ڕیكاردۆ ئەلكارۆ سەرۆكی پڕۆگرامی مەترسییە سیاسییەكان لە پەیمانگای كاروباری نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا بۆ گوڵان: ململانێی ئەمریكا و ئێران كەلێنی سیاسی و ئەمنیی عێراقی قووڵتر كردووەتەوە و هێزەكانیشی بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكاندا دابەش كردووە

ڕیكاردۆ ئەلكارۆ   سەرۆكی پڕۆگرامی مەترسییە سیاسییەكان لە پەیمانگای كاروباری نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا بۆ گوڵان:  ململانێی ئەمریكا و ئێران كەلێنی سیاسی و ئەمنیی عێراقی قووڵتر كردووەتەوە و هێزەكانیشی بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكاندا دابەش كردووە

 

 

دكتۆر ڕیكاردۆ ئەلكارۆ، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی پڕۆگرامی مەترسییە سیاسییەكان لە پەیمانگای كاروباری نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا، لەم گفتوگۆیەدا تیشك دەخاتە سەر ئالنگارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو كە خاوەنی چەندین بەرهەمی زانستییە لەسەر قەیرانی ئەتۆمیی ئێران، ڕای وایە كاریگەریی ئەوروپا بەسەر تارانەوە سنووردارە. ئەلكارۆ باس لە گرنگیی دەوڵەتانی كەنداو و كاریگەریی ململانێكان بۆ سەر عێراق دەكات، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە سەقامگیریی ناوچەكە بەبێ هەماهەنگیی نێوان هێزە ناوخۆییەكان و واشنتۆن بەدی نایەت و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

• لە ئێستادا، لە سایەی ئاڵۆزییە جیوپۆلیتیكییەكان، ئەوروپا دەتوانێت چ ڕۆڵێكی بەرجەستە و كاریگەر لە خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاراندا بگێڕێت و لە چ كایەیەكی ستراتیژیدا هێشتا وەك خاوەن كاریگەریی و هەژموونی مانادار ماوەتەوە؟

-  پێویستە لە هەڵسەنگاندنێكی واقیعی و تا ڕادەیەك نائومێدكەرەوە دەست پێ بكەین: كاریگەریی ئەوروپا لەم كێشەیەدا سنووردارە، بەتایبەت كاتێك ئەورووپییەكان خاوەن ئاراستەیەكی ستراتیژیی یەكگرتوو و ڕوون نین بۆ پێناسەكردنی ئامانج و ئامرازەكانیان. ئەوروپا بەرژەوەندییەكی قووڵی لە سەقامگیریی ناوچەیی، ئازادیی كەشتیوانی لە گەرووەكانی هورمز و باب ئەلمەندەب و پاراستنی پرەنسیپەكانی پەرەپێنەدانی چەكی ئەتۆمیدا هەیە، پرسێك كە ئێستا لەژێر سێبەری ململانێ فراوانەكاندا پەراوێز خراوە.

ئەوروپا دەتوانێت لە ڕێگەی پاڵپشتیی دیپلۆماسی و پێشكەشكردنی هاندەریی ئابوورییەوە كاریگەریی هەبێت، بەڵام فشاری زیاتری ئابووری بۆ سەر ئێران گەیشتووەتە بنبەست. بۆ گۆڕینی ئەم هاوكێشە ئاڵۆزە، پێویستە پرۆسەیەكی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بێتە ئاراوە كە هەنگاوی كردەیی وەك ئازادكردنی داراییەكان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر هەناردەی ئێرانی لێ بكەوێتەوە. تەنیا لەو كاتەدایە كە ئەوروپا دەتوانێت هاندەری ئابووریی خۆی بخاتە گەڕ.

ئەم بارودۆخە لە قۆناغی پێش ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە ٢٠١٥ جیاوازە، ئەوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا خەڵاتی سەرەكیی تاران بوو، بەڵام ئێستا هاندەرە ئەورووپییەكان تەنیا پاشكۆیەكی پرۆسەیەكی فراوانترن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوروپا دەتوانێت لە ڕێگەی پشتیوانیكردنی دەسپێشخەرییەكانی وڵاتانی كەنداو بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی سەقامگیرتر لەگەڵ تاران، ڕۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت، هەوڵێك كە تەنانەت بەبێ ڕێككەوتنی ڕاستەوخۆی ئەمریكاش، خاوەن بەهایەكی سیاسی و دیپلۆماسیی تایبەتە و دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی ئاستی گرژییەكان لە ناوچەكەدا و ئەوروپا لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت دەنگی خۆی ببیستێت.

•  چوارچێوەیەكی واقیعی بۆ ئاسایشی ناوچەیی چۆن دەبێت؟ چ پرسگەلێك پێویستە چارەسەر بكرێن تاوەكو بەشداریی ئێران، وڵاتانی عەرەبیی كەنداو و ئەمریكا تێیدا بەدی بێت؟

- خاڵی دەستپێكی واقیعی، ڕێككەوتنێكی كارایە بۆ پێكەوەژیان لە نێوان ئێران و وڵاتانی كەنداو، بە تایبەت سعودیە، بە جۆرێك كە خاوەندارێتییەكەی لای خودی دەوڵەتانی ناوچەكە بێت. هاوكات، پێكەوەژیانی ئەمریكا و ئێرانیش مەرجێكی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیرییەكی درێژخایەن، كە ئەمەش تەنیا بە بەشداریی كارای حكومەتەكانی كەنداو وەك لایەنێكی خاوەن بەرژەوەندی نایەتە دی. ئەو پرسانەی دەبێت چارەسەر بكرێن، بریتین لە: ئازادیی كەشتیوانی، هەڕەشە ئەمنییەكان، پشتگیریكردنی گرووپە نادەوڵەتییەكان و نیگەرانییەكانی ئەمریكا. ئەوروپییەكان دەتوانن قورسایی سیاسی و دیپلۆماسییان بخەنە خزمەت دەسپێشخەرییەكی ناوچەیی و هاندەریی ئابووری بۆ زیاد بكەن. بەڵام بەبێ ڕەزامەندیی واشنتۆن بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان، مەودای مانۆڕی ئابووریی ئەوروپا و كەنداو زۆر تەسك دەبێتەوە. وەك چۆن سنوورداركردنی پەیوەندییە بازرگانی و گەشتە ئاسمانییەكانی ئیمارات و عومان لەگەڵ تاران ڕەنگدانەوەی ئەم ئاستەنگییە قورسەن، ئەگەر واشنتۆن نەرمتر نەبێت، دیپلۆماسیی ناوچەیی لە ئاستی گفتوگۆ زیاتر تێپەڕ ناكات و پشتیوانییەكانی ئەوروپاش تەنیا بەهایەكی سیاسیی ڕەمزییان دەبێت كە ئەستەمە بتوانێت گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە سەر زەوی دروست بكات.

•  ئایا دەبێت وڵاتانی سعوودیە، قەتەر، عومان و ئیمارات وەك ناوبژیوان لە نێوان ئێران و ئەورووپادا ببینرێن، یان دەكرێت ببنە تەلارسازی سەرەكیی سیستەمێكی نوێی ئاسایشی ناوچەیی؟

-  هەڵەیەكی ستراتیژییە ئەم دەوڵەتانە تەنیا وەك پۆستی گەیاندن لە نێوان زلهێزەكاندا تەماشا بكرێن. هەرچەندە قەتەر و عومان ناوبژیوانێكی كاران، بەڵام ئەمە تەنیا گۆشەیەكی بچووكی ڕۆڵی نێودەوڵەتییانە. وڵاتانی كەنداو خاوەن توانای ئابووریی مەزن و تۆڕی دیپلۆماسیی بەرفراوانن، سعوودیە قورساییەكی جیهانیی هەیە و ئیماراتیش كاریگەرییەكی قووڵی لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. بۆ سەقامگیرییەكی بنەڕەتی، پێویستە ئەم وڵاتانە خۆیان ببنە بزوێنەری سەرەكیی سیستەمی ئاسایشی ناوچەكە. هەرچەندە هەماهەنگیی نێوانیان ئالنگارییە، بەڵام بۆ پێكەوەژیانی بەردەوام لەگەڵ ئێران، پێویستیان بە دەستپێشخەریی كارا هەیە. سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن دەیەوێت لە پرسە هەستیارەكاندا هەیمەنەی هەبێت، بەڵام دەبێت سیستەمە نوێیەكە خاوەندارێتیی لۆكاڵی بێت و حكومەتەكانی كەنداو خۆیان نەخشەسازی كارا و داڕێژەری یاسا و ئاراستە ستراتیژییەكانی داهاتووی ناوچەكە بن، نەك تەنیا وەك پەیامبەرێكی سادە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی دیكە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و جیهانی سیاسیی ئێستادا.

•  ئاستی دەستكەوتی وڵاتانی كەنداو لە ڕێككەوتنە دووقۆڵییەكانیان لەگەڵ ئێراندا تا چەندە و لە چ بوارێكدا بوونی ئەمریكا بە پێویستییەكی حەتمی دەمێنێتەوە؟

-  بەشداریی ئەمریكا بە دوو هۆكار بنەڕەتییە، یەكەم، واشنتۆن خاوەنی هێزێكی لەبن نەهاتووە بۆ پەكخستنی سازانێك كە لەگەڵ دیدگاكانیدا ناتەبا بێت، و دەوڵەتانی ناوچەكەش توانای بەرپەرچدانەوەی ئەو پەكخستنەیان نییە. دووەم، ئەم دەوڵەتانە هێشتا بۆ هاوكارییە سەربازی و دیپلۆماسییەكان پێویستیان بە ئەمریكایە. وڵاتانی كەنداو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە سیاسەتی گۆشەگیركردن و گەمارۆی هەمیشەیی ئاسایشی نەهێناوە، بۆیە بە پراگماتییانە هەوڵی هاوسەنگكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تاران و واشنتۆن دەدەن. ئەمە بە واتای پاشكۆیەتی ڕەها نییە، بەڵكو دەتوانن ڕۆڵی ناوچەیی خۆیان كارا بكەن، بە مەرجێك بیسەلمێنن كە ڕێككەوتنەكان زیان بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا ناگەیەنن، وەك سنوورداركردنی هەژموونی ئێران، پاراستنی هێڵە دەریاییەكان و ئاسایشی ئیسرائیل. ئەگەرچی ئەمە هاوكێشەیەكی ئاڵۆزە، بەڵام لە ڕێگەی ڕێككەوتنی ناوچەییەوە، هێشتا دەرفەتی بەدیهێنانی ئامانجەكان لە ئارادایە، تەنانەت ئەگەر بە تەواوی بەدڵی واشنتۆنیش نەبێت.

•  چۆن ڕێككەوتنێكی ئاسایشی ناوچەیی دەتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی عێراق و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات؟ چۆن دەكرێت نیگەرانییەكانیان لە سەرەتاوە لەم هاوكێشانەدا ڕەنگ بداتەوە؟

-  عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین كاریگەریی نەرێنیی ناسەقامگیرییەكانی ناوچەی كەنداویان لەسەرە. ململانێی توندی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بووەتە هۆی قووڵكردنەوەی كەلێنە سیاسی و ئەمنییەكان لە ناوخۆی عێراقدا، بە شێوەیەك كە هێزە ناوخۆییەكان بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكاندا دابەش بوون.

عێراق بەهۆی چالاكیی هەندێك گرووپی چەكدارەوە، زۆرجار وەك سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی دەردەكەوێت. هێرشە ڕاگەیەندراوەكان بۆ سەر سعوودیە نموونەیەكی بەرچاون كە دەرهاویشتەی سەربازیی مەترسیداریان هەیە. لە ڕووی ئابوورییەوە، هەر جۆرە گرژییەك لە گەرووی هورمزدا، نەك تەنیا هەناردەی نەوت، بەڵكو گواستنەوەی گازی سرووشتی و پێداویستییە سەرەكییەكانی دیكەش پەك دەخات، كە ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژێرخانی دارایی و بژێویی هاووڵاتیان هەیە.

هەرچەندە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی، و هەروەها تاران و واشنتن، ژینگەیەكی ئارامتر دەڕەخسێنێت، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە. بۆ پاراستنی سەروەری و دابینكردنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەبێت دەسپێشخەرییەكە لە ناوخۆوە بێت. پێویستە هێزە سیاسییەكانی شیعە لەو قاڵبە تەسكە نەتەوەیی و مەزهەبییەی دوای ٢٠٠٣ تێپەڕن.

بەدیهێنانی سەروەرییەكی ڕاستەقینە پێویستی بە كۆدەنگییەكی نیشتمانی و جووڵانەوەیەكی مەدەنیی فراوان هەیە كە سەرجەم پێكهاتەكان، بە تایبەت كورد و پێكهاتە سەرەكییەكانی دیكە، لە پرۆسەی بڕیارداندا بەشدار بن. كێشەی نەمانی سەروەری تەنیا بە ژینگەی دەرەكی چارەسەر نابێت، بەڵكو یەكڕیزیی سیاسی و دامەزراوەیی لە ناوخۆدا مەرجی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەرێكی بەهێز لە هەر ڕێككەوتنێكی ئاسایشی ناوچەییدا دەربكەون.

• ئەگەر یەكێتیی ئەوروپا بە ڕاستی بخوازێت پشكدار بێت لە سەقامگیریی درێژخایەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە بایەخ بە چ ئامرازێكی دیپلۆماسی بدات و چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا بكات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دروشمی سیاسییەوە بەرەو كردارێكی كاریگەر و پراكتیكی هەنگاو بنێت؟

- بۆ چەسپاندنی ئارامی، ئەوروپا دەبێت تێكەڵەیەك لە دیپلۆماسی، هاندەری ئابووری، ڕێككەوتنی قەدەغەی چەكی ئەتۆمی و گەرەنتیی ئەمنیی بەكاربهێنێت. ئەگەر دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو سووككردنی فشارە ئابوورییەكان و لادانی سزاكان ڕۆشتن، پێویستە ئەورووپا تەنیا بەوانەوە نەوەستێت، بەڵكوو ستراتیژێكی قووڵتر بۆ چالاككردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكان پەیڕەو بكات.

لەپێناو دروستكردنەوەی متمانە، گرنگترین پێشنیار ئەوەیە كە ئەوروپا بەربەستەكانی بەردەم پەیوەندیی نێوان خەڵك لابدات، وەك ئاسانكردنی پرۆسەی ڤیزا، دەستپێكردنەوەی هاوكاریی ئەكادیمی و زانستی، چالاككردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان و پەرەپێدانی تیمە كولتووری و شوێنەوارییەكان. ئەم هەنگاوانە دەبنە پردی پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی ٩٢ ملیۆنی كە تینووی گەیشتنن بە جیهانی دەرەوە. هاوكات، پشتگیریكردنی پڕۆژە ناوخۆییەكان لە ڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەتایبەت لە بوارەكانی ژینگە و بەڕێوەبردنی ئاو بە ڕێساگەلێكی شەفاف و مەرجی ڕوون، دەتوانێت كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژیانی خەڵك هەبێت.

ناكۆكییەكی گەورە لەوەدایە كە ئەوروپا باس لە پشتگیریی خواستەكانی گەلی ئێران دەكات، كەچی لە كرداردا دەرفەتەكانی پەیوەندی و هاوكاریی لێ گرتوونەتەوە. ئەوروپا كە ئێستا خاوەن پەیوەندییەكی پتەوی بازرگانی و بەرگرییە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو وەك ئیمارات و سعوودیە، پێویستە هاوسەنگییەك دروست بكات و وا لە ئێران بكات ببێتە بەشێكی كارا لە ئابووریی ناوچەیی.

ئامانجی كۆتایی ڕێگریكردنە لە وێرانكارییەكی هاوشێوەی غەززە. ئێرانییەكی سەقامگیر كە دووبارە تێكەڵی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بێتەوە، نەك تەنیا بۆ تاران، بەڵكوو بۆ گەشەی ئابووریی جیهان و بەرژەوەندییەكانی ئەورووپاش دەستكەوتێكی بێوێنەی دەبێت. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەوروپا لە چوارچێوەی گوتاری سیاسی دەرچێت و هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ پشتیوانیی ئەو كۆمەڵگەیە بنێت كە چاوەڕوانی كرداری جددی دەكەن. ئەمە تاقیكردنەوەیەكی مێژوویی و گرنگە بۆ ئەورووپا تا بیسەلمێنێت بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی لەگەڵ بەها مرۆییە باڵاكاندا یەكدەگرنەوە. پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە نەك تەنیا ئەركێكی سیاسی، بەڵكوو هەنگاوێكی حەتمییە بۆ ئایندەیەكی گەشتر و ناوچەیەك كە تێیدا هەموو گەلان بە ئاشتی بژین و گەشە بكەن. ئەمە تەنیا ڕێگەی دروستە بۆ دوورخستنەوەی تاریكایی و بنیادنانی ئومێدی نەتەوەكان.

 

Top