ئەساڵە نەسری:دەیان نەشتەرگەریم ئەنجامداوە
خانمە هونەرمەندی ناسراوی سووری، ئەساڵە نەسری، بە ڕاشكاوی دەربارەی گرنگیدانی بە تەندروستی و دەركەوتنی خۆی دەڵێت كە هەمیشە هەوڵ دەدات بە باشی چاودێری خۆی بكات و وەرزش ئەنجام دەدات. ئەو ئاماژەی بەوە دا كە ئارەزووی پاراستنی لاوازی و جوانیی جەستەی، تەنیا بۆ ڕازیكردنی جەماوەر نییە، بەڵكو لە باوەڕ و قەناعەتی كەسیی خۆیەوە و هەستكردن بۆ ڕەزامەندی لە خۆی سەرچاوە دەگرێت.
ئەم قسانەی ئەساڵە لە كاتی بەشداریكردن لە كۆنسێرتەكەی ئەم دواییەی بوو لە ئوردن، لەوێدا بە ڕاشكاوی باسی لە گرنگیدان بە دەركەوتن و جوانكاری سەرنجی زۆری ڕاكێشا.
ئەو بە پێكەنینەوە گوتی: «تریلیۆنێك نەشتەرگەریم ئەنجام داوە و هەزاران دەرزیی جوانكاریم بەكار هێناوە، ئیرادە و سووربوونێكی بەهێزم هەیە، دەمەوێت وەرزش بكەم و گەنجتر دیاربم، ئایا تەنیا بۆ ئێوە جوان بم؟ خۆ منیش مافم هەیە بۆ خۆم جوان بم».
ئەم ئەستێرە سوورییە بە ڕاشكاوی ددانی بەوەدا ناوە كە ژمارەیەكی زۆر لە نەشتەرگەریی جوانكاریی ئەنجام داوە كە كاریگەرییان لەسەر سیما و شێوەی ڕووخساری هەبووە، لەوانە جوانكردنی لووت، پێشتر ددانی بەوەدا ناوە كە نەشتەرگەرییەكی جوانكاریی لووتی ئەنجام داوە بۆ باشتركردنی شێوەی. جوانكردنی چەناگە، ئاماژەی داوە كە یەكێك لە كارە جوانكارییەكانی لە ناوچەی چەناگە بووە، بەڵام دواتر ئاشكرای كرد كە هەندێك هەڵەی پزیشكی لەو ناوچەیە ڕووی داوە و پێویستی بە چارەسەری و چاكسازی هەبووە. دەستكاریكردنی ناوچەی چاو، هەروەها ئاشكرای كردووە كە هەندێك گۆڕانكاریی جوانكاریی لە دەوری چاوەكانی ئەنجام داوە.
هەرچەندە بە ڕاشكاوی باس لە نەشتەرگەریی توندكردنەوەی ڕوو (Face Lift) نەكردووە، بەڵام لە ڕووناكی و نەرمیی پێستیدا دیارە كە بە جۆرێك لە ڕێوشوێنی جوانكاریی بۆ توندكردنەوەی ڕوو و بەرەنگاربوونەوەی پیربوونەوە سوودی وەرگرتووە. خۆیشی هەمیشە ئاماژە بەوە دەدات كە پەنا دەبات بۆ ڕێكارە جوانكارییەكان بۆ پاراستنی دەركەوتنێكی گەنجانەتر و جوانتر.
جگە لە نەشتەرگەرییەكان، ئەساڵە بە شێوەیەكی بەردەوام دەرزیی بۆتۆكس، فیلەر و ڤیتامین وەردەگرێت بۆ پاراستنی تازەیی، گەشەیی و گەنجی پێستی ڕوو.
سەرچاوە (لها)
