فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: ناسیۆنالیزمی نیشتمانی هەوڵ دەدات كۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە چوارچێوەی قەوارەیەكی سیاسیی یەكگرتوودا كۆ بكاتەوە

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     ناسیۆنالیزمی نیشتمانی هەوڵ دەدات كۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە چوارچێوەی قەوارەیەكی سیاسیی یەكگرتوودا كۆ بكاتەوە

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە دید وتێڕوانیەكانی خۆی خستەڕوو:

ناسیۆنالیزم و جوگرافیای نیشتمان، وەك دووانەیەكی لێكدانەبڕاو، مێژوویەكی هاوبەشیان لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمكی «دەوڵەت-نەتەوە»دا هەیە. لە زانستە سیاسییەكاندا، جەوهەری ناسیۆنالیزم لە پاراستنی ناسنامە و كەرامەتی گشت ئەو نەتەوە و ئایینە جیاوازانەدا كورت دەبێتەوە كە لە نێو یەك جوگرافیای سیاسیدا پێكەوە دەژین. ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، بە كردەیی لە هەڵوێستی ڕابەری نەتەوەیی، مستەفا بارزانی، بەرانبەر دەستووری ساڵی ١٩٥٨ ڕەنگی دایەوە، ئەو كاتەی عێراق وەك نیشتمانی هاوبەشی «كورد و عەرەب» پێناسە كرا.

خۆ ئەگەر ئەو دەستوورە وەك خۆی جێبەجێ بكرایە، گەلی كوردستان ئامادە بوو بە ئیرادەیەكی ئازادانە و لە ڕێگەی خزمەتی سەربازییەوە پارێزگاری لە خاك بكات، ئەم ئینتیما خۆبەخشانەیە دەبووە كۆڵەگەی یەكەمی ناسیۆنالیزمی نیشتمانی و هێمایەك بۆ قوربانیدان لە پێناو نیشتماندا، كە گڵكۆی سەربازی ون گەورەترین هێمایەتی. بەم پێیە، ناسیۆنالیزم لێرەدا لەبری پەراوێزخستن، دەبێتە چەتری پاراستنی كەرامەتی گشت پێكهاتەكان لە چوارچێوەی نیشتمانێكی گشتگیردا كە تێیدا سەروەریی یاسا و یەكسانی دەبنە بنەمای ژیانی هاوبەش.

دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی ١٩٩١ی گەلی كوردستان و دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ چەسپاندنی «نەوای ئارام»، بەرەی كوردستانی یەكەمین هەنگاوی سیاسیی خۆی لە دەستپێكردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا دەستپێكردەوە. ئامانج لەم هەوڵە سیاسییانە، دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری دەوڵەتی عێراق بوو لەسەر بنەمای «نا ناوەندێتی» و كاراكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، تا تاكی كورد وەك هاووڵاتییەكی خاوەن ماف لەم وڵاتەدا، هەست بە ئینتیمایەكی ڕاستەقینەی نیشتمانی بكات، بەڵام ڕژێمی ئەوكاتی عێراق بە كشانەوەی لەناكاوی دامودەزگا كارگێڕییەكان لە هەرێمی كوردستان، هەوڵە ئاشتیخوازەكانی بەرەی كوردستانی بێ وەڵام هێشتەوە و بۆشاییەكی سیاسی و ئیداریی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرد.

لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە تەحەددییەدا، سەرۆك بارزانی وەك ڕێبەرێكی كاریزمای سیاسی لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا، پێداگریی لەسەر گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و سندووقەكانی دەنگدان كرد، ئەم دەسپێشخەرییە مێژووییە بووە هەوێنی سەرەكی بۆ دامەزراندنی یەكەمین پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مێژووی هاوچەرخی كورددا. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا كۆتایی ٢٠٠٢، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە گفتوگۆیەكی بەردەوام و چڕدا بوو لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ بنیادنانەوەی دەوڵەتێكی نوێی «فیدڕاڵ، دیموكراتی، پەرلەمانی و فرەیی».

ئەم دیدگا سیاسییە لە كۆنگرەی ساڵی ٢٠٠٢ی ئۆپۆزسیۆن لە لەندەن ڕێككەوتنی لەسەر كرا و دواتریش بووە بنەمای سەرەكیی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا، وەلێ بە هۆی پشتگوێخستنی بەئەنقەستی بەندەكانی دەستوور و جێبەجێنەكردنی مافە بنەڕەتییەكان لەلایەن بەغداوە، ناسیۆنالیزمی كوردستانی لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧دا بژاردەی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەڵبژارد، ئێستاش لەبەر ئەوەی پەیكەری دەوڵەتی عێراق نەبووەتە فیدڕاڵیزمێكی ڕاستەقینە كە لەسەر سێكوچكەی «هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان» بوەستێت، جۆرێك لە دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیریی سیاسیی قووڵ باڵی بەسەر تەواوی پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا كێشاوە. ئەم دۆخە نەك هەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای ئاڵۆز كردووە، بەڵكو مەترسییەكی جددی و ستراتیژیی لەسەر ئایندەی سیاسی و پێكەوەژیان لە تەواوی وڵاتەكەدا دروست كردووە، كە پێویستی بە گەڕانەوە بۆ بنەما دەستوورییەكان هەیە، تاوەكو مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراو بێت و سەقامگیری بگەڕێتەوە، هەروەها دەبێت ئەوەش بزانرێت كە مێژوو نیشانمان دەدات، بە بێ دادپەروەری، ئاشتی ناچەسپێت.

بە پێچەوانەی مێژووی سەد و بیست و پێنج ساڵەی دەوڵەتی عێراق، كە نیشتمانی بۆ پێكهاتە ڕەسەنەكان گۆڕیبوو بۆ دۆزەخێكی سیاسی، هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە ستراتیژێكی جیاوازی گرتەبەر، ئەم ئەزموونی حوكمڕانییە لەسەر بنەمای «ناسیۆنالیزمی نیشتمانی» هەوڵی دا كۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە چوارچێوەی قەوارەیەكی سیاسیی یەكگرتوودا كۆبكاتەوە. بۆ پاراستنی پێكهاتەكان لە هەژموونخوازیی زۆرینە، هەر لە یەكەم خولی پەرلەمانەوە سیستمی «كۆتا» بۆ نەتەوەكانی كلد و ئاشوور و سریان جێگیر كرا و دواتر توركمان و ئەرمەنیشی گرتەوە، تا شكۆیان لە پانتایی دەسەڵاتدا بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

ئەندرێاس ڤایمەر، بیرمەندی سویسڕی-ئەڵمانی، لە پەرتووكی «شەپۆلەكانی شەڕ»دا بە وردی هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەكات كە ناسیۆنالیزم كاتێك دەبێتە هۆكاری خولقاندنی جەنگ، كە لە پرۆسەی دەوڵەتسازیدا نەتەوەی سەردەست ئەوانی دیكە پەراوێز بخات، بەڵام كاتێك ناسیۆنالیزم دەبێتە چەترێكی نیشتمانیی گشتگیر، مۆدێلێكی وەك «سویسڕا» بەرهەم دەهێنێت كە تێیدا هەموو نەتەوەكان دەوڵەت بە نیشتمانی هاوبەشی خۆیان دەزانن. كوردستان لەم ڕووەوە نموونەیەكی درەوشاوەی پێكەوەژیانە، هەر بۆیە مەتران بەشار وردە بە ڕاشكاوی پێی گوتین: «ئێمە وەك كەنیسە تێكەڵی سیاسەت نابین، بەڵام ئەگەر پیلان دژی سەرۆك بارزانی سەربگرێت، كوردستان جێدەهێڵین، چونكە بەبێ ئەو ناتوانین بە دڵنیاییەوە لەم نیشتمانەدا بژین.»

ئەم تێڕوانینە قووڵەی سەرۆك بارزانی بۆ ناسیۆنالیزمی نیشتمانی، لەسەر ئەو لۆژیكە بونیاد نراوە كە پێش ئەوەی كورد هەست بە ئارامی بكات، دەبێت نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی دیكەی ئەم نیشتمانە لە ماف و كەرامەتی خۆیان دڵنیا بن. ئەم ستراتیژە وای كردووە كوردستان تەنیا نیشتمانی كورد نەبێت، بەڵكو ببێتە پەناگەیەكی پارێزراو بۆ هەموو ئەو ناسنامانەی كە لە ناوچەكەدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی سڕینەوە بوونەتەوە، ئەمەش گەورەترین شانازیی سیاسیی ئەم ئەزموونەیە.

 

Top