سەركەوتوو ئەوەیە كە هاوتای هەمەجۆركردنی پەیوەندییەكان، ناوماڵ و دامەزراوە نیشتمانییەكان ئەوەندە تۆكمە بكرێن كە بتوانن بەرگەی هەر وەرچەرخانێكی كتوپڕی جیۆپۆلیتیكی بگرن و شەرعییەتی مانەوەی قەوارەكان لە ئیرادەی ناوخۆوە سەرچاوە بگرێت و پارێزگاری لە شكۆی مێژوویی و سیاسیی خۆیان بكەن و ئاسایشی نەتەوەیی بۆ هەمیشە مسۆگەر بكەن و پەرە بە توانا جەوهەرییەكانی خۆیان بدەن لە پێناو سەقامگیریی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی تەواوی نیشتمان.
• لە سایەی سیستمی «دەوڵەت-تەوەر» و چەمكی «دووڕووییەكی ڕێكخراو»، وەك توێژەرێك چۆن دەڕواننە ئایندەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و چ جۆرە ستراتیژێك بە گونجاو دەزانن بۆ پاراستنی مافە نەتەوەییەكان لەناو ئەم هاوكێشە نێودەوڵەتییە ئاڵۆز و پڕ ململانێیەدا؟
- نەزمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخ بە شێوەیەكی جەوهەری و تۆكمە لە دەوری قەوارەی دەوڵەتە خاوەن سەروەرەكاندا ڕێك خراوە. هەرچەندە پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین وەك چەمكێكی بنەڕەتی لە پەیوەندی لەگەڵ گەلاندا باس دەكرێت، بەڵام لە ڕووی كردارییەوە، ئەم مافە لە چوارچێوەی تەسك و سنوورداری ئەو دەوڵەتانەدا لێك دراوەتەوە، كە پێشتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسێندراون. ئەمە لە سەردەمی «نەهێشتنی كۆڵۆنیالیزم»دا گرنگییەكی یەكجار زۆری هەبوو. ستیڤن كراسنەر ئەم دژایەتییەی لە دەربڕینە ناودارەكەیدا كورت كردەوە و سەروەریی بە «دووڕووییەكی ڕێكخراو» وەسف كرد، چونكە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە كاتێكدا بە فەرمی ددان بە یەكسانیی دەوڵەتاندا دەنێت، كەچی بە هۆی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانەوە، بەردەوام ئەو سەروەرییە پێشێل دەكات. تەنانەت دیسپلینی ئەكادیمیی «پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان»یش ڕەنگدانەوەی ئەم پێكهاتە دەوڵەت-تەوەرەیە. هەرچەندە ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان لەناو توێژینەوەكاندا پێگەیەكی بەرچاویان پەیدا كردووە، بەڵام هێشتا دەوڵەت وەك یەكەی سەرەكی دەمێنێتەوە. وەك توێژەرێك، بە وریاییەوە دەڕوانمە پرسی پێشكەشكردنی وەڵامێكی بڕاوە بۆ ستراتیژی سیاسیی هەرێمی كوردستان. پێموایە بابەتێكی قووڵتر هەیە كە پەیوەستە بە «شەرعییەتی ئەكادیمی». زانایەك دەتوانێت پێكهاتەكان شی بكاتەوە، بەڵام پێدانی ئامۆژگاریی سیاسی بەو كەسانەی لە ناو پرۆسەی بڕیارداندان، كارێكی جیاوازە، چونكە ئەوان خاوەن زانیاری و بەرپرسیارێتییەكی مەیدانین كە مەرج نییە ئەكادیمییەك هەیبێت.
ئاشنابوونی من بە كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی دوازدە ساڵیم و لە ڕێگەی نووسینەكانی «كارڵ مای»یەوە. ئەم نووسەرە ئەڵمانییەی سەدەی نۆزدەهەم لە ڕۆمانی «بە نێو كوردستانی شاخاویدا» وێنای ناوچەكەی كردبوو. هەرچەندە كتێبەكە بە ڕوونی سەر بە نەریتی «ئۆریێنتالیزم»ی ئەورووپییە و ناتوانرێت وەك گێڕانەوەیەكی وردی زانستی بۆ مێژووی كورد سەیر بكرێت، بەڵام بۆ من گرنگییەكی كەسیی هەبوو. ئەو چیرۆكانە یەكەم وێستگە بوون كە تێیدا كوردستانم ناسی و هاوسۆزییەكی قووڵیان بۆ گەلی كورد لە ناو دڵ و دەروونمدا چاند. ئەم هاوسۆزییە، پێش خوێندنە ئەكادیمییەكانم، بووە هەوێنی پەیوەندییەكی مەعنەوی لەگەڵ ئەو خاكەدا. لە كۆتاییدا، پێویستە جەخت لەوە بكرێتەوە كە پاراستنی سەروەریی قەوارە نادەوڵەتییەكان لەناو ئەم سیستمە ئاڵۆزەدا، پێویستی بە تێگەیشتنێكی ورد لە هاوسەنگیی هێز و بەكارهێنانی ژیرانەی دەرفەتەكان هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی كە ئێستا ڕووبەڕووی كورد دەبنەوە.
