دكتۆر ستیفان بویسمان توێژەر لە زانكۆی دیلفتی هۆڵەندا، پسپۆڕ لە فەلسەفەی تەكنەلۆژیا بۆ گوڵان: پێویستە جەخت لەسەر دیاریكردنی ئەو كایە چارەنووسسازانە بكەینەوە كە بڕیاری هەستیار دەخوازن و ڕێگە نەدەین زیرەكیی دەستكرد تێیاندا باڵادەست بێت
دكتۆر ستیفان بویسمان، توێژەر لە زانكۆی دیلفتی هۆڵەندا، یەكێكە لە پسپۆڕە دیارەكانی بواری ئەخلاق و فەلسەفەی تەكنەلۆژیا. كارەكانی ئەو تیشك دەخەنە سەر كاریگەرییەكانی زیرەكیی دەستكرد لەسەر ئۆتۆنۆمیی مرۆڤ، متمانە و لێپرسینەوە. ئەو پێیوایە تەنیا وردی لە بڕیارەكانی زیرەكیی دەستكرد بەس نییە بۆ متمانەپێكردن، بەڵكو پێویستە مرۆڤ هۆكارەكانی پشت بڕیارەكان بزانێت. لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا بویسمان باس لە مەترسییەكانی پشتبەستنی زۆر بە ئامێرەكان و لەدەستدانی لێهاتووییە پیشەییەكان دەكات. هەروەها ئاماژە بەوە دەدات كە چۆن عێراق و هەرێمی كوردستان دەتوانن لە ڕێگەی شارەزایی ناوخۆییەوە، تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد بە جۆرێك دابڕێژن كە لەگەڵ بەها و پێویستییە كلتوورییەكانی خۆیاندا بگونجێت و بەرەو پەرەپێدانێكی هۆشمەندانەی ئەم بوارە نوێیە هەنگاو بنێن، بەم جۆرەش وەڵامی پرسیارەكان گوڵانی دایەوە.
• بۆچی لە بوارە هەستیارەكاندا، تێگەیشتن لە چۆنیەتیی بڕیاردانی زیرەكیی دەستكرد گرنگترە لە وردیی ئاماریی؟ كەی پشتبەستن بەم سیستمە ناڕوونانە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیرادە و بەرپرسیارێتیی مرۆڤ، لە كاتێكدا لە كارەكانتدا تەنیا «وردیی ئەنجامەكان بۆ متمانە» بە كەم دەزانیت؟
- ئامارەكان بە تەنیا ناتوانن زامنی بەدیهێنانی دادپەروەری بكەن، مرۆڤ نابێت هەرگیز لەسەر بنەمای ئەگەرە ژمارەییەكان سزا بدرێت، چونكە متمانەی ڕاستەقینە بە سیستمێك دروست نابێت كە پاساوی سەركەوتنی تەنیا ئەوە بێت كە «زۆربەی جارەكان كار دەكات». لە بڕیارە چارەنووسسازەكاندا، پێویستە مرۆڤ وەك خودێكی سەربەخۆ و خاوەن تایبەتمەندی تەماشا بكرێت، نەك وەك داتایەكی پەراوێزخراو. ناكرێت هیچ مرۆڤێك بەهۆی «بەختی خراپ» یان كەوتنە نێو ئەو ڕێژە كەمەی كە زیرەكیی دەستكرد تێیدا هەڵە دەكات، تووشی ستەم و بێبەشی ببێت. لە بنەڕەتدا، زۆرینەی ئەم سیستمانە لە گۆڕەپانی كرداریدا ئەو وردی و كاراییە بەرزەیان نییە كە چاوەڕوانییان لێ دەكرێت. لێرەدا «ڕوونكردنەوە» وەك ئامرازێكی بنەڕەتی بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵە مەترسیدارەكان و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا دەردەكەوێت.
ئەم پرەنسیپە ئەخلاقییە لە بونیادی كۆمەڵگە مرۆییە پێشكەوتووەكاندا ڕەگی هەیە، بڕیارە پزیشكی، حكوومی و دادوەرییەكان هەموویان شیاوی تانەدان و پێداچوونەوەی وردن لە ڕێگەی گەڕان بە دوای هۆكارەكاندا. لە نەبوونی مافی پرسیاركردن لە: «بۆچی»، بڕیارەكان و چاككردنەوەی ستەمەكان و لێپرسینەوە و پلانی ژیان بەرەو نادیار دەچن؟ گەورەترین ئالنگاری لە سیستمە ژیرە هاوچەرخەكاندا ئەوەیە كە هێشتا ناتوانن پاساوێكی مەنتیقی و شەفاف بۆ بڕیارەكانیان بخەنە ڕوو، جگە لە دەستەواژەی «كۆمپیوتەرەكە وای بڕیار داوە». بۆیە پێویستە جەخت لەسەر دیاریكردنی ئەو كایە چارەنووسسازانە بكەینەوە كە بڕیاری هەستیار دەخوازن و ڕێگە نەدەین زیرەكیی دەستكرد تێیاندا باڵادەست بێت. دەبێت ئەم تەكنەلۆژیایە تەنیا لەو بوارانەدا بەكار بهێنرێت كە تێیدا وردیی ئاماریی ڕووت بەس بێت و پێویستی بە ڕوونكردنەوەی قووڵ نەبێت، پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ پێویستی بە متمانەیەك هەیە كە لەسەر بنەمای تێگەیشتن بونیاد نرابێت، نەك تەنیا ئەنجامی ژمارەییەكان بە بێ ڕۆح و كوێرانە.
• ئایا پشتبەستن بە زیرەكیی دەستكرد لە بڕیارەكاندا، نەوەیەكی نوێ لە شارەزایان بەرهەم دەهێنێت كە سڵ لە ڕەتكردنەوەی بڕیاری ئامێرەكان بكەنەوە؟ ئەی كاتێك سیستمێكی تەكنەلۆژی دەبێتە هۆی خوڵقاندنی زیانی مرۆیی، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیی ئەو بڕیارە بە وردی دەكەوێتە ئەستۆی كام لایەن؟
- مەترسیی گەورەی لایەنگریی ئۆتۆماتیكی لەوەدایە كە مرۆڤ بەبێ ئاگایی دەستبەرداری ڕەخنەگرتن لە ئامێرەكان دەبێت، ئەمەش دەبێتە بەشێك لە شێوازی كاركردنمان و وردە وردە توانا و سەرنجی پێویست بۆ هەڵسەنگاندنی وردی سیستمەكان لەدەست دەدەین، زۆرجار دامەزراوەكانیش هانی ئەم ڕەوتە دەدەن، بەوەی فەرمانبەران ناچار دەكەن بۆ هەر لادانێك لە بڕیاری زیرەكیی دەستكرد ڕوونكردنەوەی زۆر بدەن، كە ئەمەش وادەكات پەسەندكردنی كوێرانە بۆ كارمەندەكە ئاسانتر بێت. خۆشبەختانە، زۆرێك لە پیشەوەران هێشتا بە دیدێكی ڕەخنەگرانەوە لەم تەكنەلۆژیا نوێیە دەڕوانن، هەر ئەمەشە هۆكاری سەرەكیی ئەوەی كە گەشەی تەكنەلۆژیا زۆر خێراتر بێت لە ئاستی جێبەجێكردنی پراكتیكی، چونكە زۆرینەی سیستمەكان بەهایەكی بنەڕەتی بۆ پسپۆڕان فەراهەم ناكەن. ئەم مەترسییە دەبێت زۆر بە جددی وەربگیرێت و لە كاتی پەرەپێدانی سیستمەكاندا چاودێریی بكرێت: ئایا پیشەوەران هێشتا ڕۆڵی كاریگەر لە بڕیارداندا دەبینن؟ ئایا زانیاری و كەرەستەی پێویستیان هەیە بۆ پاراستنی دیدی ڕەخنەیی؟ لە كۆتاییدا، مرۆڤەكان دەبێت وەك بەرپرسیاری یەكەم بمێننەوە. ئەگەر پزیشك، بەرپرس، یان هەر شیكەرەوەیەك بخرێتە دۆخێكی وەهاوە كە تەنیا وەك ئامرازێك بۆ مۆركردن و پەسەندكردنی بڕیارەكانی زیرەكیی دەستكرد مامەڵە بكات، ئەوا ئەو لایەنانەی ئەم ژینگە و سیستمەیان سەپاندووە، بەرپرسیارن لە هەر زیان و دەرهاویشتەیەكی خراپ كە بەهۆی ئەو بڕیارانەوە بكەوێتەوە.
• ئایا پشتبەستنی زۆر بە زیرەكیی دەستكرد لە بڕیارداندا، دەبێتە هۆی داخوڕانی لێهاتووییە زاتییەكانی مرۆڤ؟ چۆن كۆمەڵگە دەتوانێت سوود لە زیرەكیی دەستكرد وەربگرێت، بەبێ ئەوەی سەربەخۆیی لە بیركردنەوە و توانای لێكدانەوەی ڕەخنەیی بەرەو سستبوون ببات و مرۆڤ ببێتە پاشكۆی بێ ئیرادەی ئامێرەكان؟
- بێگومان ئێستا شاهیدی پرۆسەی داماڵینی كارامەیین، ئەو لێهاتووییانەی بە ئامێرەكان دەسپێرین بەرەو فەوتان دەچن و فێربوونی لێهاتوویی نوێش لەژێر سایەی پاڵپشتیی بەردەوامی زیرەكیی دەستكرددا دژوارتر دەبێت. بۆ نموونە، ڕەنگە قوتابیان لە ئەركی ماڵەوەیاندا بە هاوكاریی ئەم سیستمانە نمرەی بەرز بەدەست بهێنن، بەڵام لە تاقیكردنەوەی كۆتاییدا كە تێیدا تەنیا پشت بە خۆیان دەبەستن، ڕەنگە ئاستێكی لاواز نیشان بدەن. لەدەستدانی هەندێك كارامەیی مەرج نییە هەمیشە ببێتە گرفتێكی گەورە، بۆ نموونە، ئەگەرچی ئێستا توانای ژمێرەی زەینی لای زۆربەمان لاواز بووە، چونكە ئامێری ژمێریاریمان لەبەردەستدایە، بەڵام ئەمە كێشەیەكی جەوهەری نییە. كاتێك دەمانەوێت كۆنتڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی كارەكان بپارێزین، گرنگە خاوەنی ئەو لێهاتووییانە بین كە بۆ هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە پێویستن. ئەگەر پرۆسەی لۆژیك و بەڵگەهێنانەوە بە زیرەكیی دەستكرد بسپێرین، ئیتر ناتوانین چاوەڕوان بین وەك پێویست لە بەرانبەر بەرهەمە هزرییەكانی ئەو ئامێرەدا وردبین و ڕەخنەگر بین. خۆشبەختانە، هەمیشە ناچار نین بژاردەیەكی توند هەڵبژێرین، ئەگەر لەجیاتی ئەوەی ڕەشنووسی یەكەم بە ئەی ئای بسپێرین، خۆمان دەستپێشخەریی نووسینەكە بكەین و پاشان بۆ وەرگرتنی سەرنج و فیدباك سوود لە زیرەكیی دەستكرد وەربگرین، ئەوا كارامەییەكانمان پارێزراو دەبن. كەواتە، لە لایەكەوە ئەركێكی تاكەكەسییە كە توانای بیركردنەوەی سەربەخۆی خۆمان بپارێزین، لە لایەكی دیكەیشەوە بەرپرسیارێتییەكی بەكۆمەڵە كە دەستنیشانی بكەین چ ئەرك و كارێك شایەنی ئەوەن بە تەواوی ڕادەستی زیرەكیی دەستكردیان بكەین و دەستبەرداریان بین، تا بتوانین باڵادەستیی لۆژیكیی مرۆڤ بپارێزین و لە ئاستی بڕیارداندا هەمیشە سەربەخۆبین.
• لەگەڵ گەشەی زیرەكیی دەستكردی تایبەتمەند كە شارەزای وردەكارییەكانی ژیانمانە، سنووری نێوان هاوكاریی ڕاستەقینە و ئاراستەكردنی بڕیارەكانمان لە كوێدایە؟ ئایا دەكرێت ئەم سیستمە بە ناوی ئاسانكارییەوە، ئازادییەكانمان بەرتەسك بكەنەوە و لە هەمان كاتدا هەستێكی ساختەی دەسەڵاتداریمان پێ ببەخشن، كە لە جەوهەردا ببێتە هۆی لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاردانمان؟
- ئێستا پاشكۆ زیرەكە دەستكردەكان كاریگەریی قووڵیان لەسەر پێكهاتەی دەروونیی مرۆڤ جێهێشتووە، بە جۆرێك هەندێك لە بەكارهێنەران گەیشتوونەتە ئاستێكی مەترسیدار كە بێ هاوكاریی ڕاستەوخۆی ئەم سیستمانە، توانای بڕیاردانی سەربەخۆیان لەدەست داوە و تەنانەت تووشی قەیرانی ناسنامە بوون. بینراوە بەهۆی گۆڕانكارییەكی سادە لە شێوازی وەڵامدانەوە، یان نوێكردنەوەی نەرمەواڵەكان، بەكارهێنەران تووشی جۆرێك لە «ماتەمێنیی سۆزداری» دەبن، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ پشتبەستنێكی قووڵ و ئاڵوودەبوونێكی شاراوە. سەیر لەوەدایە، بەكارهێنەران لە كاتی بەكارهێناندا هەست بەم كایە ژێردەستەییە ناكەن، بەڵكو وا دەزانن ئەم ئامرازانە تەنیا بۆ هاوكاری و پێشكەشكردنی دیدگای نوێ لەوێدا ئامادەن و ئاسۆی بیركردنەوەیان فراوان دەكەن.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستمان بە توێژینەوەی زانستیی چڕوپڕ هەیە لەسەر لێكەوتەكانی زیرەكیی دەستكرد بۆ سەر خۆشگوزەرانی و تەندروستیی دەروونیی مرۆڤ. هەنگاوی سەرەكیش دەبێت كەمكردنەوەی ڕادەی ئالوودەبوون بێت لە ڕێگەی گۆڕینی بنەڕەتیی فەلسەفەی دیزاینی ئەم سیستمانەوە. لە ئێستادا، ئەم ژینگەیە بە جۆرێك داڕێژراوە كە بێ هیچ بەربەستێك و بە نەرمییەكی ڕەها هەمیشە هاوڕای بەكارهێنەر بێت و گفتوگۆكان بە بێ بڕانەوە ڕابگرێت. زیادكردنی جۆرێك لە «بەرهەڵستیی فیكری و هۆشیارانە» لە ناو جەستەی ئەم تەكنەلۆژیایەدا، دەبێتە هۆی پاراستنی سەربەخۆیی و ئیرادەی مرۆڤ؛ ئەگەرچی ڕەنگە ئەم توندی و بەربەستە نوێیانە لە سەرەتادا بۆ بەكارهێنەران جێی ڕەزامەندی نەبن، بەڵام بۆ پاراستنی هاوسەنگیی دەروونی و شكۆی ئەقڵی مرۆڤ، ئەم هەنگاوانە پێویستییەكی حەتمی و بایەخدارن.
• لە كاتێكدا عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو زیرەكیی دەستكرد هەنگاو دەنێن، بەڵام ژێرخان، زمان و یاساكانمان لە ڕۆژئاوا جیاوازن. ئایا پێویستە مۆدێلە یاساییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا وەك خۆیان وەربگرین، یان پێویستمان بە ڕێكارێكی تایبەت بە خۆمان هەیە؟ بۆ پاراستنی سەربەخۆیی مرۆڤ، پەروەردە، متمانەی گشتی و زانیاریی دروست، دەبێت هەرێمی كوردستان ئێستا چی بكاتە لەپێشینەی كارەكانی تا بتوانێت بە باشترین شێوە سوود لە تواناكانی ئەم تەكنەلۆژیا نوێیە وەربگرێت و پەرە بسێنێت؟
- ئێمە زۆرجار دەڵێین كە نزیكەی ٨٠٪ی بنەماكانی زیرەكیی دەستكرد لە ئاستی جیهانیدا بۆ هەمووان وەك یەكن، بەڵام ئەو ٢٠٪ی كە دەمێنێتەوە پێویستی بە گونجاندن و دەستكاریكردنی ورد هەیە بەپێی ژینگەی كۆمەڵایەتی، مۆدێلەكانی حوكمڕانی و شێوازەكانی بەڕێوەبردن لەم بوارەدا نموونەیەكی یەكجار دیارن؛ پێویستە لەسەر گەشەپێدەرانی ئەم تەكنەلۆژیایە بیسەلمێنن كە پێش خستنەبازاڕی هەر مۆدێلێك، بەتەواوی ڕەچاوی بەها و تایبەتمەندییە ناوخۆییەكانیان كردووە، هەروەها پێویستە پابەند بن بە چاودێرییەكی ورد و بەردەوام تا ئەو كاتەی سیستمەكە لە كاردایە.
لە ڕاستیدا، جێبەجێكردنی ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع پێویستی بە گۆڕانكاریی پراكتیكی جۆراوجۆر هەیە. بۆ نموونە، پرسی دەستڕاگەیشتن بە سیستمەكان لە ڕووی ژێرخانی تەكنەلۆژی و زمانەوانییەوە دەكرێت ببێتە كێشەیەكی گەورە و جیدی، تەنانەت دەبێتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ سەر سەلامەتیی گشتی ئەگەر سیستمە زیرەكەكە ئەركێكی هەستیار و چارەنووسساز جێبەجێ بكات، جگە لەوەش، بەها ئەخلاقییەكان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكیتر جیاوازن و بە شێوازی جیاواز لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت، ئەمەش وا دەكات هەر ناوچەیەك پێویستی بە تێگەیشتنێكی تایبەت و قووڵ بێت بۆ ماناكانی ئەخلاق لە چوارچێوەی تەكنەلۆژیادا.
ئەوەی لێرەدا پێویستە، دروستكردنی تێگەیشتنێكی ناوچەیی و گشتگیرە كە بتوانێت بەها سەرەكییەكان بكاتە مەرجی كۆنكریتی لە ئاستی دیزاینكردن و كڕینی سیستمەكاندا. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بێگومان پێویستت بە پسپۆڕ و كادری شارەزا هەیە، كە نەك تەنیا لە بەهاكان بگەن، بەڵكو ئاشنای نوێترین پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكانی سەردەمیش بن. بە بێ بوونی توانای خۆماڵی، یان هاوپەیمانی لەگەڵ هاوبەشە هاوفكرەكان، پاراستنی بەهاكان لەناو ململانێ و كێبڕكێی توندی جیهانیی زیرەكیی دەستكرددا كارێكی یەكجار ئەستەم دەبێت. هەر بۆیە پێویستە كار بۆ بەهێزكردنی توانا ناوخۆییەكان بكرێت، تا بتوانین لەم كێبڕكێیەدا پێگەی خۆمان و بەها مرۆییەكانمان بە باشترین شێوە بپارێزین و گەشەی پێ بدەین.
