(جۆره‌كانی كۆچ و هه‌ڕه‌شه ستراتیژیه‌كان له‌بازنه‌ی بارزان-به‌شی چوارده‌یه‌م)
رووبه‌ری جوگرافیای بارزان كهتووته باوه‌شی سێگۆشه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و كوردستانی باكور و كوردستانی باشور. ئه‌م جۆره هه‌ڵكه‌وته‌یه پێگه‌یه‌كی گرنگی جیوستراتیژی بۆ بارزانیه‌كان وعه‌قڵی سیاسیی و فه‌رهه‌نگی شۆڕشگێڕی بارزان بینا كردووه و بۆته مكۆی مێژوویی به‌درێژایی سه‌ده‌ی رابردوو چونكه شوێنه‌كه قووڵیی ستراتیژی و هه‌ستیاری گرنگی له‌میژووی ناوچه‌كه‌دا بۆخۆی مسۆگه‌ر كردووه.
پێگه‌ی بارزان و سنوری یه‌كێتیه‌كه‌ی قووڵایه‌كی ستراتیژی و به‌هێزی له‌بواری كه‌رته گرنگه‌كانی ژیان هه‌یه و هه‌میشه بوون و به‌رده‌وامی له‌بواری جووڵه شۆڕشگێڕیه‌كان به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م بره‌وی هه‌بووه، كه زۆر به‌چڕی و ووردیه‌وه ئاوێته‌ی سروشت و به‌رزی و نزمیه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی خۆیان بوون و به‌هۆی نائارامی شوێنه‌كه‌یان كه چه‌ندین بزاڤ و رابوونی به‌هێزی تیا ته‌قینه‌وه و ره‌وتی ژیان و سیاسیه‌تی ناوچه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆڕانكاری بردووه.
خه‌ڵكی ناوچه‌كه شاره‌زایه‌كی قوول و به‌رفره‌وانیان له‌بواری سروشتی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه و سه‌رچاوه‌ی هێز و توانای خۆیان هه‌ر له ستراتیژیه‌تی ناوچه‌ی خۆیانه‌وه وه‌رگرتووه و درێژدادڕیان بۆ خه‌بات و به‌ره‌نگاری و هێرشبردن وكشانه‌وه و سه‌ركوتكردنی ناحه‌زان و نه‌یارانیی خۆیان و كوردستانیان كردووه.وێرانكردنی ناوچه‌ی بارزانیه‌كان به‌ده‌یان جار وێرانه‌یان بۆ دانیشتوان دروستكردووه و له‌شوێن و جێگه‌ی خۆیانه‌وه هه‌ڵساون به‌ناچاری بۆ شوێنێكی تر گواستراونه‌ته‌وه. به‌هێزترین كۆچی پێچه‌وانه‌ش له‌كاتی راپه‌رین بوو، له‌گه‌ل هێنانه‌وه ته‌رمی نه‌مران، به‌ڵام به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی باری جۆراوجۆری دانیشتوانی هه‌رێم، خه‌ڵكی بازنه‌ی بارزان-یش، بۆ جارێكی تر، له‌سه‌ر هه‌وه‌سی خۆیان روویان له‌ده‌ره‌وه‌ی بارزان كرده‌وه.له‌گرنگترین هۆكاره‌كانی كۆچكردن له‌ئه‌ڵقه‌ی بارزان و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر دانیشتوان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1-نه‌بوونی چه‌قی قورسایی گردبوونه‌وه‌ی باره‌گایه‌كی به‌هێزی حیزبی بۆ ئه‌وه‌ی عه‌قڵی نوخبه‌ی حیزبی له‌و ناوچه‌یه له‌باوه‌ش بگرێ.
2-نه‌بوونی ئه‌ندامانی هێمایی له خانه‌واده‌ی بارزان له‌شوێنی خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی چاویان لێبكه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌شبێ ته‌نها وه‌كو گه‌شتێك دێته به‌رچاو.
3-نه‌بوونی پڕۆژه‌ی فیتۆنهی سه‌رنجڕاكێش بۆ ئه‌وه‌ی له‌توانای دابێت خه‌لكی ده‌ره‌وه بۆلای خۆی رابكێشێت.
4-نه‌بوونی ناوه‌نده‌كانی زانستی و ئه‌كادیمی.
5-نه‌بوونی چه‌قی گردبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی دیاری خانه‌واده به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام.
6-نه‌بوونی پڕۆژه‌ی فیتۆنهی پیشه‌سازی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه وابه‌سته‌ی كاركردن ببن نه‌ك بیر لهكۆكردن بكه‌نه‌وه.
7-هه‌ر چه‌نده بنه‌ماكانی گه‌شتیاری به‌هێزی هه‌یه به‌ڵام وه‌كو پێویست ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه.
جۆره‌كانی كۆچكردن له‌بازنه‌ی جوگرافیای بارزان:
كۆچكردن له‌شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر، جیاوازه به‌هۆی جیاوازی و جیاكاری هۆكاره‌كان و سروشتی هه‌ڵكه‌وته و سیاسیه‌تی حكومڕانیی ناوچه و وڵاته‌كان، له‌گرنگترین جۆره‌كانی كۆچكردن له‌سنووری بارزان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1-كۆچی هێمایی، بریتیه له‌و كۆچه‌ی له‌تێكڕای ئه‌ندامان و تاكه‌كانی خانه‌واده‌ی بارزان پێكهاتوون و به‌كۆچی هێمایی ناسراوه و كاریگه‌ری قوولی مه‌ترسیداری له‌سه‌ر ستراتیژیه‌تی ناوچه‌كه داناوه و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و گۆڕانكارێكی قوول وئاسۆیی بردووه و ده‌رگه‌ی به‌رووی چه‌ندین كۆچی مه‌ترسیدار كردۆته‌وه و جۆرێك له چۆڵه‌وانی بۆ شوێنه‌كان و گونده‌كان دروستبووه.
بێگومان ڕه‌گ وریشه‌ی ئه‌م كۆچه زۆر قوول و كاریگه‌ره و له‌توانای دایه، جومگه هه‌ستیاره‌كانی ناوچه‌كه به‌ره‌و هه‌ڵته‌كاندنی هێزێكی مرۆیی ببات و بیابان له‌بواری هێزی مرۆیی دروستبكات و مه‌ترسیه‌كان زۆر به‌ڕوون و ئاشكرا به‌دیار بخات و كاریگه‌ریه نهرێنیهكانیشی زۆر به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار هه‌ستی پێ ئه‌كرێ و هه‌ڕه‌شه‌ی ناسروشتی ئاماده‌كراوی له‌سه‌ر ته‌واوی شوێنه‌كه‌ی داناوه و به‌ره‌و ئاڵۆزی و نیمچه ئاهووتهیهكی گوماناویی و داماویی بردووه.
2-كۆچی سیاسییه‌كان. بریتیه له‌و كۆچه‌ی كهلهعهقلی سیاسیی ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ی بارزان روویانداوه و روویان له پیرمام و هه‌ولێر و سۆران كردووه. هاوته‌ریب له‌گه‌ل ئه‌م نوخبه‌یه، ئه‌ستێره‌كانی ئه‌كادیمی ناوچه‌كه‌ش شان به‌شانی په‌رله‌مانتاره‌كان و نووسه‌ره‌كان ورووناكبیرهكان هه‌نگاوی مه‌ترسیان ناوه و قه‌یرانێكی به‌رده‌وامیان بۆ شوێنه‌كه دروستكردووه.
بوونی ئه‌م جۆره كۆچه‌ش بنهتایهكی به‌هیزه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاسایی چاویان لیبكه‌ن، شه‌پۆلی ئه‌م كۆچه‌ش بۆته هۆكارێ بۆ ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی ئاسۆیی دانیشتوان كۆچبكهن بۆ شوێنی دڵخوازی خۆیان و شوێنی زێدی خۆیان به‌جێبێڵن، ئه‌مه‌ش بنهتایهكی مه‌ترسیداره له‌هه‌ناوی ئه‌و جوگرافیایه دروست ئه‌كات كه بارزانیه‌كانی تیا نیشته‌جێن و به‌ره‌و ئاڵۆگۆڕی فكر بچن و جۆرێك له بیركردنه‌وه‌یان بۆ بێته كایه‌وه و ئه‌وانیش شوێنی خۆیان به‌جێبێڵن رووبكه‌نه شوێنه مه‌به‌ستداره‌كان و مهرامدارهكان.
3-كۆچی قوتابییان و مامۆستایان، بریتیه له‌و كۆچه مه‌ترسیداره‌ی نیو دانیشتوانی بارزان كه هیچ ناوه‌ندێكی زانستی تیابه‌دی ناكری بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنی خۆیان هه‌ر له‌شوێنی خۆیان ته‌واو بكه‌ن. ئه‌م جۆره‌شیان بارستایه‌كی قه‌به‌ی هه‌یه و مه‌ترسیه‌كانی فره‌بوار و بواری بێومێدی په‌رت و بڵاو ئه‌كاته‌وه. ئه‌م دوو بنه‌مایه وا له‌كه‌س و كاریان بكه‌ن له‌گه‌ل رۆڵه‌كانیان بچن بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی تیا ئه‌خوێنن یاخود وه‌كو مامۆستا وانه ئه‌لێنه‌وه،
4-كۆچی دانیشتوان ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی له نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌ت كه خزمه‌تی راسته‌وخۆی خه‌ڵك بكات وای لهخهلكهكه كردووه، روو له‌ده‌ره‌وه‌ی بازانه‌ی بارزان بكه‌ن. ئه‌م كۆچه گه‌وهه‌رێكی مه‌ترسیداری هه‌یه و كاریگه‌ری قوولی له‌سه‌ر هه‌ناوی ئایندهی ناوچه‌كه داناوه و بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه به‌ره‌و به‌تاڵبوونه‌وه هه‌نگاو بنێت و هه‌ندێ خه‌ڵكی له‌شوێن خۆیان بمێنه‌وه و ئه‌وانیش كه‌وتۆنه‌ته نێو بازنه‌كانی ته‌مه‌ن.

مزه‌فه‌ر سرێشمه‌یی