لە پێشوازی 16ی ئاب دا خانمان هەوڵەكانی پارتی بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان بەرز دەنرخێنن

لە پێشوازی 16ی ئاب دا  خانمان هەوڵەكانی پارتی  بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان  بەرز دەنرخێنن

 

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرنگییەكی زۆری بە پێگەی ئافرەت داوە و تەنانەت لە ناوەندەكانی بڕیاریش بیر و بۆچوونی خانمانی بە هەند وەرگرتووە، هەر دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بووە زەرورەتێك بۆ پاراستن و داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان بە شێوەیەكی گشتی. لەم ڕوانگەیەوە دەپرسین لە پێشوازی 16 ی ئابدا وەكو خانمێك پێتوایە ئەو حزبە تاچەند پشتگیری لە دۆزی خانمان كردووە و بەشداریپێكردنی ئافرەت لە ئۆرگانەكاندا لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی ئافرەت دایە؟ خانمانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان باس لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە نێو ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

ئاشنا بابان مامۆستای زانستە سیاسییەكانە و لە سەرەتای قسەكانیدا دەڵێت: «لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦لە شاری مەهاباد پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا، ئەم یادە یادێكی پیرۆز و پڕ خەباتە گەلی كورد بۆ هەمیشە شانازی پێوە دەكات.

دامەزراندنی ئەو پارتە دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی گەلی كورد بە شۆڕشێكی ڕزگاریخواز لە پێناو سەربەخۆ بوون و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی بە شیوەیەكی سیاسیی مەدەنیانە، یەكێكە لە كاریگەرترین پارتە سیاسییەكانی كوردستان، دامەزراندنی ئەو پارتە لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی سیاسی و پێكهاتەی ڕێكخراوەیی بە ئامانجی داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كورد و پتەوكردنی یەكگرتوویی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە داخوازییە نەتەوەییەكانیان لە چوارچێوەیەكی سیاسی ڕوون و ئاشكرادا بوو.

بە خۆشحاڵییەوە بەشداری ئافرەتان لە سەركردایەتی و پۆستە سەروەرییەكاندا ئاماژەیەكی گرنگە بۆ پەرەسەندنی پراكتیكی دیموكراسی، بەو پێیەی ڕەنگدانەوەی ڕادەی پابەندبوونی دەوڵەتە بە پرەنسیپەكانی یەكسانی و دەرفەتی یەكسان لە بەشداری فعلی ئافرەتان لە بواری سیاسیدا، لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشەكانی كورد ئافرەتان شان بە شانی پیاوان بەشداربوون، ئەوان لە سەردەمی شاخ و پیشمەرگایەتی و كاری رێكخراوەیی ناوشار ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان بینیوە، جگە لەوەی بەشداربوون لە زۆریك لە ئۆرگان و لیژنە و دامەزراوە سیاسیەكاندا، بەڵام هێشتا ئاستی بەشداری ئافرەتان بەتایبەتی لە بڕیاردان و پۆستە گشتی و بالاكان بەپێی خواستی ئێمە نییە. ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگر هەیە ئەویش بوونی كۆمەڵیك بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم بەشداری فعلی ئافرەتان كە لە دیارترین ئاستەنگەكان لە كاری سیاسی و حزبیدا دابونەریتی كۆمەڵایەتییە كە بەشداری ئافرەتان لە ژیانی گشتیدا سنووردار دەكەن، نەبوونی دەرفەتی ڕاهێنانی سیاسی و بڕوانامە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە ئارەزووی كاركردنیان لە پارتە سیاسییەكاندا هەیە.

كێشە ئابوورییەكان كە ڕەنگە توانای بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن یان بەشداریكردن لە چالاكییە سیاسییەكان سنووردار بكات. هەروەها لاوازی پاڵپشتی حزبی و میدیایی بۆ كاندید و سەركردە ئافرەتەكان. نەبوونی متمانەی پێویست بە ئافرەتان نەبوونی دەرفەت و پاڵپشتی بۆ ئافرەتان ئەو هۆكارانە بوونەتە بەربەستێك كە بەشداری ئافرەتان لەو ئاستەدا نەبێت كە پێویستە بۆ بەشداری و سەلماندنی كار و چالاكیەكانیان، هەروەها زۆر كەم هاندان دەبینن بۆ بەشداری ڕاستەقینە لە ناو پارتەكان بە گشتی، بوونی ئافرەت پەیوەست نییە بە چەندێتی و ژمارەكەیە وە بەڵكو پەیوەستە بەچۆنیەتیەوە، دەستنیشانكردنی ئافرەت لەسەر بنەمای لیهاتوویی و چۆنیەتی و توانای ئافرەتان نییە، ئەوەش بۆتە هۆكارێكی زۆر گرنگ كە ئافرەتە بە تواناكان پەراوێز بخرێن و بواریان پێنەدریت وەك پێویست خزمەت بكەن و چالاك بن.

دەكرێت بڵێن كە سیستەمی كۆتا بۆ سەردەمێك میكانیزمێكی تاڕادەیەك باش بوو، بۆ پێشخستنی بەشداریی سیاسی ئافرەتان و زیادكردنی نوێنەرایەتیان لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەكاندا، بەڵام بە تەنیا چارەسەر نییە. گەیشتن بە بەشداری سیاسی كاریگەر پێویستی بە لابردنی ئاستەنگی كۆمەڵایەتی و كولتووری و ڕێكخراوەیی هەیە، هەروەها دابینكردنی ژینگەیەكی پاڵپشت كە دەرفەتی یەكسان مسۆگەر بكات.

تەرزە محەمەد حسێن مامۆستای زانكۆی سلێمانییە و سەبارت بە هەمان پرس ڕایوایە: «١٦ی ئاب تەنیا بەروارێكی سیاسی نییە، بەڵكو نیشانەی بەردەوامی، هاوپشتی و نوێكردنەوەی پەیمانە لەگەڵ خزمەتكردنی گەل و پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكان، لەم ڕۆژەدا، وەك خانمێكی كورد بە پێویستی دەزانم باس لە بابەتێك بكەم كە بنەمای گەشەی هەر كۆمەڵگەیەكە ئەویش ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتە، وەك خانمێكی كورد باوەڕم وایە كە هێزی هەر كۆمەڵگەیەك بە هێزی ئافرەتەكانی پەیوەستە. كۆمەڵگەیەك ناتوانێت بە ئامانجە گەورەكانی بگات ئەگەر نیوەی هێزەكەی، كە ئافرەتانن لە پرۆسەی بڕیاردان و سەركردایەتیدا شوێنی شایستەی خۆیانیان نەبێت.

لە ڕوانگەی منەوە، پارتیمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئافرەتان تەنیا هاوپشتی خەبات نەبن، بەڵكو ببن بە هاوبەشی سەرەكی لە دروستكردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان. ئەم بیركردنەوەیە بەردەوام لە پەروەردەی كادر، خوێندنەوەی سیاسی و پەرەپێدانی تواناكانی ئافرەتان دا ڕەنگی داوەتەوە.

لە هەمان ئاراستەدا، لە پڕۆگرامەكانی حكومەتدا گرنگی بە دروستكردنی هەلی كار، گەشەپێدانی توانای ئافرەتان و پشتگیری و بەشداری پێكردنیان لە دامەزراوە حكومییەكان داوە. ئەم ئاراستەیە لەگەڵ پەرەپێدانی خوێندن، فێركاری و دەرفەتی یەكسان، هیوای زیاتر بۆ نەوەی نوێی خانمان دروست كردووە.

یەكێك لە خاڵە گرنگەكان، ڕۆڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەم مەكتەبە لە پەروەردەی كادر و ئامادەكردنی سەركردەی داهاتوو ڕۆڵی كاریگەری هەیە، خانمانیش وەك پیاوان هەلی بەشدارییان لە خولە سیاسی و ڕێكخستنەكاندا هەیە، كە ئامانجی ئەوەیە كادرێكی شایستە و بەرپرسیار بۆ داهاتووی كوردستان دروست بكرێت.

لە ڕوانگەی من، سەركەوتنی هەر حیزبێك تەنیا بە ژمارەی ئەندامەكان ناپێورێت، بەڵكو بە ئاستی بەشداریكردنی ئافرەتان و گەنجان لە بڕیاردان و سەركردایەتی پێوانە دەكرێت، بۆیە بەردەوامبوون لە هاندانی خانمان بۆ گەشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی، هەنگاوێكی پێویستە بۆ بەهێزكردنی دیموكراسی و دامەزراوەكان.

ئێمە شانازی بەو دەرفەتانەوە دەكەین كە بۆمان ڕەخساون، لە هەمان كاتدا هیوادارین ئەم ڕێبازە هەر بەردەوام بێت و زۆرترین ئافرەت لە ئاستەكانی بڕیاردان، سەركردایەتی و دامەزراوە گرنگەكاندا ئامادەبن، ئەمەش تەنیا پشتیوانی لە ئافرەتان نییە، بەڵكو وەبەرهێنانە لە داهاتووی كوردستان.

لە یادی ١٦ی ئابدا، هیوادارم ئەم ڕێبازە بەردەوام بێت و ئافرەتان زیاتر بە توانا، زانیاری و شایستەیی خۆیان بگەنە شوێنی بڕیاردان و سەركردایەتی. كوردستان كاتێك بەهێزتر دەبێت كە ئافرەتان و پیاوان هاوشانی یەكتر، بە بەرپرسیاری و دڵسۆزی، لە خزمەتكردنی نیشتماندا بەشداربن».

هێشوو دارا سەلیم بەرپرسی ئەنجومەنی دەوروبەری سلێمانیی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە دەستپێكی قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات «لە پێشوازی ١٦ی ئاب ئافرەت لە مێژووی پارتییەوە تا ناوەندی بڕیار، 16 ی ئاب بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا یادەوەریی ڕۆژی دامەزراندن نییە، بەڵكو یادەوەریی مێژوویەكی درێژی خەباتە، مێژوویەك كە تێیدا ئافرەتانی كورد تەنیا تەماشاكەر نەبوون بەڵكو بەشێك بوون لە خەبات، بەرگری، ڕێكخستن و بەردەوامبوونی ڕەوتی نیشتمانی.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوی گرنگی بۆ بەشداریكردنی ئافرەت لە ناو دامەزراوە حزبی و سیاسییەكان هەڵگرتووە، بەڵام ئەم هەنگاوانە نابێت بە كۆتایی ڕێگە ببینرێن، بەڵكو دەبێت دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بن.

ئافرەتانی كوردستان ئەمڕۆ تەنیا داوای نوێنەرایەتی ناكەن بەڵكو داوای هاوبەشی لە بڕیاردانیشدا دەكەن، ئافرەت نابێت تەنیا كاتێك پێویستیان بە دەنگی هەیە بانگهێشت بكرێت بۆ مەیدان و بكرێتە بەشێك لە پرۆسەی سیاسی كە كاتی هەڵبژاردن بێت، بەڵكو ئافرەت دەبێت لە هەموو قۆناغەكانی بڕیارداندا ئامادە بێت لە ناو حزبەوە تا حكومەت، لە پەرلەمانەوە تا دامەزراوەكانی بڕیاردان ئەمە داواكاری ئافرەتان نییە بە تەنیا بەڵكو ئەمە مافی نیوەی كۆمەڵگەیە.

لە پێشوازی ١٦ی ئابەوە ئافرەت نابێت تەنیا ببێتە پشتگیریی حزب بەڵكو خۆشی ببێتە بەشێك لە ناوەندی بڕیاردان و ئاراستەكردنی داهاتووی حزب، نابێت تەنیا دەنگی هەڵبژاردن بێت و تەنیا لە ڕیزەكانی خەباتدا بێت، بەڵكو پێویستە لە ڕیزی یەكەمی بڕیاردانیشدا بوونی هەبێت».

شاد ڕزگار ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئافرەت جێی بایەخی بووە و دنیابینییەكی جیاوازی بۆ پێگەی ئافرەتان هەبووە.

لە سیاسەت و ستراتیژی پارتیدا، ئافرەت سەنگی ڕێزلێگیراوە و پێگەی بەرز و بەهێزی هەیە، كۆنگرە بۆ كۆنگرە گۆڕانكاری بەرچاو لە ژمارەی ئافرەت لە ئاستی سەركردایەتییەكەیدا دەكات و ژمارەیان زیاد دەكات، ئێستا هیچ هێزێكی سیاسی كوردستان و عێراق نییە بارتەقای پارتی ئافرەت لە سەركردایەتی و سەنتەری بڕیاریدا هەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕوایەكی نەگۆڕی سەرۆك و سەركردایەتی ئەم حزبە بە توانا و لێهاتوویی ئافرەت و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت، ئافرەتانی كورد و كوردستان بارتەقای پیاوان ڕۆڵ بگێڕن و تێكۆشان بكەن.

ئەم زەمینە ڕەخساندنە لەلایەن پارتییەوە وایكردووە ڕۆژ بە ڕۆژ رێژەی ئافرەت لە ئۆرگانەكاندا زیاد بكات، بێگومان ئێمە هەم وەكو سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتان و هەم وەكو ئافرەتێكیش چاومان لە دەرفەتی زیاترە و پێمانوایە ئافرەتی كورد و كوردستان پیویستیان بە ڕەخساندنی زەمینەی باشترە بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خەبات و تێكۆشان بكەن، خۆشبەختانە ئەو نیەت و دنیابینییەش دەبینین و دڵخۆشین بەوەی كە ڕۆژ بە ڕۆژ بەربەستەكانی بەردەم هاتنە پێشەوەی ئافرەتان كەمتر دەكرێنەوە».

لە پێشوازی 16ی ئاب دا  خانمان هەوڵەكانی پارتی  بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان  بەرز دەنرخێنن
لە پێشوازی 16ی ئاب دا  خانمان هەوڵەكانی پارتی  بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان  بەرز دەنرخێنن
لە پێشوازی 16ی ئاب دا  خانمان هەوڵەكانی پارتی  بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان  بەرز دەنرخێنن
لە پێشوازی 16ی ئاب دا  خانمان هەوڵەكانی پارتی  بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان  بەرز دەنرخێنن
Top