مامۆستا مەلا ڕەشید شەریف پێنجوێنی ئەندامی لێژنەی فەتوای سلێمانی بۆ گوڵان: مەلای كورد ئاوڕی لە سنوورە دەستكردەكان نەداوەتەوە، هەر چوارپارچەی كوردستان لای ئەوان یەك ماڵ بووە
مامۆستا مەلا ڕەشید شەریف پێنجوێنی، ئەندامی لێژنەی فەتوای سلێمانی، كەسایەتییەكی دیاری كوردستانە و خزمەتێكی بەرچاوی كردووە لە بڵاوكردنەوەی زانستە شەرعییەكان و وانەوتنەوە و پێگەیاندنی فەقێ و مەلای كورد. مامۆستا تەمەنی خۆی لە پێناو بڵاوكردنەوەی پەیامی دینداری و نیشتمانپەروەری بەسەر بردووە، هاوكات ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە دەركردن و پەرەپێدانی فەتوا و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و توندوتیژیی كە لێرەو لەوێ بەناوی ئایینەوە ئەنجام دەدرێن. گۆڤاری گوڵان لە چوارچێوەی بەسەركردنەوەی زانا و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕۆڵیان لە شۆڕش و پێگەیاندنی كەسانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، ئەم دیدارەی لەگەڵ ساز كرد.
• خۆشەویستیی خەڵك بۆ مەلای كورد مێژوویەكی دێرینی هەیە و ئایینی ئیسلامیش بۆ خێر و خۆشەویستیی بەشەرییەت هاتووەتە خوارەوە. ئایا تاچەند مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا پابەندی ئەم پەیامە بوون؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینێكی كامڵ و تەواوە، هەموو لایەنەكانی ژیانی بە هەند وەرگرتووە و بۆشاییەكی نەهێشتووەتەوە تاكو ببێتە گرفت بۆ تاك و كۆمەڵگە، تەنانەت ئەم ئایینە هیچ تەحریف و دەستتێوەردانێكی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئایینی قبووڵكراوە لای پەروەردگار «إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ»، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا»..
كەواتە ئەبێ مرۆڤ لەم ئایینە كامڵەدا چ پێگەیەكی گرنگ و بەرزی هەبێت و چ ماف و ئەركێكی بۆ دیاری كرابێت؟ بە دڵنیاییەوە مرۆڤ بەڕێزترین دروستكراوی پەروەردگارە، وەكوخۆی دەفەرموێت: «وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ»، لەهەمان كاتدا خوای كار بەجێ، كردوویەتە جێنشینی خۆی: «وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الأَرْضِ خَلِيفَةً». كەواتە ئەم مرۆڤە ڕێزلێگیراو و جێنشینەی پەروەردگار، بۆ بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە سەرجەم مرۆڤایەتی ئەركێكی گرنگی لەسەرشانە. پاراستنی مافەكانی خەڵك بێ جیاوازی بەشێكە لە پەرستن و پاداشتێكی گەورەی لای پەروەردگار دەبێت. تاكی موسڵمان بە شوێنپێ هەڵگرتنی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت)، لەمانا و ئەركی خزمەتكردنی كۆمەڵگە و پاراستنی مافەكانی خەڵكی تێدەگات، چونكە پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) كاتێك كۆچی كرد بۆ مەدینە دەستووری نووسی، ئەو دەستوورەی بەشی زۆری خاڵەكانی لە جیاوازی نەكردن و پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم دانیشتووانی مەدینە بوو. لەكاتێكدا جوولەكە و بێ بڕوا و دووڕووی تێدابوو. ئەم هەنگاوەی حەزرەتی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) پەروەردەی ئوممەتەكەیەتی لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە بە هەرشێوەیەك دەست بدات، چ لەڕووی ئاوەدانكردنەوە، پەروەردە، پێگەیاندن، تەندروستی و...تادوایی، تا ناشتنی نەمامێك لە كاتێكدا كە دڵنیا بیت، دونیا لە كۆتاییدایە، ئەو نەمامە بڕوێنیت و سارد نەبیتەوە لە خزمەت.
• ئایا هەستی نیشتمانپەروەری و خزمەتكردن بە نەتەوە لای مامۆستایانی ئایینی لە كوردستاندا پێویستییەكی مێژوویی بووە، یان لە ئایینەكەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- لە ئەركی پیرۆزی زانایانی ئایینی جگە لە خزمەت و ڕێنیشاندانی خەڵكی بۆ چاكە و بەرپاكردنی ئاشتی، هیچی دیكە نابینرێتەوە. مێژووی سەدان ساڵەی زانایانی كوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە كە زانایان چ هەوێنێكی مەزنی خزمەتكردن بوون بە خاك و خەڵكی كوردستان و جیهان. زانایانی كورد جگە لەوەی كە خۆیان داینەمۆی شۆڕش و بەرخۆدان بوون، توانییان چەك و پێنوس، میحراب و سەنگەر، وتار و فیشەك بكەنە دووانەیەكی لێكدانەبڕاو. من بۆ خۆم لە شۆڕشی ئەیلوول لە گوندێك دەمخوێند و فەقێ بووم. كادرێكی پارتی هاتە گوندەكە و خەڵكی كۆكردەوە، وتەكانی زۆر كاریگەر بوون و وتی: تۆ ئەگەر ناتوانی ببیتە پێشمەرگە ئەتوانی بە پارە هاوكاریی شۆڕش بكەیت. دەتوانین بە پارەی تۆ فیشەك بۆ پێشمەرگە دابین بكەین، كە خاك و شەرەفمان بپارێزێت. لەو كاتەدا من تەنیا 100 فلسم هەبوو، دام بە كادرەكەی پارتی كە بەڵكو فیشەكێكی پێ بكڕن بۆ پێشمەرگە. كەواتە ڕۆحی بەرگریكردن لە هەڵوێستی زانایان و پەیامەكانیانەوە سەری هەڵداوە. ئەو گیانبازییەی كە دوژمنی كوردی ڕیسوا و نابوود كرد، ئەو وتارە كاریگەرانەی مەلا و زانایانی ئایینی بوون كە لە ڕۆژانی هەینی و بۆنە ئایینی و كۆمەڵایەتیەكاندا ئەیانكردە هەوێنی هوشیاركردنەوەی كۆمەڵانی خەڵك و پاڵپشت بە دەقەكانی قورئان و سوننەت گیانی خۆبەخشین وبەرگری بۆ نیشتمانەكەمان دەكردە واجب.
• چۆن مامۆستای ئایینی توانیویەتی ببێتە ڕێگر لە زوڵم و ئەو ستەمەی دژی نەتەوەی كورد كراوە؟
- قەدەری كورد وابووە، هەمیشە ستەملێكراو بووە، بۆیە ئەمڕۆش لەم ئازادییەیدا تاكە گەلێكە كە لە ئازاری ستەملێكراو تێدەگات. نابێ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ستەمكاری تێدا بێت، چونكە ژین و دین تێكدەچێت و مرۆڤایەتی و ئازادی دەكەونە ژێر پرسیارەوە. كاریگەرترین توێژ كە خەڵكی لە ستەم ئاگاداركردووەتەوە مەلای كورد بووە، چونكە خودی ئیسلام بۆ لە ڕیشە دەرهێنانی ستەم و ستەمكار هاتووە. لەهەر سەردەمێكدا كە ستەمكاران ستەمیان لە كورد كردبێت، لادێكانیان سووتاندبێت، مەڕوماڵاتیان تاڵان كردبێت، مەلای كورد ژیرانە و بوێرانە و دلێرانە ڕاپەڕیون و پشتبەستوو بە ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر ئەوكارانەیان شەرمەزار كردووە.
• دەوترێت حوجرەكان یەكەمین قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و پاراستنی زمانی كوردی بوون، چۆن ڕۆڵ و گرنگیی حوجرەكان هەڵدەسەنگێنیت؟
- حوجرەكانی كوردستان لە مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵەی خۆیاندا سەرچاوەی كۆزانی و مەعریفەی گەلی كورد بوون، سەرجەم زانستە عەقڵی و نەقڵییەكانیان تاوتوێ كردووە، زانستێك نەبووە كە پەییان پێ نەبردبێ و دانراویان تێدا دانەنابێ و ڕاڤە و پەڕاوێزیان لەسەر نەنووسیبێت. ئەگەر مێژووی زانست و زانیاریی گەلی كورد بخوێنینەوە، حوجرەی فەقێ و وانەی زاناكانی گەواهی ئەو ڕاستییەن كە لەم چوار دیوارەوە چ زانكۆ و دانشگەیەكی پڕ لە حیكمەت و مەعریفەیان دامەزراند، تا مەلا گەورەكانی كورد توانیان سنووری وڵاتی خۆیان ببڕن و لە وڵاتانی وەكو میسر و شام و حیجاز و باشووری ئەفریقا لە یەك كاتدا ببنە بانگخواز و وتاربێژو و وانەبێژ و پێشنوێژ و وتارخوێنی هەردوو حەڕەمی پیرۆزی مەككە و مەدینە، سەردەمانێك هەر بۆ خۆیان شێخی قیڕائات و فەرموودە و خاوەن كورسیی مەزهەبی پێشەوا شافیعی بوون، لەم حوجرانەوە وانەی بەرگری لە خاك و نیشتمانپەروەری و گیانفیدایی پێشكەش بە ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە زامدارە كرا، شیعری بەرگری و خۆنەچەماندن لە دەلاقەی حوجرەكانی كوردستانەوە پێشكەشی تاكی كوردی كرا و سەدان لاوی كورد بەو شیعر و سروودانە چەكی بەرگرییان لەشان كرد و نەیانهێشت دوژمن پلانە نەگریسەكانی جێبەجێ بكات. لەم حوجرانەوە دەیان سەركردەی وەكو شێخ عەبدوسەلامی بارزانی و قازی محەممەد و شێخ مەحموودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و مەلامستەفای بارزانی پێشكەش بە گۆڕەپانی كوردایەتی و سەركردایەتیكردنی شۆڕشی گەلی كورد كران، دەیان شاعیری گەورەی وەكو مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و مەولەوی و سالم و كوردی و شاهۆ و ناری و وەفایی و فەنایی و حاجی قادری كۆیی، لە مەیدانی ئەدەبدا داهێنانیان كرد و نەك هەر بە زمانی دایك، بەڵكو بەزمانی بێگانە جوانترین دەقی شیعریان پێشكەش كرد.
• مەلای كورد ڕۆڵی كاریگەریی هەبووە لە ئیمانداری و ئەویندارییان بۆ خودا و ئایینی پیرۆز، بەڵان تا چەند گرنگییان بە ئازار و مەینەتییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان داوە؟
- سرووشتی خوێندن لە نێو زانایانی كورد بەو جۆرەبووە كە ئازادانە خوێندوویانە، واتە لە هەر شوێنێك مەلایەكی زۆر بەتوانا هەبووبێت، ڕۆشتوونەتە خزمەتی و چۆكی شاگردییان داداوە، ئەم گەشتەیان ئاوڕی لە سنوورەكان نەداوەتەوە، بەتایبەتی سنوورە دەستكردەكان و هەرچوار پارچەی كوردستان لای ئەوان یەك پارچە و یەك ماڵ بووە. من بۆ خۆم لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان خوێندوومە، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان جگە لە خوێندنی زانستە شەرعییەكان، تێكەڵ بووین لە ڕێكخستنەكانی پارتی و ئەو ئەڵقەی ڕێكخستنانەمان گەیاندە قوروە و هەمەدان، لەو كاتەش كە جەنابی مەلا مستەفای بارزانی تەشریفی هاتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە گوندی ساوجی سەر بە شارۆچكەی مەریوان، گەرموگوڕییەكی دیكەی بۆ كاری ڕێكخستنەكان و نزیكبوونەوەی بەشێكی بەرچاو لە دانیشتووانی هەردوو پارچەی كوردستان دروست كرد. بارزانی داوای كردبوو زانایەكی گەورەی ناوچەكەی پێ بناسێنن، سەرەنجام زانای گەورە و مامۆستای ئێمە مامۆستا مەلا محەمەد ئەمینی كانیسانانی پێ دەناسێنن، مامۆستاش مۆڵەتی لە ساواك وەرگرت و فەرمووی: چەند كاتژمێرێك ئەمێنمەوە و پاشان دەگەڕێمەوە، ئێمەش حەزمان دەكرد كە بەخزمەتی بگەین، بەڵام مامۆستا ڕێگەی نەدا، خۆشمان دوای ڕاوێژی كەسانی دڵسۆز و ڕێكخستنەكان بۆ ئاشكرانەبوونمان نەڕۆشتین بۆ خزمەتی. مامۆستای ئێمە هەفتەیەك لای جەنابی بارزانی مایەوە، بارزانی پرسیاری لێكردبوو: ئایا پێشمەرگەی ئێمە كە گیان دەبەخشن حوكمیان چییە؟ مامۆستا فەرمووبووی: مادام لەپێناو خاكی كوردستانە شەهیدن، بارزانی فەرمووبووی: بە زمانی كوردی تەفسیرێكی قورئان بنووسە ئەركی لە چاپدانی لەسەر من، بۆ بەندەش دارجگەرەیەك كە بەدەستی خۆی دروستی كردبوو بە مامۆستای دابوو بە دیاری بۆ منی نارد، پارچەكانی دیكەی كوردستانیش هەروابوون، زوربەی هەواڵەكانی شۆڕش و زانست و ئەدەب و هونەر مەلا و فەقێكانی كوردستان دەیانگەیاندن.
لەلایەكی دیكەوە سەدان ساڵە پاراستنی زمان و ئەدەبی كوردی پارێزەر و پاسەوانەكەی مەلای كوردە، شیعر و ئەدەب و ڕۆمان دەرهاویشتەی ڕەنجی مەلای كوردە، ئەگەر شاعیرە گەورەكانی كورد نەبوونایە، ئەگەر هەژار موكریانی و مەسعودی مەلای گەورەی كۆیە و مامۆستا عەبدلكەریمی مودەڕیس و شێخ محەمەدی خاڵ و عەلادین سەجادی و هاووێنەكانیان نەبووایە شتێك بە ناوی زمان و ئەدەبی كوردی نەدەما.
• ئایا ڕۆڵی مەلای كورد لە چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكان و پاراستنی شیرازەی كۆمەڵگە چی بووە؟
- كاری ئاشتەوایی و ئاشتكردنەوە، یەكێك بووە لە كارە لەپێشینەكانی زانایانی ئایینی و ئایەتی پیرۆزی «ان اريد الا الاصلاح مااستطعت» مەشخەڵی كاری پیرۆزیان بووە. لەهەر گوندێك، شارۆچكە و شارێك دوو كەس تا دوو بنەماڵە و دوو هۆزی گەورە بەشەڕ هاتبن، هەر زانایانی ئایینی بوون كە هەوڵی ئاشتكردنەوەیان داون و بە هەوڵەكانیان سەدان شەڕ و ئاژاوەیان كوژاندووەتەوە، چونكە وڵات لە سایەی ئاشتی پێش دەكەوێت و لە شەڕ و ئاژاوە لەناو دەچێت.
• زانایانی ئایینیی كوردستان بەوە بەناوبانگ بوون كە بە فەتوا و وتارەكانیان بەرگریی زۆریان لە ئافرەتی كورد كردووە. ئەم مێژووە گەشەی زانا و مەلای كورد چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بوونی ئافرەت و مانەوەی بە سەربەرزی و دەستەبەركردنی ئازادییەكانی لە سایەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگ بووە و هەوڵی زانایانی ئایینی لە چەسپاندنی مافەكانی ئافرەت زۆر بەرچاو بووە. هەموو ئەو ستەمانەی لە ئافرەت كراوە بە هۆی حەز و ئارەزووی چاوچنۆك و هەلپەرستەكانی مێژوو بووە. زانای كورد لە هەرشوێنێكدا بووبێت، بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانی ئافرەت بووە، لە ڕێگەی وتار و پەیامەكانیەوە، ئەو ڕاستییەی لە دڵی پیاواندا چەسپاندووە كە ئافرەت كۆیلە نییە، خزمەتكاریش نییە، هەروەك خاوەن ئەركە، خاوەن مافیشە، لەیەك كاتدا كچە و لە ماڵی باوكیدایە قەڵغانە بۆ باوك ودایكی دایكە و لە كاتێكدا دایكە و بەهەشت لەژێر پێیدایە، خوشكە و پاڵپشتی برا و هاوكاری خێزانە، مافی خوێندن و ڕۆڵ بینینی لە كۆمەڵگە هەیە، ئافرەت شەریكی ژیانە و نابێ ستەمی لێبكرێ، ئەم پەیامانە بوونە هەوێنی مانەوەی ئافرەت و سەروەری لەناو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.
• چۆن پشتگیریی زانا و مەلای كورد لە دژایەتیكردنی توندڕەویی و بیری توندوتیژی و دژایەتیكردنی تیرۆریستان هەڵدەسەنگێنیت؟
- جوانترین تایبەتمەندییەكانی مەلای كورد میانەڕەوی و هێمنی بووە لە كردار و لە گوفتاردا. بە درێژایی مێژووی زیاتر لە 1400 ساڵەی دینداریی گەلی كورد كە «مەلا» ڕابەر و ڕێنیشاندەری بووە، هەرگیز ڕێگەی نەداوە پەیامی توندڕەوی ڕیشەیەكی هەبێ لە زەوی و خاكی پیرۆزی كوردستاندا، خاكێك كە بە دەقی قورئان پیرۆز بێت، نابێت ببێتە جێگەی توندڕەوی و گرفتی كۆمەڵایەتی، چونكە ئیسلام خۆی ئایینی ئاشتی و هێمنی و لێبوردنە.
• زانای ئایینی و مەلای كورد بیری پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان ئایین و نەتەوەكانیان هەبووە. ئایا ڕۆڵی مینبەری مزگەوتەكان بۆ چەسپاندنی ئەم فەرهەنگە چی بووە؟
- بیری زانا و مەلای كورد هەمیشە بیرێكی فراوان بووە، بڕوای تەواوی بەو ڕاستییە هەبووە كە مرۆڤەكان وەكو یەك بیرناكەنەوە، ئەمەش ویستی خوای لەسەر بووە، «وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً»، گەیاندنی ئایین و قبووڵكردنی لەلایەن بەرانبەرەوە بە زۆر نابێت، (لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ). كەواتە ئەبێ بەرنامەیەك هەبێ بۆ پێكەوەژیان. بە قەناعەتی من تەنیا ئیسلام ئەو سنگفراوانی و ویستەی هەبووە كە لەگەڵ ئایینەكانی دیكەدا بژی و داوا بكات مافیان پێشێل نەكرێت، لەمەدینەشدا پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە دەستووردا مافەكانی چەسپاندن، هەر لەم سۆنگەشەوە زانایانی كورد مامەڵەیان لەگەڵ مەسیحی و جوو و كاكەیی و ئێزدی كردووە. كوردستان لانكەی ئەو پێكەوەژیانەیە و ئایینەكانی دیكە بە ویستی خۆیان كوردستان هەڵدەبژێرن بۆ ژیانكردن، ئەمەش بە هۆی ڕۆڵی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و جەنابی سەرۆك بارزانی و زانایانی ڕەسەنی كوردستانە.
• ئەی ئەركی زانایانی ئایینی بۆ پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا چییە؟
داواكارم لە گەنجان كە ئایینداریی پاك بە ئەنجام بگەیەنن كە ئیسلامە، ئەو ئیسلامەی كە مەلای كورد ئاشنای كرد بە گەلی خۆی، ئەو ئیسلامەی كە لە پێغەمبەرەوە وەكو ڕەحمەت هاتووە. گەنجەكان پێویستە دڵسۆزی خاكی كوردستان بن، ئەم خاكە هەزاران ڕۆڵەی لە پێناودا شەهید بووە، تكایە بە هاشوهووشی ناحەزان مەبنە دوژمنی گەلی خۆتان، دوژمن خێری ئێمەی ناوێت، بەڵكو پەرتەوازەیی و فەوتانی ئێمەی ئەوێت.
