لە بارزانەوە بۆ کوردستان": کاتێک خەبات بوو بە ڕێگا و هیوا بوو بە داهاتوو
لە مێژووی گەلاندا هەردەم ڕۆژگەڵێکی گرنگ هەن کە مەکینەی بیرکردنەوەی ئەو گەلانە و جێگای شانازیانن، ئەو ڕۆژانە دەبن بە بەشێک لە بیرەوەری، ناسنامە و شوناسی ئەو گەلە، ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بۆ گەلی کورد یەکێک لەو ڕۆژانەیە.
لەو ڕۆژەدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە دامەزاندنی حزبێک.بنیاتنانی مێژوو بوو، هەروەها بەرهەمی قۆناغێکی درێژ بوو لە خەبات و خۆڕاگری و هەوڵدان بۆ ئەوەی ناسنامەی کوردبوون لە ناو مێژوودا ون نەبێت وگەلی کورد بێدەنگ نەکرێت. ١٦ی ئاب، بە مانایەکی گشتی، خاڵێکی وەرچەرخێنەر بوو لە گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد.
بۆ تێگەیشتن لە گرنگی ئەو ڕۆژە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێش دامەزراندنی پارتی. لە ١٩١٨ەوە تا ١٩٣١ و لە ١٩٣١ەوە تا ١٩٤٦، کورد قۆناغ بە قۆناغ ئەزموونی خەباتی جیاوازی تێپەڕاند. ئەو ساڵانە پڕ بوون لە شۆڕش و سەرکوتکردن، هیواو نائومێدی، بەڵام لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا یەک شت بەردەوام مایەوە: ئەویش هەستی کوردبوون بوو.
لە ناو ئەو مێژووەدا، بارزان و خەباتی بارزانییەکان شوێنێکی تایبەتیان هەیە. شۆڕشەکانی یەکەم و دووەمی بارزان بە تەنیا ڕووداوێکی سەربازی و شۆشگێڕی نەبوون، بەڵکو بەشێک بوون لە خەباتێکی گەورەتر بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی کورد و مانەوەی رۆحیەتی دەستگرتن بە نەتەوە و نیشتیمان.
لە ناو ئەو پێڤاژۆی خەباتی کوردایەتیدا ناوی مستەفا بارزانی وەک ناوێکی دیار و ئەستێرەیەکی گەش دەدرەوشێتەوە. ئەو بە هەڵگیرساندن و بەردەوامکردنی شۆڕشەکانی بارزان، نەیهێشت گوتاری کوردبوون و هەستی نەتەوەیی لەو قۆناغە سەختەدا پەلوپۆی لێ ببڕدرێت. خەباتی ئەو زاتە کوردە وای کرد ئەو هەستە لە نەسلێکەوە بۆ نەسلێکی تر بگوازرێتەوە و بەردەوامی هەبێت. لەبەر ئەوە، کاتێک لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ پارتی دامەزرا، ئەو ڕوداوە بەردەوامیدان بوو بە ڕێگایەک کە پێشتر بە خوێن و خەبات و قوربانی زۆر بناغەی بۆ داڕژرابوو.
بە دامەزراندنی پارتی مەسەلەی کورد لە باشووری کوردستان چووە قۆناغێکی نوێوە و لە هەمان کاتداپەیوەندی نێوان هەر چوار پارچەی کوردستان پێناسەکرایەوە. ئەوەش زۆر گرنگ بوو، چونکە کوردبوون لە سنوورێکی سیاسیی دیاریکراودا دەستی پێ نەکردووە و لە جوگرافیا بچوکەکانیشدا قەتیس نابێت.
لەو ساڵانەی دواتردا، پارتی لە ناو قۆناغە سیاسییە زۆر سەختەکاندا بەردەوام بوو. لە خەبات بۆ ناساندنی مافەکانی کورد لە عێراقەوە بگرە تا دەستووری ١٩٥٨، هەڵگیرسانی "شۆرشی ئەیلولی سەرتاسەری و یەک گوتاری" دەستورە بەعسیەکانی شەستەکان و قۆناغەکانی دواتر، کورد هەوڵی دا بە هەر شێوەیەک بێت دەنگی خۆی بگەیەنێت و مافەکانی بپارێزێت.
ڕێکەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ یەکێک بوو لە خاڵە گرنگەکانی ئەو ڕێگایە. ئەو ڕێکەوتنە، هەرچەندەجێبەجێ نەکرا، بەڵام زەنگێک بۆ دوژمنان کە مەسەلەی کورد ناتوانرێت هەمیشە پشتگوێ بخرێت و چارەسەرکردنی پێویستی بە داننان بە بوونی مەسەلە و مافەکانی کورد هەیە.
بەڵام دواتر سەردەمێکی تاریک هات. سەردەمی بەعس، ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان. زۆر شت لەو قۆناغەدا لەدەست چوو، بەڵام یەک شت هەر مایەوە: ئەویش "هیوا" بوو.
ئەو هیوایەش لە ساڵی ١٩٩١دا بە شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلی کورد خۆی نیشان دا. وەک دەزانین لەو کاتدا کوردستان لە دەستی رژێمی بەعس ڕزگار بوو و قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد کە قۆناغی دامەزراندن و بنیاتنانی هەرێمی کوردستان بوو.
لەوێوە، کوردستان هەنگاوێکی گرنگی دیکەی نا، لە خەبات بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەی، گەیشتە خەبات بۆ دامەزراندنی دامەزراوە و دەستوور و پاراستنی مافەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
لەو قۆناغەداشدا ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرکردایەتیی ئەو پرۆسەیە و پاراستنی هەرێم و مافەکانی گەلی کورد جێگای پڕ بایەخی خۆی نواند. ئەوەی لە دەستووری ٢٠٠٥یشدا بۆ هەرێمی کوردستان و کورد جێگیر کرا، بەرهەمی خەباتێکی دەیان ساڵ خەبات و قوربانی پارتی بوو، کە ئەمەش نەک تەنها بۆ کورد بو بە رەحمەت، تەنانەت بو بە هەوێنی بیناکردنەوەی عیراقی نوێ.
لە ساڵی ٢٠١٤شدا، کاتێک داعش بە هێزێکی زۆر و بە توندوتیژییەکی بێوێنە هەڕەشەی بۆ سەر ناوچەکە دروست کرد، پێشمەرگە بەرامبەری وەستایەوە و شەڕی بە وەکالەتی لە جیاتی جیهانیان کرد، بێ پاکانە قوربانی زۆری لە پێناو مرۆڤایەتی دا.
و دواتر ٢٠١٧ هات؛ ساڵی (ریفراندۆمی مافی چارەنووس)، ساڵێک کە خەڵکی کوردستان بە دەنگی خۆیان ویستیان بە مافێکی بنەڕەتی و سەرەتایی خۆیان شاد بن، بەڵام ئیرادی سەپاندنی لۆژیکی هێز بەسەر ڕەوایەتی لۆژیکی مەدەنی،سیاسی و یاسایی، جارێکی تر بووە لەمپەری بەردەم دەنگی زوڵاڵی نەتەوەیەک.
بە تەنیا ئەو کورتەباسە مێژوییەی پارتی و بارزانی پێمان دەڵێ کاتێک ئەو حزبە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دامەزرا، ڕەگ و ڕیشەکانی لەسەر خەبات و هەستی نەتەوەیی پێش خۆیدا چەکەرەیان کرد، مێژووی دوای دامەزراندنیشی گرنگترین بەشی مێژووی خەباتی سیاسی کوردە لە باشووری کوردستان.
بۆیە، ئەگەر بپرسین پارتی چیە؟ و کوردستان چیە؟ و ئەمانە چ پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە هەیە؟ وەڵامەکە "لە مێژوودایە". و پێویست بە قسە و گوفتاری ئێمەمانان ناکات.
پارتی و کوردستان لە مێژووی ئەم هەشتا ساڵەدا بە شێوەیەکی قووڵ بە یەکترەوە گرێدراون. کوردستان ئامانجی خەبات بووە و پارتیش وەسیلە.
لە لای پێشڕەوانی ڕێبازی بارزانی و پارتیشدا، هەموو کەسێک پارتییە کە بە هەر شێوەیەک لە پێناو کوردستان بە دروستی و بە پاکی تێدەکۆشێت. ئەو دایکە پارتییە کە کوڕە تاقانەکەی پێش مەرگ خستووە و ناردویەتیە سەنگەری شەڕەف و سەربەرزی، ئەو مرۆڤە کوردە پارتییە کە لە شۆڕشدا کوێرانە و بە چاوی دڵ و سۆز و عاتیفەوە بەشدار بووە، و ئامادەی دەرگای مەیدان تا مردن بووە. ئەو قوتابیە پارتییە کە شانازی بە زمانی دایک و ناسنامەکەی دەکات، مێژووی ئەو شەهیدەیە کە ژیانی خۆی بۆ خاکەکەی بەخت کردووە،
ئەمەیە مانای ڕاستەقینەی ١٦ی ئاب.
١٦ی ئاب بیرمان دەخاتەوە کە هیچ دەستکەوتێک بە خۆڕایی نەهاتووە، ئەو هەرێمەی ئێستا هەمانە، ئەو دەستوورەی مافەکانی کوردی تێدا فەراهەم بووە، ئەو دامەزراوانەی دروست کراون و ئەو پێگەیەی کە کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا هەیەتی، هەموویان بەشێکن لە بەرهەمی خەباتێکی درێژی ئەو حزبە.
لەو ڕۆژە پیرۆزەدا، پێویستە شانازی بکەین، بەڵام لەگەڵ شانازی، نابێت بەرپرسیارێتیش لەبیر بکەین. چونکە ئەوەی نەوەکانی پێشوو بە دەست و قام و خوێنی خۆیان دروستیان کردووە، ئەرکی ئێمەیە بیپارێزین و باشتر و بەهێزتری بکەین، ئەمەش بێگومان بە پێناسەکردنەوەی دامەزراوە دەوڵەتیەکانمانەوە دەبێت کە بتوانین لە ڕوکار و لە جەوهەردا بە تیزە مەدەنی و سەردەمیەکان بارگاوییان بکەین.
١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارت دیموکراتی کوردستان پیرۆز بێت.
ڕێز بۆ مێژوو، ڕێز بۆ شەهیدان، ڕێز بۆ پێشمەرگە و ڕێز بۆ هەموو ئەوکەسانەی کوردستان ویست بوون.

محهمهد سالح سرێشمەیی