بابان جەعفەر چالاكی سیاسی لە سلێمانی: پاشكۆیەتیی سیاسیی دیاسپۆرا بۆ حزبەكانی ناوخۆ، ڕێگر بووە لە بەرهەمهێنانی تیۆرێكی فیكریی سەربەخۆ بۆ قەیرانی نەتەوەیی

بابان جەعفەر   چالاكی سیاسی لە سلێمانی:  پاشكۆیەتیی سیاسیی دیاسپۆرا بۆ حزبەكانی ناوخۆ، ڕێگر بووە لە بەرهەمهێنانی تیۆرێكی فیكریی سەربەخۆ بۆ قەیرانی نەتەوەیی

 

 

ناسیۆنالیزمی كوردی لە دیاسپۆرا لە ئێستادا لەبەردەم دوو ئاستی جیاوازی كێشە و تەحەددای قووڵدایە، كە یەكەمیان ئاستە تیۆرییەكەیەتی. ئەم قەیرانە تیۆرییە ڕەنگدانەوەی ئەو ناڕوونی و پەرتەوازەییەیە كە لە ناوخۆی وڵاتیشدا لەسەر چەمكی «ئامانجی نەتەوەیی» بوونی هەیە. ئێمە وەك نەتەوە، هێشتا نەگەیشتووینەتە كۆدەنگییەكی گشتگیر لەسەر ئەوەی كە چیمان دەوێت؛ ئایا خەباتمان بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستانە، یان ئامانجمان تەنیا بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی كە خاكی ئێمەیان داگیركردووە؟ بەهۆی ئەوەی دیاسپۆرا بەشێكی دانەبڕاوەیە لە ململانێ سیاسییەكانی ناوخۆ، نەیتوانیوە لەم گێژاوە تیۆرییە ڕزگاری بێت و تیۆرییەكی سەربەخۆ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دابڕێژێت. لە ئەنجامدا، هەموو ئەو هەوڵانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە ئەورووپا و ئەمریكا دراون، چ لە ڕووی بەرهەمهێنانی فیكرییەوە بێت، یان كارایەتی سیاسی لە ناوەندە بڕیاربەدەستەكاندا، زیاتر هەوڵی تاكەكەسی بوون نەك بەرهەمی دامەزراوەیەكی نەتەوەیی ڕێكخراو.

ئەم واقیعە پێویستیی لەدایكبوونی «پڕۆژەی سێیەم» بۆ كورد دەسەلمێنێت. مێژووی سەدەی ڕابردوو پێمان دەڵێت كە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بۆ كورد بەدی نەهات، هاوكات ئاماژەكانی ئێستاش ئاشكرای دەكەن كە دەوڵەتانی ناوچەكە هەرچەندە لە ڕووی جوگرافییەوە ماونەتەوە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا بەتاڵ بوونەتەوە و مۆدێلی وڵات و هاووڵاتیبوونیان تێدا شكستی هێناوە. لێرەدا كورد لە نێوان دوو بژاردەی مەترسیدایە: یان توانەوە لە ناو ئەو دەوڵەتە داڕووخاوانەدا، یان بەردەوامبوون لەسەر خەونێك كە ئامرازەكانی بەدیهێنانی لەدەست داوە. بۆیە «ڕێگای سێیەم» دەبێتە پێویستییەكی مێژوویی. ئەم ڕێگایە لە ڕێگەی جەدەلێكی سیاسی و فیكریی فراوان لە نێوان ناوخۆ و دیاسپۆرا بونیاد دەنرێت، كە ئامانجەكەی داڕشتنی ئەجێندایەكی نەتەوەیی گشتگیرە لە ئاستی هەر چوارپارچەدا. ئەم ئەجێندایە دەبێت لە ڕێگەی دامەزراوەییكردنی كایەكانی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە كار بكات، تا بتوانێت لەم سەردەمە نوێیەدا ناسنامەی كورد بپارێزێت و پێگەیەكی كاریگەر لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ نەتەوەكەمان دەستەبەر بكات.

ئەگەر سەیری ئەزموونی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای كوردستان بكەین، دەبینین ئەو پشتیوانییە جیهانییەی بۆ كورد دروست بوو، زیاتر كاردانەوەیەكی عاتیفیی كاتی بوو، نەك لۆبییەكی سیاسیی خاوەن ستراتیژ. كورد لە ڕۆژئاوا كە ڕۆژێك لە لووتكەی خاوەندارێتی و پاراستنی ناوچەكەدا بوو و وەك ئەكتەرێكی سەرەكی لە شەڕی دژ بە تێرۆر دەبینرا، ئێستا لە دۆخێكدایە كە خەریكە هەموو دەستكەوتەكانی لەدەست دەدات و نوێنەرایەتییەكەی تەنیا بۆ ئاستێكی شكلیی ناو سووریا كەم كراوەتەوە. ئێستا لەبری ئەوەی كورد شەریكی بڕیار بێت، خەریكی شەڕكردنە بۆ سەرەتاییترین مافەكانی وەك خوێندن بە زمانی دایك؛ ئەمەش كشانەوەیەكی مەترسیدارە كە هاوشێوەكەی لە باشووری كوردستانیشدا دەبینرێت، كە چۆن لە بونیادنەری عێراقەوە گۆڕدراوە بۆ شەریكێكی پەراوێزخراو.

ئەم پاشەكشە سیاسییەی كورد لە هەموو پارچەكان، دەرەنجامی نەبوونی لۆبییەكی وشیار و ئەجێندایەكی ستراتیژییە لە دیاسپۆرا و ناوخۆدا. ئەگەر شەقامی كوردی لە جیهاندا خاوەن دامەزراوەیەكی سیاسی و فیكری بوایە، نەدەبوو ڕێگە بدرێت خوێن و فرمێسكی هەزاران قوربانی لە ڕۆژئاوا و باشوور ببێتە قوربانیی ساتەوەختە عاتیفییەكان. بۆیە ئەركی بنەڕەتیی دیاسپۆرا و ڕۆشنبیرانی كورد لە ئێستادا، گۆڕینی ئەم وزە عاتیفییەیە بۆ هێزێكی دامەزراوەیی و ئەقڵانی، تا بتوانین لە ڕێگەی «ڕێگای سێیەم»ـەوە جارێكی دیكە كورد وەك شەریكێكی ڕاستەقینە و خاوەن پێگەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بكەینەوە و ڕێگە لە سڕینەوەی ناسنامە و مێژووەكەمان بگرین.

 

Top