پرسیارێک لە مێژوو بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا؟ و ڕۆڵی بارزانی!

پرسیارێک لە مێژوو بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا؟ و ڕۆڵی بارزانی!



ئاساییە مرۆڤ، بە تایبەتی لە کاتی یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە خۆی بپرسێت: بۆچی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ دامەزرا؟ ئەو کاتە کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی پێویستییان بە چی هەبوو؟ ئایا دامەزراندنی حزبێکی سیاسی وەک پارتی پێداویستییەکی مێژوویی و سیاسی بوو؟
و پرسیارێکی گرنگتر هەیە: ئەگەر جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر سەرکردایەتی ئەو حزبەی نەکردایە، ئایا پارتی ئەمڕۆ هەمان ئەو پارتییە دەبوو کە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا دەیبینین؟
ئەم پرسیارانە تەنها پرسیاری مێژوویی نین. ئەوان پرسیاری ناسینەوەی ئەو ڕێگایەن کە پارتی لە هەشت دەیەی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوە، ڕێگایەک کە تێیدا خەبات، شکست، سەرکەوتن، قوربانی و گۆڕانکارییە سیاسییە زۆرەکان بە یەکەوە گرێدراون.
کاتێک پێویستی بە حزبێکی سیاسی نەتەوەیی هەبوو.
لە ساڵانی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، بارودۆخی سیاسیی جیهان و ناوچە بە خێرایی گۆڕا. پرسی کوردیش لەو گۆڕانکارییە گەورە سیاسییەدا شوێنی تایبەتی خۆی هەبو، و بێ بەش نەبوو.
ئەزموونی ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان، شۆڕشەکانی بارزان و دواتر ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئەوەیان نیشان دەدا کە خەباتی کورد پێویستی بە ڕێکخستنێکی سیاسیی بەهێزتر و بەردەوامتر هەیە.
لە باشووری کوردستانیش هەمان پێویستی هەستی پێدەکرا. کەسایەتییە سیاسی و نیشتیمانییەکان هەوڵیان دەدا ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی کۆمەڵگە و دانانی خەباتی کورد لەسەر بنەمایەکی ڕێکخراو، لەو بارودۆخەدا، بیرۆکەی دامەزراندنی حزبێکی سیاسی تەنها بیرۆکەی تاکێک نەبوو، بەڵکو وەڵامێک بوو بە پێویستییەکی سیاسی و مێژوویی.
لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ کۆنگرەی دامەزراندنی حزب بە نهێنی لە بەغدا بەڕێوەچوو و مەلا مستەفا بارزانی بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرا. ناوی سەرەتایی حزبیش «پارتی دیموکراتی کورد» بوو. ئەمە خاڵێکی گرنگە: کەوا پارتی لە بۆشایی سیاسییەوە دانەمەزرا، لە ناو ئەزموون و پێداویستییەکانی ئەو سەردەمەوە سەری هەڵدا.
بۆچی حزبێک؟
دامەزراندنی حزب واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی خەبات بگۆڕدرێت بۆ خەباتێکی ڕێکخراو.کوردستان لەو سەردەمەدا کەسایەتی و هێزی سیاسی و نیشتیمانیی زۆری هەبوو، بەڵام ئەو هێزانە پێویستییان بە ناوەندێکی سیاسی هەبوو کە بتوانێت بەشێک لەو توانایانە کۆبکاتەوە و بە ئاراستەیەکی دیاریکراو بیانبات، لە پێش دامەزراندنی پارتی، ڕێکخراو و حزبە سیاسییە کوردییەکان هەبوون وەک هیوا و شۆڕش و رزگاری، و هەندێک لەوانە دواتر بوون بە بەشێک لەو حزبە نوێیە، لەو ڕوانگەیەوە، دامەزراندنی پارتی تەنها زیادکردنی حزبێکی تر بۆ گۆڕەپانی سیاسی نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی ناوەندێکی سیاسی کە بتوانێت خەباتی کورد ڕێک بخات و بەردەوامی پێبدات، ئەمەش لە ڕووی مێژووییەوە خاڵێکی گرنگ بوو.
مەلا مستەفا بارزانی، تەنها سەرۆکی حزب نەبوو
لێرەدا ناوی مەلا مستەفا بارزانی بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە ناوەڕاستی باسەکە، بارزانی پێش دامەزراندنی پارتی کەسێکی نەناسراو نەبوو. بەڵکو ئەو ئەزموونی شۆڕش و سەرکردایەتیی هەبوو و لە ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەدا کەسایەتییەکی کاریگەر بوو، ئەو ئەزموونەی لە خەباتی بارزان و لە کۆماری کوردستانی مەهاباد بەدەستی هێنابوو، لەگەڵ ئەو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی هەیبوو، بوونە بەشێک لە ئەو سەرمایەیەی کە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی هێنای، بۆیە کاتێک باس لە دامەزراندنی پارتی دەکەین، نابێت ڕۆڵی بارزانی تەنها بە وشەی «سەرۆک» کورت بکەینەوە، ئەو سەرکردەیەک بوو کە ئەزموونی خەبات، توانای ڕێکخستن، پەیوەندیی سیاسی و نفووزی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ حزبێکی نوێ کە لە سەرەتای ڕێگاکەیدا بوو، بارزانی ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەبوو.
ئەگەر بارزانی نەبوایە، چی ڕوودەدا؟
ئەمە یەکێک بێت لە قووڵترین پرسیارەکانە
ئەگەر مەلا مستەفا بارزانی سەرکردایەتیی ئەو حزبەی نەکردایە، ئایا هیچ حزبێکی کوردی لەو سەردەمەدا لە باشووری کوردستان دادەمەزرا؟ بەو ئاست و قورساییە. ئایا ئەو حزبە بە هەمان شێوە دەبوو؟ ئایا بە هەمان خێرایی و بە هەمان توانای ڕێکخستن و بەردەوامی دەگەیشتە ئەو پێگەی پارتی ئەمڕۆی تێیدایە؟.
دەتوانین لە میانەی هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان بڵێین کە بوونی بارزانی لە قۆناغی دامەزراندن و سەرکردایەتیی سەرەتایی حزبدا کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەبوو، پێویستیی دامەزراندنی حزب پێویستییەکی مێژوویی بوو، بەڵام ئەوەی ئەو حزبە لە سەرەتادا چۆن ڕێکخرا و چۆن بەردەوام بوو، بەشێکی گرنگی پەیوەندی بە کەسایەتی و سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی هەبوو.
لە بارزانیی نەمرەوە بۆ سەرۆک بارزانی
ئەگەر بەردەوامیی پارتی تەنها بە کەسایەتیی دامەزرێنەرەکەی وابەستە بوایە، بەردەوامبوونی بۆ هەشت دەیە بەو شێوەیەی ئێستا دەیبینین، کارێکی ئاسان نەدەبوو.
ئەمە لە ڕاستیدا یەکێکە لەو خاڵانەی کە مێژووی پارتی جیا دەکاتەوە.
دوای کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، ئەو ڕێبازە لەگەڵ قۆناغێکی نوێدا بەردەوام بوو و لە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانیدا بە شێوەیەکی نوێ خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا گونجاند.
بۆ زۆرێک لە ئەندام و دڵسۆزانی پارتی، ئەوەی مایەی بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە بووە، تەنها ناوی بارزانی نییە، بەڵکو باوەڕ بە ڕێبازێکە کە لە مەلا مستەفا بارزانیی نەمرەوە دەستی پێکردووە و بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی بەردەوامە.
٨٠ ساڵ، تەنها یادەوەری نییە
هەشتا ساڵ تەنها ژمارەیەک نییە، لە ماوەی ئەم هەشت دەیەدا، پارتی قۆناغە زۆر جیاوازەکانی بینیوە، لە خەبات و شۆڕش و سەرکوت و ئاوارەییەوە تا گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکان و بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەر قۆناغێک پێویستی بە شێوازێکی جیاواز هەبوو، و پارتی ناچار بوو خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بگونجێنێت، لەبەر ئەوە، مێژووی پارتی تەنها مێژووی ڕابردوو نییە، بەڵکو مێژووی ئایندە و بەردەوامبوونی لە ناو بارودۆخە سیاسییە جیاوازەکاندا.
پرسیاری ئەمڕۆ ئێستا کە پارتی دەگاتە ٨٠ ساڵ، گرنگە تەنها نەڵێین: بۆچی دامەزرا؟
پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: ئێستا چۆن دەبێت ئەو ئامانجانە بپارێزێت کە بۆی دامەزرا و بەدەستی هێنا؟
ئەگەر پارتی بۆ ڕێکخستنی خەباتی کوردستان ، و دەسکەوتن و پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی دەنگی سیاسیی کورد دامەزرا، ئەوا لە سەردەمی ئێستادا پێویستە ئەو بنەمایانە بە شێوازێکی نوێ بەردەوام بێت. دیموکراسی، یاسا، دامەزراوەی بەهێز، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادی و هاوژیانی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان، هەموویان دەبنە بەشێک لە ئەو ئەرکە نوێیە، کە ٨٠ ساڵە خەباتی بۆ دەکا، چونکە مێژوو تەنها بۆ شانازی کردن بە ڕابردوو نییە، مێژوو بەرپرسیارێتییە بۆ دروستکردنی داهاتوو.
میراثی بارزانی
مەلا مستەفا بارزانی نەمر لە مێژووی پارتی و خەباتی کورددا تەنها ناوی دامەزرێنەر نییە. بۆ نەوەیەک بووە بە نیشانەی سەرکردایەتی، خۆڕاگری و بەردەوامی، و بۆ ئایندەش رێبازە ئەمەش لەوانەیە گرنگترین ئەرکی ئەمڕۆ بێت.
بۆچی پارتی دامەزرا و چۆن مایەوە؟
ئەگەر بە کورتی وەڵامی پرسیارەکە بدەین، دەبێت بڵێین:
پارتی دامەزرا چونکە کوردستان لەو سەردەمەدا پێویستی بە ڕێکخراوێکی سیاسی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی هێزەکان و ڕێکخستنی خەباتی نیشتیمانی.
بەڵام ئەوەی ئەم حزبەی لە ساڵی ١٩٤٦ەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هێشتۆتەوە، تەنها دامەزراندن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکارە: سەرکردایەتی، ڕێکخستن، بەشداریی کادر و ئەندامان، و باوەڕ بە ڕێبازێک کە لە سەرەتای دامەزراندنی پارتییەوە لەگەڵ ناوی بارزانی گرێدراوە.
و لە نێوان هەموو ئەو پرسیارانەدا، پرسیارێک هەروا بە جێ دەمێنێتەوە:
ئەگەر مەلا مستەفا بارزانی نەمر سەرکردایەتی ئەو حزبەی نەکردایە، ئایا مێژووی پارتی هەمان ئەو مێژووە دەبوو کە ئەمڕۆ لە ئاردایە؟
مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت سەرکردایەتیی بارزانی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەوەدا هەبوو کە ئەو حزبە ببێتە ئەو هێزەی کە هەشت دەیە دواتر هەر لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا بەردەوامە، بەهێز و گرو تینێکی بەهێز
دوای ٨٠ ساڵ ، ئەرکی گەورەتری پارتی ئەوەیە کە تەنها یادەوەریی ڕابردوو نەبێت، بەڵکو بە هەوڵی زیاتر و کارکردنی چڕتر، بەشدار بێت لە دروستکردنی داهاتوویەکی دیموکرات، ئازاد، ئارام و سەقامگیر بۆ کوردستان.هەروەک لەسەرەتای دامەزراندنی هەوڵی بۆ داوە.

 

Top