١٦ی ئاب ، ڕۆژی ژیانەوە و مێژووی پڕ لە سەروەریی نەتەوەیەک
لە پەڕەکانی مێژووی گەلاندا ، ڕۆژانێک هەن کە تەنها بەروارێکی ئاسایی سەر ڕۆژژمێرەکان نین ، بەڵکو وەرچەرخانی چارەنووسساز و خاڵی لەدایکبوونەوەی ناسنامە و شکۆی نەتەوەیین. 16ی ئابی 1946 بۆ گەلی کورد ، دەستپێکی ژیانەوەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە بوو ، ڕۆژێک کە تێیدا لە تاریکستانی بێئومێدیدا ، چەخماخەی ئومێد درا و کاروانی نەسرەوتووی ڕزگاریخوازی بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر خرایە سەر ڕێچکەی خۆی.
ئەمڕۆ کە لە 16ی ئابی 2026 دا یادی 80 ساڵەی تێپەڕبوونی ئەم وەرچەرخانە مەزنە و هەروەها ساڵیادی لەدایکبوونی ڕابەری ئیرادەی سەربەخۆیی، (سەرۆک مەسعود بارزانی) دەکەینەوە ، تەنها بیرەوەرییەکی ڕابردوو بەبیر ناهێنینەوە ، بەڵکو ڕێز لە هەشت دەیە خەبات ، بەرخۆدان ، فیداکاری و دیاریکردنی ئایندی نەتەوەیەک دەگرین.
دروستبوونی پارتێک ، پێویستییەکی مێژوویی و هۆشیاریی نەتەوەیی
لە سەروبەندی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا ، کاتێک نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دادەڕێژرایەوە و مافی کورد دەستبەسەر دەکرا ، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامێکی مێژوویی بوو بۆ ڕابەرایەتیکردنی خواستی ڕەوای گەلێک. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، بەدرێژایی 80 ساڵ لە خەباتی بەردەوام ، پارتی سنوورداری جوگرافیایەک نەبووە ، بەڵکو بووەتە چەتری کۆکەرەوەی تەواوی پێکهاتەکان ، ڕۆشنبیران ، پێشمەرگە و ئازادیخوازان.
ئەم ڕێبازە توانی هاوکێشە سیاسییەکان بگۆڕێت ، دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا گۆڕان و ڕۆیشتن ، بەڵام ئیرادەی گەلی کورد بە پێشەوایەتیی پارتی وەک چیای سەفین بەپێوە مایەوە. شۆڕشی مەزنی ئەیلول و گوڵان ، ڕاپەڕینە شکۆدارەکە ، و لە لوتکەی هەموویاندا ئەنجامدانی (ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی) بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستییەن کە پارتی هەمیشە هەڵگری ئاڵای چارەنووس و بڕیاردانی سەربەخۆییانەی گەلەکەمان بووە.
لە مەیدانی خەباتەوە بۆ قۆناغی ئاوەدانی
تێکۆشانی پارتی تەنها لە سەنگەری بەرگریدا نهبووە ، بەڵکو بووەتە داینەمۆی بنیات نانی ئەزموونێک کە ئەمرۆ هەرێمی کوردستانی کردووەتە سەنتەری ئارامی ، پێکەوەژیانی ئاشتییانە ، و گەشەپێدانی ئابووری لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرکەوتنی ئەم ڕێبازە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەگی لە ناو کۆمەڵگە و ویستی جەماوەردا داکوتاوە. پشتیوانیی دایکانی شەهیدان ، ماندووبوونی ئافرەتان لە پاڵپشتیکردنی خەبات ، و خوێنی گەشی هەزاران شەهیدی قارەمان، پایەکانی ئەم قەوارەیەیان پاراستووە.
بەڵێنی نوێبوونەوە و ڕێڕەوی ئایندە
لە کۆتاییدا ، پیرۆزبایی ئەم یادە پڕ لە سەروەرییە لە سەرۆک( مەسعود بارزانی) جەماوەری خۆڕاگری کوردستان ، پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین.
16 ی ئاب تەنها شانازیپێکردن بە ڕابردوو نییە ، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمان و سۆزە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردایەتی ، پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی ، بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ، و هەنگاونانی بێپچڕان بەرەو بەدیهێنانی خەونی مێژوویی گەلەکەمان کە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.. ساڵڕۆژی دامە زراندنی پارتیمان و له دایکبوونی جە نابی سه رۆک بارزانی پیرۆزبێت.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی