سەندیکای هونەرمەندان ڕێنماییەکی نوێ بۆ پاراستنی شکۆی هونەرمەندە بەساڵاچووەکان دەردەکات

سەندیکای هونەرمەندان ڕێنماییەکی نوێ بۆ پاراستنی شکۆی هونەرمەندە بەساڵاچووەکان دەردەکات

ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لە ڕێنماییەکی ئیتیکی نوێدا داوای لە سەرجەم دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان کرد،خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بەساڵاچوو و نەخۆشانەی کە بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە ناتوانن بە ئاسایی لەبەردەم کامێراکاندا بدوێن.

سەندیکا ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەرچی ئامانجی هەندێك میدیا سەرنجڕاکێشانی لایەنە بەرپرسەکان بێت بۆ هاوکاریکردنی دارایی ئەو کەسایەتییانە،بەڵام بڵاوبوونەوەی دیمەنی ململانێی ئەو هونەرمەندانە لەگەڵ پەککەوتوویی و نەخۆشیدا لە سۆشیال میدیا، ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە و بووەتە هۆی شکاندنی شکۆیان، لە کاتێکدا پێویستە تەمەنی پڕ لە بەخشینی هونەرییان بە ڕێزەوە بەرز بنرخێنرێت.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت،کە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنی میدیایی لەگەڵ هونەرمەندە بەساڵاچووەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە؛ بەشێك لە ڕەخنەگران میدیاکان بە بەکارهێنانی دۆخی تەندروستیی هونەرمەندان بۆ کۆکردنەوەی بینەر تۆمەتبار دەکەن. لە بەرامبەردا، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هەوڵدەدەن ڕێکارێکی نوێ و ڕێکخراو پەیڕەو بکەن بۆ یارمەتیدانی هونەرمەندان، بێ ئەوەی زیان بە پێگەی فەرمی و فەرهەنگییان بگات.

سەندیکای هونەرمەندان ڕێنماییەکی نوێ بۆ پاراستنی شکۆی هونەرمەندە بەساڵاچووەکان دەردەکات
Top