محەمەد عەلی قەرەداغی زانا و مێژوونووسی كورد بۆ گوڵان: كوردایەتی هەرگیز لە دینداری و نیشتمانپەروەری جودا نەبووە، ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بووین جینۆساید كراین و خاكمان داگیر دەكرێت

محەمەد عەلی قەرەداغی   زانا و مێژوونووسی كورد بۆ گوڵان:  كوردایەتی هەرگیز لە دینداری و  نیشتمانپەروەری جودا نەبووە، ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بووین جینۆساید كراین و خاكمان داگیر دەكرێت

 

 

محەمەد عەلی قەرەداغی، زانا و ڕووناكبیرێكی گەورەی كوردە لە پەیمانگەی ئیسلامی لە باب ئەلشێخ لە بەغدا و لە كۆلێژی ئیمام ئەعزەم خوێندوویەتی و لە چەندین مزگەوتی بەغدا و سلێمانی وتاربێژیی كردووە. خاوەنی 45 كتێبە و كتێبێكی بە ناوی مێژووی زانایانی كوردی لەبەردەستدایە و بەشدارییەكی كارای هەبووە لە بڵاوكردنەوەی چەند كتێبێكی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس. خاوەنی خەڵاتی یونسكۆیە بۆ باشترین توێژەر لە ئەدەبی ئیسلامیدا لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2017 و خەڵاتەكانی فارابی و ناودارانی بەدەست هێناوە. ژمارەیەكی زۆری ڕێزلێنانی وەرگرتووە، بەتایبەتی ڕێزلێنانی سەرۆكی ئەنجومەنی زانكۆی كوردستان لە سنە. لە ساڵی 1976 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی كراوە.

گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ساز كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

• نهێنیی ئاوێتەبوونی ئایین و نیشتمانپەروەری لە هزری زانایانی كورددا چییە و ئەم مێژووە پڕ بایەخە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان. لە مێژووی ئیسلامدا لە ناو كورددا مەلای كورد تەنیا ڕێبەرێكی ئایینی نەبووە، بەڵكو هاوشانی خۆشەویستی و عشقی بۆ ئایینەكەی، خۆشەویستی و عشقی بۆ خاك و نیشتمانەكەی هەبووە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە هاتووە كە هەمیشە مامۆستایانی ئایینی لەگەڵ ژان و ئازاری گەلەكەیاندا بوون، خودای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەرەكەمان - دروودی خوای لەسەر بێت- فەرمانی پێكردووین كە دژی زاڵم و لەگەڵ مەزڵوومدا بین. خوای گەورە بە كورد خەڵقی كردووین و لەگەڵ ئەوەی دەبێت خێر و خۆشەویستیمان بۆ سەرجەم بەشەرییەت و زیندەوەرەكانی بە بێ جیاوازی هەبێت، بە هەمان شێوە دەبێت مەلای كورد لەگەڵ گەل و نەتەوەكەیدا بێت، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە:{يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ} [سورە الحجرات: 13]. بۆیە ئەگەر كورد دیندار بێت، دەبێت نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی نەتەوەكەشی بێت. خاكی كوردستان بە درێژایی مێژوو خاكی زانست و لانكەی زانایان بووە و وێنەی لە جیهاندا كەمە، هەموو گوندێك مزگەوت و مەدرەسەیەكی لێ بووە، بۆیە جێگەی پێگەیاندنی كەڵە زانایانی جیهان بووە. بنەماڵە هەیە لە كوردستان 10 بۆ 15 پشتیان مەلا بوون، لە بیارە 25 پشت یەك لە دوای یەك مەلا و زانا بوون، مێژووی كورد شاهیدیی ئەوە دەدات كە سەركردە و شۆڕشگێڕ جگە لەوەی پەروەردەی حوجرە و مزگەوت بووە و زۆربەی سەركردەكانمان ئەهلی مزگەوت بوون و بگرە مەلا بوون، هاوكات بە مەلا و زانا و مامۆستایانی ئایینی دەورە دراون و پێشمەرگەیان پیرۆز كردووە و شەهیدەكانمان جێگەیان بەهەشت بووە ئینشائەڵا، بۆیە مامۆستایانی كورد بە درێژایی مێژوویان نیشتمانپەروەر و خزمەتكاری خەڵكەكەیان بوون.

• كەواتە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لەلای زانا و مامۆستایانی ئایینی كوردا هەبووە؟

- بەڵێ، پەیوەندیی نێوان ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لەلای زانا و مەلای كورد پەیوەندییەكی قووڵ و تەواوكاری یەكتر بووە، ئەمە لەگەڵ باوەڕدا یەك دەگرێتەوە. بەرگریی لە خاك و خەڵكی مەزڵووم و دژایەتیكردنی تەعداكەر لە شەریعەتەوە هاتووە، هەر لەسەر ئەم بنەمایە بووە مەلای كورد پاڵپشتیی لە خەبات و شۆڕشی كورد كردووە، چونكە زوڵم حەرام كراوە و داگیركردن حەرامە و پاراستنی كەرامەت و ژیانی موسڵمانان ئەركێكی ئایینییە پێش ئەوەی ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێت، بەداخەوە بەهۆی هاتنی فكر و هزری دوور لە دینداری و ئایینی بۆ ناو كورد، یان نامۆ بە ئایین و ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەمە بووەتە هۆی لاوازبوونی عەقیدەی كوردایەتی و زیانی گەورەیان بە خەبات و دڵسۆزیی شۆڕشگێڕی گەیاندووە و متمانەی لاواز كردووە.

بەڵگەی ئیماندارێتیی مەلای كورد لە قەڵەمی ڕووناكبیر و ڕۆشنبیر و شاعیر و كەڵە سەركردە و كەسایەتییە ناسراوەكانی كوردەوە دەردەكەوێت، ئەحمەدی خانی و نالی و حاجی قادری كۆیی و تەنانەت سەركردەكانی كورد وەك قازی محەمەد و شێخ مەحموود و مەلا مستەفا و سەدان سەركردە و شاعیر و بیرمەندی كورد، بەڵگەی ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵ و قووڵەی نێوان عەقیدەی ئیمان و نیشتمانپەروەرییە لای مەلا و زانا و مامۆستای كورد.

• بەو پێیەی ماوەیەكی زۆر لە شاری بەغدا بوویت، دەكرێت باسی ڕۆڵی مەلا و مامۆستایانی كوردمان لەو شارەدا بۆ بكەیت؟

- لە بەغدا، زانایانی كورد ئەوەندە زۆر بوون لە سەردەمی «موفتی‌ زەهاوی»دا -خوا لێیان ڕازی بێ- ببوو بە نوكتە و دەیانگوت: «جەماعەت ولاالضالين قضوا علي المنابر» واتە كورد مینبەرەكانیان داگیر كردووە، شوێنەكانیان داگیر كردووە. دەچین بۆ سەردەمی «داود پادشا»، لەوێدا باسی «الطلبة والمدرسون في وزارة داود باشا في بغداد» هەیە. لەوێ تەماشا دەكەین بە زۆریی ئەو كەسانەی كە لە دیوانی داودپاشادا بوون و كاتیبی داود پاشا بوون، كورد بوون. لە ناویاندا زانای كورد كە لە كورد دابڕێنرابوو «ڕەسووڵ حاوی كەركووكی» خاوەنی كتێبی «كولشن خلفاء»، كە ئەم پیاوەیان كردبوو بە توركمان و بەختەوەرانە دۆزیمانەوە و شوێنی كەوتم بۆم دەركەوت خەڵكی سنە بووە. لەوێوە هاتووە لەوێ بووە بەو پیاو گەورەیە. ئەو پیاوە خاوەنی كتێبی گوڵشەنی خولەفایە، كە دوو بەرگە، بەرگی یەكەمی مووسا كازم نووری كردوویەتی بە عەرەبی. بەرگی دووهەمی دەیانگوت نییە، بەختەوەرانە دۆزیمەوە و تاكە نوسخەیم دەست خست و دام بە دكتۆر دڵشاد هیوا، ئێستا خەریكە وەری دەگێڕێ بۆ سەر زمانی عەرەبی. ئاڵای زانست لە بەغدا بە دەست كوردەوە بوو. لە 1065ی كۆچی‌ «زيدالدين الطوراني» موفتیی بەغدا بووە، تا كۆچی دوایی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، ئاڵای زانست بە دەست كوردەوە بووە، ئەو دەست بۆ ئەو دەست هێناویەتی. ئەوانەی كە لە بەغدا بوون و لەوێ خزمەتی زانستیان كردووە، بە كورد زۆر زۆر بوون، هەر لە سەردەمی نیزامییە و مستنسرییەوە تا سەردەمی دوایی، لەسەر دەمێكدا زانایانی كورد چەند بنەماڵەیان لە بەغدا لەگەڵدا بوون. بنەماڵەی حەیدەری، بنەماڵەی سنەیی، بنەماڵەی زەهاوی، بنەماڵەی ڕۆژبەیانی و بنەماڵەی بەندەنیجی، مەلا عەبدوڵڵای گراوی مامۆستای مزگەوتی عادلییە بووە و فەقێی كورد وەك حامیدی قەرەداغی لە كوردستانەوە چووە خزمەتی بۆ خوێندن، نەك هەر ئەم مامۆستایە، بەڵكو مزگەوتە گەورەكان و شوێنە دیارەكانی بەغدا بەدەست گەورە زانایانی كورد بوون، وەك مزگەوتی «ئەبو حەنیفە» ئیمامی ئەعزەم مامۆستا مەلا حسەینی پشدەری مودەڕیسی بووە و ئیجازەی بە زانایانی ئالووسی و حەیدەری داوە، ئیجازەكانیانم دیوە و بە ئاوی ئاڵتوون نووسراونەتەوە. مامۆستایان ئیبراهیمی بەرزنجی و ئیسماعیلی بەرزنجی مامۆستای مەدرەسەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بوون، هەروەها مامۆستا مەلا محەمەدی قزڵجی و چەندین مامۆستای دی. چەندین عائیلەی دیكە كە لە بەغدا بوون، لە بنەماڵەی حەیدەریان چەند موفتییەك لە بەغدا بوون؛ پیاوی وەك: عوبەیدوڵڵای حەیدەری، كە بێتووشی دەڵێ: «أعني به شمس المعارف المشرقة في الآفاق شيخ مشايخ العراق علی الاطلاق العلامة الذي اصبح العلم منه متقلدا بالصارم الهندي عبيدالله بن صبغة الله أفندي» دەیان لەم بنەماڵانە لە بەغدا خزمەتیان كردووە. خزمەتەكانیان وەها بووە جێگەی ئەوە بوون، موفتی بەغدا بن، بێ ئەوان كەس نەیتوانیوە هیچ بكات، ئەوان ڕابەری زانستەكان بوون، ڕابەری فیقهی حەنەفی بوون، ڕابەری فیقهی شافیعی بوون. ئەمانە هەموویان كەسانێك بوون كە لە بەغدا خزمەتیان كردووە.

• ئەو سەردەمە، بەو پێیەی زانكۆ و قوتابخانە نەبووە، حوجرەكان یەكەمین قوتابخانەی بیری نەتەوەیی و پاراستنی زمانی كوردی بوون. پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن حوجرەكان وەكو ناوەندێكی پێگەیاندنی سەركردەی سیاسی و زانا و بیرمەندی ڕۆشنبیری كورد هەڵدەسەنگێنیت؟

- من وەكو كەسایەتییەكی شارەزا لە بواری مێژوودا، دەڵێم ئەو ڕاستییە ڕوونە كە حوجرەكان یەكەمین سەرچاوەی ڕۆشنبیری و ئەدەب و پاراستنی زمان و كولتووری كوردی بوون. حوجرە شوێنی عیبادەت و زانست و فێربوون بووە لە سەرجەم بوارەكاندا و لە تەنیشت دینداری و فێركردنی عەقیدە و شەریعەتدا، حوجرە یەكەمین ناوەندی پەروەردەكردنی بیری نەتەوەییش بووە، مامۆستای ئایینیی وامان هەبووە خاوەنی دیوان و كتێبی گەورەیە و تێیدا هزری نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی لە ڕیزبەندی پێشەوەی شیعر و نووسینەكانیدا بووە. لەم وڵاتەدا كە بەم هەموو ئیمپراتۆریەت و نەتەوانە دەورە دراوە، حوجرەكان ڕێگرییان كردووە لەوەی زمان و جلوبەرگی كوردی و كوردایەتی بسڕدرێتەوە. هەموو ڕابەرانی شۆڕشەكانی كورد زانای ئایینی و پەروەردەی حوجرە بوون. خۆ ئەگەر بیروڕای ماركسییەت لەم وڵاتەدا بڵاو نەبووایەتەوە، هەرگیز دابڕان لە نێوان عەقیدەی ئایینی و نیشتمانپەروەریدا ڕووی نەدەدا. بە درێژایی سەدەی ڕابردوو تا هاتنی ئەم هزرە نامۆیانە بە كورد، بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد دینی و نەتەوەیی بووە، لە كاتێكدا زانست لە كوردستان بووە، خوێندن بە كوردی بووە، لە حوجرە و قوتابخانە و مزگەوتەكاندا فەقێ و مەلا و مامۆستایانی ئایینی، بەگشتی بە كوردی دەیانخوێند.

• دەتوانیت باس لە ڕۆڵی مێژوویی و ئێستای مەلای كورد بكەیت لە چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا، چ لە سەردەمی شۆڕش، یان لە ئێستادا كە ڕۆڵێكی بەرچاوتان هەبووە؟

- مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵی گەورەیان لە گوند و شار و لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا هەبووە. لە سەردەمی پێشوودا، مەلا، قازی و بیرمەند و كەسایەتیی خۆشەویستی گوند و ئاوەدانییەكان بووە و توانیویەتی ڕێگە لە فیتنە و ئاژاوە و ئاشووب بگرن و دوو كەس و خێزان كێشەیەكیان هەبووبێت، هەر زوو ئاشتیان كردوونەتەوە و ڕێنمایی جوانی گەنجەكان و كۆمەڵگەكەیان كردووە، لەكاتی شۆڕش و لە ناوچە ئازادەكاندا مەلا قازی بووە و بەردەوام لەسەر مەزڵوومی كردووەتەوە و بگرە زۆرجار پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێكی بەهێز بووە و پیتاك و خۆراكی بۆ پێشمەرگە كۆ دەكردەوە، لە ئێستاشدا وابزانم هەمووان ڕۆڵ و پێگەی مەلا و مامۆستایانی ئایینی دەبینین، كە چۆن لە وتار و بۆنەكان و قسەكانیاندا لەسەر داواكارییەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر محەمەد - دروودی خوای لەسەر بێت - دەڕۆن، ئەوان جیاكاری و ناهەقی ناكەن و لەسەر كەسی مەزڵووم دەكەنەوە.

•  چۆن مامۆستایانی ئایینی توانیویانە ببنە پارێزەری پێكەوەژیان و لێبووردەیی، لە كاتێكدا لە ناوچەكەدا هزری جیاواز و توندوتیژی و ناكۆكیی لەڕادەبەدەر هەبووە؟

- تاوەكو هزری ماركسییەت ڕووی لەم وڵاتە نەكردبوو، ئەم وڵاتە جیهانێكی دیكە بوو، جیهانێك هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و پاك و پێگەردی تێدا بوو، كوردایەتی هەڵقوڵاوی كولتووری باوك و پاپیرانمان بوو، كوردایەتی هەرگیز جیا نەبووە لە دینداری و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی، ئێمە لەبەر ئەوەی كورد بووین جینۆساید و قەتڵوعام كراین و خاكمان داگیر دەكرێت، كوردێكی موسڵمانین جگە لەمە هیچ هزر و بۆچوونێكی دیكە جێگەی لە ناو ناخ و دەروونی كوردا نابێتەوە. بە هزری توندڕەویی و توندوتیژی كە ئێستا بە ناوی ئیسلامەوە لێرە و لەوێ بۆمانی دەهێنن، دینەكەمان دەشێوینن، كورد بە فیترەت موسڵمانی ڕاستەقینەیە، هەربۆیە مرۆڤدۆست و ژینگەدۆستە و خاكی هیچ نەتەوەیەكی دیكە داگیر ناكات و نەیكردووە. ئەوەتا كورد بە گیانی لێبووردەییەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكە هەیە و دووبەرەكی لێرە نییە. لەبیرمە كاتێك فكری شیوعی و كۆمۆنیستی هێنرایە ئەم وڵاتە، چ دووبەرەكی و ناكۆكیی لێ كەوتەوە و هەرای نایەوە و دواتر بۆچوونە توندڕەوەكانی بەناو ئایینی پیرۆزی ئیسلام، بەوانەشی لە دەرەوەی كۆمەڵگەی كوردییەوە هێنرایە ئەم هەرێمە، زیانی گەورەی بە ئیسلام و موسڵمانێتی و دواتر كورد گەیاند. من لەبیرمە لە سەدەی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی گەڕەكی گاوران و جوولەكان هەبوو لە دێرینترین و دەوڵەمەندترین گەڕەكەكانی شار لە ڕووی مێژوویی و كۆمەڵایەتییەوە، نموونەی بەرجەستەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بوون.

• چۆن بتوانین ڕێگری لەم هزر و بۆچوونە توندوتیژی و نامۆیانە بكەین كە ئێستا وەكو ژەهر دەرخواردی گەنجەكان دەدرێن؟

- بوونی هزری توندوتیژی و نامۆ بە كۆمەڵگەكەمان كە نەك هەر لەگەڵ هەست و دەروون و مێژووی پاك و پێگەردی موسڵمانێتی و كوردایەتی ناگونجێت، بەڵكو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ژینگەیەكی خراپ و لەبار بۆ گەرادانانی ئەم هزرە خراپانە هەیە، كۆمەڵگەیەك كە تیایدا گرنگی بە گەنجەكانیان نەدرێت و هەڵە و كەموكورتی تێدا بێت، ئاساییە كە بۆ نەیارانی كورد باشترین ژینگەی بڵاوكردنەوەی بیروبۆچوونی هەڵە و توندوتیژ بێت، ئەمەیان بۆ دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجێ دەهێڵم، با ئەوان ئەوەندەی خۆیان سەرقاڵی چارەسەركردنی شوێنەوارە خراپەكان بكەن، با لە بنەچەوە ئەو ژینگەیە نەهێڵن كە تێدا گەنج یاخی دەكات و دەبێتە خواردنی نەیار و كەسانی خراپ و زیان بە خۆی و خێزان و كۆمەڵگەكەی دەگەیەنێت. لەلایەكی دیكەوە ئێمە پێویستیمان بە زاناو مامۆستای لێهاتووی كورد هەیە، با گرنگی بە مەلای لەخوداترس و دڵسۆز و نەرمونیان بدرێت و، توانایان بخرێتە بەردەست، نەك تەنیا لە مینبەری مزگەوتەكانەوە، بەڵكو لە ڕێگەی كردنەوەی دەزگا و دیدار و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بۆچوونە جوانەكانیان بڵاو بكرێنەوە، ئەگەر كۆمەڵگەیەكی بەختەوەر و خۆشگوزەران و دوور لە توندوتیژی و دەمارگیری و كێشەمان بوێت، ئەوا دەبێ منداڵ لە باخچەی ساوایانەوە تاوەكو زانكۆ و كۆلێژەكان و لە بازاڕی كاردا گرنگییان پێ بدرێت و گوێ لەخواست و داواكارییەكانیان بگیرێت و جێبەجێ بكرێن.

• ڕۆڵی مێژوویی مامۆستایانی ئایینی لە پاراستنی چوار پارچەی كوردستان چی بووە و زیندووكردنەوەی ئەم هاودەنگییە مەعنەوییە بۆ قۆناغی ئێستا تاچەند پێویستە؟

- لە مێژووی كۆن و ئێستاشدا مامۆستایانی ئایینیی كوردستان جیاوازیی نێوان پارچەكانی كوردستانیان نەكردووە، پێشتر سنوور لەبەردەم مەلا و فەقێی كوردا نەبووە و لە هەر چوارپارچەی كوردستان هاتوچۆیان كردووە و خوێندوویانە و وانەشیان گوتووەتەوە و فێری زانست و شەرع و عیبادەت بوون. ئەوان خەمخۆری گەلەكەمان بوون، لە هەر شوێنێك كوردێك زوڵمی لێ كرابێت، بەرگرییان لێ كردووە و لەم پێناوەشدا تووشی ئازار و دەركردن و تەنانەت زیاندان بوونەتەوە. مەلای كورد لە سلێمانییەوە چووەتە سابڵاخ و سنە و بۆتان، هیچ مەرز و سنوورێك نەبووە ڕێگریی لێ بكات، لە ئێستاشدا مەلا و مامۆستای كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان زوڵم بكرێت، بە وتار و لە مینبەری مزگەوتەكان و لە كەناڵەكانی سۆشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندنەوە بەرگریی لەو میللەتە كردووە و دەیكات. 

 

Top