لیۆناردۆ دی كاپریۆ:پاراستنی ژینگە تەنیا بەرپرسیارێتیی حكومەتان نییە بەڵكو بەرپرسیارێتی هەموومانە

لیۆناردۆ دی كاپریۆ:پاراستنی ژینگە تەنیا بەرپرسیارێتیی حكومەتان نییە بەڵكو بەرپرسیارێتی هەموومانە

هەندێك لە ئەستێرە جیهانییەكان ناودارییان تەنیا لەسەر شاشەی سینەما و سەر فەرشی سوور نەوەستاوە، بەڵكو ناو و دەنگیان كردووەتە ئامرازێك بۆ بەرگری لە كێشەكانی مرۆڤایەتی. «لیۆناردۆ دی كاپریۆ» یەكێكە لەو كەسانەی كە لەگەڵ سەركەوتنی هونەری، بەردەوام هەوڵی داوە هۆشیاریی جیهانی سەبارەت بە مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، لەناوچوونی جۆرە جیاوازەكانی ژیان و پیسبوونی ژینگە بەرز بكاتەوە.

*زۆربەی خەڵك تۆ بە ئەستێرەی هۆلیوود دەناسن، چۆن بوو ژینگە بوو بە یەكێك لە گرنگترین بابەتەكانی ژیانت؟

-من هەمیشە دڵخۆش بووم بە سرووشت، لە تەمەنی گەنجیدا هەستم بە تێگەیشتن كرد كە گۆڕانی كەشوهەوا، بڕینی دارستان و پیسبوونی دەریاكان هەڕەشە لە داهاتووی زەوی دەكەن، هەر بۆیە هەستم كرد كە ناودارییەكەم دەبێت ببێتە دەنگێك بۆ بەرگری لە ژینگە.

لیۆناردۆ دی كاپریۆ:پاراستنی ژینگە تەنیا بەرپرسیارێتیی حكومەتان نییە بەڵكو بەرپرسیارێتی هەموومانە

*زۆر جار باس لە گۆڕانی كەشوهەوا دەكەیت، بۆچی ئەم بابەتە تا ئەم ڕادەیە گرنگە؟

-چونكە ئەمە بابەتێكی داهاتوو نییە، بەڵكو ئێستا ڕوو دەدات. گەرمبوونی گۆی زەوی، توانەوەی سەهۆڵەكان، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاكان و ئاگری دارستانەكان هەموویان بەڵگەن كە دەبێت خێراتر هەنگاو بنێین.

*لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار، لە جیاتی تەنیا قسەكردن دەربارەی سەركەوتنی هونەری، باست لە ژینگە كرد، بۆچی؟

-ئەو ساتە ملیۆنان كەس سەیریان دەكرد، هەستم كرد باشترین شوێنە بۆ ئەوەی بڵێم گۆڕانی كەشوهەوا ڕاستییە و دەبێت هەموومان بەرپرسیار بین.

*جگە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، چی دیكە دەكەیت؟

-پشتگیریی پڕۆژەكانی پاراستنی فیل، پڵنگ، نەهەنگ، كیسەڵەی دەریایی و زۆر جۆری دیكەی ئەو ئاژەڵانەی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. هەروەها پاڵپشتی پڕۆژەكانی وزەی پاك، پاراستنی ناوچە سرووشتییەكان و ئابووری سەوزم كردووە.

*پەیامت بۆ گەنجان چییە؟

-چاوەڕوانی ئەوە مەكەن كە كەسێكی دیكە گۆڕانكاری دروست بكات. هەر كەس دەتوانێت بە هەنگاوێكی بچووك دەست پێبكات؛ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیك، پاراستنی ئاو، چاندنی دار و پشتگیری لە پڕۆژە ژینگەییەكان. ئەگەر هەموومان بەرپرسیار بین، دەتوانین داهاتوویەكی باشتر بۆ زەوی دروست بكەین.

سەرچاوە:(لها)

Top