عومەر حامد ماستەر لە زانستی دارایی لە زاخۆ: ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی یەك دراون، لاوازیی دارایی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پاشەكشەی پێگەی سیاسی لە دانوستانەكاندا

عومەر حامد    ماستەر لە زانستی دارایی لە زاخۆ:  ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی یەك دراون، لاوازیی دارایی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پاشەكشەی پێگەی سیاسی لە دانوستانەكاندا

 

مێژووی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ڕوونی پیشانمان دەدات كە پشتبەستنی ڕەها بە داهاتی نەوت، وەك سەرچاوەی سەرەكیی دارایی، ناسەقامگیرییەكی هەمیشەیی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەم مۆدێلە ڕانتییە لە بەڕێوەبردن، بووەتە هۆی پشتگوێخستنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی. توندبوونی كێشەكان تەنیا پەیوەست نییە بە نەبوونی پلان، بەڵكو دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ كە دەیانەوێت بازاڕی ئێمە بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانیان بە كراوەیی بمێنێتەوە، ڕێگرە لە گەشەكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی. بۆیە داڕشتنی ستراتیژییەكی زانستی لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پێویستییەكی زۆر گرنگ و حەتمییە.

لەم بازنەیەدا، كەرتی كشتوكاڵ وەك بناغەی كاراكردنی پیشەسازی سەیر دەكرێت، چونكە هاوردەكردنی ماددەی خاو ناتوانێت گەرەنتیی ڕاستەقینەی سەربەخۆیی ئابووریی وڵاتەكەمان بكات. گەشەپێدانی كشتوكاڵ، زنجیرەیەكی تەواوكاریی بەهێز لەگەڵ پیشەسازیدا دروست دەكات، كە پێداویستییەكان پڕ دەكاتەوە و ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دراوی بیانی دەكات.

لەلایەكی دیكەوە، بازاڕێكی دادپەروەرانە هەستی هاووڵاتیبوون بەهێز دەكات، چونكە ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان متمانە بە دەزگاكان زیاد دەكات و كۆچی گەنجان كەم دەكاتەوە. ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی یەك دراون و پێكەوە بەستراون، كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، وەك ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، دەریدەخەن كە مەترسیی لاوازیی ئابووری لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان تا چەند جددییە.

بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، پێویستە حكومەت پاڵپشتیی ڕاستەقینەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بكات. كوردستان خاوەنی زەوی و ئاوە، بەڵام نەبوونی ژێرخانێكی پێویست وەك ساردخانەی مۆدێرن بۆ پاراستنی بەرهەمەكان، لەگەڵ نەبوونی پاڵپشتیی دارایی بۆ جووتیاران، وای كردووە بەرهەمی ناوخۆیی لەناو بچێت. تەنیا بە داڕشتنی سیاسەتێكی گونجاو لەسەر سنوورەكان، ڕێكخستنی هاوردەكردنی كاڵاكان و هاندانی وەبەرهێنەران لە بەرهەمهێنانی ناوخۆدا، دەتوانرێت زامنی بازاڕێكی دادپەروەرانە و سەقامگیر بكرێت، كە تێیدا دەرفەتی كار بۆ هەمووان بە شێوەیەكی یەكسان بڕەخسێت و گەرەنتیی ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەوەكانی داهاتووی ئەم نیشتمانە دابین بكات.

 

Top