مه‌رامه شاراوه‌كانى به نه‌ته‌وه ناساندنى ئێزدییه‌كان؟!
جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى له هه‌ر دیمانه و بابه‌ت و هه‌ڵكه‌وت و چاوپَێكه‌تنێكى خۆى، هه‌ر كاتێك ناوى كوردانى ئێزدى هێناوه ده‌قى وشه‌ى "خوشك و برا ئێزدییه‌كان"ى به‌كارهێناوه، و ئه‌وه واتاى ئه‌و راستیه ده‌گه‌یه‌نێ كه جه‌نابییان به‌شانازییه‌وه كوردانى ئێزدى به برا و خوشك و كورد زانیوه.
ئه‌و هه‌وڵه‌ى كه له‌و ماوه‌یه دا واژۆى 180 په‌رڵه‌مانتار كۆكراوه‌ته‌وه كه كوردانى ئێزدى به نه‌ته‌وه بناسێنرێت جگه له هه‌وڵێكى نگریسى دیكه‌ى پیلانگێڕانه دژى نه‌ته‌وه‌ى كورد و به‌ر له هه‌موویان خوشك و برا ئێزدییه‌كان هیچ شتێك نیه، و جێگه‌ى سه‌رسۆڕمان و گاڵته‌جاڕێیه. ئه‌وه‌ش به‌شێك و قۆناغێكه له‌و هه‌وڵانه‌ى ده‌درێن بۆ لاوازكردنى پێگه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد و تواندنه‌وه‌ى كه‌لتوور و زمان و ره‌سه‌نایه‌تییه‌كه‌ى له‌نێو كه‌لتوور و زمانى نه‌ته‌وه‌كانى ده‌وروبه‌ر. ئه‌و پیلانه‌ى كه سه‌ره‌تایه‌كه‌ى بۆ هزاران ساڵى پێشووتر ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌نجامه‌كانى ته‌نها شكست بووه، چونكه كورد، له رووى سایكۆلۆژى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى توانیویه‌تى به درێژایى ئه‌م هه‌مو ماوه‌یه، خۆڕاگرانه به‌رگه‌ى ئه‌و زۆڵم و زۆردارییه ناڕه‌وا و هه‌وڵه نه‌زۆكانه بگرێت و به سه‌ربه‌رزى و سه‌ركه‌وتووانه لێیان ده‌ربازى ببێ، هه‌رچه‌نده كه له‌م پێناوه‌دا قۆربانیه‌كى زۆرى داوه و ئازارێكى زۆرى چێشتووه.
كوردانى ئێزدى، چ له رابردوو و چ له ئێستادا، خۆیان به جیا له نه‌ته‌وه‌ى ره‌سه‌نى كوردى نه‌زانیوه. ته‌نانه‌ت له كاتى په‌لامارى تاریكپه‌رستانى داعش، ئه‌وان و له سۆنگه‌ى خۆ به كورد زانینیانه‌وه و سه‌رپێبوونیان به‌و نه‌ته‌وه‌یه، له جیاتى ئه‌وه‌ى كه به‌ره‌و ناوچه‌كانى ناوه‌راست و خوارووى عێراق، كه لێیان نزیكتر بوو كۆچ بكه‌ن، زۆرینه‌یان په‌نایان بۆ كوردستان هێنا. چونكه زانیان ته‌نها شوێنێك كه تیایدا پارێزراو ده‌بن ئه‌و كوردستانه‌یه كه برا كورده‌كانى ئه‌وان هزاران ساڵه تیایدا گیرساونه‌ته‌وه و ناوچه‌یه‌كى ئارام و په‌ناگه‌یه‌كى هێمن ده‌بێ بۆیان. به‌شێكى ئه‌و هه‌ست و ره‌فتاره بۆ ئه‌و چه‌نده ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له نه‌ستى به‌كۆمه‌ڵى (لاشعور الجمعی) خوشك و برا ئێزدییه‌كاندا و بۆ ماوه‌ى سه‌دان ساڵى رابردوو، ئه‌زموونێكى هاوبه‌ش هه‌یه له باره‌ى ئه‌و كاره‌سات و ناخۆشیانه‌ى به‌سه‌ر كورد به گشتى دا هاتووه و ئه‌وان وه‌ك یه‌ك ئازاریان چێشتووه و به بێ جیاوازیى ئایینى و كه‌لتوورى و سیاسى و جۆگرافیایى به‌رو رووى دڕندانه‌ترین ره‌فتارى ناحه‌زانى كورد كراونه‌ته‌وه. ئه‌و نه‌سته به كۆمه‌ڵه‌ى كه زانایانى ده‌رووناسیى وه‌ك كارۆل گۆستاڤ یۆنگ، پێى وایه به‌رهه‌مى ئه‌زموونێكى هاوبه‌شه كه له رابردوویه‌كى درێژخایه‌ن له‌سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه بووه تاوه‌كو گه‌یشتووه‌ته ئه‌مڕۆ.
ئه‌گه‌رچى كوردانى ئێزدى هه‌موویان له یه‌ك ناوچه‌ى هه‌رێمى كوردستان نین تاوه‌ك راپرسییه‌ك بكرێت كه ئایا خۆیان چۆن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌ده‌ن، به‌ڵكۆ به‌سه‌ر ناوچه‌كانیترى وه‌ك رۆژئاوا و باكووریش دابه‌شكراون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بێگۆمان له گشتپرسییه‌كى وه‌ها دا ئه‌وان ده‌نگ به كوردبوونى خۆیان ده‌ده‌ن و ئه‌و پیلانه‌ى داگیركه‌رانى كوردستان، كه ئاگره‌كه‌ى به هاوكارى به‌شێك له به‌كرێگیراوانى نێوخۆیى، هه‌ڵگیرساوه، به شكست و ریسوایى ئه‌و لایه‌نانه كۆتایى پێدێت كه یارى به ئاگر ده‌كه‌ن و بابه‌تێكى وا هه‌ستیار ده‌وروژێنن. چونكه تاكى كوردى ئێزدى، وه‌كچۆن به‌شێك له رۆشنبیرانیان له ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوو له كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن دا ده‌ركه‌وتوون و خۆیان له رووى سایكۆلۆژى و كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى به جودا له نه‌ته‌وه‌ى ره‌سه‌نى كورد نابینن، ئه‌وه‌نده‌ش له رووى سیاسییه‌وه خۆیان به به‌شێك له ئامانجه نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه پیرۆزه‌كانى كوردستانه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه و هه‌میشه ئاواته‌خوازى گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ن، تاوه‌كو له‌بن سیبه‌رى ئاڵاى كوردستان شان به شانى برا كورده‌كانى دیكه‌یان له ئازادى و سه‌ربه‌خۆییدا و به شكۆ و كه‌رامه‌ت ژیان به‌رنه‌سه‌ر وه‌ك مافێكى ره‌واى خۆیان وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیترى ئه‌م جیهانه. ئه‌وه‌ش به به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى كه هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه و وه‌ك یه‌ك و شان به شانى یه‌كتر رووبه‌رووى دوژمنانى كورد و كوردستان و به‌تایبه‌ت داعش بوونه‌وه و زیاتر له دوانزده هزار شه‌هید و بریندارى پێشكه‌شى نه‌ته‌وه ره‌سه‌نه‌كه‌ى كورد و كوردستان كرد. بێگۆمان كوردانى ئێزدى زۆر له‌وه وریاترن به پیلانى له‌و جۆره هه‌لبخه‌ڵه‌تێن و ئه‌و قوربانى و گیانفیداییه‌ى پێشمه‌رگه بۆ ئازادكردنى ناوچه‌كانیان داوه، به هه‌روا له بیر خۆیان ببه‌ن. *پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر/ زانكۆى زاخۆ

د. نه‌سره‌دین ئیبراهیم گولى*