ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان: مێژوویەک لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو نیشتماندا

ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان: مێژوویەک لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو نیشتماندا

 

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی پێشڕەو و نیشتمانی، لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا لە مێژووی گەلی کورددا هاتە کایەوە. لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦، لەسەر دەستی باوکی ڕۆحیی گەلی کورد، ڕێبەری مەزن مەلا مستەفا بارزانی و هاوخەباتەکانی، پارتی دامەزرا. ئەم ڕووداوە مێژووییە تەنها ڕاگەیاندنی پارتێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بوو لە بزاڤی رزگاریخوازی کورددا، کە تیایدا خەباتی چەکداری و سیاسی لە پێناو مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا ڕێکخرا و ئاراستەیەکی نیشتمانی ڕوونی پێبەخشرا.

قۆناغەکانی خەبات و سەختییەکانی مێژوو:
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، پارتی ڕووبەڕووی گەورەترین ئالنگاری و کۆسپ بووەوە لەلایەن داگیرکەران و رژێمە یەک لە دوای یەکەکانەوە. سەرەڕای پیلانگێڕی و پەلامارە بەردەوامەکان، پارتی وەک داربەڕوو لە قووڵایی خاکی کوردستاندا چەقی و پشتی بە ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان بەست.
* شۆڕشی ئەیلوولی مەزن (١٩٦١ - ١٩٧٥): بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، قۆناغێکی زێڕین و پڕ لە شانازی بوو لە مێژووی خەباتی کورددا. شۆڕشی ئەیلوول هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی کۆکردەوە و توانی دەستکەوتی مەزن بۆ گەلی کورد بەدەستبهێنێت، کە دیارترینیان رێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بوو کە تێیدا بۆ یەکەمجار دان بە بەشێک لە مافە نەتەوەییەکانی کورددا نرا لە عێراقدا.
* شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز (١٩٧٦): دوای نسکۆی ١٩٧٥، پارتی هەر زوو بە فەرماندەیی سەرۆک مەسعود بارزانی و هاوکارانی، شۆڕشی گوڵانی هەڵگیرساندەوە و ئامانجەکەی ئەوە بوو کە پەیامە نیشتمانییەکەی ڕێبازی بارزانی نەمر نەوەستێت و چرای خەبات خامۆش نەبێت. ئەمەش سەلماندی کە گەلی کورد بە هیچ شێوازێک مل بۆ خۆبەدەستەوەدان نادات.

دەسکەوت و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان:
پارتی دیموکراتی کوردستان لە مێژووی پڕ لە سەروەری خۆیدا، هەمیشە داكۆکیکاری سەرسەختی مافە دەستوری و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بووە. لە ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا، پارتی بەشدارییەکی کارای هەبوو لە ڕزگارکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە دەست ستەم و زۆرداری.
هەروەها، لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی و بڕیاربەدەستی هەبووە لە پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستاندا. وە پارتی سەرمەشقی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە کە تێیدا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا گەلی کورد توانی لە پڕۆسەیەکی دیمۆکراسی دا دەنگی خۆی هەڵبڕێت و بە جیهان بڵێت مافی ئەوەمان هەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان بین، ئەمڕۆش پارتی بە هەمان ڕۆحییەتی نیشتمانییەوە درێژە بە ڕێبازەکەی دەدات، وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا، کار بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان دەکات

ڕوانین بۆ ئاییندە:
لە یادی دامەزراندنی پارتیدا، پێویستە بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدە نەمرانە بکەینەوە کە گیانی پاکیان لە پێناو خاکی کوردستاندا بەخشیوە، لە سەرووی هەموویانەوە باوکی ڕۆحی گەلی کورد مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی هەمیشە نەمر.
ساڵیادی پارتی تەنها یادکردنەوەی رابردوو نییە، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ خاک و نیشتمان، بەو ئاراستەیەی کە پارتی هەمیشە پشت و پەنای گەلەکەی بێت و لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو هەنگاو بنێت. پارتی بە مێژووی پڕ لە سەروەری و بە سەرکردایەتییە حەکیمانەکەی، هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی کەرامەت و مافەکانی گەلی کورد دەبێت

 

Top