١٦ی ئاب: ٨٠ ساڵ لە شکۆ، بەرخۆدان و نەخشاندنی ئایندەی نەتەوەیەک.
ڕۆژی ١٦ـی ئابی(٩) ١٩٤٦ تەنیا ڕێکەوتێکی ئاسایی لە ڕۆژ ژمێری ڕامیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبوو، بەڵکو خاڵی بەهێزی وەرچەرخانی بڕیار و چارەنووسی گەلێک بوو کە دەیان ساڵ بوو هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و قۆرخکردنی مافەکانی دەدرا ، لەم ڕۆژە مێژووییەدا لە ژێر سێبەری ئاڵای پیرۆزی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دوو ڕووداوی مەزن بەیەک گەیشتن، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک و پێشمەرگە بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی.
مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژووی سەرهەڵدانەوەی نەتەوەیەکە لەناو خۆڵەمێشی پەیماننامە شۆڤێنییەکانی جیهاندا ، کاتێک پارتی هاتە کایەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە قۆناغێکی دژوار و زۆر تاریکدا بوو، پارتی بووە پێشەنگی کۆکردنەوەی تەواوی چینوتوێژەکان لەژێر ئاڵای نەتەوەییدا و شێوازی خەباتی لە ناوچەییەوە بۆ بزووتنەوەیەکی هاوچەرخی ڕێکخراو گۆڕی،شۆڕشەکان؛ خاڵی وەرچەرخانی ئیرادە و مێژوو
خەباتی چەکداری و ڕامیاری پارتی سەلماندی کە گەلی کورد داواکاری مافی ڕەوای خۆیەتی و سازش لەسەر کەرامەتی ناکات.
گرنگترین وەرچەرخانە شۆڕشگێڕییەکانی پارتی بریتی بوون لە:
١- ١٦ـی ئابی ١٩٤٦: دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی باوکی ڕۆحێ نەتەوەیی کورد، مەلا مستەفا بارزانی، و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە مەهاباد.
٢- ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١: هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر ، کە گەورەترین و سەرانسەریترین شۆڕشی هاوچەرخی کوردستان بوو و تەواوی ناوچەکانی کوردستانی یەکخست.
٣- ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦: هەڵگیرسانی شۆڕشی پێشکەوتن خوازی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، کە سەلماندی پیلانی نێودەوڵەتیی جەزائیر نەیتوانی ئیرادەی خەبات لە ناخی پێشمەرگەدا بکوژێت.
٣- ٥ـی ئاداری ١٩٩١: تەقینەوەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان لە ڕانیەوە، کە بە ئەندازیاری پارتی و هێزە کوردستانییەکانی تر ، دامو دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی بەعسی لە تەواوی خاکی پیرۆزی کوردستان لە باشوور ڕاماڵدران.
دەستکەوتە مێژووییەکان لە سەنگەرەوە بۆ حوکمڕانی
پارتی تەنیا هێزێکی شۆڕشگێڕ نەبوو لە سەنگەردا، بەڵکو ئەندازیاری دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان بوو:
١- ١١ـی ئازاری ١٩٧٠: بەدەستهێنانی ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١١ی ئازار ،کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا حکومەتی عێراقی ناچار کرد دان بنێت بە ئۆتۆنۆمی و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا.
٢- ١٩ـی ئایاری ١٩٩٢ : ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی ئازادانەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پێشنیازی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، کە بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی شەرعیەت لە شاخەوە بۆ شار.
٣- ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧: ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕابەرایەتیی ڕاستەوخۆی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی؛ وەک مەزنترین بەڵگەنامەی مێژوویی و یاسایی کە تێیدا ٩٢.٧٪ـی گەلی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا و بووە ناسنامەیەکی نەمری نەتەوەیی.
پێگەی پارتی لە ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتیدا
ئەمڕۆ لە هەشتا ساڵەی دامەزراندنی، پارتی دیموکڕاتی کوردستان وەک قەڵغانی پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و بزوێنەری سەرەکی گەشەپێدان دەستنیشان دەکرێت.
لە ناوخۆدا : پارتی کۆڵەکەی سەرەکی سەقامگیری ڕامیاری، ئاوەدانی و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستانە. لە سەختترین قەیرانەکاندا، هەمیشە سەنگەری بەرگری بووە و ڕێگەی نەداوە دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێم تووشی داڕمان ببن.
لە دەرەوەدا : پارتی بووەتە هاوبەشێکی باوەڕپێکراو و ستراتیژی بۆ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ڕۆڵی داستاناوی پێشمەرگەی کوردستان لە تێکشکاندنی ئەفسانەی تێرۆریستانی داعش بە ڕابەرایەتی مەیدانی سەرۆک بارزانی، پێگەی دیبلۆماسی و سەربازی کوردستانی لە ئاستی جیهاندا گەیاندە لوتکە، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ ڕاوێژ لەگەڵ پیرمام بەشێکە لە هاوکێشە ئاسایشی و جیۆڕامیاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
داگیرساندنی ٨٠ مۆمی خەبات، تەنیا یادکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارییە بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و خوێنی شەهیدان. ١٦ـی ئاب سەلماندی کە تا پارتی هەبێت و ڕێبازی بارزانی بەردەوام بێت، ئیرادەی گەلی کوردستان ناتوانرێت بشکێنرێت و مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک ئامانجی باڵا دەمێنێتەوە.

ئاسۆ جمیل شێخ وەسانی