شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: جگە لە كورد، هیچ نەتەوەیەكی دیكەی خاوەن ئامارێكی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆنی نییە كە لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێبەش بێت

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     جگە لە كورد، هیچ نەتەوەیەكی دیكەی خاوەن ئامارێكی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆنی نییە كە لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێبەش بێت

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە دەرەوەی فەزای نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو:

 

یە‌كێك لە‌ هەرە جوانترین ڕەهەندەكانی ناسیۆنالیزم، ئەو هەستە قووڵەیە كە چەمكی «كۆمەڵگەی خەیاڵكرد» لە چوارچێوەی جوگرافیایەكی دیاریكراودا بونیاد دەنێت. بەڕێز شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە پەیامێكی تایبەتدا بۆ بازنەی گفتوگۆ، بە ڕاشكاوی ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستا دیاسپۆرا «پارچەی پێنجەم»ی كوردستانی خوڵقاندووە. ئەم پارچە نوێیە، سەرجەم سنوورە دەستكردەكانی لە نێو خۆیدا تواندووەتەوە و كوردانی هەر چوار پارچەكەی لە دەوری یەك گوتاری نیشتمانی كۆكردووەتەوە. ئەم ڕاستییە لە بۆنە نەتەوەییەكانی وەك نەورۆز، یان لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژە و كارەساتە نیشتمانییەكاندا بە ڕوونی دەركەوتووە و، كاتێك ڕەوەندی كوردستانی بە كردەیی خۆی بە هاوبەش و خاوەنی ڕاستەقینەی خەم و ئازارەكانی تەواوی كوردستان دەزانێت، لەم فەزا نەتەوەییەدا، ئازاری هەر تاكێكی كورد لە هەر كونجێكی ئەم جیهانەدا بێت، وەك ئازاری جەستەیەكی یەكگرتووی نەتەوەیی وێنا دەكرێت و ئەم یەكبوونەش هەوێنی سەركەوتنی گەورەی نەتەوەیە.

لە فەلسەفەی سیاسیدا، زۆرینەی بیرمەندان بونیادنانی نەتەوە بە گەشەی سەرمایەداری و «شۆڕشی چاپ»ـەوە گرێ دەدەنەوە، ئەم دیدگەیە پێیوایە كە پێویستییەكانی بازاڕ و كەڵەكەبوونی سەرمایە، نەتەوەكانی ناچار كردووە پەنا بۆ زمانێكی ستانداردی هاوبەش ببەن و لە ڕێگەی چاپەوە بەسەر كۆمەڵگەدا بیسەپێنن، بەڵام جۆرێكی دیكەی ناسیۆنالیزم كە لە ناوەندە فیكرییەكاندا كەمتر بایەخی پێ دراوە، «ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەتە»، ئەم فەرامۆشكردنەش بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەسەر ئەم هەسارەیە، جگە لە كورد، هیچ نەتەوەیەكی دیكەی خاوەن ئامارێكی ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆنی نییە كە بێبەش بێت لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، هۆكارێكی دیكەی پەراوێزخستنی ئەم چەمكە، بۆ كزیی ئامادەیی ئەكادیمیستان و دەستەبژێری كورد لە ناوەندە لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكاندا دەگەڕێتەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم واقیعە یەكەمین كۆنفڕانسی سەنتەری «مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی» بوو لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن لەژێر ناونیشانی «گەڕان بەدوای ناسنامە». لەوێدا دەركەوت كە تەنانەت توێژەرانی وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش، ئاگادارییەكی وردیان لەسەر مێژووی ئەم نەتەوە بێ‌دەوڵەتە نییە.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم بازنە داخراوە، دامەزراندنی «فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی» وەك چەترێكی نەتەوەیی لە تاراوگە، مانا و ڕەهەندێكی نوێی بە «ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەت» بەخشییەوە. ئەم دامەزراوەیە سەلماندی كە ئەم لقە فەرامۆشكراوە، تەنیا لە هۆڵەكانی توێژینەوەدا بونیاد نانرێت، بەڵكو لە ئیرادەی پۆڵایینی تاكی نەتەوەوە بە شێوازێكی نوێی و ناوەزە لە ویژدانی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتدا دووبارە لە دایك دەبێتەوە.

لێرەوە ڕەهەندێكی نوێ بۆ ناسیۆنالیزم دەردەكەوێت، ئەویش ئەوەیە كە ناسیۆنالیزم تەنیا دەرهاویشتەی سەرمایەداری و چاپ نییە، بەڵكو زادەی ئەو ستەم و بێمافییە قووڵەیە كە نەتەوەیەكی بێ‌دەوڵەت لە غیابی قەوارەیەكی سەربەخۆدا هەستی پێ دەكات. ناسیۆنالیزمی كورد، لەبری ئەوەی تەنیا پرۆسەیەكی ئابووری بێت، ڕەوتی بەگژداچوونەوەی چەوسانەوە و گەڕانە بەدوای ئەو دادپەروەرییەی كە ساڵانێكی درێژە لە مێژووی سیاسیی جیهاندا لێی بێبەش كراوە.

ئەوەی ئەمڕۆ بووەتە مایەی تێڕامان و نیگەرانییەكی قووڵ، دۆخی ئەو پێكهاتە مەعنەوییەیە كە وەك «پارچەی پێنجەمی كوردستان» لە تاراوگەدا ناسراوە. ئەم كۆمەڵگەیەی كە لەنێو جەرگەی بەها لیبڕاڵ و دیموكراتەكانی ڕۆژئاوادا و وەك قەوارەیەكی خەیاڵكرد لەدایك بوو، ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و فشارگەلێك دەبێتەوە كە لە زۆر ڕووەوە لەو ستەم و چەوسانەوەیە دەچێت كە چوار پارچەكەی دیكەی نیشتمانی پێدا تێپەڕیوە. ئەوەی جێی هەڵوێستەیە مامەڵەكردنی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپایە لەگەڵ پرسی پەنابەران، كە دوور لە هەموو پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە، پەنا بۆ سیاسەتی «دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێ» دەبەن، بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە زیاتر لە دوو دەیە تەمەنی خۆیان لەو كۆمەڵگەیانەدا بەسەر بردووە و بوونەتە بەشێك لە پێكهاتەی ئەو وڵاتانە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك چۆن لە مێژووی سیاسیی خۆیدا بە توندی دژی هەر هەوڵێكی ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافی لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان وەستاوەتەوە، بە هەمان نەفەس و تێڕوانینیشەوە دژایەتیی ڕەهای خۆی بۆ گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەربڕیوە، ئەم هەڵوێستە تەنیا دروشم نییە، بەڵكو حكومەت بە فەرمی ڕێگریی كردووە لەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە نامرۆڤانەیە بەكار بهێنرێن، بەڵام جێی داخە كە لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی بەغداوە، پرۆسەی ناردنەوەی ئەو هاوڵاتییانە بەردەوامە، كە لە نێویاندا ژمارەیەكی بەرچاو لە خوشك و برا ئێزدییەكانمان هەن، ئەو كەسانەی هێشتا برینی جەستە و ڕۆحیان بەدەست جەور و جینۆسایدی تیرۆریستانی داعشەوە ساڕێژ نەبووە.

حكومەتی هەرێم سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و سنووردارییە داراییانەی كە بەرۆكی گرتووە، لە هەوڵێكی بێوچاندایە بۆ دووبارە تێهەڵكێشكردنەوەی ئەم پەنابەرە گەڕاوانە لە نێو جومگەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا، بەڵام ڕاستییەكی تاڵ هەیە كە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە كە قەبارەی گرفتەكان، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری، دابینكردنی هەلی كاری شایستە و پڕكردنەوەی كەلێنە زمانەوانی و كولتوورییەكانەوە، لە سەرووی تواناكانی ئێستای حكومەتەوەیە.

لە كۆتاییدا پێویستە جەخت لەو ڕاستییە بكەمەوە كە لە ئێستادا تەواوی دیاسپۆرا و ڕەوەندی كوردستانی لە هەندەران، بە چاوێكی پڕ لە ئومێد و شكۆوە دەڕواننە ئەم قەوارە و بەشە ئازادەی هەرێمی كوردستان و هەولێریش وەك پایتەختی مەعنەوی و سیاسیی هەر پێنج پارچەكەی كوردستان دەبینن. لەم سۆنگەیەوە، ئەركێكی نەتەوەیی و سیاسیی هەنووكەیی دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تەواوی هەوڵ و توانستە دیپلۆماسییەكانی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بخاتە گەڕ، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی گونجاو و بنەڕەتی بۆ پرسی گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی كورد و پاراستنی كەرامەت و مافە یاساییەكانیان لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن.

 

Top