ڕۆڵی پەروەردە لە بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان
(جۆن دیوی) پەروەردەكار و فەیلەسوفی ئەمریكی دەڵێ"پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، پەروەردە خۆی ژیانە".
پەروەردە بناغەی پاراستنی ئاشتی و كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی كولتووری پێكەوە ژیانە لە هەرێمی كوردستان. بە تایبەت بەهۆی ئەوەی هەرێمەكەمان فرە پێكهاتەیە لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.
بێگومان ڕۆڵی سەرەكی پەروەردە لە چەسپاندنی پێكەوەژیان و بەهێزكردنی دەكەوێتە سەر چەند لایەنێك لەوانە:
-پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندن و داڕشتنەوە و نوێكردنەوە و هەمواركردنەوەی هەندێ بابەتی پڕۆگرامی خوێندن بە تایبەت لە (مێژوو، پەروەردەی ئاینی و نیشتمانی و بابەتی بەها پەروەردەیی و كارامەییەكان) بە شێوازێك كە ڕێز لە جیاوازییەكان بگرێت و وشیاری بدات سەبارەت بە مافی پێكهاتەكان و بەهای لێبوردەیی بەهێز بكات.
-ژینگەی قوتابخانە وەك كۆمەڵگەیەكی بچووك وایە كە تیایدا قوتابیانی جیاواز لە (كورد، توركمان، سریانی، یەزیدی،مەسیحی،كاكەیی) بەبێ جیاكاری وانەكان دەخوێنن لە یەك قوتابخانەدا بەشداری سەرجەم یادە و بۆنە نەتەوایەتی و ئایینیەكانی یەكتر دەكەن و یەكتر دەناسن زیاتر.
-چالاكییە هاوبەشەكانی وەرزشی و هونەری و ژینگەیی لە نێوان قوتابخانەكانی ناوچە جیاوازەكاندا بۆ دروست كردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەهێزتر لە نێوان قوتابییەكان بە گشتی.
-مامۆستا ڕۆڵی هەرە گرنگ و كاریگەر دەبینێ لەو نێوەندەدا، مامۆستا سەرقافلەی بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوە ژیانە لە قوتابخانەكاندا. لێرەدا گرینگە بەردەوام مامۆستا توانای بەهێزتر بكرێت لە ڕێگای خولی مەشق و ڕاهێنان و كەسێكی كراوەی كۆمەڵایەتی بێت و هەردەم لە ناو قوتابیان گیانی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵ كردن بڵاو بكاتەوە و دووربكەوێتەوە لە وتاردانی توند وتیژی و ڕق و كینە و جیاوازی كردن. زیاتر بەرەو میتۆدە نوێیەكانی ڕێزگرتن لە یەكتر و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و یەكتر پەسند كردن هەنگاو بنێ.
بێگومان لە ڕوانگەی پراكتیكی و مەیدانیەوە. ڕۆڵی مامۆستا كاریگەرترین و بەهێزترین كاراكتەری زیندووی ناو پڕۆسەكەیە ، لە بیرمان نەچێت باشترین و نوێترین و بەهێزترین پڕۆگرام بەبێ مامۆستایەكی ڕاهێنراو و وشیار و زیندوو ناتوانێت ئامانجەكانی بپێكێت لەو بوارەدا. چونكە مامۆستا ڕۆژانە بەریەككەوتنی لەگەڵ قوتابیەكانی هەیە و پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ قوتابییەکان هەیە لە ڕەفتار و گوفتار و ئادكار دەتوانی شوێن پەنجەی ئەرێنی جێ بهێڵێ، چونكە مامۆستا یەكەم هێڵی بەرگرییە لە ناو قوتابخانەدا بۆ ڕاگرتنی وتاری توندڕەوی و ڕق و قینە وجیاكاری و هەڵاوێری نەتەوەیی و ئایینی كە ڕەنگە قوتابی لە دەرەوە یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وەریگرتبێت.
لە هەمان كاتیشدا مامۆستا یەكەم هێڵی هێرشبەر و گەیاندن و ئاراستەكراوی كاریگەرە بۆ قوتابی لەوتاردانی یەكتر قبوڵ کردن ولێبوردەیی بیركردنەوەی ڕەخنەیی و ڕێز لە یەكتر گرتن.
ماتەوە بڵێم دووكاراكتەری دیكەی گرنگ هەن كە ڕۆڵی سەرەكیان هەیە لە بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوە ژیان ئەوانیش ڕاهێنەری ڕاستەقینە و لێهاتوو كە دەتوانن بەردەوام پەرە بەتواناكانی مامۆستاكان بدەن بۆ ئەو مەبەستە راهێنانیان پێبكەن و ئاشنایان بكەن هەردەم ببنە سوارچاكی ئەو مەیدانە.
لەگەڵ ڕۆڵی كارگێڕیی قوتابخانە كە هەمیشە دەتوانن لە پۆڵەكان لە گۆڕەپانی قوتابخانە وتاری ئەرێنی و پەروەردەیی و لێبوردەیی یەكتر قبوڵ كردن بۆ قوتابیان باس بكات و پەروەردەیان بكات. دیسانەوە دەڵێمەوە گەر بمانەوێ كۆمەڵگەیەكی زیندوو و بەئاگا و لێبوردەمان هەبێت دەبێت لە پۆڵ و قوتابخانە دەست پێبكەین.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن