د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان . . . دیاسپۆرا و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ دەوڵەت ڕایەڵەی پێكەوە گرێدانەوەی هەر چوار پارچەی كوردستان

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و  ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان . . . دیاسپۆرا و ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ دەوڵەت  ڕایەڵەی پێكەوە گرێدانەوەی هەر چوار پارچەی كوردستان

 

 

كاتێك كۆنووسی چل و پێنجەمین كۆبوونەوەی بازنەی گفتوگۆم تاوتوێ كرد، لەنێو كۆی پێشنیارەكاندا، ناونیشانی «ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم» وەك مژارێكی ستراتیژی سەرنجی ڕاكێشام. هەڵبژاردنی ئەم تەوەرە گرنگە، هاوكات بوو لەگەڵ هەماهەنگیی نێوان بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئینستیتیوتی كوردی لۆزان بۆ سازدانی كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی «گەڕان بەدوای سەربەخۆیی كوردستان و ئاشتی لە ناوچەكەدا» كە لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسڕا بەڕێوە چوو. لە لایەكی دیكەشەوە، ئەم هەنگاوە لەگەڵ پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی «فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی» یەكی دەگرتەوە كە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی وەك ڕایەڵەیەكی نەتەوەیی بونیاد نراوە. هەر بۆیە وێڕای بایەخی فیكری و سیاسیی بابەتەكە، دەستخۆشی لە ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ دەكەم بۆ ئەم تێڕوانینە ورد و كات گونجاوەیان كە بە ئامانجی قووڵكردنەوەی هۆشیاری و خزمەتكردن بە گوتاری نەتەوەیی گوزارشتی لێ دەكرێت.

«بازنەی گفتوگۆ» لە چوارچێوەی میتۆدی پیشەیی كاركردنیدا، هەر وەرزێكی شەش مانگەی چالاكییەكانی لەژێر ناونیشانێكی «نەتەوەیی، نیشتمانی و خواست و داواكارییەكانی خەڵكدا» چڕ دەكاتەوە. بۆ وەرزی هەشتەمی كارەكانیان، بەرنامەیەكی تۆكمەیان داڕشتووە تا گفتوگۆیەكی ڕاشكاو و قووڵ لەسەر پرسی «ناسیۆنالیزمی نەتەوەی بێ‌دەوڵەت- Stateless Nationalism « بەڕێوە ببەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە چوارچێوەی تیۆرییەكانی ناسیۆنالیزم لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، ئەم چەمكە زیاتر بۆ ئەو جوگرافیا بچووكانە بەكاردێت كە بە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دوای جەنگە گەورەكان بە وڵاتانی دیكەوە لكێنراون، نەك بۆ نەتەوەیەكی وەك كورد كە ژمارەی لە پەنجا ملیۆن كەس تێدەپەڕێت و هێشتا لە مافی دەوڵەتی سەربەخۆ بێبەشە. لێ میتۆدی بازنەی گفتوگۆ لەم وەرزەدا هەوڵ دەدات ئەم چەمكە بە شێوازێكی جیاواز و لەبەر ڕۆشنایی دیدوبۆچوونی كوردستانیانی هەر چوار پارچە و دیاسپۆرای كوردی، بە جۆرێك دابڕێژێتەوە كە لەگەڵ سرووشتی تایبەتی كوردستان وەك نیشتمان و كورد وەك گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت بگونجێت و مۆدێلێكی نوێی تێگەیشتن بۆ ناسنامەی نەتەوەیی بخاتە ڕوو، تاوەكو گوزارشت بێت لە واقیعی سیاسی و مێژوویی ئەم گەلە كە هێشتا لە گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووس و سەروەریی سیاسی و ئیرادەی نەتەوەیی خۆی بێبەشە و ئێستا پێویستی بە تێڕامانێكە.

بۆ گفتوگۆی ئەمجارە، «ڕۆڵی دیاسپۆرای كورد لە دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم»، بەڕێز شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی، بە هۆی هاوكاتبوونی لەگەڵ پێنجەمین ساڵیادی فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان و ڕاستەوخۆ لەگەڵمان ئامادە بێت، بەڵام لە ڕێگەی پەیامێكی نووسراوی تایبەتەوە كە لە گفتوگۆكەدا خوێنرایەوە، بەشدارییەكی گرنگی لەگەڵ كردین. لە پەیامەكەیدا زۆر ڕاشكاوانە ئاماژەی بەوە دا، كە ژمارەی دیاسپۆرای كوردستان لە هەندەران چەندین ملیۆن كەسن، ئەمەش ڕێژەیەكە كە لە ژمارەی دانیشتووانی زۆرێك لەو دەوڵەتە بچووكانە زیاترە كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان خاوەن ئاڵای سەربەخۆن. هەر بۆیە جەختی كردەوە كە دیاسپۆرای كوردستان لە ئێستادا وەك «پارچەی پێنجەمی كوردستان» خۆی مانیفێست كردووە، پارچەیەكی زیندوو كە توانیویەتی هەموو خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە چوارچێوەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی یەكگرتوودا پێكەوە گرێ بداتەوە و گوتارێكی سیاسی و نیشتمانیی هاوبەش لە فەزایەكی نوێدا بۆ بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان دابڕێژێتەوە.

تەوەرێكی دیكەی جەختلێكراوە لەم گفتوگۆیەدا، پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ڕەوەندی كوردی لە پێناو پاراستنی زمان و كولتووری كوردی، ئەمەش لە ڕێگەی پڕۆژەی «خوێندنی دەرەوەی وڵات»ـەوە بەرجەستە دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی پەروەردە سەرجەم كتێبەكانی پڕۆگرامی خوێندنی بە زاراوە جیاوازەكان ئامادە كردووە و چەندین مامۆستای شارەزای بۆ وانەگوتنەوەی ئۆنڵاین تەرخان كردووە. ئامانجی سەرەكیی ئەم دەستپێشخەرییە نەتەوەییە، ئاشناكردن و پەروەردەكردنی نەوەكانی دووەم و سێیەمی دیاسپۆرایە بە شوناسی كوردی، تاوەكو ڕیشە كولتوورییەكانیان لە وڵاتانی نامۆدا بە گەشاوەیی و زیندوویی بمێننەوە و پەیوەندییان بە نیشتمانەوە نەپچڕێت.

مەترسیی دیپۆرتكردنەوە، یەكێكە لە ئاستەنگە هەرە گەورەكانی ئێستای بەردەم ڕەوەندی كوردستانی لە تاراوگە. لە بەرانبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەڵوێستێكی نیشتمانیی پتەو، ڕێگریی لە گەڕاندنەوەی زۆرەملێ كردووە و فڕۆكەخانەكانی بەڕووی ئەو پڕۆسەیەدا داخستووە. ئێستا هەولێر لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ وڵاتان، كار دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و واقیعی لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنی هاوبەش. ئەم هەوڵانە بۆ پاراستنی شكۆی نەتەوەیی و مافی یاسایی هاووڵاتیانی كوردستانییە، تاوەكو ڕێگری لە هەر هەنگاوێكی نایاسایی بەرانبەر بە پەنابەرانی كوردستانی بكرێت لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە.

لە كۆتاییدا دەخوازم هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەم كە پرسی دیاسپۆرای كوردستان لەم ساڵانەدا وەرچەرخانێكی بنیادیی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی فیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی دامەزرا. ئەم فیدراسیۆنە كە تەمەنی تەنیا پێنج ساڵە، بەڵام بووەتە چەترێكی نەتەوەیی بۆ كۆكردنەوەی هەستی نیشتمانیی كوردستانیانی هەر چوار پارچە. هەروەها ئەم ناوەندە توانیویەتی هونەر، مۆسیقا و ئەدەبیاتی نووسەران و هونەرمەندانی تەواوی كوردستان لە هەندەران پێكەوە گرێ بداتەوە و ببێتە پێگەیەكی بەهێز بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییمان بە شێوەیەكی كاریگەر و سەردەمیانە لە ئاستی تەواوی وڵاتانی جیهاندا.

Top