کوردستانى بەهێزوخۆڕاگر .. خەون وهەگبەى بەتاڵى پۆپۆلیزمە مورتەزەقەکان
ناشیریکردنى ڕەمزەکان و چاندنى هزرى ڕق و ڕووخاندن بۆ کێ ؟!..
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاک و ماف داگیرکراو ، زیاتر لە سەد ساڵە خەبات و شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانى دەبەخشێت لە پێناو ئازادى و گەڕانەوەى دەستکەوتە زەوتکراوەکانى و گەیشتن بە مافى حکوومڕانى و سەربەخۆیی وەک هەموو گەل و نەتەوەکانى ناوچەکە و جیهان ، دواى چەندین ساڵ ئەمرۆ بەشێکى کوردستان خاوەن قەوارە،پەرلەمان، حکوومەت وچەندین دامەزراوەى دیکەى گرنگە لە سەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى جێگەى متمانە و خاوەن سەنگ و پێگەى خۆیەتى ، هەروەها لە ڕووى نەتەوەیی و نیشتیمانیشەوە ، بووەتە هیواى هەموو کوردێکى دڵسۆز ، جگە لەوەش چەندین پێکهاتەى نەتەوەیی و ئایینى لە خۆگڕتووە کە بووەتە پەناگە و دوورگەیەکى ئارام و سەقامگیر بۆ هەمووان
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە ، چەند ساڵێکە گروپ و تاقمێک بەناو و دروشمى جۆراوجۆر لە هەموو لایەکەوە هەوڵى لێدان و ناشیرینکردن و کەم بایەخ نیشاندانى رەمز و سیمبوڵ و هەموو دەستکەوت و شانازییە مێژووییەکانى کوردوکوردستان دەدەن ، بەشێوەیەک لە پەڵاماردانى هەموو پیرۆزییەکان و ڕەش نیشاندانى کارو خەبات و خزمەتکردن و ئاوەدانییەکانى کوردستان سل ناکەنەوە ، هەموو شێکى باش و پرۆژەیەکى باش لە نێو مێشک وهزرى ڕەش و پڕ کینەیان خراپ وێنا دەبێت ، چاویان بە گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانى کوردستان هەڵنایەت ، هەڵگرى تیرى نەیارانى کوردستانن بۆ کاتێک ئەو ئاوەدانى گەشەسەندن سەرسورهێنەرى کوردستان دەبینن کە بە بەراوەرد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکە بێ وێنەیە ، ئیتر بە هەموو چەک و شێواز و سیناریۆ میدیایی و دەروونییەکانیانەوە کار بۆ ناشیرینکردن و کەم بایەخ نیشاندانى دەکەن
ئەو جۆرە کەس و لایەنانە ، لە مێژە نەک تەنها بەرگى کوردبوون ، بەڵکو بەرگى کوردایەتیشیان فڕیداوە ، ئەگنیا سەرنج بدەن ، لە نێو عێراق وێراى هەموو ئەو گەندەڵکارى و نەبوونى خزمەتگوزارى و کوشتن و بڕینانە لە نێوان سوننە و شیعەکان و پێکهاتەکانى دیکە ، بەڵام کاتێک دەگاتە پرسى بەرژوەندى لە دۆز و مافەکانیان بە هەموو شێوازێک و چەکێک بە پێچەوانەى هەندێک کەس ولایەنى کوردى ، پارێزگارى لە خۆیان و مافەکانیان دەکەن و ڕێگە نادەدەن کە هیچ کەس ولایەنێک بێ ڕێزى بە رمز و سیمبوڵەکانیان بکات
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە، ئەو خۆپەرستى و ڕق هەڵگرتنەى هەندێک کەس ولایەن لە کوردستان ، ئەو قەیرانسازییە بێ مانایە و چەقبەستووییە سیاسییە وایکردووە ، کە گەلى کورد ڕێرەوى کاروانى خەباتى بۆ رزگاریکردن و گەڕاندنەوەى کەرکووک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانى دیکە خەریکە لەبیرى بچێتەوە ، خەریکە ئەو خوێن و خەبات و ماندووبوونەمان کە لە پێناو ئازادى و سەربەخۆیی و بەدیهێنانى مافى دەوڵەتبوون بۆ هەندێک بەرژوەندى کەم بایەخ پەراوێز بخەن ، ئەوەتا رۆژێک سووکایەتى بە پێشمەرگە و رۆژێکى دیکە رەمز و سیمبوڵەکان و ئینجا سووکایەتى بە دەنگ و ئیرادەى خەڵک دەکرێـت و ڕێگری دەکرێت لە کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتى کوردستان ، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکان چ ئاراستەکراو بن لەلایەن نەیارانى کوردستان چ لە ڕووى حزبایەتى بەرتەسک بن ، بۆ ئەوەیە تا گەلى کورد لە بیروباوەرى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى بە ئاراستەى خۆرادەستکردن بە دوژمنان و ناحەزانى کوردستان ببەن
ئەوەى ئەمڕۆ هەندێک کەس و لایەنى پۆپۆلیزم و قورمیشکراوى نەیارانى گەلى کورد لە ژێر سایەى ئەم ئازادى و سەربەستییەى کوردستان پەیرەو دەکەن و دژایەتى دۆز و قەوارە و دەستکەوتەەکانى پێدەکەن ، بەزاندنى هەموو هێڵە سوورە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانە ، شەڕى راگەیاندن و سایکوڵۆژیان بەرامبەر ئەم گەل و نیشتیمانە گەیشتۆتە ئاستێکى مەترسیدار ، جنێودان و تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و پێکەوەژیان و سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە و ڕێبازێکى پیرۆز و هەوڵەکانیان بۆ ساردکردنەوە خەڵک لە بیروباوەرى نیشتیمانى و خۆشەویستى بۆ دەستکەوتەکانیان ، ئینجا پاساویی هێرش وپەڵاماردانەکانیان بەناوى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین و شت و مەک و هەندێک پرسى دیکە ، کە ئەمڕۆ شاراوە نییە بەرۆکى هەموو ئابوورى جیهانى گڕتووە ، دوژمنانیەتییەکى سەرسەختانەیە و لە چوارچێوەى ئۆپۆزسیۆنێکى ساختەکاریش دا دەرچووە
ئەوەى ئەمڕۆ هەندێک لایەنى ساویڵکە و بەکرێگیراو و قورمیشە بە دروشم و هەڵسوکەوتى هەرزەکارانە و جنێودان و بە بیرى ڕەشبینى و رووخاندنەوە دەیکەن ، هەمان ئەو کەسانە بوون کە دهۆڵى خۆڕادەستکردن بە بەغداى حەبیبان لێدەدا ، ئێستا خۆشیان دەزانن درۆیە ، ئەوەى کردوویانە و دەیکەن ئامانج و دوژمنێکى ڕق ئەستوورى لە پشتەوەیە بۆ پەڵاماردانى قەوارەى هەرێمى کوردستان و هەموو دەستکەوت و شانازییەکانى ، بەڵام بە جلوبەرگ و سیناریۆ و شانۆگەرییەکى دیکە و ئەوانە ئەمڕۆ مورتەزەقەن و خۆیان وانیشان دەدەن کە دڵسۆزى خەڵکن و بەناوى ئەوانەوە قسە دەکەن ؛ سەرنج بدەن ، ماوەیەکى دیکە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن ، بەڵام لەبیرتان ناچێت ، هەتا ئەو گروپ و تاقمە پۆپۆلیزم و قورمیشکراوە مورتەزەقانە بمێنن ، ئەگەر کەس نەما ئەوا پەلامارى خۆیان دەدەن ، بەڵام مێژوو سەلمێنەرى ئەو راستییە ، زۆر تاقم و کەسى بەکرێگیراو و دوژمن و نەیارى سەرسەختى خستەنێو زبڵدانى مێژووەوە و کورد، پارتى و بارزانى و کوردستان هەرمان و بەرەو پێشەوەن بۆ بەدیهێنانى ئامانجە گەورەکە و زیاتر گەشەپێکردنى نیشتیمان

رێبوار حەمەلاو شوانی