زانکۆ دەتوانێت ئامرازێکی بەهێزی بەرەوپێشچوون بێت، بەڵام پێوەری سەرەکی سەرکەوتن نییە

زانکۆ دەتوانێت ئامرازێکی بەهێزی بەرەوپێشچوون بێت، بەڵام پێوەری سەرەکی سەرکەوتن نییە

 

بێ گومان زانکۆ هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و پەیوەندی دروست کردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان، بەڵام هێشتاش پێوەری سەرەکی نییە بۆ سەرکەوتن.
هەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا بە کۆمەڵێک خەون و ئاواتی جۆراوجۆر بە ئامانجەوە هەوڵ و کۆششی زۆر دەدات و هەنگاو دەنێت بۆ زانکۆ ، ئەویش لە پێناو ئەوەی زانکۆ هۆکارێک بێت بۆ فێربوون و دۆزینەوەی کار لە داهاتوو.
وەک ئاماژەم پێدا زانکۆ ڕێگەخۆشکەر ئەبێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و ئەزموون بەڵام گەرەنتی دۆزینەوەی هەلی کار ناڕەخسێنێت بۆ دەرچووان .
کاتی خۆی خوێندن ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو و بە چاوێکی جیاواز تەماشا دەکرا بەڵام ئێستا هیچ گرنگی پێنادرێت، بەشێکی قوتابیانیش متمانەیان پێی نییە و لەجیاتی تەواو کردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە بەیەکجاری واز لە خوێندن دێنن و پەنا دەبەنە بەر ئیش تاکو پیشەیەک فێر بن .
لە جیهانی ئەمڕۆدا بڕوانامە تەنها کاغەزێکی سپی سەلمێندراوە کە لە چینی نەخوێندەواران جیات دەکاتەوە .
لە جیهانی ئەمڕۆدا، خاوەنکاران زیاتر سەرنج دەخەنە سەر لێهاتوویی کرداری، توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، و ئاستی خولیا و داهێنان، نەک تەنها ئەوەی چی لەسەر کاغەزی بڕوانامەکەت نووسراوە.
بەڵکو هەندێکجار هەبوونی پەیوەندی یان پشتگیریکەر کە هەتبێت لە بڕوانامە گرنگترە بۆ دەستکەوتنی هەلی کار.
زانکۆ بنەمای زانست، شارەزایی و دەرفەت دروست دەکات؛ بەڵام سەرکەوتن پێویستی بە هەوڵ، بەردەوامی، ئەزموون و تواناکان هەیە .
بێگومان، شارەزایی و کارامەیی بڕبڕەی پشتی سەرکەوتنی ڕاستەقینەن لە جیهانی ئەمڕۆدا. ئەگەر بڕوانامە تەنها دەرگایەک بکاتەوە، ئەوا شارەزایی و کارامەیییە کە دیاری دەکات چەند لە ژوورەوە دەمێنیتەوە و تا کوێ سەردەکەویت.
زیادکردنی باوەڕبەخۆبوون، کاتێک لە بوارێکدا شارەزایی بەدەست دەهێنیت، هەستی بەهێزی و توانین لە دەروونتدا دروست دەبێت. ئەم باوەڕبەخۆبوونەش ڕەنگ دەداتەوە لە شێوازی ئاخاوتن، ڕەفتار، و بڕیاردانتدا.
لە دیدگای زۆربەمان زانکۆ بە شکست خواردوو دەبینین و متمانەمان پێی نەماوە چونکە پيش ئەوەی بچین بۆ زانکۆ بەوپەڕی گرنگییەوە باس دەکرا و بە جۆش و خرۆش پێشنیاریان دەکرد و هانیان دەداین تاوەکو هەوڵ بدەین بگەین بە زانکۆ، بەڵام کە چووین بۆ ناو هەڕەمی زانکۆ و لە واقیعدا وانەبوو، جیهانێکی جیاواز و پێچەوانەی ئەوانەی کە بەشان و باڵیاندا دەگوت دەرچوو .
شارەزایی و کارامەیی بناغەی سەرەکیی سەرکەوتنن، بەبێ ئەوان سەرکەوتنێکی بەردەوام و بەهێز دروست نابێت؛ بەڵکو هۆکارەکانی تر (پەیوەندی، ئیرادە، و دەرفەت) دەبنە ئەو پردەی شارەزاییەکەت دەگەیەنن بە ئامانجە کەسی و کارییەکانت.
کەسێک کە شارەزایی بەهێزی هەبێت، پێویستی بەوە نییە چاوەڕێی دامەزراندنی حکومی یان دۆزینەوەی کارێک بێت؛ بەڵکو دەتوانێت لە ڕێگەی کارئافرێنی و سەربەخۆ کارکردن یان دروستکردنی پڕۆژەی تایبەتییەوە دەرفەت بۆ خۆی و دەوروبەریشی بڕەخسێنێت.
زانکۆ دەتوانێت هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ سەرکەوتن، بەڵام بە تەنیا پێوەری سەرکەوتن نییە.
زانکۆ بنەمای زانست، شارەزایی و دەرفەت دروست دەکات؛ بەڵام سەرکەوتن پێویستی بە هەوڵ، بەردەوامی، ئەزموون و تواناکان هەیە .
هۆگر هەمزە شەریف

Top