ڕیڤا كاستۆریانۆ توێژەری باڵا لە ناوەندی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی پاریس بۆ گوڵان: ئەمڕۆ كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە شەرعییەتێكی تەواوەوە خۆی وەك «كورد» دەناسێنێت، نەك وەك هاووڵاتیی ئەو دەوڵەتانەی لێوەی هاتووە
پرۆفیسۆر ڕیڤا كاستۆریانۆ، یەكێكە لە صتوێژرە دیارەكانی بواری ناسیۆنالیزم، كۆچ و پێوەستبوونی سیاسی، كە ئەزموونی ئەكادیمیی قووڵی زیاتر لە چل ساڵی هەیە. وەك پڕۆفیسۆری فەخری لە ناوەندی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی پاریس و وانەبێژی پێشووی زانكۆی هارڤارد، توانیویەتی تێڕوانینێكی جیاواز دەربارەی چۆنیەتی پەرەسەندنی ناسنامە نەتەوەیی و ئایینییەكان پێشكەش بكات. توێژینەوەكانی تیشك دەخەنە سەر پرسی هاووڵاتیبوون و چۆنیەتی گونجاندنی فرەچەشنی لەلایەن دەوڵەتانەوە. ئەو خاوەنی چەندین كتێبی گرنگە و سۆسیۆلۆژیای سیاسی و لێكۆڵینەوەی بەراوردكاری پێكەوە گرێ دەدات. لەم دیمانەیەدا زیاتر تیشكمان خستووەتە سەر چەمكێكی تازەی ناسیونالیزم كە ئەو ناوی لێناوە: «ناسیۆنالیزمی فرەنەتەوەیی -»Transnational Nationalisms.
● لە وتاری «ناسیۆنالیزمی فرەنەتەوەیی»، جیاكاری لەنێوان ناسیۆنالیزمی نانیشتمانیی كۆمەڵگەكان و دەرەنیشتمانیی دەوڵەتان دەكەیت؛ ئایا پراكتیكە فرەسنوورەكان، دەوڵەتی نەتەوەیی لاواز دەكەن، یان ناسیۆنالیزم لەودیو سنوورە جوگرافییەكانەوە بەهێزتر و كاریگەرتر كارا دەكەن؟
- ناسیۆنالیزمی فرەنەتەوەیی، گوزارشت لە فۆرمێكی مۆدێرنی ناسنامە دەكات كە لە سنوورە تەقلیدییەكانی دەوڵەت-نەتەوە دەردەچێت. ئەم چەمكە تایبەتە بە كەمینەگەلێك كە لە ڕووی سیاسییەوە بەشێكن لە دەوڵەت، بەڵام لە پێكهاتە كولتوورییەكەی «نەتەوە» دابڕاون. لێرەدا نەتەوە وەك كۆمەڵگەیەكی مێژوویی و كولتووریی بڵاوبووەوە لەسەر جوگرافیایەكی فراوان پێناسە دەكرێت، كە لە ڕەهەندی «دیاسپۆرا» جیایە. فراوانبوونی ئەم ئینتیما نەتەوەییە، دەوڵەت بەهێز دەكات، چونكە هاوسۆزییەكی كولتووریی سنووربڕ دروست دەكات، بەڵام لە ڕوانگەیەكی كۆمارییەوە، ئەمە دەبێتە هۆی لاوازكردنی خودی قەوارەی دەوڵەت. چونكە كاتێك دەوڵەت هەوڵی ڕاگرتنی پەیوەندیی هاووڵاتیانی دەرەوە بە خاكی دایك دەدات، سنوورە سیاسییەكان دەبەزێنێت و جەوهەری هاووڵاتیبوونی ناوخۆیی دەلەرزێنێت. لەلایەكی دیكەشەوە، ئەم پڕۆسەیە كەمینەكان بەهێز دەكات و دەسەڵاتێكی فرەدەوڵەتییان پێ دەبەخشێت، تا لە ڕێگەیەوە فشار بخەنە سەر دەوڵەتەكان بۆ بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەكانیان. سەرەڕای ئەوەی سەروەریی كۆتایی هەر لە لای دەوڵەتە، بەڵام ئەم ئامرازە نوێیە كایەی سیاسیی كەمینەكان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا فراوانتر دەكات و پێگەی دانوستاندنی سیاسییان لە پێناو پاراستنی شوناس و مافە مێژووییەكانیان بەهێزتر و كاریگەرتر دەكات.
● ئایا هاووڵاتیبوونی فرەكولتووری دەتوانێت ناسنامە سنووربەزێنەكان و ئینتیما فرەچەشنەكان لەگەڵ دەوڵەتدا بگونجێنێت، یان ئەمە دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی جەمسەرگیری سیاسی و دابەشبوونی كۆمەڵایەتی لەنێوان پێكهاتەكان و دامەزراوە نیشتمانییەكان لە سەردەمی ئێستادا؟
- بۆچوونی من سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی فرەنەتەوەیی لە ڕێگەی لێكۆڵینەوە لە پرسی كەمینە و فرەكولتووری لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا گەڵاڵە بووە. سیاسەتی شوناس لە فەرەنسا، شەرعیەتێكی سیاسی بە جیاوازییە زمانەوانی، ئایینی و كولتوورییەكان بەخشی. ئەم شەرعییەتە بووە هۆی بەهێزبوونی پێگەی سیاسیی كەمینەكان و دروستبوونی هاوپشتییەكی فرەلاو و سنووربڕ. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت، تەنیا دیاسپۆرایەكی كلاسیكی پەرتەوازە نییە، بەڵكو جۆرێكی نوێی ڕێكخراو و تۆڕبەندیی هێزە كە شوناسەكان لە دەرەوەی سنوورەكان یەكدەخات. ئەم دۆخە تەحەددایەكی گەورەیە بۆ دەوڵەت، چونكە دەوڵەت دەیەوێت لە ڕێگەی هاووڵاتیبوونەوە هەمووان لەسەر بنەمای یەكسانی كۆبكاتەوە، بەڵام پارادۆكسی فرەكولتووری لێرەدایە: ئایا دەكرێت پارێزگاری لە جیاوازی بكرێت و یەكسانییش بەدی بێت؟ كاتێك هاووڵاتیبوون لە نەتەوە جیا دەبێتەوە، ئەم كۆمەڵگەیانە دەبنە «كۆرپەلە نەتەوە» لەناو دەوڵەتاندا. شكستی فرەكولتووری لە بەدیهێنانی یەكسانیی ڕاستەقینەدا، وایكرد ئەم گرووپانە پەنا بۆ هاوپشتیی فرەنەتەوەیی ببەن. لە ڕاستیدا، كاتێك دەوڵەت نەتوانێت یەكسانیی سیاسی و كۆمەڵایەتیی تەواو بۆ شوناسە جیاوازەكان دەستەبەر بكات، ئینتیمای ئەو گرووپانە بۆ دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەكان گەشە دەكات و بنەماكانی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕووبەڕووی لێكترازانێكی جەوهەری دەبنەوە، كە ئەمەش فۆرمێكی نوێی هێزی جیهانی لە ئەم سەردەمەدا بۆ مرۆڤایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەت و شوناسە جیاوازەكان بە تەواوی و ڕوونی دەخولقێنێت.
● چی دەبێتە هۆی جیاوازی لە نێوان ئەو كۆمەڵگەیەی ئەم وابەستەییانە پەسەند دەكات و یەكێكی دی كە تێیدا دەبنە سەرچاوەی دروستبوونی گرژی؟
- كاتێك كەمینەكان ڕوو لە داواكاریی خاك دەكەن، دەبنە چەقی ململانێی توند. لەم هەژموونە پۆپۆلیستییەی ئێستادا، نەتەوە وەك بازنەیەكی داخراو وێنا دەكرێت، شوناسێكی چەسپاو كە پێویستە هاووڵاتی بە تەواوی تێیدا بتوێتەوە. كاتێك كۆمەڵگەیەك لە مەودای ئەم چوارچێوەیە دادەبڕێت، چەمكێكی نوێ بۆ نەتەوە دادەتاشێت كە لەگەڵ جەستە سیاسییەكەدا ناكۆكە. ئەمە ناوەرۆكی گوتاری فەڕەنسییە سەبارەت بە شكستی فرەكولتووری، كە گوایە بووەتە هۆی پەراوێزخستنی كایە گشتییەكان و سەرهەڵدانی جیاخوازی. لووتكەی گرژییەكە ئەو كاتەیە كە ئەم كەمینانە لە ڕێگەی پشتیوانیی دەرەكییەوە بەهێز دەبن و گوزارشت لە شوناسێكی سەربەخۆ دەكەن، ئەمەش پرۆسەی یەكگرتنی نیشتمانی و سەروەریی دەوڵەت ڕووبەڕووی تەحەددایەكی جددی و هەژێنەر دەكاتەوە، چونكە بنەماكانی هاوبەشیی سیاسی و یەكپارچەیی كۆمەڵایەتی تێكدەدات و ئاشتیی ناوخۆیی دەخاتە مەترسییەوە.
● ئایا ناسیۆنالیزمی كوردی گوزارشت لە ناسیۆنالیزمی فرەنیشتمانی، ڕەوەند یان دوورەدەست دەكات، یان بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی و تاراوگەوە، ئاوێتەیەكە لە هەر سێ ڕەهەندە جیاواز و ئاڵۆزەكە؟
- ناسیۆنالیزمی كوردی ئاوێتەیەكە لە چەندین ڕەهەندی جیاواز، لێرەدا دەكرێت كەمینەكان بۆ دوو جۆر پۆلین بكەین: كەمینە نیشتمانییەكان كە خاوەن خاكن، و كەمینە بێخاكەكان. كورد لە خانەی یەكەمدا جێگیر دەبێت. چونكە ناسنامەكەی لەسەر جوگرافیایەكی دیاریكراو ڕەگی داكوتاوە. جیاوازیی نێوان ناسیۆنالیزمی ڕەوەند و فرەنیشتمانی لەوەدایە كە یەكەمیان پێش دامەزرانی دەوڵەت پەرتەوازە بوون، وەك یەهوود و ئەرمەن و كورد، كە ئامانجیان گەڕانەوەیە بۆ خاكێكی سیاسی. بەڵام فرەنیشتمانییەكان لە دەوڵەتێكی سەربەخۆوە كۆچیان كردووە. دۆخی كورد ئاڵۆزترە، ئەوان وەك كەمینەی نیشتمانی لە چوار دەوڵەتدا (توركیا، عێراق، سووریا و ئێران) دابەش بوون و هاوكات ڕەوەندێكی گەورەشیان لە جیهاندا هەیە. ئەم پەرتەوازەییە لەناو چوار سیستەمی سیاسی و فرەیی زمانەوانی و ئایینیدا، وێناكردنی نەتەوەیەكی یەكگرتوو دەكاتە تەحەددایەكی فیكریی گەورە. كورد لە دەرەوە خەریكی ناسیۆنالیزمی ڕەوەندن، چونكە ستراتیژیان بەرەو سەربەخۆیی خاكە، بەڵام لەناوخۆدا پەیوەندیی جیاوازیان لەگەڵ دەوڵەتەكان هەیە. بۆیە، ڕەنگە مۆدێلی فیدڕاڵیزمێك كە ڕەچاوی ئەم دابەشبوونە چوار لایەنەیە بكات، گونجاوترین بژاردە بێت. كۆكردنەوەی ئەم هەموو داینامیكە جیاوازە لە چوارچێوەی قەوارەیەكی سیاسیی هاوبەشدا، پڕۆژەیەكی مەعریفیی ئێجگار سەخت و ناوازەیە كە پێویستی بە تێڕامانی قووڵ هەیە بۆ تێگەیشتن لە چەمكی زۆرینە و كەمینە لە دەوڵەتێكی فرەكولتووری ئایندەییدا. كورد تێكەڵەیەكە لە ڕەگی نیشتمانی و پەرشوبڵاوی جیهانی، ئەمەش وای كردووە جووڵانەوەكەیان لە هیچ یەكێك لە تیۆرە كلاسیكییەكاندا بە تەنیا جێگەی نەبێتەوە و هەمیشە وەك نموونەیەكی بێوێنە بمێنێتەوە كە شایانی لێكۆڵینەوەیەكی هەمەلایەنە، ورد و زانستییە.
● ئەگەر كۆمەڵگە كوردییەكانی نیشتەجێی ئەورووپا تەنیا لە چوارچێوەی چەمكی ‹دیاسپۆرا›دا كورت بكەینەوە، تووشی چ جۆرە كورتهێنانێكی مەعریفی و لێكتێگەیشتنی چەوت دەبین لە ئاست ڕەهەندە مێژوویی، سیاسی و ناسنامەییەكانیان؟
- لێرەدا هیچ لێكتێنەگەیشتنێك لە ئارادا نییە، كورد تێكەڵەیەك لە دیاسپۆرا و كۆمەڵگەی فرەنەتەوەیین. ئەوان نموونەی «پەرتەوازەیی پێش دەوڵەتن»، هاوشێوەی فەڵەستینییەكان، لە لایەكەوە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی توركیا، ئێران، سووریا و عێراقن و لە ڕووی یاساییەوە بەو دەوڵەتانەوە بەستراونەتەوە، لە لایەكی دیكەشەوە لە چوارچێوەیەكی «فرەنیشتمانی»دا دەژین. ئەم دۆخە لە ڕووی تیۆری و فیكرییەوە ئاڵۆزییەكی زۆری تێدایە، بەڵام من چەمكی «دیاسپۆرا» بە گونجاوتر دەزانم، چونكە ئەمە وابەستەی شێوازی ناساندنی خودە لەلایەن خودی تاكەكانەوە. لە توێژینەوەكانمدا لەسەر كۆچبەرانی توركیا، ڕووبەڕووی دیاردەیەكی سەرنجڕاكێش بوومەوە، زۆر كەس كاتێك پرسیاری شوێنی لەدایكبوونیان لێ دەكرا، دەیانوت «كوردستان»، لە كاتێكدا لە شارەكانی وەك ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ لەدایك ببوون. ئەمە دەریدەخات كە كوردستان بۆ ئەوان «جوگرافیایەكی خەیاڵكردە» كە ناسنامەی خۆیان تێدا دەبیننەوە، نەك تەنیا ئەو ناوچە جوگرافییە دیاریكراوەی لە ڕۆژهەڵاتی توركیادایە. ئەم پەرتەوازەییە لەسەر بنەمای مێژووییەكی هاوبەش و خەونی بونیادنانی نەتەوە-دەوڵەت دروست بووە، كە تێیدا كەمینەیەك لە تەواوی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
ئێستا گۆڕانكارییەكی گەورە لە ناسنامەی كوردیدا ڕوویداوە، ئەگەر جاران لەژێر گوشاردا ناسنامەی خۆیان دەشاردەوە، ئەمڕۆ لە ناوەندە نێودەوڵەتی و ئەوروپییەكاندا بە ڕاشكاوی و بە شەرعییەتێكی تەواوەوە خۆیان وەك «كورد» دەناسێنن، نەك وەك هاووڵاتیی ئەو دەوڵەتانەی لێوەی هاتوون. جیاوازیی بنەڕەتی لەوەدایە كە دەوڵەت-نەتەوەی كلاسیك بەرەو «یەكدەستی» (یەك زمان و یەك ئاڵا) هەنگاو دەنێت، بەڵام «نەتەوەی فرەنیشتمان» بە سرووشتی خۆی «هەمەجۆر» و نا-یەكدەستە. ئەم نەتەوەیە لەسەر بنەمای ئەزموونە جیاوازەكانی كۆمەڵە خەڵكێكی پەرتەوازە بونیاد نراوە كە سەرەڕای جیاوازییەكانیان، لە دەوری ناسنامەیەكی هاوبەش كۆدەبنەوە. ئەم هەمەجۆرییە وای كردووە چەمكی «كۆمەڵگەی فرەنەتەوەیی یەكدەست» مەحاڵ بێت، چونكە هەر بەشێكی ئەم دیاسپۆرایە خاوەن تایبەتمەندی و پاشخانێكی ناوچەیی جیاوازە.
● سەرباری دابەشكاریی جوگرافی و پەرتەوازەیی جیهانی، چۆن ناسنامەی نەتەوەیی لە نێو فرەدەوڵەتی و هەلومەرجی جیاوازدا پارێزراوە؟ كام ڕەهەندە فەرهەنگی و مێژووییانە بەردەوامی بەم ئینتیما هاوبەشە دەبەخشن و سنوورە دەستكردەكان تێدەپەڕێنن؟
- ئاستی ئینتیمای پێكهاتەكان بۆ دەوڵەتانی خانەخوێ، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ڕادەی دیموكراسی و كرانەوەی سیاسی و ددانپێدانانی فەرمییە. هیچ كۆمەڵگەیەكی مرۆیی بە تەواوی یەكدەست نییە، بەڵكوو ناسنامەكان هەمیشە لە دەوری چەمكە جەوهەرییەكان دووبارە كۆدەبنەوە. بۆ نموونە، موسڵمانانی ئەوروپا سەرەڕای جیاوازییە نێوخۆییەكانیان، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی «ئیسلامۆفۆبیا» و ڕەگەزپەرستیدا یەك دەگرن. ئەم میكانیزمە كۆمەڵایەتییە بۆ نەتەوەی كوردیش ڕاستە، یادەوەریی بەكۆمەڵ، ستەمی مێژوویی و پێگەی كەمینەبوون یەكیان دەخات، هەرچەندە لەناوەوەدا خاوەن دابەشبوونی فرەچەشنن.
ئێستا ئالنگارییە جەوهەرییەكە ئەوەیە: ئایا چارەسەری كۆتایی لە بونیادنانی دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆدایە، یان لە تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونی یەكسان و سیستەمی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتەكانی ئێستادا؟ لە توركیا، چەقی دانوستانەكان زیاتر لەسەر مافە كولتوورییەكان و یەكسانیی سیاسییە لە چوارچێوەی یەكێتیی نیشتمانیدا. كورد وەك گەلێكی دابەشكراو بەسەر چوار دەوڵەتدا، تەنیا لە عێراق خاوەن قەوارەیەكی ئۆتۆنۆمین، ئەم واقیعەش بژاردەكانی نێوان فیدڕاڵیزم، سەربەخۆییخوازی، یان یەكسانیی هەرێمی دەخاتە ڕوو، ڕێك هاوشێوەی ئەزموونەكانی كەنەدا، ئیسپانیا و بەلجیكا.
تیۆرییەكانی فرەكولتووری كە لە كەنەداوە سەریان هەڵدا، دەرەنجامی ململانێی نێوان نەتەوەی خاوەن خاك (وەك كیبێك)، نەتەوەی سەردەست و دانیشتووانە ڕەسەنەكان بوون كە پەراوێز خرابوون. ئەم ئەزموونانە دەیسەلمێنن كە مۆدێلی دەوڵەتی یەكپارچەی كلاسیك ناتوانێت وەڵامدەرەوەی فرەیی نەتەوەیی بێت. هەر جوگرافیایەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەش گەڕانە بەدوای پێكهاتەیەكی سیاسی كە تێیدا ناسنامە جیاوازەكان نەك تەنیا ددانیان پێدا بنرێت، بەڵكو وەك بەشێكی دانەبڕاو لە هاووڵاتیبوونێكی نوێ پێناسە بكرێنەوە. ئەمە ئەو چوارچێوە فەلسەفی و سیاسییەیە كە دەبێتە بنەمای هەر پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە و ژیانێكی سیاسیی دادپەروەرانە بۆ تەواوی گەلان لە جیهانی سەردەمدا، كە دەتوانێت جڵەوی ئاڵۆزییەكانی نێوان نەتەوە و دەوڵەت بكات و ڕێگری لە هەر جۆرە داپڵۆسینێك بكات كە دەرەنجامی پێداگرییە لەسەر یەكدەستی.
● بوونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی، چۆن كاریگەری لەسەر ناسنامە و جووڵانەوەی كوردانی دەرەوەی سنوور هەیە؟ ئایا ئەم قەوارەیە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی تۆڕە نانیشتەجێكان و ناسنامەی نەتەوەیی لە پارچەكانی دیكەدا؟
- تێزی یەكێك لە قوتابییە لێهاتووەكانم تیشكی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی كوردانی توركیا لە گەشەپێدانی هەرێمی كوردستاندا، كە وەك نموونەیەكی باڵای هاوپشتیی فرەنەتەوەیی و ستراتیژێكی گشتگیر لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی لێكدرایەوە. لە گریمانەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی كوردی كە هەر چوار پارچەكە ڕەچاو بكات، پێگەی ڕەوەندی كورد لە هەندەران دەبێتە تەوەرێكی یەكجار چارەنووسساز. نەوەكانی سێیەم و چوارەمی ڕەوەند، هاوشێوەی ئەزموونی مێژوویی ئەرمەن، یۆنانی، جووەكان و تەنانەت توركەكان، دەتوانن لە ڕێگەی گواستنەوەی سەرمایە و لێهاتووییەوە، بەستەرێكی گرنگی ئاوەدانی و گەشەپێدان بن. لەلایەكی دیكەوە، دەوڵەتی كوردی بۆ فراوانكردنی هەژموون و كاریگەریی نێودەوڵەتیی خۆی، سیاسەتی ڕەوەند بە شێوەیەكی سیستماتیك پەیڕەو دەكات. لێرەدا پرسیاری هەرە بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا ئاستی ئینتیمای سیاسی ئەم ڕەوەندە بۆ قەوارە نوێیەكە چۆن دەبێت؟ ئەمە پەیوەندییەكی دینامیكی و یەكجار ئاڵۆزە، چونكە دەوڵەت دەخوازێت ڕەوەند وەك ئامرازێكی دیپلۆماسیی كاریگەر بەكاربهێنێت و ڕەوەندیش بەردەوام لە گەڕاندایە بۆ چەسپاندنی ناسنامەیەكی سیاسیی یەكگرتوو. ئەم هاوكێشە نەتەوەییە ستراتیژییە نەك هەر داهاتووی دەوڵەتداری، بەڵكوو جەوهەری ڕاستەقینەی ناسنامەی كوردی لە سەردەمی جیهانگیریدا بە شێوەیەكی زۆر قووڵ تاقی دەكاتەوە.
● بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییە دیمۆگرافی و سیاسییەكان، ئێوە چۆن پێناسەی شوناسی نەتەوەیی و ئاستی ئاوێتەبوونی كوردەكانی نیشتەجێی ئەورووپا دەكەن؟ هەروەها ئەو میكانیزمانە چین كە وایان لێدەكات وەك ‹كەمینەیەكی بێدەوڵەت› لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتی و سەروو-نیشتمانییەكانەوە فشار لەسەر دەوڵەتانی ناوچەكە، بەتایبەت توركیا، بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆیی و كولتوورییەكانیان دروست بكەن؟
- بەشێوەیەكی زانستی و ئەزموونی، ئاستی ئاوێتەبوونی كوردەكانی تاراوگە لەگەڵ كۆمەڵگە میواندارەكانی وەك فەڕەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، پێویستی بە لێكۆڵینەوەی نوێ و مەیدانیی ورد هەیە، تاوەكو ڕادەی تێكەڵاوبوونیان دیاری بكرێت. ئەوەی لای ئێمە ڕوونە، كوردانی باكوور لە وڵاتانی باكووری ئەورووپا، هەمیشە سیاسیترین و ڕێكخراوترین توێژی كۆچبەران بوون و ئەم دۆخە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕەوەندێكی یەكجار گەورەی سووریایی و عێراقی نیشتەجێن، بەڵام هێشتا ڕێژەی وردی پێكهاتەی كورد لەناو ئەو شەپۆلە كۆچەدا بە تەواوی ڕوون نییە. سەبارەت بە كۆچبەرانی توركیا، مەزندە دەكرێت نزیكەی ٣٠٪ی كۆچبەران كورد بن، هەر بۆیە لە ئێستادا زاراوەی «كۆچی توركی» بەكارناهێنین، بەڵكو دەڵێین «كۆچ لە توركیاوە» تا بتوانین ئەو فرەچەشنی و دابەشبوونە نەتەوەییە لەبەرچاو بگرین، چونكە هیچ ئامارێكی فەرمی و ورد لەم بارەیەوە لەبەردەستدا نییە.
دەربارەی پەیوەندییان بە ناوچەكە و ئاستی هۆشیاریی سیاسییان، ئەگەرچی كۆمەڵە و ڕێكخراوە خۆبەخشەكان بوونیان هەیە، بەڵام ئاستی كاریگەری و توانای جووڵاندنیان پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە. ئەوەی وەك دیاردەیەكی بەرچاو دەبینرێت، جەختكردنەوەی بەهێزی تاكەكانە لەسەر شوناسی كوردی، تەنانەت ئەوانەشی كە بە زمانی توركیش دەدوێن، بە ڕاشكاوی دەڵێن «ئێمە كوردین». ئەمە بابەتێكی نوێ نییە و بۆ زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڵام پرسی ئاوێتەبوون لەناو كۆمەڵگەی ئەورووپیدا و ڕێژەی هاوسەرگیریی تێكەڵاو، پرسیارگەلێكی زانستین و پێویستیان بە لێكۆڵەری پسپۆڕ هەیە تاوەكو دەرەنجامێكی دروستی مەیدانیمان پێ بدەن.
تێڕوانینێكی تیۆریی گرنگ هەیە: كورد لە ئەورووپا وەك «كەمینەیەك لەناو كەمینەیەكی دیكەدا» مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. بۆ نموونە، ئەگەر ئێرانییەكان كەمینەیەك بن لە ئەڵمانیا، ئەوا كوردانی ئێران وەك كەمینەیەكی ناو كەمینە پێناسە دەكرێن. ئەم پێگەیە ڕەنگە مافی تایبەتیان بۆ فەراهەم بكات، كە زۆرجار لەلایەن دامەزراوە سەروو-نیشتمانییەكانەوە وەك پاراستنی مافی كولتووری و مرۆیی بۆ «نەتەوە بێدەوڵەتەكان» بەسەر دەوڵەتاندا دەسەپێنرێت.
لەسەردەمی پەیمانی «ماستریخت» و دامەزراندنی «فۆڕمی كۆچبەران» بە پشتیوانیی پەرلەمانی ئەورووپا، كوردەكان چالاكترین و پڕپێداگریترین گرووپی بێدەوڵەت بوون. ئەوان بە بەكارهێنانی دامەزراوەكانی وەك دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و ئەنجومەنی ئەورووپا، فشاریان دەخستە سەر توركیا بۆ دابینكردنی مافە كەمینەیی و نەتەوەییەكانیان. توركیا بەهۆی دانوستانەكانی بۆ ئەندامبوون لە یەكێتیی ئەورووپا، ناچار بوو مل بدات بۆ «پێوەرەكانی كۆپنهاگن» و سەروەریی یاسا، كە پرسی كورد و عەلەوییەكانیش لەو چوارچێوەیەدا جێیان دەبووەوە. لێرەوە دەردەكەوێت كە جووڵانەوەی كورد لە ڕێگەی نۆرمە نێودەوڵەتییەكانەوە، خاوەن ئامرازێكی بەهێزی فشارە بۆ سەر دەوڵەتەكانیان لە ناوچەكەدا.
● ئایا هیچ سەرنجێكی تایبەتتان هەیە كە بتانەوێت خوێنەرانمان لە هەرێمی كوردستان دەربارەی چەمكی نەتەوەییبوون، پرسی ناسنامە و هەستی ئینتیما لێی تێبگەن؟
- پێویستە دەرك بەوە بكەین كە ململانێی نێوان ناسیۆنالیزمی خاك وەتەن و ناسیۆنالیزمی فرەنەتەوەیی، لە جەمسەرگیریی دەوری پرسی كەمینەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. ناسیۆنالیزمی فرەنەتەوەیی، كەمینەكان بەهێز دەكات و سەكۆیەكی هاوبەشیان بۆ ناسنامەسازی پێ دەبەخشێت. ئەگەرچی لە تیۆرییە باوەكاندا نەتەوە بە خاكەوە بەستراوەتەوە، بەڵام من ئەم فۆرمە نوێیەش بە نەتەوە دەزانم، چونكە هەمان هەستی «ئینتیما» لە لای گەلانی پەرتەوازە و دەرەوەی چوارچێوەی جوگرافی دەخولقێنێت.
ئەم دینامیكیەتە لە سایەی جیهانگیری و كاڵبوونەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، مانا و داڕشتنەوەی جیاوازی وەرگرتووە. دەوڵەتەكان لە ڕێگەی «سیاسەتی دیاسپۆرا»وە بۆ فراوانكردنی هەژموونیان، كەوتوونەتە كێبڕكێ لەگەڵ ئەم كۆمەڵگەیانەدا. لەم سەردەمەدا سنوورەكان لێڵ و پڕكەلێنن، مرۆڤەكان لە نێوان تۆڕە جیاوازەكاندا دەجووڵێن و ناسنامەكانیان دەگوێزنەوە.
ئەم واقیعە، یەكپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت-نەتەوە دەخاتە بەر تەحەددا و ڕەهەندێكی نوێ بۆ دانوستان لەسەر مافەكان زیاد دەكات. هەر ئەمەشە وای كردووە، پرسی كەمینەكان ببێتە چەقی جەمسەرگیریی سیاسی و سەرهەڵدانی ڕاستڕەویی توندڕەو لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، كە هۆكارەكەی بۆ «دەرچوونی ناسنامە لە قاڵبی خاك» و سنوورە جوگرافییەكان دەگەڕێتەوە.
