پۆڵ تریۆلۆ پسپۆڕ لە سیاسەتی تەكنەلۆژیای جیهانی بۆ گوڵان: سزاكانی ئەمریكا نەیانتوانیوە ڕێگری لە توانای كۆمپانیا چینییەكان بكەن بۆ ڕاهێنانی مۆدێلە پێشكەوتووەكانی زیرەكیی دەستكرد

پۆڵ تریۆلۆ  پسپۆڕ لە سیاسەتی تەكنەلۆژیای جیهانی بۆ گوڵان:  سزاكانی ئەمریكا نەیانتوانیوە ڕێگری لە توانای كۆمپانیا چینییەكان بكەن بۆ ڕاهێنانی مۆدێلە پێشكەوتووەكانی زیرەكیی دەستكرد

 

 

پۆڵ تریۆلۆ (Paul Triolo) یەكێكە لە پسپۆڕە دیارەكانی بواری سیاسەتی تەكنەلۆژیای جیهانی و هاوبەش لە كۆمپانیای ڕاوێژكاری ستراتیژی(Albright Stonebridge Group) و زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە دامەزراوە حكوومییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا كاری كردووە، بەتایبەتی لە شیكردنەوەی هەڵكشانی چین وەك هێزێكی تەكنەلۆژی و پێشكەشكردنی ڕاوێژ بە بڕیاردەرانی باڵا. پێش كاركردنی لە حكومەتدا، وەك ئەندازیار لە كەرتی نیمچەگەیەنەرەكان (Semiconductors) لە سیلیكۆن ڤالی كاری كردووە، دواتریش بەڕێوەبەری بەشی تەكنەلۆژیای جوگرافی بووە لە كۆمپانیای (Eurasia Group). لەم چاوپێكەوتنەدا، تاوتوێی دۆخی ئێستای ململانێی تەكنەلۆژیی جیهانی، پرسی ڕێكخستنی ژیریی دەستكرد (AI) و كاریگەرییەكانی گرژیی نێوان ئەمریكا و چین لەسەر داهاتووی بازاڕی تەكنەلۆژیا دەكەین و وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان دەداتەوە.

 

* لە كێبڕكێی جیهانیی زیرەكیی دەستكرددا، ئایا سەنتەرەكانی داتا وەك ژێرخانێكی بنەڕەتی، دەبنە گرنگترین سامانی ستراتیژیی ئەم سەردەمە، هاوشێوەی ڕۆڵی نەوت، یان نیوەگەیەنەرەكان لە دەیەكانی ڕابردوودا؟

- سەنتەرەكانی داتا كە بەتایبەت بۆ پشتگیریكردنی دەرەنجامگیریی فراوان و مەشقپێدانی پێشكەوتووی زیرەكیی دەستكرد داڕێژراون، سامانێكی زۆر گرنگن بۆ هەموو وڵاتان لە كاتێكدا كە كۆمپانیا گەورەكان بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لە نێو دامەزراوە جۆراوجۆرەكاندا فراوانتر دەكەن، بەڵام بەهۆی بوونی كێبڵە ڕووناكییە خێراكانەوە كە سەنتەرەكانی داتا لە جیهاندا-بۆ نموونە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بە بازاڕە جیاوازەكانەوە دەبەستنەوە، كۆمپانیاكان دەتوانن لە شوێنەكانی دیكەشەوە دەستیان بە دەرەنجامگیری بگات، بەپێی جۆری كارەكان و كاتی پێویست بۆ وەڵامدانەوە. سەنتەرەكانی زیرەكیی دەستكرد بە بەردەوامی كار دەكەن و ڕەقەكاڵاكانیان (hardware) پێویستیان بە وزەیەكی زۆر و جێگیر هەیە، بۆیە ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی سەرچاوەی وزەی هەرزان و متمانەپێكراون، دەتوانن سەنتەری داتای زیاتر دروست بكەن كە كۆمپانیاكان تێیدا بە شێوەیەكی ڕكابەرانە كار بكەن.

* ئایا سنوورداركردنی هەناردەكردنی چیپی پێشكەوتووی زیرەكیی دەستكرد لەلایەن ئەمریكاوە، ڕێڕەوی گەشەی درێژخایەنی چینی گۆڕیوە، یان بووەتە هۆی خێراكردنی هەوڵەكانی پەكین بەرەو بەدیهێنانی خۆبژێویی و سەربەخۆیی تەكنەلۆژی لەم بوارەدا؟

-  چوار ساڵ دوای سەپاندنی توندترین كۆنتڕۆڵی هەناردەكردنی ئەمریكا بۆ سەر ڕەقەكاڵای پێشكەوتووی زیرەكیی دەستكرد و ئامرازەكانی دروستكردنی نیوەگەیەنەرەكان بۆ چین، بە ڕوونی دەركەوتووە كە ئەم ڕێوشوێنانە نەیانتوانیوە ڕێگری لە توانای كۆمپانیا چینییەكان بكەن بۆ ڕاهێنانی مۆدێلە پێشكەوتووەكانی زیرەكیی دەستكرد، دەركەوت كە كۆنتڕۆڵكردنی سەرانسەریی هەناردەی ڕەقەكاڵای زۆر پێشكەوتوو لە جیهاندا كارێكی زۆر سەختە، چونكە هێشتا هیچ سنوورداركردنێكی یاسایی نییە بۆ بەكارهێنانی ئەم ڕەقەكاڵایانە لەلایەن كۆمپانیا چینییەكانەوە لە دەرەوەی سنوورەكانی چین، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا، ئەم سزایانە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی نیوەگەیەنەرەكانیان لە ناوخۆی چیندا زۆر بەهێزتر كرد و بوونە هۆی سەرهەڵدانی چەندین كۆمپانیای نوێ و گەورە لە بواری دیزاینكردنی ڕەقەكاڵادا. لە ئێستادا دەكرێت بگوترێت گەورەترین كاریگەریی كۆنتڕۆڵەكانی ئەمریكا، بریتی بووە لە هاندان و خێراكردنی توانای داهێنانی كۆمپانیا چینییەكان، لە كاتێكدا بووە هۆی كاردانەوەی پەكین لە توندكردنی هەناردەی ماددە خاوە دەگمەنەكان و موگناتیسە پێویستەكان. ئێمە هێشتا كاریگەریی تەواوی ئەم سزایانەمان بە ڕوونی نەبینیوە، بەڵام ئەگەر هەردوو وڵات نەگەنە ڕێگەچارەیەك بۆ دووركەوتنەوە لە بە چەككردنی كەرەستە پیشەسازییە سەرەكییەكان، دەرئەنجامەكان لە داهاتوودا زۆر توند دەبن بۆ كەرتی تەكنەلۆژیای جیهان.

* لە دەیەی داهاتوودا كام لە هۆكارەكانی وەك وزە، بەهرەمەندان، داتا و سیاسەتی پیشەسازی، سەركردایەتیی جیهانیی زیرەكیی دەستكرد دیاری دەكەن. ئایا حكومەتەكان سەرنجی پێویستیان لەسەر ئەولەوییەتە ڕاستەقینەكان هەیە؟

-  هۆكاری زۆر هەن كە كاریگەرییان لەسەر پێشەنگایەتیی زیرەكیی دەستكرد هەیە، بەڵام تەنیا دوو هۆكار كە لە ئاستی پێشەنگدا گرنگیی ڕاستەقینەیان هەبێت، كە بریتین لە دەستڕاگەیشتن بە توانای كۆمپیوتەری و ستافی مرۆیی لێهاتوو و زیرەك، ئەوانی دیكە بۆ بەدەستهێنانی پێشكەوتنی پێشەنگ گرنگ نین، بەڵام لە قۆناغی جێبەجێكردندا، واتە كارپێكردن بۆ بەرنامەكانی زیرەكیی دەستكرد، هۆكارەكانی دیكە گرنگتر دەبن، وەك دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی وزەی هەرزان، لێرەشدا وڵاتێكی وەك چین لایەنی باشی زۆری هەیە، بەڵام لە سەردەمی نوێی زیرەكیی دەستكرددا چەندین لایەنی براوە دەبن، چونكە هیچ وڵاتێك بە تەنیا كۆنتڕۆڵی جێبەجێكردنی جیهانی ناكات و سەرەنجام زیرەكیی دەستكرد دەبێتە بەشێك لە كارپێكردنی پیشەسازی و بەكارهێنانی جیاوازیی بەكاربەر.

* ئایا لە سایەی جیاوازیی مۆدێلە ڕێكخستنییەكانی یەكێتیی ئەورووپا، ئەمریكا و چین، هێشتا بەدیهێنانی هاوكاریی نێودەوڵەتیی واتادار بۆ حوكمڕانیی زیرەكیی دەستكرد لە ڕووی سەلامەتی، پێوەرە تەكنیكییەكان و بڵاوكردنەوەی بەرپرسیارانەوە، بە ئەگەرێكی كراوە دەمێنێتەوە؟

-  بەڵێ، بەڵام ئەمە بەندە بە هەنگاوە بەراییەكانەوە، ڕووداوە جۆراوجۆرەكانی ئەم دواییانە، وەك نموونەی لەدەستدانی كۆنتڕۆڵ بەسەر هەندێك ئەپڵیكەیشن لە ئۆپن ئەی ئای و ئەنپرۆپیك، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مۆدێلی «میسۆس»ی ئەنپرۆپیك كە توانای دۆزینەوەی سەرجەم كەلێنە جۆراوجۆرەكانی لە هەموو نەرمەكاڵا (software) كاندا هەیە و دەكرێت لە هێرشە ئەلیكترۆنییە هێرشبەرەكاندا بەكار بهێنرێت، تیشك دەخەنە سەر پێویستیی حكومەتەكان بۆ دیاریكردنی ئەو مەرجانەی كە ڕێگە بە بڵاوكردنەوەی مۆدێلە پێشكەوتووەكان بۆ بەكارهێنانی گشتیی فراوان دەدەن، بەڵام حكومەتەكان لە ئێستادا زۆر لە دواوەی كاروانەكە ڕاوەستاون لە تێگەیشتن لەم تەكنەلۆژیایە و دامەزراندنی پێكهاتەی درێژخایەن بۆ بەڕێوەبردنی گەشەپێدانی زیرەكیی دەستكرد لە قۆناغە هەرە پێشكەوتووەكانیدا. ئێستا لەم سەردەمەدا هەردوو وڵاتی ئەمریكا و چین كار دەكەن بۆ پەرەپێدانی پێكهاتەی حكوومی باشتر بۆ بەڕێوەبردنی زیرەكیی دەستكرد، لە مانگی ئەیلوولدا كۆ دەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو ڕۆڵەی كە دەبێت حكومەتەكان بیگێڕن لە حوكمڕانیی مۆدێلە پێشەنگەكانی زیرەكیی دەستكرددا، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمیی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم پرسانە، پێویستە ئەمریكا و چین سیستەمێكی سەرەتایی لە بەربەستەكانی پاراستن بۆ بڵاوكردنەوەی مۆدێلەكان دابڕێژن. بەهۆی ڕووداوەكانی ئەنپرۆپیك و ئۆپن ئەی ئای، ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا زۆر بەپەلەترە لەوەی تەنانەت شەش مانگ لەمەوبەر هەبوو، لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێكی داهاتوودا پێشكەوتنی زۆر لە بواری سەلامەتیی زیرەكیی دەستكرد، بەتایبەتی لە پێناسەكردنی ڕۆڵی حكومەت لە بڵاوكردنەوەی مۆدێلە پێشەنگەكاندا بەدی دێت.

* كامیان لە پەرەسەندنە نوێیەكانی زیرەكیی دەستكرد، وەك بریكارە زیرەكەكان، ڕۆبۆتیك و دۆزینەوە زانستییەكان، ئابووری و سیاسەت لە دەیەی داهاتوودا سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە؟ هەروەها كام لایەنی گفتوگۆكانی ئێستای زیرەكیی دەستكرد، زیادەڕۆیی تێدا كراوە و سەرنجی زیاتر لە شایستەیی خۆی پێ دراوە؟

- ئێمە بە تەواوی لە سەردەمی چاتبۆتەكان و زیرەكیی دەستكردی بەرهەمهێنەر تێپەڕیوین، وەك ئەوەی دۆسیەكەی ئۆپن ئەی ئای نیشانی دا، گرنگترین كارپێكردنەكان لە بواری بریكاری زیرەكدان، كە تێیدا مۆدێلەكان لەگەڵ چوارچێوەی ڕێكخستنی سیستم كە بە «ئۆركێسترەیشن» ناسراوە، یەك دەخرێن، ئەم مۆدێلانە توانای بەكارهێنانی نەرمەكاڵاكانی دیكە و جێبەجێكردنی پڕۆژەی درێژخایەنیان هەیە، كە ئەمەش گۆڕانكارییەكی ڕاستەقینە و گەورەیە. ئێستا ژێرخانی پێویستمان بۆ جێگیركردنی بریكارەكان ئامادە نییە، بەتایبەت لە ڕووی پرسی ناسنامەوە، واتا كاركردن لە بری چ كەسێك، هەروەها دەستگەیشتن بە سیستمەكانی پارەدان و متمانەپێكردن، كە پێشتر پێویستیان بە پشتڕاستكردنەوەی توند هەبوو، بەڵام بە خێرایی بەرەو داڕشتنی پێوەر و ڕێوشوێنی كاركردنی گونجاو بۆ پلاتفۆرمە بریكارییەكان هەنگاو دەنێین. ئێستا ئێمە هێشتا خەریكی نیگەرانی لە بابەتگەلێكی وەك لایەنگری، یان هەڵەسازیی مۆدێلەكانین، بەڵام لە كۆتاییدا بە هۆی پێشكەوتنی خێرای مۆدێلەكانەوە هیچ كەسێك باسی ئەمانە ناكات. پلاتفۆرمە بریكارییەكان دەبنە بەشێكی پێویست و دانەبڕاو لە ژیانماندا و چەندین چاودێری و هاوسەنگیی پێویستیان تێدا جێگیر دەكرێت، هاوشێوەی هەموو ئەو نەرمەكاڵا و پڕۆسە باوانەی دیكەی تەكنەلۆژیا كە ڕۆژانە لە جیهاندا بەكاریان دەهێنین و متمانەیان پێ دەكەین بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانمان، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی شێوازی ژیان و كاركردن بە گشتی لە دەیەی داهاتووی نزیكدا.

* حكومەت، زانكۆكان و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانن بە شێوازێكی بەرپرسیارانە زیرەكیی دەستكرد بۆ پەرەپێدانی توانای ناوخۆیی، گەشەی ئابووری و باشتركردنی سێكتەرەكانی تەندروستی و پەروەردە بەكار بهێنن، لە جیاتی ئەوەی تەنیا بەكاربەر بن؟

-  بۆ دەستپێكردن، پێویستە پەروەردەكردنی پێشوەختە لەسەر چۆنیەتیی بەكارهێنانی بەرپرسانەی تەكنەلۆژیای زیرەكیی دەستكرد بخرێتە ناو پڕۆگرامی سەرەتایی خوێندنی گشتی و ستانداردەوە، بۆ ئەم مەبەستە كوردستان دەتوانێت لێكۆڵینەوە لە باشترین ئەزموون و پراكتیكەكانی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چین و یەكێتیی ئەوروپا بكات، هەروەها پێویستە ناوچەیەكی وەك كوردستان كادیری كارامە و لێهاتوو لە بواری زیرەكیی دەستكرددا پێبگەیەنێت بۆ یارمەتیدان لە بەڕێوەبردنی سیستمە سەروەرییەكان بۆ دامودەزگاكانی حكومەت و كایە هەستیارەكان، بە هاوبەشییەكی تەواو ورد لەگەڵ كۆمپانیا پێشەنگە جیهانییەكان بۆ دابینكردنی ژێرخانی سەنتەری داتا پارێزراوەكان و مۆدێلە نیشتمانییەكان، كە لەژێر چاودێریی حكومەتدا كاردەكەن، لە هەمان كاتدا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتاییدا پاڵپشتیی دارایی و ئاسانكاریی پێویست بۆ كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان دابین بكات، تا بتوانن سوود لە هێزی زیرەكیی دەستكرد وەربگرن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمداریی ناوخۆیی و دۆزینەوەی هەلی كار و چارەسەری نوێ بۆ كڕیارەكانیان. لە كۆتاییدا، پێویستە پلان و دیدگایەكی درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی ئەم تەكنەلۆژیایە هەبێت، لە ڕێگەی كاركردن لەگەڵ زانكۆكان بۆ پێگەیاندنی هێزێكی كاری ئاشنا بە زیرەكیی دەستكرد.

 

Top