تاقیکردنەوەی واقیعی: پێگەی هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلی کاراکتەری پۆست - تراوما
ناسنامەی مێژوویی و هزری نەتەوە، تەنیا لە ڕێگەی ئەو ڕووداو و پێشهاتە دەرەکیانەوە پێناسە ناکرێت کە بەسەریاندا هاتووە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بە جۆری کاردانەوە و شێوازی وەڵامدانەوەی سۆسیۆ- کولتووری کۆمەڵگە بۆ ئەو قەیرانانە دیاری دەکرێت.
بۆ ماوەیەکی درێژ، گەلی کورد لە نێوەندە فکری و سیاسییەکاندا تەنیا وەک «قوربانییەکی بێدەسەڵاتی غەدری جیۆپۆلەتیکی» وێنا دەکرا، ئەگەرچی ئەم وێناکردنە لایەنێکی ڕاستی مێژوویی تێدابوو، بەڵام داوێکی (تەڵە) دەروونی لەگەڵ خۆیدا هێنا کە پێی دەوترێت «عەقڵیەتی قوربانیبوون»، ئەمە دۆخێکە کە تێیدا نەتەوە وا بچووک دەکاتەوە هەمیشە چاوەڕوانی بەزەیی یان ڕزگارکەرێکی دەرەکی بکات.
بەڵام شۆڕشی ڕاستەقینەی فکری کاتێک ڕوودەدات کە نەتەوەیەک لە چەمکی قوربانیبوونەوە کۆچ دەکات بەرەو چەسپاندن و دروستبوونی کۆمەڵگەی نموونەیی، کە پرۆسەیەکە لە دەروونناسی هاوچەرخدا پێی دەوترێت «گەشەکردنی دوای شۆک» بەو واتایەی کە ئیتر گوتار و ڕەفتارەکان لە خۆڵەمێشی کارەسات و شۆکە مێژوویی و مەزڵوومیەتەکانەوە بگۆڕدرێن بۆ کاراکتەرو دیپلۆماسی هێز.
ئەگەرچی لە بنەڕەتدا گەلەکەمان هەمیشە خاوەن ئیرادە و خۆڕاگر بووە، بەڵام ئەمە نەیار و دوژمنان بوون کە هەمیشە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی میدیا و سیاسەتەوە ئێمە وەک نەتەوەیەکی زەلیل و بێدەسەڵات نیشانی جیهان بدەن. پێگەی ئێستای هەرێمی کوردستان، باشترین کەرەستەیە بۆ تێکشکاندنی ئەو وێنە چەواشەکارییە، کە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆیان، کە لە پێقەقنەسی ناو خۆڵەمێشەوە ڕووناکی و ئومێد لە دایک دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا پێویستە شیکاریەکی پێکهاتەیی بۆ چۆنیەتی دەرکەوتنی ئەکتەری پۆڵایین بکەین، ئەو کاراکتەرە جێگیرەی كە لە هەمبەر گوشارەکاندا ناشکێت و لە بنەما و ئامانجەکانیش ناکشێتەوە.
یەكەم: لە ڕوانگەی فەلسەفی و دەروونییەکان:
بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی بوونگەرایی ژان پۆل سارتەر كە دەڵێت: «گرنگ نییە چییان لێ کردوویت، گرنگ ئەوەیە تۆ چی لەوە دەکەیت کە ئەوان پێیان کردوویت.» لێرەوە، تێدەگەین کە ڕابردوو و ستەمەکان کۆت و بەند نین، بەڵکو کەرەستەی خاون بۆ داتاشینی ئیرادە و گۆڕانی کاراکتەر، هەروا لە فەلسەفەی ستۆیاگەری و تێڕوانینەکانی فرێدریک نیتچە لە چەمکی «ئەو شتەی نامکوژێت، بەهێزم دەکات»، دەیسەلمێنن کە ئازارەکان وەک هەلی سەرکەوتن بقۆسترێنەوە و ببنە سەرچاوەی هێز.
بە هەمان شێوە لە ڕووی دەروونناسییەوە، عەقڵیەتی قوربانی لەسەر کۆنترۆڵی دەرەکی کار دەکات، بەڵام گۆڕان بەرەو کەسایەتی پۆڵایین کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ یان نەتەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆنترۆڵی ناوخۆیی، واتا باوەڕهێنان بەوەی کە داهاتوو بە ئیرادە و دەستپێشخەری خۆت دیاری دەکرێت. وەک چۆن ڤیکتۆر فرانکڵ لە ناو کەمپەکانی نازییەکاندا مۆدێلی «واتادۆزینەوە»ی داهێنا، نەتەوەکانیش دەتوانن لە ناو قوڵترین ئازاردا مانا بۆ مانەوەی خۆیان بدۆزنەوە، واتا لە قوڵایی وێران بوونەوە بۆ لووتکەی سەرکەوتن.
دووەم: لە غەدری مێژووییەوە بۆهاوسەنگیی سیاسی:
گۆڕانکاری ڕیشەیی کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵگە لە شێوازی «شیوەنکردن و پاڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەگۆڕێت بۆ بنیاتنانی ناوخۆیی (خود) و هۆشیاریی لە دەزگاکانەوە لێرەدا، مۆدێلی هەرێمی کوردستان وەک تاقیکردنەوەیەکی تاقیگەیی سەخت دەردەکەوێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو دژایەتییە توندە ناوخۆیی، نەتەوەیی و هەرێمییانەی کە بەرامبەری دەکرێت، پێگەیەکی جێگیر و دیاری پاراستووە، سەلمێنەری کەرتی واقیعی ئەم گۆڕانەش، شەڕی دژ بە داعش (٢٠١٤-٢٠١٧) بوو، کاتێک سوپای دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکە داڕووخان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک کاراکتەرێکی پارێزەر دەرکەوت و تەنانەت لە هاوکێشەیەکی مێژووییدا هێزی نارد بۆ کۆبانێ. لە لایەکی ترەوە، تێپەڕاندنی قەیرانە داراییە توندەکانی ساڵانی دوایی، بەتایبەت بلۆککردنی شایستە داراییەکان و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، سەلماندی کە ئەگەر ئەم گوشارانە لەسەرهەر دەوڵەتێکی جێگیر و خاوەن سەروەریش بوونایە، پێکهاتە سیاسییەکەی بە تەواوی هاڕەی دەکرد، بەڵام کاراکتەری پۆست-تراومای کورد وای کردووە کە لە ناو جەرگەی هێرشەکاندا خۆی ڕێکبخاتەوە.
سێیەم: هەرێمی کوردستان وەک کۆڵەکەی ڕاگرتنی عێراق لە کاتێكدا جیهان و دەوروبەر پێیان وابوو کورد هەمیشە پێویستی بە پاراستن هەیە، واقیعی سیاسی پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت. لە ئێستادا، عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ، بەشێکی گەورەی هاوسەنگی و مانەوەی خۆی قەرزاری هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەم هۆكارانە:
هاوسەنگیی سیاسی و نێوەندگیری: بەغدا بەردەوام لە ناو ململانێی تائیفی و نێودەوڵەتیدا دەکوڵێت، هەرێمی کوردستان وەک سەنتەرێکی عەقڵانی و هێورکەرەوە کار دەکات کە ڕێگری دەکات لە داڕووخانی تەواوی پرۆسەی سیاسی.
شەرعیەتی دیپلۆماسی: بوونی باڵیۆزخانە، کۆنسوڵخانە نێودەوڵەتییەکان، و ژینگەی ئارامی هەرێم، وایکردووە جیهان لەم دەروازەیەوە سەیری عێراق بکات و شەرعیەتی نێودەوڵەتی بە بەغدا ببەخشێتەوە.
ئابووری و داهێنان: سەرەڕای بەربەستە یاساییەکان، هێشتنەوەی هێلە بازرگانییە ستراتیژییەکان و دابینکردنی وزە و ئاساییش، وەک سی وایە بۆ هەناسەدانی گشتی ناوچەکە.
ئەم ڕاستیانە پێشانی دەدات کە کورد لە نێوەندە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە پێگەی بارگرانییەکی مرۆییەوە گۆڕاوە بۆ فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیری.
چوارەم: ئەجێندای نوێی نەتەوەیی:
فێرکاریی ناوخۆیی و دیپلۆماسیی هێز بۆ چەسپاندنی تەواوەتی ئەم عەقڵیەتە پۆڵایینە لە وجوددا، پێویستە کار لەسەر دوو ستراتیژی سەرەکی و دەستبەجێ بکەین:
پەروەردەکردنی نەوەی خۆڕاگر (منداڵان و گەنجان) ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە منداڵان و گەنجانمان، بە هەردوو ڕەگەزەوە (کچ و کوڕ)، لەسەر بنەمای هاوچەرخی «خۆپشتبەستن» گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. پێویستە فێری کلتوورێک بکرێن کە تێیدا پشت بە بەزەیی پێداهاتنەوەی سیستەمی دەرەکی یان نێودەوڵەتی نەبەستن، بەڵکو تەنیا و تەنیا پشت بە هێز و زانست و توانای کەسیی خۆیان ببەستن. نەوەیەک کە باوەڕی بە تواناکانی خۆی و ئاساییشی نەتەوەیی و ئاشنا بوونی بە هێزی یاسا و ستراتیژی قەوارەو هەرێمەکەمان هەبێت، هەرگیز قابیلی داگیرکردن و ژێردەستەیی فکری نییە.
1- دیپلۆماسی هێز لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کاتی ئەوە هاتووە نوێنەرانی کورد لە هۆڵە دیپلۆماسی و نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، بە تەواوی واز لە گێڕانی «ڕۆڵی قوربانی بێدەسەڵات» بهێنن. جیهان ڕێز لە مەزڵووم ناگرێت، ڕێز لە هێز دەگرێت. نوێنەرانی ئێمە دەبێت وەک کاراکتەرێکی بەهێز، خاوەن بڕیار و کاریگەر کێشەکانی نەتەوەکەمان بخەنە ڕوو. دەبێت بە ئاماژەکردن بە هێزی پێشمەرگە، سەقامگیریی ئابووری، و پێگەیشتنی دامەزراوەیی، کورد وەک هاوبەشێکی بەتوانا و لێهاتوو پیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن، نەک وەک گەلێکی لێقەوماو.
کەواتە ڕابوون لە خاکستر و نەخشاندنی ئاسۆی داهاتوو لە کۆتاییدا، پرۆسەی گۆڕانی چەمکی قوربانی بۆ چەسپاندنی کاراکتەر، تەنیا تیۆرییەکی دەروونی یان فەلسەفی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی حەتمییە بۆ مانەوە و سەرکەوتنی نەتەوەکان. مێژوو سەلماندی کە غەدری جیۆپۆلەتیکی نەک هەر نەبووە هۆی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی، بەڵکو لە ناو دڵی کارەساتەکاندا کاراکتەرێکی سەخت و خۆڕاگری پۆڵایینی تاشی کە ئەمڕۆ وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی هاوسەنگی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەدرەوشێتەوە و ئاسۆی داهاتووی گەش و ڕوونە، کورد بەم کاراکتەرە نوێیەی پۆست-تراوماوە، نەک هەر پێگەی خۆی لە نێوەندە سیاسییەکاندا دەپارێزێت، بەڵکو وەک نموونەیەکی ئیلهامبەخش بۆ جیهان دەمێنێتەوە، نموونەی گەلێک کە لە ناو دڵی گەردەلوولەکاندا فێری فڕین بوو، و سەلماندی کە داهاتوو هی ئەو کاراکتەرە پۆڵایینەیە کە هەمیشە لە ناوەوەیدا هەبووە و ئیتر کاتی هاتووە بە تەواوی ئازادی بکات.
(*)
کۆسار کەریم ڕۆژ
