پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك

پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك

تاریق كارێزی

ڕەنگە نەتوانین ڕاڤەیەكی وردی بۆ بكەین، كە ئاخۆ لەبەر چی شاری كەركووك لەسەر ئاستی باشووری كوردستان زۆرترین كاریكاتێریستی تێدا پەیدابوون؟ دەكرێ بڵێین چونكە شاری جەفەنگ و قسەی خۆشە و شێخ ڕەزا، بەڵگەیەكی مەزنە، دەكرێ بڵێین دژبەری و ناسۆرییەكانی ژیانی خەڵكی شارێكە كە زۆرترین و قورسترین چەوسانەوە و چەرمەسەریی بە دەست داگیركەرەوە دیوە، دەكرێ بڵێین فرە كولتوورییەكەی پاساوە، هەموو ئەمانە ئەگەری بەهێزن بۆ دروستبوونی مەیلی كاریكاتێرخوازی لە نێوهونەرمەندانی ئەو شارەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ماویەتی قسەی گردەبڕ لەم بارەیەوە بكەین. دوای عەلی مەندەلاوی كە كوردێكی مەندەلییە و لە بەغداژیاوە، كاریكاتێریستی شاری كەركووك «محەمەد ساڵەیی» كە ئێستا لە كەنەدایە، یەكەمین هونەرمەندی كوردە كە لە كۆتایی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی بیستەمەوە كاریكاتێری لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكانی بەغدا بڵاو كردووەتەوە. جگە لە گرفتار ئێمە»عەلی دەروێش (بەمۆ) ئێستا لە مان مۆرتەری پاریسە، «پەرورەر»یشمان هەیە. بەر لە هەموو ئەمانەش «قاسم عەلی فەرزە»مان هەبوو، نیگاركێش و كاریكاتێریستێكی زۆر بە توانا بوو، لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عیراقدا گیانی سپارد.

پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك

گرفتار كاكەیی -كەركووكییە و لە ئەڵمانیا دەژی- ناوی هەرە درەوشاوەی دنیای هونەری كاریكاتێرە لە كوردستاندا. ئەم هونەرمەندە ملی بۆ بەعسی داگیركەر كەچ نەكرد، بەهرە و تواناكەی خۆی شاردەوە، لە هیچ چاپەمەنییەكی سەردەمی بەعسدا كاریكاتێری بڵاو نەكردەوە. یەكەمین دەركەوتنی لە ساڵی 1993 بوو، كاتێك ڕۆژنامەی «موئتەمەر» لە پیرمەمەوە لەلایەن كۆنگرەی نیشتیمانیی عیراقەوە، كە لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنی عیراق بوو، دەرچوو، ناوەڕاستی دوایین لاپەڕەی هەموو ژمارەیەكی ڕۆژنامەكە، كاریكاتێرێكی گرفتاری بە قەبارەیەكی گەورە بڵاو دەكردەوە. كاروانی هونەری ئەم شاهونەرمەندە لێرەوە دەستی پێ كرد. ئەگەر هەڵوەستە لە ئاست بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەندە بكەین، كە لە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاردا بڵاو كراونەتەوە، دەبینین لە ڕووی ناوەرۆك و بابەت و هێڵ و فیگەر و گەڵاڵە كردنی تێكڕای بەرهەم و تەرز و شێوازی كاریكاتێرییەوە، لە ئاستێكی فرە باڵادان، تا ئێستا هیچ كاریكاتێریستێكی كوردستان لە ڕووی كێشانی وێنەی كاریكاتێرەوە نەیتوانیوە شان لە شانی گرفتار بدات، ئەو خاوەن ستایلی زۆر ڕوون و ئاشكرای تایبەت بە خۆیەتی، ئەگەر لەسەر ئاستی جیهانیش بە دوای پێگەی كاریكاتێری ئەودا بگەڕێین، بە دڵنیاییەوە لە ڕێزی دەستەی پێشەوەی كاریكاتێریستانی جیهاندا جێی خۆی دەگرێت. خەسڵەتێك كە لە هونەری گرفتاردا بەدی دەكرێت، باڵادەستیی ئەوە لە هونەری نیگار، بە تایبەتی لە هونەری پۆرترێتدا، كە دوای «بەدیع باباجان» كەركووك پۆرترێتكێشێكی سەرووتر لە گرفتاری بە خۆوە نەدیوە. ئەم توانایەی گرفتار لە هونەری نیگاردا ڕێی ئەوەی بۆ خۆش كردووە لە هونەری كاریكاتێردا باڵادەست بێت. هەرچەندی نیگار و كاریكاتێر دوو هونەری لە یەكدی نزیكیش بن، بەڵام بەدەگمەن نیگاركێش هەیە بتوانێ كاریكاتێر بكێشێت.

پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك

ناوەندی حەوت ڕەنگە لە شاری سلێمانی كارێكی باشی كرد كە لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی بە (33) بەرهەم پیشانگەیەكی تایبەتی كاریكاتێری بۆگرفتار كاكەیی كردەوە، وەك ڕێزێك بۆ ئەو هونەرمەندە و شاری دایكزای، ڕۆژی 28/تەمووز/2026 بە پشتیوانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بەشی ڕۆشنبیری و هونەری كەركووك سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی كوردستان، هەمان پیشانگە لە هۆڵی مەزنی سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك لە شاری كەركووك كرایەوە. جەماوەرێكی زۆری هونەردۆست هاوشانی خۆشكان و خزمانی گرفتار كاكەیی سەردانی پیشانگە كەیان كرد و لە مەراسیمی كردنەوەیدا بەشداربوون.

پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك
پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك
پاشای كاریكاتێر دێتەوە كەركووك
Top