80 ساڵەی پارتی.. خەباتێکی بەردەوام لەپێناو مافی شایستەدا
رۆژی 16ی ئاب، 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە ساڵی 1946 بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی دامەزرا، تا ئێستا سەرەڕای سەدان کۆسپ و تەگەرە و پیلانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و جیهانی، پارتی وێڕای وەدیهێنانی سەدان دەستكەوتی گرنگ بۆ كورد و گوردستانییان، سەرباری قوربانیدانی گەورە، هەر لەسەر پێی خۆیەتی و ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ دوای ساڵ لە گەشەکردن و گەیشتن بە لوتکەدایە و لە هەموو هەڵبژاردنێكدا دەنگەكانی زیاد دەكەن.
بەپێچەوانەوە دەبینین چەندین حزب دروست بوونە و بە تێپەڕینی کات لاپەڕەیەکیان لە مێژووی گەلەکەمان نەنەخشاندووە، بەڵام دەبینین پارتی لە گەشەی بەردەوام و گەیشتن بە لوتکەی کوردایەتیدایە و دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش شاهیدی ئەو سەروەرییەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرکردەیەک ئەو حزبە بەڕێوە دەبات کە سیمبولی کوردایەتییە و هەر ئاواش دەمێنێتەوە، هەروەها پارتی خاوەن جەماوەرێكی دڵسۆز و تینوو بە سەربەخۆیی و سەرفرازییە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەتا بە ناوی پارتی دیموکراتی کورد دامەزرا، پاشان لە کۆنگرەی سێیەم کە لە 26/1/1953 لە شاری کەرکووک بەسترا ناوی گۆڕرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم پارتە لە سەرەتاوە مستەفا بارزانی ڕابەرایەتیی دەکرد تا ساڵی 1979 كە ئەم ڕابەرە مەزنە کۆچی دوایی کرد و سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.
پارتی لەنێوان ساڵانی 1946 تا 2011 سێزدە کۆنگرەی بەستووە، لەوانە چوار کۆنگرەی لە بەغدا و چوار کۆنگرەی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باشوور و دوو کۆنگرەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سێ کۆنگرەشی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەستووە.
80 ساڵە پارتی دیموكراتی كوردستان لە خەباتێکی بەردەوامدایە لەپێناو مافێكی شایستە و وەدیهێنانی خەونێكی لەمێژینەی گەلی كوردستان، بێ وەستان و بێ پاشگەزبوونەوە لە خەبات بەردەوامە. بۆیە لەم یادەدا، یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە سەربەرزەکان دادەنوێنم و سڵاو بۆ سەرۆك و رێبور مەرجعی سەرۆک بارزانی

ئەسرین عاسی شوانی