مەشقی وەرزشی ئێواران باشترە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش
مەشقی وەرزشی زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ كەسانی قەڵەو و كێش زیاد، چونكە یارمەتیی سووتاندنی كالۆری دەدات، ماسوولكە بینا دەكات، چەوریی هەناو كەم دەكاتەوە، هەروەها مەزاج باشتر دەكات كە هاندەر دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر مەشقی وەرزشی و پەیڕەوكردنی ستایلێكی تەندروستتری ژیان. لیكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی سیدنی/ ئوسترالیا جەخت دەكاتەوە كە مەشقی وەرزشیی ئێواران گرنگترە لە چەندێتی مەشقكردن لە هەر كاتێكی دیكەی ڕۆژدا. لە لێكۆڵینەوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە مەشقی وەرزشیی ئێواران ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ باشتركردنی كوالێتیی خەو بە ڕێكخستنی كاتژمێری ناوەوەی لەش و هاندانی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین (هۆرمۆنی خەو)، هەروەها هەستكردن بە هێوربوونەوە و كەمبوونەوەی سترێس كە هاندەرێكیترە بۆ خەوێكی باشتر. جگە لەمانە،چالاكیی فیزیكی لە ئێوارەدا ڕۆڵی هەیە بۆ باشتركردنی فرمانی میتابۆلیزم و هەستەوەریی خانەكانی لەش بۆ هۆرمۆنی ئینسولین، واتە زیادبوونی سەرفركردنی كالۆری و ئۆكسانی چەوری.
