پڕۆفیسۆر جێراڵد شنایدەر ئوستادی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی كۆنستانز لە ئەڵمانیا بۆ گوڵان: هەرێمی كوردستان وێڕای بەشداربوونی لە حكومەتی فیدڕاڵیدا، بەڵام خاوەنی بڕیاری كۆتایی نییە بۆ دیاریكردنی تەواوی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی
پڕۆفیسۆر جێراڵد شنایدەر، ئوستادی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە زانكۆی كۆنستانز لە ئەڵمانیا و سەرنووسەری جێبەجێكاری گۆڤاری سیاسەتی یەكێتیی ئەورووپایە. بوارەكانی لێكۆڵینەوەی بریتین لە بڕیاردان لە ناو یەكێتیی ئەورووپا، هەروەها پێشتر سەرۆكی كۆمەڵەی زانستی سیاسیی ئەوروپا و جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان بووە.
لەم دیمانەیەدا شرۆڤەیەكی ورد و زانستی بۆ دەرهاویشتە و شوێنەوارەكانی گەمارۆ ئابوورییەكان دەكات، لەم ڕوانگەیەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ دەستەبەركردنی خۆڕاگریی ئابووری و پاراستنی سەقامگیری، پێویستییەكی هەنووكەیی هەیە بە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەك بۆ هەمەچەشنكردن و فراوانكردنی تۆڕی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووريیەكان.
• لە توێژینەوەكەتدا دەربارەی ئەزموونی ئێران و ڕووسیا، چ فاكتەرێك دیاریی دەكات كە ئایا سزای ئابووری ڕەفتاری سیاسیی دەسەڵات دەگۆڕێت، یان تەنیا هانیان دەدات بۆ ستراتیژیی خۆگونجاندن و دەربازبوون لە لێكەوتەكان؟
- جیاكارییەكی جەوهەری و قووڵ لە نێوان هەڕەشەی سەپاندنی سزا و جێبەجێكردنی كردە سزاكاندا هەیە، كە پێویستە وەك دوو قۆناغی تەواو جیاواز سەیر بكرێن. زۆرجار پەنابردن بۆ جێبەجێكردنی سزا دەرەنجامی ڕاستەوخۆی شكستهێنانی هەوڵە پێشوەختەكانە بۆ ناچاركردنی لایەنی بەرانبەر بە ملدان، ئەم هاوكێشەیە بەتایبەتی لە ستراتیژی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا ڕەنگ دەداتەوە. پێش هاتنەسەركاری دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەكان كاریگەرییەكی سڵكەرەوەی زۆر بەرچاویان هەبوو، بەڵام بەكارهێنانی لەڕاددەبەدەر و بەردەوامی ئەم ئامرازە لە سەردەمی ئەودا، هێزی ترساندنی بەتەواوی لەدەست دا. ئەمریكا بۆ پاراستنی پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی سزاكە جێبەجێ دەكات، كاتێك حكومەتێك بەرگەی فشاری هەڕەشەكان دەگرێت، توانای بەرەنگاربوونەوەی سزای كردەییشی دەبێت.
هەڵسەنگاندنی سزاكان تەنیا لە ڕێگەی بینینی سزای جێبەجێكراوەوە وێنەیەكی ناتەواو و شێواومان دەداتێ، چونكە ئەو حاڵەتە سەركەوتووانە فەرامۆش دەكات كە هەڕەشەكان تێیاندا ئامانجیان پێكا. بەگشتی، سزاكان ڕێژەی سەركەوتنیان لە 30% تا40%ـە كە ڕێژەیەكی زۆر بەرچاوە بۆ بەدەستهێنانی سازشی سیاسی. لە كاتی هەڵسەنگاندندا، دەبێت بەدیلەكانی وەك دەستوەردانی سەربازی لەبەرچاو بگرین، كە ئەزموونەكان نایسەلمێنن لە سزاكان كاراتر بووبێتن.
ماوەی درێژخایەنی سزادان هۆكارێكی یەكلاكەرەوەیە. وڵاتانی وەك ئێران و كوبا بە تێپەڕبوونی كات خۆیان لەگەڵ دۆخەكەدا گونجاندووە و بازڕی دارایی بەدیلیان دروست كردووە. لەم جۆرە سیستەمانەدا، فشاری ئابووری زۆر جار دەبێتە هۆی زیاتربوونی سەركوتكاریی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و قوربانیبوونی خەڵكی ئاسایی، كە ئەمەش هەندێك جار وەك شكستی ڕێكاری سزا لێك دەدرێتەوە.
كاریگەریی سزاكان پەیوەستە بە سرووشت و توانای ماددیی وڵاتی ئامانجكراو. وڵاتە دەوڵەمەندەكانی وەك ئێران و ڕووسیا توانای بەرگرییان زۆر بەهێزە، لە كاتێكدا لە كیشوەری ئەفریقا، تەنیا هەڕەشەی قەدەغەكردنی گەشتكردنی سەركردەیەك دەكرێت سازشی گەورە بەرهەم بهێنێت. تێڕوانینی نەرێنی و گشتی بەرانبەر سزاكان زۆرجار تەنیا بە هۆی تەركیزكردنە سەر كەیسە درێژخایەن و زۆر ئاڵۆزەكانەوەیە.
سەرەڕای ئەوەی لە ڕووسیا و ئێراندا ئەنجامەكان تێكەڵن و سەركردایەتییەكان بە تەواوی دەستبەرداری ستراتیژییەكانیان نەبوون، بەڵام سزاكان تێچووی جێبەجێكردنی سیاسەتەكانیانی هێندە بەرز كردووەتەوە كە بەپێی كات بەرەو لاوازیی بردوون. لە كۆتاییدا، دەبێت بە ڕوونی بزانین كە سزاكان سەرەڕای كەموكووڕییەكانیان و ئەو زیانە قورسانەی بە ژیانی خەڵكی سڤیلی دەگەیەنن، وەك ئامرازێكی دیپلۆماسیی بەهێز و كارا لە كایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا دەمێننەوە. ئەم بابەتە هەستیارە هەمیشە پێویستی بە بەدواداچوون و توێژینەوەی زانستیی بەردەوام و هەمەلایەنە هەیە بۆ تێگەیشتن لە دەرەنجامەكان و مسۆگەركردنی سەركەوتن لە داهاتوودا، تاكو وڵاتان بتوانن بە شێوەیەكی زۆر دروستتر مامەڵە لەگەڵ ئەم ئامرازە گرنگەی سیاسەتی جیهانیدا بكەن و ئامانجەكانیان باشتر و خێراتر بپێكن.
• چۆن پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ لێكەوتەكانی سزادان لەسەر وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمان بكرێت، وەك كاریگەرییە قووڵەكانی سزای ئێران لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، یان دەرهاویشتەی سنوورداركردنی وزەی ڕووسیا بەسەر ئابووریی ئەوروپادا؟
- سەپاندنی سزای ئابووری كاریگەرییەكی دەرەكیی قووڵ و بەرفراوانی هەیە كە تەنیا حكومەتی بە ئامانجكراو ناگرێتەوە، بەڵكو دراوسێكان و ئابوورییە نائامانجكراوەكانیش دەهەژێنێت. بۆ نموونە سزاكانی سەر وزەی ڕووسیا نرخی وزەی لە ئەوروپا بەرز كردەوە، ئاسەواری ئەم سزایانە بەپێی قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەكان دەگۆڕێت. هەندێك وڵات بە هۆی پچڕانی ئاڵوگۆڕەوە زیانمەند دەبن و هەندێكی دیكەش سوودمەند دەبن، بۆیە دەبێت وەك پرسێكی فرەڕەهەند تەماشا بكرێت. عێراق و هەرێمی كوردستان نموونەیەكی زیندوون، كە بە هۆی سزاكانی سەر ئێرانەوە زیانێكی ئابووریی گەورەیان بەركەوتووە. ئەم قەیرانە بە هۆی كێشەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەكانی توركیاوە زیاتر ئاڵۆز بووە. لە باشووریش، بەندەری بەسرا بەردەوام باجی جەنگەكانی ڕابردوو و سزاكانی ئێستای ئێران دەدات، یەكگرتنی ئەم تەنگژە جیاوازانە، دۆخی ئابووریی هەریەك لە عێراق و هەرێمی كوردستانی خستووەتە قۆناغێكی یەكجار سەخت و پڕ لە دژواری و ئاڵۆزییەوە.
• ئایا لە قۆناغی ئێستادا، ئاسایشی ئابووری هاوشانی كارایی ئابووری پێگەیەكی لەپێشینە وەردەگرێت؟ لەم سۆنگەیەوە و سەبارەت بە عێراق، بوونی ڕێڕەوێكی بەدیلی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا، تا چەند دەتوانێت پارێزبەندییەكی ستراتیژیی پتەو دەستەبەر بكات لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی كتوپڕی پەككەوتن و پچڕانی هێڵەكانی هەناردەكردن لە باشووری وڵاتدا؟
- ئێمە پێمان ناوەتە ناو قۆناغێكی زۆر نوێی ململانێی جیۆپۆلەتیكییەوە، كە تێیدا بەرژەوەندییە سیاسییەكان بە شێوەیەكی ڕیشەیی ئاراستەی تەواوی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەكان دەكەن. ئەم واقیعە نوێیە بۆ وڵاتێكی هەستیاری وەكو عێراق زۆر مەترسیدارە، چونكە ژێرخانی نەوتییەكەی بەردەوام دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ڕووداوە دەرەكییەكانەوە، لەم ژینگەیەدا، پەیڕەوكردنی دیپلۆماسییەكی ئابووریی تۆكمە زۆر حەتمی و پێویستە. لێرەدا، پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیادا زۆر هەستیارن، بۆیە پێویستە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی ناتۆوە گوشار بخاتە سەر ئەردۆغان تاوەكو گرژییەكانی لەگەڵ كورد كەم بكاتەوە، هاوكات ئەردۆغان پێگەی ڤیتۆی خۆی بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتنی گوماناوی لەگەڵ ڕووسیا بەكار دەهێنێت و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات. لەم نێوەندەدا، هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگێكی گەورە دەبێتەوە، سەرەڕای بەشداربوونی لە حكومەتی ناوەندییدا، هەرێم خاوەنی بڕیاری كۆتایی نییە بۆ دیاریكردنی تەواوی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی. ئەم پێگەیە وای كردووە دیپلۆماسیی ئابووریی هەرێم كارێكی پڕ زەحمەت بێت، چونكە بڕیارەكان لەناو چوارچێوەی فراوانی دەوڵەتی عێراقدا دەدرێن و زۆرجار بە هیچ شێوەیەك ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان نین لەم سەردەمە پڕ ململانێ سیاسی و ئابوورییە سەختەدا.
• ئەگەر ڕێڕەوێكی جێگرەوەی هەناردەكردنی نەوت پشتبەستن بە باشوور كەم بكاتەوە و پێگەی توركیا بەهێزتر بكات، ئایا وێنەی ڕاستەقینەی خۆڕاگریی ئابووری بۆ هەرێمێكی بێدەرچەی دەریایی وەك كوردستان، لە نێوان دراوسێ زلهێزەكاندا چۆن پێناسە دەكرێت؟
- ئامانجی سەرەكی دەبێت خۆبەدوورگرتن بێت لە پشتبەستنی ڕەها بە تەنیا دوو ڕێڕەوی دیاریكراوی هەناردەكردنی نەوت، بۆ ئەوەی چەندین كارتی بەهێزی سیاسی و ئابووریمان لە دەستدا هەبێت، پێویستمان بە دیدێكی ستراتیژیی فراوانتر هەیە بۆ هەمەجۆركردنی بژاردەكانمان. سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێڕەوێكی جێگرەوە لە ناو خاكی سووریا بەبێ توركیا، هیوایەكی یەكجار كەم هەیە، چونكە سوپای توركیا بەشێكی ئەو وڵاتەی داگیر كردووە. لە لایەكی دیكەوە، گۆڕانكارییە خێراكان و ناجێگیریی هاوپەیمانییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاستەنگی گەورە لە بەردەم داڕشتنی سیاسەتێكی یەكگرتووی درێژخایەندا دروست دەكەن، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان مەودای بژاردەكانی خۆی بەرفراوانتر بكات، ئەمەش دەكرێت لە ڕێگەی دروستكردنی فشارێكی كاریگەرەوە بەسەر بڕیاربەدەستانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاواوە بەدی بهێنرێت. بێگومان دەبێت ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییانە بە تەواوی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ جیا بكرێنەوە، لەبەر ئەوەی هەڵوێستەكانی ئەو ئیدارەیە زۆر ناسەقامگیرن و كاریگەریی خستنەسەریان كارێكی ئەستەمە. لەناو ئەم ژینگە پڕ لە ناڕوونییەدا، زۆر پێویستە هەرێم دیپلۆماسییەكی ئابووریی هۆشمەندانە و تۆكمە پەیڕەو بكات، تا لەم ڕێگەیەوە بتوانێت بەرژەوەندییە باڵا و ستراتیژییەكانی گەلەكەی بەباشی بپارێزێت و بە پلانێكی پتەوەوە ڕووبەڕووی تەواوی ئالنگارییە ئاڵۆزەكان ببێتەوە كە دێنە سەر ڕێگەكەی.
• ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێت پێگەی جوگرافیی خۆی وەك ڕێڕەوی گواستنەوە، وزە و بازرگانی لە نێوان عێراق، توركیا، سووریا و ئەوروپادا بۆ هەمەچەشنكردنی ئابووری وەبەربهێنێت، چ مەرجێكیش بۆ ئەم ڕۆڵە پێویستە؟
- دەربازكردنی ئابووریی ناوچەكە لە كۆتی پشتبەستنی ڕەها بە هەناردەكردنی نەوت و گاز، پێویستییەكی حەتمی و حاشاهەڵنەگرە. سەرەڕای ئەم ڕاستییە، ئالنگارییە جەوهەرییەكە لەو دژبەیەكییەدایە كە لە نێوان سرووشتی گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و هەلومەرجە سیاسییەكاندا هەیە، چونكە هەریەكەیان لە چوارچێوەی دوو ئاسۆی كاتیی تەواو لێكدژدا كار دەكەن. بەردەوامیی جەنگ و ململانێ ئاڵۆزەكان، وای كردووە كە ئەقڵییەتی بڕیاردەری سیاسی تەنیا لە دیدگایەكی مەوداكورتدا قەتیس بمێنێت، لە كاتێكدا هەنگاونان بەرەو قۆناغی ئابوورییەكی سەربەخۆ و تۆكمە، پێویستی بە داڕشتنی ستراتیژێكی فرەڕەهەند و دوورمەودا هەیە. ئەو مەودا زەمەنییەی بۆ بەدیهێنانی ئەم وەرچەرخانە مێژووییە پێویستە، بە هیچ جۆرێك لەگەڵ بیركردنەوە و ئاسۆ سنووردارەكانی بڕیاردەرانی سیاسیدا یەك ناگرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا، لەرزۆكی و ناسەقامگیریی هاوپەیمانییە سیاسییەكان، ڕێگرێكی سەرسەختە لەبەردەم پاراستنی ڕێڕەوێكی جێگیر بۆ گەشەپێدان. لێرەدا پرسیارە قورسەكە ئەوەیە: چۆن دەتوانرێت گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە پێكهاتەی ئابووریدا بهێنرێتە ئاراوە، لە كاتێكدا كارە لەپێشینەكانی سیاسەت لەوپەڕی ناجێگیری و هەڵبەز و دابەزینێكی بەردەوامدان؟ بێگومان، كەمكردنەوەی هەژموونی سووتەمەنییە فۆسیلییەكان پێویستی بە دیدگایەكی ستراتیژیی قووڵ هەیە، بەڵام پیادەكردنی ئەم جۆرە دیدگایە لە نێو ژینگەیەكی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزیدا، كارێكی لەڕاددەبەدەر دژوارە. هەر ئەم پرسانەشن كە بوونەتە گرێ كوێرە و لەمپەری سەرەكیی بەردەم پرۆسەی بونیادنانی ئابوورییەكی هەمەچەشن و گەشەسەندوو، ئابوورییەك كە توانای بەرگەگرتنی لە بەرانبەر ئالنگارییە سەختەكانی داهاتوودا هەبێت و ببێتە زامنی دەستەبەركردنی سەقامگیرییەكی ڕیشەیی و هەمیشەیی بۆ گوزەران و ژیانی گەلانی ناوچەكە.
• كاتێك زلهێزەكان ئابووری وەك ئامرازی فشار بەكاردەهێنن، چۆن ئابوورییە بچووكەكان بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزن؟ ئایا پەیوەندییە گشتگیرەكانی هەرێمی كوردستان خۆڕاگری بەهێزتر دەكەن، یان كرانەوە بەڕووی هاوبەشە ڕكابەرەكاندا مەترسی و ئالنگاریی نوێ دەخوڵقێنێت؟
- لەم قۆناغەدا، مرۆڤایەتی گوزارێكی مێژوویی بە خۆیەوە دەبینێت لە سیستەمی لیبڕاڵیی ڕۆژئاواوە بەرەو ئایدیۆلۆژیایەكی نوێی جیۆپۆلەتیكی، لەم دیدگایەدا كە لە ستراتیژیی هێزەكانی وەك ئەمریكا، چین و ڕووسیادا ڕەنگی داوەتەوە، زلهێزەكان دەوڵەتانی دەوروبەریان تەنیا وەك پاشكۆ دەبینن، ئەمەش سەروەریی وڵاتە بچووكەكان دەخاتە مەترسییەكی كوشندە و بێوێنەوە.
سەرەڕای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی سەروەتێكی گەورە و زەبەلاحی وزەیە، بەڵام هێشتا پێویستیی تەواوی بە بنیادنانی هاوپەیمانێتییەكی پتەوی ناوچەیی هەیە بۆ خۆپاراستن لە پاشكۆیەتیی ڕەهای تەنیا یەك جەمسەری جیهانی، لەم نێوەندە هەستیارەدا، چۆنیەتیی مامەڵەی ئابوورییە بچووكەكان پرسێكی زۆر چارەنووسسازە.
ئەڵمانیا نموونەیەكی تاڵ و زیندووە، ئەو وڵاتەی بۆ ساڵانێكی زۆر سوودمەندی یەكەمی گازی هەرزانی ڕووسیا بوو، ئەمڕۆ لە ئەنجامی پچڕانی ئەو پەیوەندییەدا، گیرۆدەی قەیرانێكی ئابووریی سەخت بووە. ئەم وانەیە دەیسەلمێنێت كە دەشێت پەیوەندییەكی قازانجبەخشی كاتی، ببێتە كارەساتێكی درێژخایەن.
لەبەر ئەمە، سەقامگیریی هەر ئابوورییەكی هەناردەكار، گرێدراوی فرەچەشنكردنی بازاڕەكان و دووركەوتنەوەیە لە پشتبەستنی ڕەها بە یەك سەرچاوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، پەیڕەوكردنی دیپلۆماسییەتێكی ئابووریی ورد و ژیرانە زۆر پێویستە، تا ئەو ئاستەی كە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا، وڵاتان ناچار بن لەگەڵ سەرسەختترین نەیارەكانیشیاندا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بگەنە ڕێككەوتنی كاتی.
