دیبرا ئامۆس پەیامنێری نێودەوڵەتی و مامۆستای جۆرنالیزم لە زانكۆی پرینستۆن بۆ گوڵان: ئەنفال یەكێكە لە وانە هەرە تفت و تاڵەكانی مێژوو، كە دەریدەخات كاتێك ڕۆژنامەگەری و سەرنجی نێودەوڵەتی درەنگ دەگەن، چ كارەساتێك ڕوو دەدات

دیبرا ئامۆس  پەیامنێری نێودەوڵەتی و مامۆستای جۆرنالیزم لە زانكۆی پرینستۆن بۆ گوڵان:  ئەنفال یەكێكە لە وانە هەرە تفت و تاڵەكانی مێژوو، كە دەریدەخات كاتێك ڕۆژنامەگەری و سەرنجی نێودەوڵەتی درەنگ دەگەن، چ كارەساتێك ڕوو دەدات

 

دیبرا ئامۆس، پەیامنێری نێودەوڵەتی و مامۆستای جۆرنالیزم لە زانكۆی پرینستۆن، یەكێكە لە دیارترین و بەئەزموونترین دەنگەكانی ڕاگەیاندنی جیهانی كە بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ ڕووماڵی جەنگ و قەیرانە مرۆییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە. ئەو كە خاوەنی چەندین خەڵاتی متمانەپێكراوی جیهانییە وەك: پیبۆدی، ئێمی و خەڵاتی بوێری. كاروانی پیشەیی خۆی لە دامەزراوە گەورەكانی وەك NPR و ABC بەسەر بردووە و لە نزیكەوە ئاگاداری قووڵایی گۆڕانكارییە سیاسییەكان بووە. لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا بۆ گۆڤاری گوڵان، ئامۆس بە وردی باس لە پرسی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ڕزگاربووان، ئابووری میلیشیاكان لە عێراق و میراتی پڕ لە ئازاری ئەنفال دەكات. هەروەها جەخت لەسەر پرسی پاراستنی سەرچاوە هەواڵییەكان و پێویستییەكی مێژوویی دەكاتەوە بۆ ئەوەی كورد خۆیان دەنگی خۆیان بن و چیرۆكی خۆیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بگێڕنەوە، لەم دیمانەیەشدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

• دوای چەندین دەیەی ڕووماڵكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كاریگەرترین گۆڕانكاریی ناوچەكە چییە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بینەرانی جیهانی تا ئێستاش لە چ بابەتێكی گرنگ بە هەڵە تێگەیشتوون؟

- دیارترین گۆڕانكاریی جەوهەری كە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەم ناوچەیەدا تێبینی دەكرێت، هەرەسهێنانی ئەو تێڕوانینە كۆنەیە كە پێی وابوو سەقامگیریی دیكتاتۆری، باجی پاراستنی ڕێكخستنی سیاسییە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، گریمانەی سەرەكیی واشنتۆن و پایتەختە ئەورووپییەكان ئەوەبوو كە مانەوەی ستەمكاران پێویستییەكی ناخۆشە، بەڵام دیكتاتۆرێكی پێشبینیكراو باشترە لە گۆڕانكارییەكی نادیار، كەوتنی سووریا ئەم كۆدەنگییەی بە خراپترین شێوە هەڵوەشاندەوە. ئێستا لە دیمەشق و بەغداوە تا لیبیا و سوودان، دەبینین جێگرەوەكان چەندە لێكترازاو و ناسەقامگیرن، هەرەسهێنانی سیستەمێكی كۆن و سەرهەڵدانی جێگرەوەیەكی جێگیر، دوو پڕۆسەی جیاوازن، ئەوەی جیهان لێی تێناگات ئەوەیە كە ئەم ڕووخانە دەرەنجامێكی خێرا و یەكلاكەرەوەی نییە. سیاسەتی ڕۆژئاوا تەنیا بەدوای كۆتاییەكی ڕووندایە: لابردنی زاڵم، هەڵبژاردن و دادپەروەری، بەڵام ئەوەی لە واقیعدا هەیە، قۆناغێكی ناڕێكی درێژخایەنە كە ڕەنگە نەوەیەك بخایەنێت. لەم قۆناغەدا، لێپرسینەوە، بنیادنانەوە، ئابووریی نایاسایی و دیكتاتۆرییە نوێیەكان، هەموو پێكەوە لە ململانێدان، ئەم ماوە گواستنەوەیە جێگەی دەركەوتنی هێزە دژبەیەكەكانە، گێڕانەوەی ڕووداوەكان تەنیا لە دەوری ساتێكی دراماتیكی، گوزارشت لە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵك ناكات، چیرۆكە ڕاستەقینەكە و ئەو لایەنەی تێگەیشتنی لێی قورسە، تەنیا ساتی ڕووخانەكە نییە، بەڵكو تەواوی ئەو دە ساڵە تەمومژاوییەیە كە بەدوایدا دێت.

• چۆن دەتوانرێت هاوسەنگی لەنێوان داخوازیی ڕزگاربووان بۆ دانپێدانانی فەرمی و وردی ڕێكارە یاساییەكاندا دروست بكرێت، تاوەكو شەفافییەت ببێتە كەرەستەیەك بۆ ڕێگریكردن لە ونبوونی متمانە و قووڵبوونەوەی ئازارەكان لە پرۆسەی لێپرسینەوەدا لە سووریا؟

- لە ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە پرۆسەی لێپرسینەوە لە سووریا، ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر جێی تێڕامانە، پێناسەی ڕزگاربووانە بۆ چەمكی دادپەروەری، ئەوان «دانپێدانانی فەرمی» لەپێش «سزادان» دادەنێن. خێزانەكان دەخوازن ئەو ڕاستییە تاڵەی بەسەر كەسوكاریاندا هاتووە، وەك بەڵگەیەكی مێژوویی و یاسایی بێچەندوچۆن لە دامەزراوە نێودەوڵەتی و فەرمییەكاندا بچەسپێندرێت. ئەمە تەنیا داواكارییەك بۆ «زیندانیكردن» نییە، بەڵكو هەوڵێكی قووڵە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو نكۆڵییە سیستماتیكییەی دەوڵەت كە پتر لە دەیان ساڵە ئازارەكانیانی پشتگوێ خستووە و ڕەوایی لێ زەوت كردوون. كێشەی دەروونیی ئەم نكۆڵیكردنە دامەزراوەییە، زۆرجار لە خودی توندوتیژییە سەرەتاییەكەش پڕئازارتر و گرانترە، چونكە مرۆڤ لە تەنیاییەكی بكوژدا دەهێڵێتەوە.

لێرەدا ململانێیەكی قووڵ لەنێوان «خێرایی لە یەكلاییكردنەوە» و «پەیڕەوكردنی وردی ڕێكارە یاساییەكان»دا هەیە، سووریا پێویستی بە پرۆسەیەكی یاساییی جێی متمانەی نێودەوڵەتی هەیە تاوەكوو پشتیوانی بەردەوامی كۆمەكبەخشەكان و هاوبەشانی بنیاتنانەوە مسۆگەر بكات، چونكە هەر پرۆسەیەك وەك «دادپەروەریی سەركەوتووان» دەربكەوێت، متمانەی جیهانی و شەرعییەتی یاسایی لەدەست دەدات، بەڵام بۆ ڕزگاربووان، هەر دواكەوتنێكی ڕێكاری، وەك بەردەوامیی خیانەتە كۆنەكان هەست پێ دەكرێت. ئاستەنگێكی دیكەی پراكتیكی ئەوەیە، ئەو بەڵگانەی لە كاتی جەنگدا كۆ كراونەتەوە، وەك گەواهیی چالاكوانان و بەڵگەنامە دزەپێكراوەكانی ناو ئەرشیفی ڕژێم، زۆرجار لەگەڵ پێوەرە توندەكانی دادگا یەك ناگرنەوە، ئەمەش مەودایەكی گەورە دەخاتە نێوان «ئەوەی قوربانییان بە دڵنیاییەوە دەیزانن» و «ئەوەی دادگا دەتوانێت بەگوێرەی بنەما یاساییەكان بیسەلمێنێت».

بە بڕوای من، سووریا ناتوانێت ئەم گرژییە بەتەواوی كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵكو تەنیا دەتوانێت بە شەفافییەتێكی ڕەها بەڕێوەی ببات. پێویستە پێوەرەكانی وەرگرتنی بەڵگە و هۆكاری هەڵبژاردنی دۆسیەكان بە ڕوونی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەندرێن تا گومانەكان بڕەوێنەوە. ڕاستگۆیی لەبارەی درێژخایەنیی پرۆسەكە و نیشاندانی جووڵەی ئامێرە دادوەرییەكان بەبێ وەستان، دەبێتە هۆی دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان قوربانی و سیستمدا. ئەوەی متمانە و هیوا بە تەواوی لەناو دەبات، تەنیا سستیی پرۆسەكە نییە، بەڵكو بێدەنگی و ناڕوونییە لە هەنگاوەكاندا كە ئازارەكان دووپات دەكاتەوە.

• چۆن گێڕانەوە و بەڵگە كۆكراوەكان پشتڕاست دەكەنەوە، و پەرەسەندنی مەترسیی سەر سەرچاوەكان چۆن كاریگەریی كردووەتە سەر شێوازی ڕووماڵكردن و میتۆدی كاركردنی ڕۆژنامەوانیتان؟

- میتۆدی من بۆ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر بنەمای سێ سەرچاوەیە، هەرگیز پشت بە تەنیا یەك سەرچاوە نابەستم، بەڵكو دەبێت بەڵگەی جیاواز ئاراستەكان یەك بخەنەوە، گێڕانەوەیەك هەرچەند كاریگەریش بێت، بێ بوونی شایەتێكیتر، دۆكیومێنتێكی فەرمی، وێنەی سەتەلایت یان ڤیدیۆی دیاریكراوی جوگرافی، نابێتە هەواڵ. لێكۆڵینەوەی سەرچاوە كراوەكان بوونەتە هاوبەشێكی كاریگەر، چونكە بە وردی كات و شوێن دەسەلمێنن و شێوازەكانیان بۆ هەمووان شیاوی پشكنینەوەن.

ئەوەی ئێستا گۆڕاوە چەمكی پاراستنی سەرچاوەیە، جاران تەنیا شاردنەوەی ناو گرنگ بوو، بەڵام ئەمڕۆ مێتاداتا، پاشبنەمای وێنە و تاگی شوێنەكان، مەترسیی ڕاستەقینەن. نیشانەیەكی ورد لە ڤیدیۆیەكدا دەتوانێت سەرچاوەیەك بە ئاسانی بدات بەدەستەوە، ئێستا ئەركی من زیاتر لەسەر بڕیاردانە بۆ سڕینەوە یان تەڵخكردنی وردەكارییەكان، نەك تەنیا بڵاوكردنەوەیان. دەبێت بە ڕاشكاوی گفتوگۆی قووڵ لەگەڵ سەرچاوەكان بكەم دەربارەی مەترسییەكان، چونكە پاراستنی ناو تەنیا بەشێكی بچووكە؛ پێویستە تەواوی ئەو وردەكارییانە بە وردی كۆنتڕۆڵ بكرێن كە ڕەنگە لە كۆتاییدا ببنە هۆی ئاشكرابوونی ناسنامەی مرۆڤەكان لە ناوچە مەترسیدارەكاندا، بۆیە بەرپرسیارێتیی ئێستای من لە جاران زۆر زیاتر قورستر بووە.

• كام ڕەهەندی ئەزموونی عێراق پاش ساڵی ٢٠٠٣ پەراوێزخراون؟ ئایا میلیشیاكان بەهێزتر دەبن، ئایا پارە جێی ئایدیۆلۆژیای وەك هەوێنی كۆكەرەوەی ئەم تاقمانە لە گۆڕەپانی سیاسیدا گرتووەتەوە؟

- گرنگترین چیرۆكی پەراوێزخراوی عێراق شەڕ و تەقینەوەكان نین، بەڵكو داڕمانی دامەزراوەیی و دەرئەنجامی وێرانكەری دوو دەیە پەككەوتنی ژیانی ئاساییە، خێزانە ئاوارەكان كە زۆرینەی تەمەنیان لە دەرەوەی زێدی خۆیان بەسەربردووە، پەككەوتنی كەرتی تەندروستی و پەروەردە، سەرهەڵدانی نەوەیەك كە هەرگیز دەوڵەتێكی كارا و جێمتمانەیان نەبینیوە، ئەو برینە قووڵانەن كە لە چوارچێوەی هەواڵە خێراكاندا جێیان نابێتەوە، ئەمە ڕووداوێكی كاتی نییە، بەڵكو دۆخێكی درێژخایەنە كە ژیانی ڕۆژانەی عێراقییەكانی تەنیوە، تێگەیشتن لەم واقیعە پێویستی بە وردبوونەوە لە چۆنیەتی كەڵەكەبوونی زیانە زیانبەخشەكان هەیە لە ئاستی نیشتمانیدا.

پرسی میلیشیاكان ڕێك لە جەرگەی ئەم چیرۆكەدایە. پێویستە واز لەو دیدگا باوەی ڕۆژئاوا بهێنرێت كە گرووپە نزیكەكانی ئێران تەنیا وەك دیاردەیەكی ئایدیۆلۆژی یان تائیفی دەبینێت. ئەمانە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بوونەتە كاراكتەری گەورەی ئابووری، گرووپەكانی وەك كەتائیبی حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا ساڵانە ملیارەها دۆلار لە بودجەی دەوڵەت وەردەگرن، كەچی لە دەرەوەی فەرمانی فەرمیی سەرۆكوەزیرانن. ئەوان تۆڕی بازرگانی، بیناسازی، قاچاخچێتی و نوێنەرایەتیی پەرلەمانییان هەیە و بزوێنەری ئابووریی وڵاتن.

لە ساڵی ٢٠٢٦دا، پێكدادانی ئەمریكا و ئێران شەرعییەتێكی سیاسیی بەم گرووپانە بەخشی، تا خۆیان وەك بەرگریكار نیشان بدەن، ئەمەش لە كاتێكدایە بەهۆی قەیرانی داراییەوە گەشەی ئابووریی وڵات نزیكەی لەسەدا حەوت كەمی كردووە. لێرەدا پارە و ئایدیۆلۆژیا تەواكەری یەكترن، ئایدیۆلۆژیا وەك پۆششێكی سیاسی و جەماوەری كار دەكات و پارەش دڵسۆزیی چەكدارەكان و فەرماندەكان مسۆگەر دەكات. كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە پڕۆسەی چەكداماڵین و وادەی ٣٠ی ئەیلوول بۆ كشانەوەی هێزەكان بەردەوام پەك دەخرێن، چونكە تۆ تەنیا داوا لە گرووپێكی چەكدار ناكەیت دەستبەرداری ئامانجەكانی بێت، بەڵكو داوا لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین تۆڕە بازرگانییەكانی عێراق دەكەیت خۆیان هەڵوەشێننەوە. پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەكان و هەژموونی ئابووریی نافەرمی، لە پاڵ گوتاری سیاسی، وای كردووە ئەم كێشەیە زۆر لەوە ئاڵۆزتر بێت كە لە میدیا جیهانییەكاندا وێنا دەكرێت و ڕاستیی ژیانی خەڵكی لێرەدا وەك دیلێكی بێ دەنگ ماوەتەوە.

• پرۆسە بەدناوەكانی ئەنفال كە دژی كورد ئەنجامدران، چ وانەیەكمان دەربارەی ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە بەبەڵگەكردنی دڕندایەتییەكان و پاراستنی گەواهیی ڕزگاربووان فێر دەكات؟

-ئەنفال یەكێكە لە وانە هەرە تفت و تاڵەكانی مێژوو، كە دەری دەخات كاتێك ڕۆژنامەگەری و سەرنجی نێودەوڵەتی دوای ساڵانێكی زۆر و درەنگ دەگەن، چ كارەساتێك ڕوو دەدات. جیهان تەنیا كاتێك لە ڕادەی ڕاستەقینەی تاوانەكە تێگەیشت كە هەموو شتێك كۆتایی هاتبوو، ئەویش لە ڕێگەی گەواهیی ڕزگاربووان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و بەڵگەنامەسازییەكی وردەوە بوو. ئەم خشتە زەمەنییە دەبێت شێوازی تێڕوانینی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕووماڵكردنی تاوانەكان بگۆڕێت، نابێت وەك بابەتێكی كاتیی نێو بازنەی هەواڵ سەیری بكرێت، كە تەنیا هەفتەیەك بایەخی هەبێت و پاشان فەرامۆش بكرێت. پێویستە بەڵگەنامەكردن و پاراستنی گەواهییەكان بە بەردەوامی ئەنجام بدرێن، تەنانەت لەو ساڵانەدا كە هیچ دادگا و حكومەت و ناوەندێكی نێودەوڵەتی ئامادە نییە كار لەسەر ئەو ماددانە بكات. نەبوونی بینەرێكی ئامادە بۆ كاردانەوە، لە بایەخی تۆمارەكان كەم ناكاتەوە. ئەنفال دەیسەلمێنێت كە تێگەیشتنی داهاتوو چەندە بەو گەواهی و بەڵگەنامانەوە بەستراوەتەوە كە پێش دروستبوونی ویستی سیاسی پارێزراون، جگە لەوە، ئەنفال ڕاستییەكی تاڵمان دەربارەی بەردەوامیی نكوڵیكردن پێ دەڵێت، چونكە نكوڵیكردن و بچووككردنەوەی جینۆساید هەمیشە بەدوای تاوانە گەورەكاندا دێت، لێرەدا گەواهییە ڕاستەقینەكان دەبنە قەڵغانێكی پۆڵایین دژی شێواندنی مێژوو. گەیاندنی گەورەترین دەستكەوتی ڕۆژنامەگەری، تەنیا بڵاوكردنەوەی سەرەتایی نییە، بەڵكو دروستكردنی ئەرشیفێكی بەهێزە كە لە داهاتوودا كەس نەتوانێت ڕەتی بكاتەوە، پاراستنی ئەم تۆمارانە تەمەنی گەواهییەكان درێژ دەكاتەوە، تەنانەت دوای كۆچی شایەتحاڵەكان و نەمانی سەرنجی جیهانیش بۆ كارەساتەكە.

• كام ڕەهەندانەی ژیانی كورد لە ڕووماڵە نێودەوڵەتییەكاندا پشتگوێ خراون، چۆن ڕۆژنامەنووسان دەتوانن دەسەڵاتێكی كاراتر ببەخشنە دەنگە كوردییەكان بۆ داڕشتنەوەی گێڕانەوەكانی تایبەت بە خۆیان؟

- ڕووماڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ پرسی كورد لە عێراق، سووریا و توركیا، لە سێ چوارچێوەی چەقبەستوودا قەتیس ماون كە بریتین لە: ململانێی چەكداری، ئاوارەیی و خەونی دەوڵەتبوون، ئەم چوارچێوانە بەهۆی ئەوەی بۆ بینەری دەرەكی ئاسان تێدەگەنرێن و لەگەڵ گێڕانەوە جیۆپۆلیتیكییە باوەكانی ناوچەكەدا دەگونجێن، هەمیشە وەك تەوەری سەرەكی دەمێننەوە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا ون دەبێت، تەواوی ئەو ڕەهەندانەن كە ژیانی سیاسی و كولتووریی كوردی بە مانا ڕاستەقینەكەی ئاڵۆز دەكەن، لەوانە ململانێ توندە نێوخۆییەكان، گۆڕانكاریی نێوان نەوەكان لە تێگەیشتن بۆ سیاسەتی ناسیۆنالیستی، ڕێڕەوە جیاوازەكانی هەر بەشێكی كوردستان كە بەپێی سرووشتی ئەو دەوڵەتەی حوكمی دەكات، شێوەیان گرتووە، لەپاڵ دیمەنێكی دەوڵەمەندی هونەری و كولتووریی سەردەمییانە كە زۆر دەگمەن لە ڕووماڵە تەنگژە-ئامێزەكاندا ڕەنگ دەدەنەوە.

ئەم ڕەهەندانە شایستەی ئەوەن وەك بەشێكی بنەڕەتی لە ژیانی كوردی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. وێنەیەك كە تەنیا لە دەوری ململانێ و جەنگ ڕێك خرابێت، بوارێكی كەم بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانكارییە سیاسی و فەرهەنگییانە دەهێڵێتەوە كە لەنێوجەرگەی ئەم كۆمەڵگەیانەدا ڕوو دەدەن، هەروەها كێشەیەكی پێكهاتەیی لە شێوازی ڕووماڵكردنی كورد وەك یەكەیەكی یەكگرتووی بێدرز هەیە، لە جیاتی ئەوەی وەك چەندین كۆمەڵگەی سیاسیی جیاواز و خاوەن ناكۆكیی قووڵ و هەندێك جار تاڵ بناسرێن، وەك ململانێكانی نێوان سیستەمی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و نەریتی سیاسیی پەكەكە، یان ململانێی نێوان پارتە سیاسییەكانی نێو عێراق و فراكسیۆنە كوردییەكانی سووریا، كە پەیوەندیی جیاوازیان لەگەڵ دیمەشق و ئەنقەرەدا هەیە.

سادەكردنەوەی ئەم ئاڵۆزییە بۆ گێڕانەوەیەكی یەكڕەهەندی، نەك هەر سستی و لاوازییە لە شیكردنەوەدا، بەڵكو بێڕێزییەكی گەورەشە بەرامبەر ئەو دیبەیتە سیاسییە ڕاستەقینانەی لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا لە ئارادان، كە زۆرجار پڕماناترن لە گێڕانەوە دەرەكییەكان بۆ ململانێكان. مامەڵەی جدی لەگەڵ ئەم دیبەیتانە پێویستی بە سەرنجدانێكی ورد هەیە لەسەر ئەوەی كێ ناكۆكە، نوێنەرایەتیی كام ڕێبازی سیاسی دەكەن و ئەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین چۆن بژاردەكانیان دیاری دەكەن.

بەخشینی كارەكتەری كاریگەر بە دەنگی كورد، بە گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی دەست پێدەكات لەوەی كێ چیرۆكەكە دادەڕێژێت: پێویستە ڕۆژنامەنووس، ئەكادیمی و شرۆڤەكارە كوردەكان وەك نووسەری دەقی گێڕانەوەكە دەربكەون، نەك تەنیا وەك سەرچاوەیەك لە نێو ئەو پێكهاتەیەی كە پەیامنێرێكی بیانی پێشوەختە دروستی كردووە. ئەمە بەو مانایەیە كە ناكۆكییە سیاسییە نێوخۆییەكانی كورد بە هەمان جدییەتی هەر سیستمێكی تری سیاسی ڕووماڵ بكرێن، نەك یەكگرتوویی وەك مەرجێكی پێشوەختە بۆ جدی وەرگرتنی ژیانی سیاسیی كورد دابنرێت. جیاوازییەكە لەوەدایە كە ئایا تەنیا وەك سەرچاوە بانگهێشت دەكرێیت، یان ڕۆڵت دەبێت لە دیاریكردنی جەوهەری چیرۆكەكە. پێدانی بواری زیاتر بە كاراكتەری كوردی، پێویستی بە فەراهەمكردنی دەرفەتە بۆ ڕوانگە كوردییەكان تا پرسیارەكان دابڕێژن، نەك تەنیا وەڵام بدەنەوە، ئاڵۆزی و جیاوازی نیشانەی كۆمەڵگەیەكی سیاسیی زیندوون، نەك كەموكوڕییەك بۆ دڵخۆشكردنی بینەری بیانی.

Top