خانمێكی ڕزگاربووی نوگرەسەلمان: داوا لە گەنجان دەكەم قەدری ئەو ئازادییە بگرن كە هەیە
سەدان ئافرەتی ڕزگاربووی پرۆسەی ئەنفال، تائێستاش بە ئازارەكانی خۆیانەوە دەتلێنەوە و باری دەروونییان جێگیر نەبووە، ئەوان چیرۆكی ئەشكەنجەدانی بەعسی ڕووخاو بەرامبەر بە ئافرەتانی گەنجی ناو گرتووخانەكان دەگێڕنەوە. یەكێك لەو ئافرەتانەش ڕاشكاوانە هەموو نهێنییەكانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەدركێنێت و ئامانجیشی لەم كارە بە ئاگاهێنانەوەی توێژی گەنجانە بۆ ئەوەی قەدری ئازادی و سەربەخۆیی ئەمڕۆیان بزانن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
تاوانەكانی ڕژێمی ڕووخاوی عێراق بەرامبەر بەگەلی كوردستان، هەموو سنوورەكانی بەزاند، لەسەركوتكردنی تاك و ڕووخاندنی گوندەكان و ڕاگواستنی زۆرەملێ هەتا كۆمەڵكوژی و جینۆساید و كیمیاباران.
لە هیچ تاوانێك درێخییان نەكرد، ئەگەرچی ئەو برینانە هەرگیز ساڕێژ نابن، بەڵام كۆمەڵگەی كوردی برینی قووڵتریشی هەڵگرتووە، ئەوەتا سەدان ئافرەتی ڕزگاربووی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، تا ئێستا بە ئازارەكانی خۆیانەوە دەتلێنەوە و چیرۆكی دەستدرێژییەكانی بەعسی ڕووخاو بەرامبەر بە ئافرەتانی گەنجی ناو گرتووخانەكان دەگێڕنەوە. شلێر یەكێكە لەو ئافرەتانە كە دوای ڕزگاربوونی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لە دەرەوەی وڵات لەژێر چاودێریی پزیشكانی دەروونناسدا بووە و چارەسەری دەروونیی بۆ كراوە. ئەو ئێستا ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە و لەگەڵ ئەوەی كە بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە ژیانی خۆی ئاسایی كردۆتەوە، بەڵام ئاسەوارەكانی ئەو تراژیدیایەی لەبیر نەچووە، كە هەموو كەسوكاری ئەنفال كران و خۆیشی لەلایەن دڕندەكانی بەعسەوە چەندین جار ڕووبەڕووی دەستدرێژی و ئەشكەنجەدان بۆتەوە، هەر كاتێك بیری لێدەكاتەوە، یان ناچار دەبێت بۆ كەسێكی باس بكات، خوڕخوڕ فرمێسك بە سەر گۆنا سپی و ئاڵەكانیدا دێنە خوارەوە.
شلێر و خانەوادەكەی وەك خێزانێكی گەرمیانی لە 14/4/1988 ئەنفالكران، ئەو تاوەكو 20/9ی هەمان ساڵ لە گرتووخانەی (نوگرە سەلمان) زیندانی بووە، وەك خۆی باسی كرد، ئەوكات تەمەنی 14 ساڵ بووە، لەبارەی ژیان و گوزەرانی ناو گرتووخانەكەش دەڵێت: «لەو زیندانە گەورەترین توندوتیژی دەرهەق بە تێكڕای زیندانیان بە ئافرەت و پیاو و منداڵ و پیر كراوە، ڕۆژانە ئەشكەنجەدان هەبوو، ئاوی خواردنەوە نەبوو، پزیشك و دەرمان هەر وجوودی نەبوو، هەموو چارەسەرییەكانی ناو زیندان بە قوڕ دەكرا، ئافرەتێك منداڵی بوو بە لەتە شووشەیەك ناوكی منداڵەكەی بڕی، منداڵەكەشی مرد، فەردەیەكی خۆڵیان بەتاڵ كرد و لە منداڵەكەیان پێچایەوە، ڕۆژانە دوو سێ منداڵ دەمردن، پیرەكانیش بە هەمان شێوە، من داپیرەم تەنیا یەك هەفتە بەرگەی ئەو ترس و برسێتییەی گرت و مرد».
شلێر زۆر هەوڵ دەدات خۆڕاگر بێت، زۆریش هەوڵی داوە لەژێر ڕێنمایی پزیشكانی دەروونناسدا ئەو كارەسات و تراژیدیایەی ژیانی فەرامۆش بكات، بەڵام كاتێك باسی داپیرەی و كەسوكاری كرد كە یەك بە یەك لەبەر چاوی خۆیدا كوژراون، یان بەرگەی ئازاریان نەگرتووە و مردوون، ئیدی نەیتوانی پێش بە قوڵپەی گریانی بگرێت و فرمێسكە قەتیس ماوەكانی ناو چاوی بەرنەداتەوە، هاوكات بە دەنگە لەرزۆكە تێكەڵ بە گریانەكەی نەفرەتی «ئەو خوانەناس و دڕندە و ئاژەڵانە»ی كرد، كە هەموو توندوتیژییەكیان بەرامبەر بە زیندانیان بەكار هێناوە.
شلێر بەمجۆرە باسی ڕۆژانی پڕ لە نەهامەتی خۆی دەكات «مردووەكان لە گۆڕەپانەكە لەژێر هەندێك خۆڵ دەنران، نەیاندەهێشت گۆڕیان بۆ هەڵبكەنین، كە مەغریبیش دادەهات، سەگ دەهاتن و لاشەی مردووەكانیان دەردەهێنا و لەبەرچاوی كەسوكارەكانیان دەیانخواردن.
ئەفسەرەكان شەڕی دەروونییان لەگەڵ بەندكراوەكان دەكرد، بۆ نموونە لە كاتی وەرگرتنی خواردن كە ڕۆژانە تەنیا دوو سەموون بوو، لەبەر چاوی دایك و باوكی دەستیان بۆ كچەكان دەبرد، دایك و باوكەكە ئەگەر بە جواب بهاتبان، ئەوا لەبەر چاوی ئەوان دەستدرێژییان دەكردە سەر كچەكەی، یان كچە خۆی تفی لە ئەفسەرەكە بكردبا دیسان وەك تۆڵەسەندنەوەیەك سووكایەتییان پێدەكرد و دەستدرێژییان دەكردە سەری، یەكێك لەم باوكانە كە كچەكەی بەمجۆرە بینی جەڵتە لێیدا و مرد».
شلێر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «هەر زاڵمێك، خوا زەواڵێكی بۆ دەنێرێت، بۆیە ملی سەدام و پەیكەرەكەشی بە پەتەوە كران و گۆڕبەگوڕ بوون، نوگرە سەلمان زیندانێك بوو لە قوڵایی بیابان ئەوە زیندان نەبوو، كوشتارگە بوو، كارەبایان لە ئافرەتەكان دەدا، ئیهانەی زۆر خراپی پیاوەكانیان دەكرد لە نوگرەسەلمان ژنەكان وەكو پیاو ڕیشیان هاتبوو، چونكە دەرزی هۆڕمۆنیان لێدابوون بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت دوای ئەوەی دەستدرێژییان دەكەنە سەر، ئێستاش زۆربەی ئەو كچانە منداڵیان نابێت و تووشی تێكچوونی هۆڕمۆن بووینە، ژووری پیر و منداڵ بەیەكەوە بوو، كچە عازەبەكان ژووریان جودا بوو، من لە ژوورێك بووم شەش كچ بووین، شەوانە بە ناوی لێكۆڵینەوە دەهاتن كچەكانیان دەبرد، یەكێك لەم كچانە دوای ئەوەی بردیان، كە هاتەوە شەو تا بەیانی گریا، بەیانی كە لە خەو هەستاین، بینیمان بە سەرپۆشەكەی خۆی خنكاند بوو، ئەشكەنجەدانی ئەوێ هیچی لەسەر سیاسەت نەبوو، ئەوان بە نووسراو ئاگادار كرابوونەوە كە كچی سەرووی تەمەن 12 ساڵی ئەتك بكەن.
باسكردنی ئەو ئازارانە بۆ منی ئافرەت ئاسان نەبوو، بەڵكو زۆریش قورس بوو، بەڵام ئامانجم لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە بە ئازارە ئەوەیە كە بە كچان و كوڕانی ئەو كوردستانە كە ئەمڕۆ بە ئازادی و دوور لە ژێردەستەیی ژیان دەكەن، پێیان بڵێم قەدری ئەو ئازادییە بزانن، قەدری ئەو ئەمن و ئاساییشە بزانن كە ئەمڕۆ لە وڵاتمان بەرقەرارە، قەدری قەوارەی هەرێمی كوردستان بگرن و وەكو چاوتان بیپارێزن، چونكە هیچ ئازارێك بەقەد ئازاری بندەستبوون ناخۆش نییە».
