پەیمان محەمەد خواجە بەڕێوەبەری خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردە: پڕۆژەی خوێندنی دەرەوەی وڵات هەنگاوێكی ستراتیژییە بۆ پاراستنی نەوەی نوێی دیاسپۆرا لەناو پڕۆسەی توانەوەی كولتووریدا

پەیمان محەمەد خواجە  بەڕێوەبەری خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردە:     پڕۆژەی خوێندنی دەرەوەی وڵات هەنگاوێكی ستراتیژییە بۆ پاراستنی نەوەی نوێی دیاسپۆرا لەناو پڕۆسەی توانەوەی كولتووریدا

 

 

 

پەیمان محەمەد خواجە، بەڕێوەبەری خوێندنی دەرەوەی وڵاتە لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەركی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئەوەیە كە پڕۆگرامەكانی خوێندن بە شێوەزارە جیاوازەكانی كوردی ئامادە بكات، هەروەها مامۆستای بۆ دەستنیشان بكات، بۆ ئەوەی نەوەكانی دیاسپۆرا لە خوێندن و شوناسی كوردی بێبەش نەبن. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم) بەم جۆرە دیدوتێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو:

 

زۆر خۆشحاڵم كە لە گفتوگۆیەكی گرنگدا بەشدارم و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵاتی بۆ ئەم گفتوگۆ گرنگە بە ناونیشانی «ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە دەرەوەی فەزای نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم» بانگهێشت كرد. بێگومان بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات، بەشێكی گرنگە لە ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە بۆیە لە سەرەتاوە دەخوازم لەسەر بنەماكانی دامەزراندنی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بۆچوونەكانی خۆم چڕ بكەمەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٤دا، وەك وەرچەرخانێكی مێژوویی و ستراتیژی لە پەیكەری كارگێڕیی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، «بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات» تایبەت بە زمانی كوردی، لەژێر چەتری نووسینگەی جەنابی وەزیری پەروەردە دامەزرا. ئەم هەنگاوە نەتەوەییە گرنگە بە دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی و بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) هاتە كایەوە، كە ئامانجی سەرەكیی خزمەتكردنی نەوەكانی تاراوگە و چەسپاندنی هزری نیشتمانییە لە ڕێگەی فێركردنی زمانی دایك و پاڵپشتیكردنی ناوەندە كولتوورییەكان. لە ساڵی ٢٠٢٥ لە هەولێری پایتەخت یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنی ستراتیژی لە نێوان وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی واژووكرا.

بەپێی بڕگە و مادە یاساییەكانی ئەم یاداشتە، وەزارەتی پەروەردە بە شێوەیەكی فەرمی بەرپرسیارێتیی دابینكردن، چاپكردن و گەیاندنی پەرتووكی زمانی كوردی بە گوێرەی پڕۆگرامی خوێندنی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات دەگرێتە ئەستۆی خۆی.

هەروەها كۆنفیدراسیۆن وەك لایەنێكی سەرەكی هەماهەنگیكار بۆ ڕێكخستنی كاروباری مامۆستایان و قوتابیان دیاری كراوە. لەپێناو زامنكردنی شەفافیەت و متمانەبەخشی لە پڕۆسەكەدا، سەرجەم داتاكان دەخرێنە ناو سیستەمی «ئی-پەروەردە»، كە ئەمەش دەبێتە هۆی تۆماركردنی خزمەت و ماندووبوونی مامۆستایانی خۆبەخشی دەرەوەی وڵات لە سیستەمی فەرمیدا. لە ڕەهەندێكی دیكەی ئەم پڕۆژەیەدا، بڕیاری پەرەپێدانی كۆرسەكانی زمانی كوردی درا كە لە ساڵی ٢٠٢٢وە دەستیپێكردووە. بۆ جێبەجێكردنی ئەم مەبەستە، ژمارەی مامۆستایانی پسپۆڕ لە ٢ مامۆستاوە بۆ ٢٠ مامۆستا زیاد دەكرێت تا بە شێوەزارەكانی سۆرانی، بادینی و ڕێنووسی لاتینی وانە بڵێنەوە.

ئەم ڕێككەوتنە مێژووییە كە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەردەوام دەبێت، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكانی وەك «ئی-وانە» و «ئی-كتێبخانە» لەڕێگەی كۆدی تایبەتەوە بۆ قوتابیانی دەرەوە فەراهەم دەكات و لە كۆتایی كۆرس بڕوانامەی فەرمی لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرن. هەروەها هەردوولا(وەزارەتی پەروەردە و كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی) كار لەسەر ئامادەكردنی درافتێكی نێودەوڵەتی لەسەر جینۆسایدی گەلی كورد دەكەن بە زمانە جیهانییەكان بۆ ئەوەی بخرێتە ناو پڕۆگرامەكانی خوێندنی وڵاتانی دیكە.

لە كاتی وەرگرتنی ئەم ئەركە، یەكەم كۆبوونەوەی ئۆنڵاینم لەگەڵ مامۆستایانی خۆشەویستی دیاسپۆرا ئەنجام دا، كە ئەوكات ژمارەی قوتابخانەكان ٣٣ بوون و ئێستا گەیشتوونەتە ٤٢ قوتابخانە. ئەم هەوڵە نیشتمانییە زەمینەسازییەكی پتەوە بۆ پلانی ئایندەیی بە مەبەستی كردنەوەی قوتابخانەی كوردی لە ئاستی جیهان و پاراستنی ڕەسەنایەتیی كولتووری و زمانی نەوەكانی داهاتوو، كە وەك ئەمانەتێكی مێژوویی لەسەر شانی وەزارەت و حكومەت هەژمار دەكرێت، بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییمان لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانەدا، بۆ ئەوەی كورد بمێنێتەوە و خوێندنی كوردی بگاتە لووتكەی سەركەوتن لە هەر شوێنێكی دنیادا بێت و ببێتە مایەی شانازی بۆ تەواوی تاكەكانی نەتەوەكەمان لە سەرانسەری گۆی زەوی بە سەربەرزی.

 

ستراتیژیەتی وەزارەتی پەروەردە بۆ ڕەوەندی كوردستانی:

بەرەو پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی

ڕەوەندی كوردستان لە دەرەوەی وڵات، سەرمایەیەكی گەورەی مرۆیی و نیشتمانییە كە ئەركی ئێمەیە وەك دامەزراوە حكوومییەكان، پردێكی پەیوەندیی پتەویان لەگەڵ نیشتمان بۆ دروست بكەین، كە حكومەت لە ڕێگەی پەروەردەوە بەهاكانی نیشتمانی پێشكەش بە نەوەی خۆی دەكات. ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە، بە دیدگایەكی درێژخایەن و نەتەوەیی كار دەكەین، كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندن لە دەرەوەی وڵات، تەنیا هەنگاوێكی ئیداری نەبوو، بەڵكو بەڕاستی شۆڕشێكی پەروەردەیی و كولتووری بوو بۆ كۆكردنەوەی تواناكانی كورد لە تاراوگە.

بەڵام لەم كاروانەدا یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكان ئەوەیە كە هەندێك لە قوتابخانە كوردییەكان لە دەرەوە، ئامادە نین داتاكانی خۆیان و ناوی قوتابییەكانیان بدەنە وەزارەت بۆ ئەوەی لە سیستەمی «ئی-پەروەردە»ی دیجیتاڵیدا تۆمار بكرێن. ئێمە جەخت دەكەینەوە كە ئامانجمان لەم سیستەمە تەنیا شەفافییەت و ڕێكخستنە، تاوەكو ئەو مامۆستا خۆبەخشانەی لە هەندەران ماندوو دەبن، لە داهاتوودا لە ماف و دەستكەوتەكان بێبەش نەبن و قوتابیانیش خاوەن هەژمارێكی پەروەردەیی فەرمی بن. بۆ ئێمە گرنگ نییە، ئایین،یان ئایدیۆلۆژیای سیاسی ئەو قوتابخانانە چییە، ئەوەی لای ئێمە پیرۆز و بنەڕەتییە، پاراستنی زمان، مێژوو، ئاخ و كولتووری نەتەوەییە.

لە ئێستادا، پڕۆگرامەكانی خوێندنی هەرێمی كوردستان بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بۆ دیاسپۆرا دابین كراون. ئێمە تەنیا پشت بە خوێندنی فیزیكی نابەستین، بەڵكو لە ڕێگەی ئۆنڵاین لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك، وانەكان بۆ كوردانی ئەورووپا و ئەمریكا دەگوازینەوە. ئەمە هەوڵێكە بۆ زیندووكردنەوەی «وەلائی نەتەوەیی». هەنگاوێكی دیكەی گرنگمان، چاپكردنی پەرتووكەكانە بە ئەلفابێتی لاتینی. تاوەكو هیچ كوردێك بێبەش نەبێت لە فێربوونی زمانی شیرینی كوردی.

هەرچەندە تەنیا چوار مانگە ئەم بەرپرسیارێتییە دراوەتە دەست من و بەڕێوەبەرایەتییەكەش تەمەنی دوو ساڵە، بەڵام پڕۆژەی مەزنمان لەبەردەستە. دەمانەوێت وەك وڵاتانی توركیا و عێراق، قوتابخانەی فەرمی و تایبەت بە خۆمان لە ئەورووپا و ئەمریكا هەبێت. هەروەها وەك كاك شادمان ئاماژەی پێ كرد، كورد لە ئوردن، یەمەن و قەوقاسیش هەن، هەوڵ دەدەین پەروەردەی كوردی بگەیێنینە هەموو ماڵێكی كورد لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بێت. ئەمە ئەركێكی نەتەوەییە و بەردەوام دەبین لە پێناویدا.

 

ستراتیژی گەیاندنی پڕۆگرامی خوێندن و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە تاراوگەدا

لە چوارچێوەی كۆبوونەوەیەكی ئۆنڵایندا سەبارەت بە پرسی پەروەردە و فێربوون لە دەرەوەی وڵات، یەكێك لە مامۆستا بەشداربووەكان پێشنیارێكی گرنگی خستە ڕوو. ئەو ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە تەنیا جەخت لەسەر گەیاندنی پڕۆگرامی زمانی كوردی نەكرێتەوە، بەڵكو پڕۆگرامی پەروەردەی ئایینی هەرێمی كوردستانیش بگەیێندرێتە دەست قوتابیان لە تاراوگە. هەرچەندە هەندێك لە مامۆستایان هاوڕا نەبوون، بەڵام ئەو مامۆستایە جەختی لە خاڵێكی جەوهەری كردەوە، ئەویش ئەوە بوو كە نزیكەی ٨٠٪ی دایك و باوكانی كورد لە ئەورووپا، ئارەزوو دەكەن منداڵەكانیان وانەی ئایینی بخوێنن. لێرەدا مەترسییەكە لەوەدایە ئەگەر ئێمە وەك حكومەت و ناوەندی پەروەردە، پڕۆگرامێكی میانڕەو و نەتەوەییان پێشكەش نەكەین، ئەوا پەنا دەبەنە بەر مزگەوتەكان و لەوێ لەلایەن كەسانێكی بیانی وەك ئەفغانی، یان عەرەبەكانەوە ئایین بە جۆرێك وەردەگرن كە دوور بێت لە فەرهەنگ و ئایینداریی كوردی. بۆیە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكان ئەوەیە كە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆگرامی نیشتمانی، پەرتووكی ئایینیش بە هەمان شێوازی هەرێمی كوردستان بۆ دیاسپۆرا ڕەوانە بكرێت.

جێگەی شانازییەكی گەورەیە كە لەم پانێلەدا باس لە پرسێكی چارەنووسساز دەكرێت، ئەویش پرسی «یەكدەنگیی كوردانە». پێویستە لە تاراوگەدا، سەرباری جیاوازییە فكری، سیاسی و ئایینییەكان، بتوانین یەكدەنگییەك لەسەر پرسە نەتەوەییەكان دروست بكەین. بۆ نموونە، لە كاتی شەڕی دژ بە داعشدا، بینیمان چۆن بە هەزاران كورد لە شەقامەكانی ئەورووپا كۆبوونەوە و بە دروشمەكانیان هێز و ناسنامەی تایبەتی خۆیان نیشانی جیهان دا. یان شەڕی ڕۆژئاوای كوردستان، تاراوگە بە دروشمی سەركەوتن بەسەر داعش لەسەر جادەكانی ئەورووپا ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، ئەم یەكدەنگییە خاڵێكی بەهێزە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە ئێمە نەتەوەیەكی خاوەن ناسنامەی سەربەخۆین.

سەبارەت بە ڕۆڵی نوێنەرایەتییەكانی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پرسیارێك دێتە پێش: ئایا ڕێكخستنی قوتابیان لە ڕێگەی ئەم نوێنەرایەتییانەوە دەكرێت؟ هەروەها، تا ئێستا چەند قوتابی بەشدارییان لە پڕۆسەی فێربوونی زمانی كوردیدا كردووە و لە كام وڵاتانەدا خواستی زیاتر هەیە؟ ئاستی فێربوونەكە چۆنە و تا چ قۆناغێك دیاری كراوە؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە پڕۆسەكە لە ڕێگەی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ «كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستان» بەڕێوە دەچێت. وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم ئەركی چاپكردن و ڕەوانەكردنی پەرتووكەكانیان لە ئەستۆ گرتووە، لە زیاتر لە ٢٠ وڵات ٤٢ قوتابخانەمان هەیە، تەنیا لە وڵاتی ئەڵمانیا پێنج قوتابخانەمان هەیە. ئەو قوتابیانەی بەهۆی دووریی مەوداوە ناتوانن لە قوتابخانەكان ئامادە بن، لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە وانەكانیان پێ دەگات.

لە ئێستادا لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك، چوار مامۆستا بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كراون و پڕۆسەی خوێندنەكە ئاستەكانی (بازنەی یەكەم و دووەم) دەگرێتەوە، چونكە ئەم پڕۆژەیە تەنیا دوو ساڵە دەستی پێكردووە، پلانمان وایە لە هەنگاوەكانی داهاتوودا تا پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕەوانەی دەرەوەی بكەین. سەبارەت بە ڕێژەی بەشدارییش، لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا كوردێك هەبێت و ئاگاداری ئەم دەرفەتە بێت، بە پەرۆشییەوە ناوی خۆی تۆمار دەكات، بۆ ئەوەی منداڵەكانی لە فەرهەنگ و زمانی دایك دانەبڕێن. ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی ستراتیژییە بۆ پاراستنی نەوەی نوێ لەناو پڕۆسەی توانەوەی كولتووریدا.

Top