ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بۆ گوڵا ن: پڕۆژەی ڕیسایكلینی ئاوی قوڕسی هەولێر هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژیی کابینەی نۆیەمە بۆ دروست کردنی ژێر خانێکی پتەو بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی

ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بۆ گوڵا ن: پڕۆژەی ڕیسایكلینی ئاوی قوڕسی هەولێر هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژیی کابینەی نۆیەمە بۆ دروست کردنی ژێر خانێکی پتەو بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی


هەموو شارێكی پێشكەوتوو و هاوچەرخ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بنەڕەتی و ستراتیژی و مۆدێرنی بۆ جێبەجێ دەكرێت ، شاری هەولێریش وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانەوە لەم پڕۆژە خزمەتگوزاریانە هەنگاوی گرنگ و كارای ناوە لەوانە داركردن بۆ دروستكردنی ئاوەڕی قوڕس و بەئێك لەو پڕۆژەیەش كارگەی ڕیسایكلینی ئاوە قوڕسەكەیە كە ماوەیەكە بەردی بناغەو هەنگاوی جێبەجێكردنی بۆ نراوە وەك گوڵان دەمانەوێت بزانین كارگەی ڕیسایكلینی ئاوی قوڕسی هەولێر چۆنە و لە چ قۆناغێكە و وردەكاریەكەی چییە بۆ وەڵامی ئەوپرسیارانەش ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سرسام بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرمان دواند كە بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.
• ئایا پڕۆژەی ڕیسایكلینی ئاوی قوڕسی هەولێر چییە و وردەكاریەكانی چۆنە و ئێستاكە لە چ قۆناغێكدایە؟
- لە مێژووی پایتەختدا و بۆ یەکەمین جار گرفتە لەمێژینەکەی ئاوەڕۆی ئاوی قوڕسی هەولێر لەسەر دەستی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوازێکی زانستی بنەڕەتی و هاوچەرخ بەرەو چارەسەری یەکجاری دەبرێت.
ئەم پڕۆژە مەزنە دەچێتە ڕیزبەندی ئەو شاكارە ستراتیژییانەی کە ژێرخانی مۆدێرنی هەرێمەکەمان بنیات دەنێن و ڕاستەوخۆ دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی ژینگەی پایتەخت .
بێگومان بەوپەڕی شانازی و شکۆوە ، زۆرترین سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمان ئاراستەی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ڕوانگە و دیدگە ستراتیژییەکەی و ئەو گرنگیپێدانە تایبەت و بەردەوامەی بەکەرتی خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ و ژێرخانی پایتەختی داوە ، هاوكات دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتمان ئاراستەی جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێز ئەندازیار ( ساسان عەونی )دەکەین بۆ سەرپەرشتیی خەمخۆرانە و هەوڵە بێپچڕاوەکانی و شەونخونیی بەردەوامی لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە شاری هەولێر ، ئەم پڕۆژە ناوازەیەش لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە گرێبەستی بۆ کراوە کە توانای پاککردنەوەی ئاوەڕۆی بە قەبارەی (840) هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا لەسەر ڕووبەری (225) دۆنم لە ڕۆژئاوای هەولێر (نزیک گوندی عارەب کەند) جێگیر دەکرێت قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش لە (4) قۆناغ پێکهاتووە ، لە ئێستادا (2) قۆناغی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە .

قۆناغی یەکەم / بە هاوکاریی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی (JICA) کارەکانی لە لایەن کۆمپانیای *ئیتۆچو (Itochu)*ی ژاپۆنییەوە جێبەجێ دەکرێت تێچووی پڕۆژەش نزیکەی( 200ملیۆن )دۆلارە ، ماوەی جێبەجێکردنیشی( 3) ساڵە بە چاككدنەوەو بەردەوامییەوە و توانای چارەسەرکردن بە قەبارەی( 52,500) مەتر سێجا ئاوی قورس لە ڕۆژێکدا هەیە .
وە قۆناغی دووەم / وەرچەرخانێکی گەورەیە لەخێراکردنی کارەکانی ژێرخانی ئاوەڕۆی شارەکەدا لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی ( ئاوزان ) لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکرێت کە لە ڕێککەوتی ( 1/4/2026)ە وە دەستبەکاربوونی و ڕادەستکردنی پێگەی کاری بۆ ئەنجامدراوە ، تێچووی پڕۆژەش (٥٧٩) ملیون دۆلارە و ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش 730ڕۆژە و تا ئێستا ڕێژەی ئەنجامدانی سەروی ١٥٪ بڕیوە ، و ڕووبەری قۆناغی دووەمی ( 56) دۆنم زەوی تەرخانکراوە و توانای چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی بە ( 210,000 م٣ ) لە ڕۆژێکدا هەیە (کە چوار بەشی تەکنیکی لەخۆ دەگرێت ، هەر بەشێک بە توانای 52,500 مەتر سێجا).
پێکهاتە و بەشە تەکنیکییەکانی قۆناغی دووەم : ئەم پڕۆژە مەزنە لە دوو بەشی سەرەکی و تەواوکاری یەکتر پێکدێت :
*تۆڕی هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوە ، ڕاکێشانی بۆری گەورە بە درێژایی (21,930)مەتر و بە تیرەکانی (2800 ملم و 1500 ملم) کە ئاوی قورس لە شەش دەرچەی سەرەکیی شەقامی ( 120) مەترییەوە دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی سەرەکی .
وێستگەی چارەسەرکردن :
وێستگەکە لە(20) بەشی تەکنیکی و ئەندازیاریی جیاواز پێکدێت لەوانە :-
١/ هێڵی سەرەکی گواستنەوەی ئاوی قورس (هێڵی سەرەکی) Trunk line.
٢/ بەشی بەرزکردنەوەی ئاوی قورس (وێستگەی پەمپکردن) Wastewater lifting Facility Pumping Station (PS).
٣/ بەشی فلتەرکردن و گرتنی خاشاكی گەورە ( بێژنگ ) Screening Facility .
٤/ حەوزی لێکنەبوونی چەو و زیخ ( بەشی جیاکردنەوەی ڕەمڵ و چەو ) Grit Chamber .
٥/ بەشی پێوانەیی ڕێژەی تەوژمی ئاو (پارشال فلۆم) Parshall Flume .
٦/ ژووری دابەشکردنی ئاو Distribution Chamber .
٧/ حەوزەکانی نیشتاندنی سەرەتایی (٤،٣،٢،١) Primary Sedimentation Tanks (1,2,3and 4 ).
٨/ حەوزی هەوا پێدان ( هەوا ئاڵوگۆڕ ) Aeration Tank .
٩/ ژووری فێنکەرەوە ( هەوا پەمپکارەکان ) Blower Room .
١٠/ حەوزەکانی نیشتاندنی کۆتایی (٤،٣،٢،١) Final Sedimentation Tanks (1,2,3and 4 ).
١١/ بەشی بەکارهێنانی کلۆر ( پاککردنەوە ) Disinfection Facility .
١٢/ بەشی شیکردنەوە و هەرسکردنی قوڕ و خلتە Digestion Facility .
١٣/ کۆگای هەڵگرتنی گاز ( تەنکی گاز ) Gaz Holder .
١٤/ شوێنی وشککردنەوەی قوڕ و خڵتە Slug Drying Bed .
١٥/ بەشی وەرگرتنی ئاوی قورسی تانکەرەکان ( مەنفەز ) Night Soil Receiving Facility .
١٦/ بەشی ئاو دەرهێنان لەقوڕ و خڵتە ( وشککردنەوەی میکانیکی ) Dewatering Facility .
١٧/ باڵەخانەکانی کۆنترۆڵکردنی بێزراوی بۆنی ناخۆش ( باڵەخانەی ١ ، باڵەخانەی ٢ ) Order Control Buildings (Building 1 . Building 2).
١٨/ ژووری زێرەڤانی پاسەوانی Guard House .
١٩/ تونێل ( گالۆری بۆڕییەکان) Pipe Gallery .
٢٠/ وێستگەی لاوەکی کارەبا Electrical Sub – Station .

• ئایا ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە چییە ؟
- ئەم پڕۆژەیە تەنیا چارەسەری ئاوەڕۆ نییە ، بەڵکو دەستپێکی شۆڕشێکی ژینگەییە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوە(Recycling) ، كە ئاوی پاڵێوراو و پاککراوە لە داهاتوودا بۆ ئاودێریی پشتێنەی سەوزی هەولێر و پارکە گشتییەکان بەکاردەهێنرێت ، ئەمەش دەبێتە هۆی :
* پاراستنی سامان و ئاوی ژێر زەوی پایتەخت.
*ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاوی بیرەکان.
* گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و پاك ڕاگرتنی ژینگەی شاری هەولێر.

Top