شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی: دیاسپۆرا هێزی نەرمی كوردستانە، ئەوان ئاوارەییان كردە هەوێنی كوردایەتی و دووركەوتنەوە لە خاكیشیان گۆڕی بۆ سۆزێكی بێپایانی نەتەوەیی و نیشتمانی

شیفا بارزانی  سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی:   دیاسپۆرا هێزی نەرمی كوردستانە، ئەوان ئاوارەییان كردە هەوێنی كوردایەتی و دووركەوتنەوە لە خاكیشیان گۆڕی بۆ سۆزێكی بێپایانی نەتەوەیی و نیشتمانی

 

 

شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی كوردستانییە لە بارەگای بارزانی. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم فیدراسیۆنە توانیویەتی بەشێكی زۆری دیاسپۆرای كوردستانی لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە. بۆ گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ» (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بوو، نەیتوانی ڕاستەوخۆ لەگەڵمان بەشدار بێت، بەڵام پەیامێكی تایبەتی بۆ ئەم گفتوگۆیە هەبوو، ئەم پەیامە لە دەستپێكی گفتوگۆكە بە دەنگ پێشكەشی ئامادەبووان كرا و بەمجۆرە بیروبۆچوون و تێڕوانینەكانی خۆی سەبارەت بە « دیاسپۆرا و ناسیۆنالیزم» خستووەتە ڕوو:

 

پێشەكی زۆر سوپاستان دەكەین بۆ ئەم دەرفەتە و سوپاسی ڕێكخەران و ئامادەبووانی خۆشەویست دەكەین.

سەرەتا بە وشەی دیاسپۆرا دەستپێدەكەین.

«دیاسپۆرا» وشەیەكە لە زمانە ئەورووپییەكان بەكاردێت بە مانای «پەرتبوونە». وەك دەزانن كوردیش نەتەوەیەكی بێ وڵات و دابەش كراوە و پەرت كراوە بە سەر وڵاتانی دیكەدا. لە نێوان ئەم دابەشبوون و پەرتبوونەش، بابەتی ناسیۆنالیزم پرسێكی ئاسان نییە و چەندین پرسیار و تێبینی لە خۆی دەگرێت. دەیان و سەدان ساڵە، نەتەوەی كورد بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشانی خۆی لە ناوەوە و لە دەرەوەی نیشتمان.

لەم وتارە كورتەدا، باسی خەباتی گەلی كوردستان لە ناوخۆی وڵات ناكەین، بەڵام ئەوەی جێی مەبەستی ئێمەیە، خەباتی ڕەوەندی كوردستانییە لە دەرەوەی خاكەكەی خۆی.

پرسیارە سەرەكییەكان ئەمانەن:

- ئایا نەتەوە دەتوانێت لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەكەی خۆی هەبێت؟

- ئایا ناسیۆنالیزمی كوردستانی دەتوانێت لە دەرەوەی وڵاتە ڕەسەنەكەی خۆی خەبات و تێكۆشان بكات؟

ئێمە بە هەموو قەناعەتێكەوە باوەڕمان بەوەیە كە وەڵامی ئەم پرسیارانە بە (بەڵێ)یە.

بەڵێ، نەتەوەكەمان دەتوانێت وەكو كوردستانییەك لە دەرەوەی خاكی خۆی بژی و دەتوانێت هاوڵاتییەكی زۆر بەتوانا و زۆر بەسوودی ئەو كۆمەڵگەیەش بن كە تێیدا دەژین.

لە ماوەی كاركردنمان لە بواری دیاسپۆرای كوردستانی، چەندین ڕاستی و حەقیقەتمان بۆ دەركەوتووە. یەكێك لە ڕاستییەكان ئەوەیە ناسیۆنالیزمی كوردستانی لە دیاسپۆرا و لە ناوخۆی كوردستان بە یەك ئاراستە كار دەكەن.

بەڕێزان، لەم كورتە باسەدا دەمەوێت ئەم پرسیارانەی سەرەوە و چەندین پرسیار و تەوەری دیكە بۆ ئێوەی بەڕێز ڕوون بكەمەوە:

خاڵی یەكەم: كۆچكردن وەكو دەروازەیەك لە دەروازەكانی كوردایەتی

یەكەم هەنگاو بۆ دروستبوونی دیاسپۆرا بریتییە لە كۆچ. وەكو هەموومان دەزانین، پێگەی كۆچكردن و هیجرەت چەند گرنگ بووە لە مێژووی مرۆڤایەتی و هەروەها لە مێژووی ئایینەكان و میللەتەكان. دەیان وڵات بە هۆی كۆچكردنەوە دروست بوون.

ئەگەر بێینە سەر باسی كوردستانیش، هەر لە مێژەوە ئەوەمان بۆ دەركەوتووە، شاعیران تا دوور دەكەوتنەوە لە زێدی خۆیان ئەوەندە زیاتر هەستی نەتەوەییان بەرزتر دەبوو و شیعری نەتەوەیی جوانتریان دەنووسی. فەرموون نووسینەكانی مەلای جەزیری و نالی و هەژار بخوێننەوە.

هەروەها با پێكەوە خوێندنەوەیەك بۆ پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و هاوەڵەكانی لە ڕووباری ئاراس بكەین و كۆچكردنیان بۆ سۆڤیەتی پێشوو باس بكەین و بزانین چەندین وانەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم تێیدا دەدۆزینەوە. هەڵبژاردنی كۆچكردن و دیاسپۆرا وەكو نیشانەی خۆڕاگری و خەباتی بەردەوام و مانەوە بووە.

زۆربەی زۆری كۆچی كوردستانیان بۆ دەرەوەی خاكی خۆیان بە ویستی خۆیان نەبووە، بەڵكو بە زۆرەملێ بووە. هەر ئەم كۆچە بووەتە سەرچاوەی دەركردنی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردستانی لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە ساڵی ١٨٩٨ و پەخشكردنی یەكەم ڕادیۆی كوردی لە یەریڤان لە ساڵانی سییەكانی سەدەی پێشووەوە.

ئەم نموونانەی سەرەوە تەنیا ڕووداوی مێژووی ئاسایی نەبوون دەربارەی كۆچكردن، بەڵكو ڕێگایەك بوون لە ڕێگاكانی ناسیۆنالیزم و دەروازەیەكی مێژوویی بۆ كوردایەتی.

 

خاڵی دووەمم بریتییە لە چۆنیەتی بەردەوامبوونی ناسیۆنالیزم لە دیاسپۆرا

كاتێك باس لە ناسیۆنالیزم دەكەین، بە گشتی بیر لە خاك، سنوور، دەوڵەت و دانیشتووان و زمان دەكەینەوە. نەتەوە بە شێوەیەكی سرووشتی بە شوێنێكی جوگرافییەوە پەیوەست دەبێت. بەڵام كۆچ پرسیارێكی جیاوازمان بۆ دروست دەكات: كاتێك ئەندامانی نەتەوەیەك لە دەرەوەی خاكی خۆیان دەژین، ناسیۆنالیزم چی بەسەردێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بە تایبەتی لە ژینگەی دیاسپۆرانشین جۆرە تایبەتمەندییەكی هەیە. كۆچ دیاردەیەكی جیهانییە، بەڵام كۆچكردنی كوردستانیان پرسێكی تەواو جیاوازە لە كۆچی میللەتەكانی دیكە.

لە سەدەی ڕابردووەوە، ژمارەی كوردستانیان لە وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكا ڕووی لە هەڵكشان بووە. ئێستا ژمارەی كوردستانیانی دیاسپۆرا لە چەندین ملیۆن كەس تێپەڕی كردووە. بابەتەكە سنووردار نییە بە ژمارەیەكی دیاریكراو لە خەڵك بەڵكو پەیوەندیدارە بە چەندین ملیۆن.

لە ماوەی كاركردنمان لە پرسی دیاسپۆرا ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە پرسی ناسیۆنالیزم و كوردایەتی لە هەست و ناخی كوردستانیانی دەرەوەی وڵات بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە كوردستانیان وڵاتی خۆیان بە جێ هێشتووە، یان نەوەی دووەم و سێیەمیان هەیە كە هەندێكیان تەنانەت كوردستانیشیان نەدیوە.

 

خاڵی سێیەم دەربارەی دروستبوونی بەشی پێنجەمی كوردستانە لە دیاسپۆرا

دیاسپۆرا واتا كۆمەڵێكە كە ئەندامەكانی لە شوێنە جوگرافییە جیاوازەكاندا بڵاو بوونەتەوە. كوردستانیان لە چەندین دەوڵەتدا دەژین، خاوەنی ڕەگەزنامەی جیاوازن، كەچی لە هەمان كاتدا بۆمان دەركەوتووە كە دەتوانن یادەوەرییەك، زمانێك، كولتوورێك، مێژوویەك و هەستێكی نەتەوەیی و پەیوەندییەكی هاوبەشیان هەبێت.

كەواتە دووریی كوردستانیان لە زێدی خۆیان وای نەكردووە نەتەوە بسڕێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، بەشێكی دیكەی كوردستان دروست بووە.

كوردستانیانی بەشی پێنجەمی كوردستان جیاوازن لە هەر چوار پارچەكەی دیكە، ئەمانە لە وڵاتێك دەژین تا ڕادەیەكی زۆر كێشەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادییەكانیان نییە و مافەكانیان بە گشتی پارێزراوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە تا چەند هەستی كوردایەتی و كوردستانی بوون لایان پارێزراوە و دواتر چۆن دەیگوازنەوە بۆ نەوەكانی داهاتوو.

 

خاڵی چوارەم: ئەركی ئێمە لە دیاسپۆرا، زیندووڕاگرتنی هەستی نەتەوەییە

ئەوەی تایبەت بێت بە ئەركی ئێمە لە خاڵی چوارەم باسی دەكەم: ئەركی ئێمە لە دیاسپۆرا، زیندووڕاگرتنی هەستی نەتەوەییە. لەم بڕگەیەدا دەمانەوێت بە كورتی باس لە ئەرك و چالاكیی ئێمە بكەین لە دیاسپۆرا:

وەكو باسمان كرد، كاركردن لە ژینگەی دیاسپۆرا كارێكی ئاسان نییە بە تایبەتی لە ژینگەیەكی پەرتەوازە لە هەموو جیهاندا. هەروەها كوردستانیش وەكو هەموومان دەزانین دابەش كراوە و درزی نێوان پارچەكانی كوردستان وا دەگاتە سەدان ساڵ. سەرەڕای ئەم ڕێگرییانە، ئێمە بەردەوام بووین لە كاركردنمان.

پێش هەموو شتێك پێویستە بگوترێت، ئێمە لەژێر ڕێنمایی و سەركردایەتی (جەنابی سەرۆك بارزانی) دەستمان پێكرد، و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوە بووە كوردایەتی بكەین. بە واتایەكی دیكە ئێمە دەمانەوێت ناسیۆنالیزمێكی ئەرێنی و ئاشتیخوازانە پیشان بدەین، دوور لە ململانێی حزبی و دوور لە دژایەتیكردنی یەكتری.

ئێمە ڕێبازێكمان هەڵبژاردووە لەسەر پاراستنی ناسنامە و زمان بنیاد نراوە. هەر كارێكمان ئەنجام دابێت لەسەر بناغەی كاركردنی هاوبەش و نزیككردنەوەی هەموو پارچەكانی كوردستان و نزیككردنەوەی هەموو جیاوازییەكانی ناوخۆی نیشتمان بووە.

شێوازی كاركردنمان بە پلان و مۆدێرن بووە. ڕەچاوی هەموو جیاوازییەكانی ئەو وڵاتانەمان كردووە كە كوردستانیانی دیاسپۆرای تێدا دەژین. هەروەها ڕەچاوی هەموو جیاوازییە ئایینی و زاراوەیی و كۆمەڵایەتیی ناوخۆیی خۆمان كردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە چالاكییەكانمان ئەنجام بدەین.

كاتێك ئاهەنگی نەورۆز لە شارێكی ئەڵمانیا ئەنجام دەدەین، سەدان هەزار كوردستانی بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە كۆدەبنەوە، زۆربەشیان لە دوورەوە دێن. ئەمە واتای چییە؟ ئەمە واتای پەرتەوازەبوونە؟ بێگومان نەخێر، ئەمە واتای فراوانبوون و بەهێزبوونی نەتەوەی كوردە.

ئەوەی بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوەیە كە ئاڵا و زمان ببێت بە سیمبول، جەژنی نەورۆز ببێت بە ئاهەنگی ناسنامەیی و نەتەوەیی. بەم جۆرە هەستی نەتەوەیی بەهێز دەبێت لە لای تاكی كورد لە دیاسپۆرا.

بینیمان هەر ئەم سەدان هەزار كوردستانییانە لە پایتەختەكانی جیهان پشتگیرییان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكرد و ئاڵای كوردستانیان لە هەموو گەورە شارەكانی دنیا بەرز كردەوە. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی كاركردنمان، دەیان و سەدان چالاكیی دیكەمان هەبوو كە گشتیان لە پێناوی بەرز ڕاگرتنی هەستی (كوردستانیبوون) بووە لە نێو ڕەوەندی كوردستانی.

پێویستە لە كۆتایی ئەم خاڵەدا ئەوەش دووپات بكەمەوە، گشت ئەم كار و چالاكییانە بە پاڵپشتی و پشتیوانی (جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی) ئەنجام دراون. ئەو كاریزما و مێژووە پڕ سەروەرییەی جەنابیانە كە هەزاران كەسی لە دەوری ئەم پڕۆژەیە كۆكردووەتەوە.

 

خاڵی پێنجەم: دروستكردنی پرد لە نێوان نیشتمان و دیاسپۆرا

لە خاڵی پێنجەم دێمە سەر ئەركێكی دیكەمان كە بریتییە لە دروستكردنی پرد لە نێوان نیشتمان و دیاسپۆرا.

هەر كە دەستمان بە كارەكانمان كرد لە ئۆفیسی دیاسپۆرا، یەكسەر هەستمان پێكرد، ئەركی یەكەمی ئێمە دەبێت پردێك دروست بكەین لە نێوان كوردستانیانی دیاسپۆرا و نیشتمان. بەتایبەتی لەگەڵ ئەو بەشەی كوردستان كە ئازادە و حكومەتێكی كوردستانی بەڕێوەی دەبات.

بەخۆشحاڵییەوە بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك هاوكارمان بووە. بەڕێزیان پاڵپشتیی چەندین چالاكی و پڕۆژەی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی و كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی ڕەوەندی كوردستانی بووە.

زمان پایەیەكی سەرەكییە لە پڕۆژەی نەتەوەسازی. كاتێك هاوڵاتییەك خاكی خۆی بەجێدەهێڵێت، بەشێك لە مێژووی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەبات. كەسێك كە سی ساڵ لە دەرەوە ژیاوە، دەتوانێت هێشتا خۆی بە ئەندامی كۆمەڵەیەكی نەتەوەیی بزانێت. منداڵەكانی ئەویش دەتوانن هەمان هەستیان هەبێت، بەڵام بەشێكی زۆریان بێبەش بوون لە فێربوونی زمانی شیرینی كوردی.

نەوەی یەكەم بە گشتی كوردستانی خۆی دەناسێت. لەوێ لەدایك بووە، لەوێ ژیاوە و یادەوەریی كەسیی هەیە. بەڵام چۆن مامەڵە لەگەڵ نەوەی دووەم و سێیەم بكرێت؟ منداڵێك كە لە لەندەن، بەرلین، تۆرۆنتۆ، یان واشنتن لەدایك بووە، ڕەگەزنامەی وڵاتی لەدایكبوونی هەیە، بە زمانی ئەو وڵاتە قسە دەكات و تەواوی ژیانی خۆی لەوێ بنیاد دەنێت. ئەی چۆن پەیوەندییەكەی بە ناسنامەی نەتەوەیی دایك و باوك، یان باپیر و داپیرەكانی بپارێزرێت؟

لێرەدا دیاسپۆرا ئەركێكی گرنگ دەبینێت. بۆ ئەم مەبەستە، بە پاڵپشتی بەڕێز (مەسرور بارزانی) یاداشتی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژوو كردووە. فێربوونی زمانی كوردی بە شێوەی ئۆنڵاین لە هەموو ماڵێكی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات بەردەستە.

و بە هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێكی خۆمان خستووەتە كار بۆ ئەوەی قوتابخانە و پۆلەكانی زمانی كوردی لە دیاسپۆرا فراوان بن، ئێستا نزیكەی (٤٠) چل پۆل و قوتابخانەی كوردستانی هەیە، دەمانەوێت لە داهاتوودا بگات بە سەدان قوتابخانە و پۆل لە هەموو جیهان.

كەواتە شێوازی كاركردنمان بە دوو ئاراستەیە، پردێك لە نێوان نیشتمان و ڕەوەندی كوردستانی دروست بكەین. هەروەها پردێكی نەتەوەیی لە نێوان نەوەی یەكەمی دیاسپۆرا و نەوەكانی داهاتوو دروست بكەین.

مەبەست لەوە نییە كە گەنجەكان ناچار بكرێن لە نێوان دوو ناسنامە یەكێكیان هەڵبژێرن. مرۆڤ دەتوانێت بە تەواوی خۆی لەگەڵ كۆمەڵگەیەك بگونجێنێت و لە هەمان كاتدا پەیوەندییەكی قووڵی بە مێژوو و كولتووری دایك و باوكی هەبێت. دەتوانێت هاووڵاتیی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریكا، یان كەنەدا بێت، لە هەمان كاتدا ناسنامەی كولتووری، یان نەتەوەیی كوردستانییەكەی بپارێزێت. لەوێدا ناسنامە دەبێتە فرە ڕەهەند. ئەم فرە ڕەهەندییەش دژی یەك نییە، بە پێچەوانەوە، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی.

ئاراستەیەكی دیكەی كاركردنمان ئەوەیە، سوود لە تواناكانی كەسانی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون و سەرمایەدار وەربگیرێت لە هەرێمی كوردستان، و بتوانن خزمەتی كەرتە جیاوازەكانی هەرێمە ئازادەكەمان بكەن. كوردستانیانی دیاسپۆرا سەرچاوەیەكی مەعنەوی و زانستی گەورەن و پێویستە بە هەموو شێوەیەك لە ناوخۆی كوردستان كاریان لەگەڵ بكرێت بۆ پێشخستنی كەرتە جیاوازەكانی حوكمداری كوردستانی.

 

خاڵی شەشەم و كۆتایی بریتییە لە لۆبیكردن وەكو ئامرازێكی كاریگەر بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان

لە كۆتاییدا، بە زەرووری دەزانم جەخت لەو خاڵە بكەمەوە، ئێمە لە دیاسپۆرا، بە سەدان هەزار كەسمان هەیە، ڕاستە بە فیزیكی دوورن لە نیشتمان، بەڵام بە هەست و سۆزی كوردایەتی زۆر نزیكن و ئامادەن و بەردەوامن لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو مافەكانی گەلی كوردستان.

ئەم ژمارە زۆرە، هێزی نەرمی كوردستانن. ئەمانە ئاوارەبوونیان گۆڕیوە بۆ هەستی كوردایەتی. دووری لە وڵاتیان كردووە بە خۆشەویستی بۆ نیشتمان. لە نێوان ئەو دڵسۆزانە بۆ نیشتمان، هەوڵمان داوە تۆڕێكی كاركردن و خەباتكردنی نەتەوەیی و ئاشتیخوازیی بەردەوام هەبێت.

ئەم تۆڕە جیهانییە لە سەدان كۆمەڵە و ڕێكخراو و فیدراسیۆن پێكهاتووە، لە سەر بنەمای ناسنامەی كوردستانی و بەرز ڕاگرتنی ئاڵای كوردستان و هەستی نەتەوەیی دامەزراوە. هەوڵەكانی ئێمە ئەوەیە دیاسپۆرایەكی ڕێكخراو دابمەزرێت و بتوانێت بەرژەوەندی نەتەوەكەی بپارێزێت و پێشێلكارییەكان كە بەرانبەر كوردستانیان دەكرێت، بگەیەنێت بە دامەزراوەكانی وڵاتەكانی خۆیان و ڕێكخراوە جیهانییەكان. دیاسپۆرایەك بتوانێت لەگەڵ پەرلەمانتاران كۆببێتەوە، كۆنفڕانس ڕێكبخات، توێژینەوە ئامادە بكات، پەیوەندی بە میدیاوە بكات، زانایان كۆبكاتەوە، یان بەشداری لە گفتوگۆی گشتی بكات.

هێزی ڕاستەقینەی دیاسپۆرا لەو كاتەدا دەردەكەوێت كە ئەم تۆڕانە بگۆڕێن بۆ كردار. كردار واتە بە لۆبیكردن لە نێو سەرچاوەكانی دەسەڵات و بڕیاردان لە وڵاتانی جیهان.

لە كۆتاییدا لە ئامانجەكەمان نزیك دەبینەوە و دیاسپۆرا دەكەین بە سەرچاوەیەكی هێز بۆ نەتەوە.

بژی كورد، بژی كوردستان

زۆر سوپاس بۆ گوێگرتن و ئامادەبوونتان.

 

Top