جۆشوا بەسبی ڕاوێژكاری باڵای پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بۆ كاروباری گۆڕینی كەشوهەوا بۆ گوڵان: مەترسییە نوێیەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بێ دوژمنی دیاریكراون، وشكەساڵی بێ سوپایە و پەتای جیهانییش بێ حكومەتە، بۆیە پێویستە دامەزراوەكانمان ‹فرەئەرك› بن

جۆشوا بەسبی ڕاوێژكاری باڵای پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بۆ كاروباری گۆڕینی كەشوهەوا بۆ گوڵان: مەترسییە نوێیەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بێ دوژمنی دیاریكراون، وشكەساڵی بێ سوپایە و پەتای جیهانییش بێ حكومەتە، بۆیە پێویستە دامەزراوەكانمان ‹فرەئەرك› بن

 

 

پڕۆفیسۆر جۆشوا بەسبی، مامۆستای كاروباری گشتی « Public Affairs» ـە لە زانكۆی تێكساس و ڕاوێژكاری باڵای پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بۆ كاروباری گۆڕینی كەشوهەوا بووە و، خاوەنی سێ كتێبی چاپخانەی كامبریجە، دیارترینیان «دەوڵەتان و سرووشت» كە باس لە كاریگەریی كەشوهەوا لەسەر ئاسایش دەكات. لە میدیا جیهانییەكاندا وەك شارەزایەكی دیاری بەڕێوەبردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و وزە ناسراوە. لەم چاوپێكەوتنەدا، بەسبی بە دیدێكی قووڵ و زانستی، تیشك دەخاتە سەر ئاسایشی ژینگەیی، پرۆسەی پەڕینەوە بەرەو وزەی پاك، ئاستەنگەكانی بەردەم كەمكردنەوەی پاشماوە ژەهراوییەكان و داهاتووی كانزا سەرەكییەكان.

 

• لە سایەی ململانێ جیهانییەكاندا، چۆن دەكرێت حكومەتەكان گۆڕانی كەشوهەوا وەك تەحەددایەكی هەنووكەیی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ببینن و ژێرخانێكی پتەو بۆ داهاتوویەكی پڕ گۆڕانكاری بنیاد بنێن؟

- گۆڕانی كەشوهەوا چیتر وەك پرسێكی دوورەدەست بۆ نەوەكانی داهاتوو تەماشا ناكرێت، بەڵكوو گۆڕاوە بۆ تەحەددایەكی هەنووكەیی و حكومەتەكان لە ئێستادا لە ناو جەرگەی قەیرانەكانیدان، دیاردە سرووشتییە توندەكانی وەك وشكەساڵی، لافاو و گەرمای بێ پێشینە، ئیدی بەشێكن لە واقیعی ڕۆژانە كە پێویستیان بە چارەسەری دەستبەجێ هەیە، هەرچەندە پەرەسەندنی ململانێ جیۆپۆلیتیكییەكان و جەنگە خوێناوییەكان لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجی دەوڵەتانیان بەرەو ئاسایشی كلاسیك و سەرەكی ڕاكێشاوە و پرسی ژینگەیان بۆ كۆتایی ڕیزبەندی كارە لەپێشینەكان دابەزاندووە، بەڵام ئەم پشتگوێخستنە دەرەنجامی ستراتیژیی مەترسیداری دەبێت. مانەوە لە پێگەیەكی بەهێزی ئابووری و ستراتیژیدا، بە شێوەیەكی بنەڕەتی بەندە بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی خۆڕاگر و گونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكانی وزەدا، ئەو دەوڵەتانەی پێشوەختە خۆیان بۆ گۆڕانی سیستمی وزە و كاریگەرییە فیزیاییەكان ئامادە دەكەن، لە داهاتوودا دەبنە خاوەنی باڵادەستی، بۆیە پێویستە سیاسەتی ژینگەیی لەگەڵ گەشەپێدانی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیدا یەك بخرێت. لە جیهانێكدا كە پێوەرە كۆنەكانی پلەی گەرمی و بارانبارین چیتر جێگەی متمانە نین، داڕشتنەوەی دامەزراوەكان لەسەر بنەمای واقیعە نوێیەكان، تاكە ڕێگەی دەربازبوونە لەو تەنگژە جیهانییەی كە ئێستا بەرۆكی تەواوی مرۆڤایەتیی گرتووە و هەڕەشە لە سەقامگیری و ژیانی مرۆڤەكان دەكات.

• ڕۆڵی دامەزراوەكان لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوادا چییە؟ ئایا ململانێی ئەلەكترۆ-دەوڵەت و پترۆ-دەوڵەت چۆن كار دەكاتە سەر نەخشەی جیۆپۆلەتیكی و ئایندەی ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

- توانای دامەزراوە حكوومییەكان بۆ وەڵامدانەوەی ئالنگارییەكانی كەشوهەوا جێی بایەخە، چونكە گۆڕینی دەرئەنجامە فیزیكییەكان بۆ قەیرانی سیاسی و ئابووری، تەنیا بەندە بە كارایی دامەزراوەكانەوە. حكومەتەكان لە نێوان دوو بەرپرسیارێتیی گەورەدان: «خۆگونجاندن» لەگەڵ كاریگەرییە هەنووكەییەكان و «كەمكردنەوە»ی دەردانی گازەكان بۆ ڕێگری لە كارەساتی گەورەتر. سستی لە پرۆسەی كەمكردنەوە، تێچووی خۆگونجاندن یەكجار گران و ئەستەم دەكات.

ئێستا گواستنەوە بەرەو وزەی پاك ڕەهەندێكی جیۆپۆلەتیكی وەرگرتووە و كێبڕكێ لەسەر سەرچاوە و تەكنەلۆژیاكان چڕ بووەتەوە، لێرەدا جیاكاری لە نێوان «ئەلەكترۆ-دەوڵەت» و «پترۆ-دەوڵەت»دا دەردەكەوێت. دەوڵەتە ئەلەكترۆنییەكان لەسەر بنەمای تەكنەلۆژیای نوێ و وزەی نوێبووەوە گەشە دەكەن، لە كاتێكدا پترۆ-دەوڵەتەكان هێشتا بەستراوەی سووتەمەنیی سەرچاوە سرووشتییەكانن، بۆ ناوچەی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم گۆڕانكارییە دەرفەتێكە تاوەكو سامانە سرووشتییەكان بۆ بنیادنانی ژێرخانێكی پتەو و هەمەچەشنكردنی ئابووری بەكار بهێنن، نەك تەنیا وەك هەڕەشەیەكی مەترسیدار بیبینن.

هەر بۆیە لەم پرسەدا كارایی دامەزراوەیی سەنگی مەحەكە، وڵاتێكی خاوەن دامەزراوەی ئاودێریی پێشكەوتوو، زۆر باشتر ڕووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوە و تۆڕی كارەبای بەهێزیش بەرگەی گەرمای توند دەگرێت، كەواتە ئاستی مەترسییەكانی كەشوهەوا تەنیا بە پلەی گەرمی و باران ناپێورێت، بەڵكو گشت ئەم لایەنانە پەیوەستن بە ئاستی كوالێتی و توانای دامەزراوەكان لە بەرگریكردن و پلاندانانی ستراتیژیدا. ئەمە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت حكومەتەكان بە وردی كار بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان بكەن، تا بتوانن لە داهاتوودا بە سەركەوتوویی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە قەیرانێكی سەخت و نەخوازراوی جیهانی ببنەوە.

• ئایا مەترسییەكانی دابین نەكردنی ئاسایسی پرسی كەشوهەوا چین و بۆچی پێویستە حكومەت لەبری سوپا، جەخت لەسەر ژێرخانی مەدەنی و خۆڕاگری بكاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆكەكان و پاراستنی كۆمەڵگە؟

- مەترسییەكی گەورە لە گۆڕانكاریی زیادەڕۆییانەی كەشوهەوادا هەیە، چونكە ناساندنی ئەم ئاسایشە وەك پرسێكی سەربازی، مەیلی سپاردنی ئەركەكان بە سوپا زیاد دەكات، بەڵام زۆربەی ئالنگارییە ژینگەییەكان بە هێزی چەكدار چارەسەر نابن، ئەگەر دامەزراوە مەدەنییەكان پەك بكەون و سوپا ناچار بە دەستوەردان بكرێت، ئەمە نیشانەی شكستی قووڵی حوكمڕانییە. وەبەرهێنانە هەرە گرنگەكان دەبێت لە كەرتی مەدەنیدا بن: وەك ئامادەكاری بۆ كارەساتەكان، بنیادنانی ژێرخانی خۆڕاگر بەرانبەر گۆڕانكارییەكان، سیستمی پێشبینیی ورد، دابینكردنی ئاو و كارەبا و ئاسایشی خۆراك. هەرچەندە سوپا ئەركی پاراستنی دامەزراوەكان و هاوكاریی مرۆیی هەیە، بەڵام ئاسایشی نیشتمانی تەنیا بە پاراستنی بنكە سەربازییەكان بەدی نایەت، بەڵكو دەوڵەت بە شاری زیندوو، ئاوی پاك و خزمەتگوزاریی گشتییەوە دەمێنێتەوە، هەروەها، چونكە كەشوهەوا سنوورە نێودەوڵەتییەكان دەبەزێنێت، پێویستمان بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی هەیە نەك تەنیا ململانێی ئەمنی و كێبڕكێی نیشتمانی. بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، چەمكی «خۆڕاگری» زۆر گرنگترە لە «بەسەربازیكردن»، پێویستە بە جددی كار لەسەر ئەوە بكرێت كە چۆن كۆمەڵگە توانای بەرگەگرتنی شۆكە ژینگەییەكانی هەبێت، پێش ئەوەی ئەو فشارانە بە خێرایی بگۆڕێن بۆ قەیرانی سیاسی، ئابووری، یان مرۆیی كوشندە، كە سەقامگیریی گشتیی نیشتمانی بە شێوەیەكی مەترسیدار تێك بدەن.

• چۆن حكومەتەكان دەتوانن لە چوارچێوەی خولەكانی هەڵبژاردندا، هاوسەنگییەكی ورد لە نێوان پڕكردنەوەی پێداویستییە هەنووكەییەكان و وەبەرهێنانی ستراتیژیی درێژخایەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەكانی كەشوهەوادا دروست بكەن؟

- یەكێك لە گۆڕانكارییە هەرە بنەڕەتییەكان ئەوەیە كە پرسی كەشوهەوا لە ئاستی پێشبینییەكی دوورمەوداوە، گۆڕاوە بۆ واقیعێكی هەنووكەیی و هەستپێكراو، جاران بەهۆی دووریی كاتیی مەترسییەكانەوە، حكومەتەكان پاڵنەرێكی سیاسیی ئەوتۆیان بۆ وەبەرهێنانی ستراتیژی نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ وشكەساڵی، لافاو و گەرمای بێ پێشینە، دەسەڵاتدارانیان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییەكی دەستبەجێ كردووەتەوە. ئاستەنگە ڕاستەقینەكە لەوەدایە كە نابێت كاردانەوەكان تەنیا لە چوارچێوەی هەنگاوی كاتی و ڕووكەشدا قەتیس بمێننەوە، چونكە هاوكاریی فریاگوزاریی دوای كارەساتەكان، هەرگیز نابێتە جێگرەوەی پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو و بەهێزكردنی تۆڕەكانی وزە. لێرەدا چەمكی «بەرگری» بایەخێكی سیاسیی تایبەت پەیدا دەكات، چونكە وەبەرهێنانی دوورمەودا هاوكات دەستكەوتی خێراشی بۆ كۆمەڵگە هەیە. سیستمی پێشكەوتووی كارەبا و پاراستنی ژینگە، هەم ژیانی ڕۆژانە باشتر دەكەن و هەم ڕووبەڕووی شۆكەكانی ئایندەش دەبنەوە. هەروەها، دابەزینی تێچووی تەكنەلۆژیا پاكەكان وای كردووە كە ئابووریی ئەم پرسە بگۆڕێت، ئێستا بەكارهێنەران تەنیا بۆ ژینگە، نا، بەڵكو بۆ هەرزانی و ئاسایشی وزە ڕوو لەو تەكنەلۆژیایانە دەكەن. لێرەوە، حكومەتەكان دەتوانن بە سیاسەتێكی ژیرانە، گەشەی ئابووری و خۆڕاگریی ژینگەیی بە جۆرێك یەك بخەن، كە خزمەت بە كۆی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و باشتركردنی بژێوی خەڵك بكات و هەموو ئاستەنگەكان بگۆڕێت بۆ دەرفەتی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام.

• سەرەڕای هەڕەشە سەربازییەكان، ئێستا گۆڕانی كەشوهەوا و تەكنەلۆژیا ئاستەنگی نوێن، عێراق و هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانن لە چارەكە سەدەی داهاتوودا، بنەماكانی خۆڕاگریی نیشتمانی بەرانبەر ئەم وەرچەرخانە جیهانییانە دابڕێژنەوە و بپارێزن؟

- ستراتیژێكی ئاسایشی نیشتمانی كە تەنیا لە ڕوانگەی هەڕەشە سەربازییە كلاسیكییەكانەوە دابڕێژرێت، بە دڵنیاییەوە حكومەتەكان لە ئاست مەترسییە فرەجۆرەكاندا بێ بەرگری دەهێڵێتەوە، هەرچەندە دەوڵەتان هەمیشە پێویستە بۆ ململانێ جیۆپۆلیتیكییەكان ئامادە بن، بەڵام مەترسییە نوێیەكان بێ دوژمنی دیاریكراون، بۆ نموونە وشكەساڵی بێ سوپایە و پەتای جیهانییش بێ حكومەتە، بۆیە پێویستە دامەزراوە ئەمنییەكان خاوەن نەرمییەكی «فرەئەرك» بن، ڕێك وەك چەقۆی سویسری، تا بتوانن لەگەڵ هەموو جۆرە قەیرانێكی كتوپڕدا خۆیان بگونجێنن. تەوەرەی بنەڕەتی لێرەدا دەبێت «بنیادنانی توانا» و «خۆڕاگریی دامەزراوەیی» بێت. خۆڕاگری بەواتای نەبوونی قەیران نایەت، بەڵكو بەواتای بەردەوامیی سیستمەكان و چاكبوونەوەی خێرایە لە كاتی پەككەوتندا. ئەمەش پێویستی بە بوونی سیستمێكی جێگرەوەی فرەجۆر (Redundancy) لە سێكتەرەكانی وزە، پەیوەندی و ئاودا هەیە، تا لە كاتی لەكاركەوتنی یەكێكیان، ئەویتر جێگەی بگرێتەوە. ئەم دیدگایە بۆ هەرێمی كوردستان بایەخێكی ستراتیژیی باڵای هەیە، چونكە ئاسایشی نیشتمانی، وزە، ئاو، گەشەی ئابووری و خزمەتگوزارییەكان، كۆمەڵە دۆسیەیەكی لێكجودا نین، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتگیر و هاوتەریب كاریگەریی ڕاستەوخۆ لەپێناو بەرژەوەندی گشتی لەسەر یەكتری دادەنێن. بۆ نموونە، گەرمای تاقەتپڕووكێن فشار دەخاتە سەر كارەبا و كارەباش كاریگەری لەسەر نەخۆشخانە و سیستمی ئاو دەبێت، كەواتە ئامانجی سەرەكیی حكومەت دەبێت بنیادنانی دامەزراوەیەك بێت كە توانای تەواوی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم مەترسییە تێكهەڵكێش و ئاڵۆزانە هەبێت، چونكە ئەمە دەبێتە پێوەری ڕاستەقینەی سەركەوتن و كارایی هەر حكومەتێكی بەهێز لە داهاتوویەكی نزیكدا.

•  وەك ڕاوێژكاری باڵای كەشوهەوا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، چ وانەیەك لە شێوازی مامەڵەی پنتاگۆن لەگەڵ مەترسییە درێژخایەنەكاندا هەیە كە حكومەتە مەدەنییەكان، بەتایبەت لە ناوچەی ئێمەدا، پەیڕەوی بكەن؟

- گرنگترین وانە، تێڕوانینە بۆ ژێرخان بەپێی تەواوی تەمەنی كاركردنی، كاتێك دامەزراوەیەك بۆ چەندین دەیەی داهاتوو بونیاد دەنرێت، ناكرێت تەنیا پشت بە داتای كەشوهەوای ڕابردوو ببەستێت، بەڵكو دەبێت ئەگەری لافاو، گەرما و وشكەساڵی لەبەرچاو بگرن، پاراستنی ئاسایشی كەشوهەوا ئەركێكی سەرەكیی دامەزراوە مەدەنییەكانە. پێویستمان بە سیستمی پێشوەختەی ئاگاداركردنەوە، كشتوكاڵی خۆڕاگر، بەڕێوەبردنی كارای سەرچاوە ئاوییەكان و وزەی بەردەوام هەیە. ئەگەر كۆمەڵگە تووشی شكستی خزمەتگوزاری ببێت، بنكە سەربازییەكان بە تەنیا پارێزراو نابن، خۆگونجاندن دەبێت وەك ئەركێكی نەگۆڕی دەوڵەت ببینرێت، نەك سیاسەتێكی كاتی كە لەگەڵ گۆڕانی ئاراستە سیاسییەكاندا بگۆڕێت. ژێرخانە گرنگەكانی وەك بەنداو، نەخۆشخانە و تۆڕی كارەبا بۆ ماوەیەكی درێژ خزمەت دەكەن، بۆیە پێویستە دیزاینەكەیان لەسەر بنەمای ئەو بارودۆخانە بێت كە لە ئایندەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لایەنە سیاسییەكان و قەیرانە نێودەوڵەتییەكان دەگۆڕێن، بەڵام ژێرخانەكان دەمێننەوە، كەواتە پلاندانانی درێژخایەن دەبێت لە هەژموونی گۆڕانكارییە سیاسییە كورتخایەنەكان جیا بكرێتەوە. ئەمە تاكە ڕێگەیە بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیریی نیشتمانی لە ناوچە گەرمەكاندا، چونكە بونیادنانی داهاتوو پێویستی بە دیدگایەكی فراوانی نیشتمانی هەیە تا بپارێزرێت.

•  لە ڕوانگەی ئاسایشی كەشوهەواوە، گرنگترین ئەو مەترسی و ئالنگارییانە چین كە پێویستە بڕیار بەدەستانی هەرێمی كوردستان لەپێشینەی كارەكانیاندا جێگیریان بكەن؟

- هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو، گەرمای بێوێنە و فشارە هەرێمییەكان دەبێتەوە. لێرەدا چوار ڕەهەندی ستراتیژی دەبنە چەقی مەترسییەكان. یەكەم، كەرتی كشتوكاڵ، كە بەهۆی كەمئاوییەوە هەڕەشە لە بژێویی لادێنشینەكان و ئاسایشی خۆراك دەكات، بۆیە بنبڕكردنی بەفیڕۆچوونی ئاو و پەرەپێدانی ئاودێری مۆدێرن پێویستییەكی هەنووكەیین. دووەم، كەرتی كارەبا، كە لەگەڵ گەرمای توند فشار دەخاتە سەر تۆڕەكان، پێویستە وەبەرهێنان لە وزەی خۆر، پاتری و بەهێزكردنی ژێرخانی گواستنەوە بكرێت. سێیەم، ڕەهەندی سیاسی، چونكە پچڕانی خزمەتگوزارییەكان دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و تێكچوونی سەقامگیریی نیشتمانی. چوارەم، دیپلۆماسیی ئاو، چونكە ڕووبارەكان سنوور ناناسن و پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، وەك توركیا، بگەنە ڕێككەوتنی دامەزراوەیی و نێودەوڵەتی بۆ دابەشكردنی دادپەروەرانە. لە كۆتاییدا، دەبێت خۆگونجاندن وەك بەشێكی دانەبڕاو لە پلانی گەشەپێدانی ئابووری و سیاسیی گشتگیر تەماشا بكرێت، نەك تەنیا بابەتێكی ژینگەیی. ئامانجە سەرەكییەكە دروستكردنی دامەزراوە و ژێرخانێكی واقیعییە كە بەرگەی شۆكەكان بگرێت و ڕێگری لە گۆڕینیان بۆ قەیرانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكات، لێرەوە پاراستنی ئاسایشی ژینگەیی دەبێتە كۆڵەكەی سەرەكی بۆ داهاتوویەكی سەقامگیر لە هەرێمدا كە پێویستی بە هەوڵێكی نیشتمانی و گشتگیرە.

 

Top