هونەرمەند عەدنان فاتیح حەسەن بۆ گوڵان:هەوڵ دەدەم هەموو كارێكم پەیامێكی مرۆیی و كەلتووریی لەپشت بێت

هونەرمەند عەدنان فاتیح حەسەن بۆ گوڵان:هەوڵ دەدەم هەموو كارێكم پەیامێكی مرۆیی و كەلتووریی لەپشت بێت

هەموو هونەرمەندێك چیرۆكێكی تایبەتی هەیە، بەڵام چیرۆكی «عەدنان فاتیح حەسەن» چیرۆكی تێكۆشان و داهێنانە لە ناو سەختییەكاندا. عەدنان هونەرمەندێكی خەڵكی مەریوانە كە توانیویەتی بەبێ مامۆستا و تەنیا بە پاڵنەری خولیاكانی، سنوورەكانی نێوان پیشە و هونەر ببەزێنێت و كارەكتەرێكی تایبەت بۆ خۆی لە بواری وێنەكێشان و نەخشسازیی سەر گەچدا دروست بكات. لەم گفتوگۆیەدا، لە نزیكەوە ئاشنای دیدگە و كارە هونەرییەكانی دەبین و باس لەو بەربەستانە دەكەین كە ڕووبەڕووی بەهرەمەندانی ئەمڕۆ دەبنەوە.

*سەرەتا حەز دەكەین زیاتر بتناسین، چۆن بوو و چۆن دەستت بە هونەر كرد؟

-من (عەدنان فاتیح حەسەن) دانیشتووی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانم، سەرەتای ژیانی هونەریم لە بواری نەخشسازیی سەر گەچ (گەچكاری) بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان دەستی پێكرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و بەهۆی خولیای زۆرم بۆ جیهانی هونەر، بەردەوام پەرەم بە تواناكانم دا. فێربووم و تێكۆشام تا توانیم بگەمە ئەم ئاستەی ئێستام، هەر قۆناغێكی ژیانم وانەیەكی نوێی پێ بەخشیوم و وای كردووە باوەڕی زیاترم بە تواناكانی خۆم هەبێت.

*پەیوەندیت لەگەڵ وێنەكێشان چۆن دەستی پێكرد، چی وای كرد ئەم شێوازەی هونەر هەڵبژێریت؟

-بۆ ئەوەی كارەكانی نەخشسازیی گەچم تەنیا لایەنێكی پیشەیی و كاسبییان پێوە دیار نەبێت و وەك بەرهەمێكی هونەری دەربكەون، پێویستم بە فێربوونی بنەماكانی وێنەكێشان، ڕەنگزانی، ڕێكخستنی پێكهاتە، ڕووناكی و داهێنان هەبوو، بۆیە بەبێ بوونی هیچ مامۆستایەك و تەنیا بە پشتبەستن بە هەوڵی كەسیی خۆم، ساڵانێكی زۆر لەم بوارانەدا كارم كرد و هێشتاش فێربوون لە ژیانمدا بەردەوامە.

هونەرمەند عەدنان فاتیح حەسەن بۆ گوڵان:هەوڵ دەدەم هەموو كارێكم پەیامێكی مرۆیی و كەلتووریی لەپشت بێت

*لەگەڵ وێنەكێشان لە بواری پەیكەرتاشی بە گچ و لە بواری مۆسیقاشدا كار دەكەیت، كارت لەگەڵ پەیكەرتاشی و مۆسیقا چۆن دەستی پێكرد، ئایا پەیوەندییەك لە نێوان ئەم سێ ژانرە دەبینیت؟

-حەز و خولیای من هەمیشە گەورەتر بووە لە پیشەكەم، لە هەموو كاتە بەتاڵەكانمدا سەرقاڵی خوێندنەوە، بینینی كارە هونەرییە جیهانییەكان و تاقیكردنەوەی شێوازە جیاوازەكان بووم، باوەڕم وایە هونەرمەند هەرگیز نابێت لە فێربوون بوەستێت. هونەر بۆ من تەنیا پیشە نییە، بەڵكو زمانێكە بۆ دەربڕینی هەست و پاراستنی مێژوو و گواستنەوەی فەرهەنگ بۆ نەوەكانی داهاتوو، و ئەم بوارانە هەموویان تەواوكاری یەكترن.

*مۆسیقا پشت بە ئاواز و ڕیتم دەبەستێت، پەیكەرتاشی پشت بە شێوە و دەستپێكردن، وێنەكێشان پشت بە بینین و وێنە، چۆن دەتوانیت ئەم جیهانە جیاوازانەی هونەر لە ناو ئەزموونی هونەریتدا یەك بخەیت؟

-من هەوڵ دەدەم هەموو كارێكم پەیامێكی مرۆیی و كەلتووریی لەپشتەوە بێت، یەكخستنی ئەم بوارانە لە ڕێگەی داهێنانەوە دەبێت؛ بۆ نموونە كاتێك كارێكی گەچكاری دەكەم، وەك پەیكەرتاشێك سەیری قەبارەكان دەكەم و وەك وێنەكێشێك سەیری ڕووناكی و سێبەرەكان دەكەم، ئەمەش وا دەكات بەرهەمەكە ڕیتمێكی هونەریی تایبەتی هەبێت.

*كام لە كارە هونەرییەكانت (تابلۆ یان پەیكەر) بە ناوبانگترن كە تا ئێستا دروستت كردوون، كام كار زۆرترین نزیكە بە دڵتەوە و بۆچی؟

-تابلۆی «شاماران» بۆ من تەنیا كارێكی هونەری نییە، بەڵكو ئاوێتەیەكە لە وێنەكێشان، نەخشی گەچ و پەیكەرتاشی. لەم كارەدا هەوڵم داوە ئەفسانەیەكی كۆنی كوردی بە زمانی هونەر بگێڕمەوە، ئامانجم ئەوە بووە میراتی فۆلكلۆریمان تەنیا لەناو كتێبەكاندا نەمێنێتەوە، بەڵكو لە ڕێگەی هونەرەوە ببێتە سیمایەكی بینراو و بەرجەستە.

هونەرمەند عەدنان فاتیح حەسەن بۆ گوڵان:هەوڵ دەدەم هەموو كارێكم پەیامێكی مرۆیی و كەلتووریی لەپشت بێت

*توانا و جۆراوجۆریی كارەكانت هەیە، هێشتا بەپێی پێویست لە میدیاكاندا نەناسراویت، هۆكاری ئەوە چییە كە هەندێك هونەرمەندی بەهرەدار دوور لە گرنگیپێدانی میدیا دەمێنن؟

-لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هێشتا میدیا و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی بواری هونەر سنووردارن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێك لە هونەرمەندان نەتوانن بە ئاسانی كارەكانیان بناسێنن، یان پشتیوانیی پێویست بكرێن، ئەم دۆخە وای كردووە زۆر هونەرمەندی بەتوانا بەبێ ناساندن بمێننەوە.

*چۆن دۆخی هونەرمەندانی گەنج لە كۆمەڵگەی كوردیدا ئەمڕۆدا دەبینیت، ئایا ڕوانگەی كۆمەڵگە بۆ هونەر و هونەرمەندان گۆڕاوە بەراورد بە ڕابردوو؟

-سەرەڕای ئاستەنگەكان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی باش نراون. دامەزراوە و ناوەندی هونەری دروست بوون، هەروەها گەشەی تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕۆڵێكی گرنگیان هەبووە لە ناساندنی هونەرمەندان. هەرچەندە هێشتا كەرتی هونەر پێویستی بە پشتیوانیی جیدیتر هەیە، بەڵام ئاستی تێگەیشتنی كۆمەڵگە بەرەو باشترچووە.

*وەك هونەرمەندێكی گەنج، چین ئەو كێشە و بەربەستانەی ڕوبەڕوویان دەبیتەوە و داواكاریت چییە بۆ پشتیگیریی هونەرمەندان؟

-هەموو ئەو كارانەی تا ئێستا ئەنجامم داون، بە ماندووبوونی تاكەكەسی و بەبێ هیچ جۆرە پشتیوانییەكی مادی، مەعنەوی یان دامەزراوەیی بووە. داواكارم دەرفەت و پشتیوانیی گونجاو بڕەخسێت، چونكە دڵنیام بە هەبوونی پاڵپشتی دەتوانم پڕۆژەی گەورەتر، داهێنەرانەتر و كاریگەرتر بۆ خزمەت بە هونەر و كەلتووری كوردی پێشكەش بكەم.

*ئایا پرۆژە یان خەونێكی هونەریت هەیە كە تێیدا وێنەكێشان، پەیكەرتاشی و مۆسیقا پێكەوە كۆبكەیتەوە؟ ئەم پرۆژەیە چۆن بیری لێ دەكەیتەوە؟

-یەكێك لە گەورەترین خەونەكانم ئەوەیە پێشانگەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كارەكانم بكەمەوە، تا جیهان بە جوانیی مێژوو و فەرهەنگی كورد ئاشنا بێت. دەمەوێت بە هونەری نەخشسازیی گەچ و پەیكەرتاشی، ئەفسانە و چیرۆكە كۆنەكانمان زیندوو بكەمەوە و بۆ نەوەكانی داهاتوویان بپارێزم.

*ئاواتت وەك هونەرمەند چییە و دەتەوێت لە ڕێگەی كارە هونەرییەكانتەوە چ پەیامێك بگەیەنیت؟

-ئاواتی من تەنیا سەركەوتنی كەسی نییە، بەڵكو دەمەوێت هونەرەكەم بخەمە خزمەت خاك و نیشتمانەكەم، خەونم ئەوەیە لە داهاتوودا ناوەند و خولی فێركاری بۆ گەنجان دابمەزرێنم، تا ئەزموون و زانیارییەكانی خۆمیان بۆ بگوازمەوە و هاوكار بم لە پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێ لە هونەرمەندانی داهێنەر، كە بتوانن پارێزەری میراتی هونەر و كەلتووری كوردستان بن.

Top