بەرزبوونەوەی پەستانی چاو مەترسیدارە
پێوانەی پەستانی چاو گرنگی زۆری هەیە بۆ هەڵسەنگاندانی تەندروستیی چاو. پەستانی چاو بریتییە لە پەستانی شلەی ناو چاو كە لە كەسانی تەندروستدا لە نێوان 10-21 ملم جیوەدایە، بەرزتر لە 21 ملم جیوە بە پەستانی بەرزی ناو چاو Ocular hypertension هەژمار دەكرێت و لەوكاتەدا ڕوودەدات كە چاو ڕێژەیەكی زۆری شلە بەرهەم دێنێت و ناتوانێت لێی ڕزگار بێت، ئەمەش بە تێپەڕبوونی كات مەترسیی گەورە بۆ دەماری چاو و بینین پەیدا دەكات، بۆنموونە كە پێوانەی دەگاتە 25 ملم جیوە یان زیاتر، ئەوا ئەگەری تووشبوونی چاو بە ئاوی شین Glaucoma زیاد دەكات و گرفت بۆ دەماری بینین پەیدا دەكات كە لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینین. بەرزبوونەوەی پەستانی چاو بێ نیشانەیە و تەنیا بە پشكنینی دەوری لە لایەن دكتۆری چاو دەستنیشان دەكرێت.
