ئیمام حوسێن، ئیمامی هەموو موسڵمانانە

ئیمام حوسێن، ئیمامی هەموو موسڵمانانە

 

    هەروەک دەزانن لە دەیەمی مانگی موحەرەمدا کە بە (عاشوورا) ناسراوە، ئیمام حوسێن (ع) لەگەڵ ٧٢ کەس لە کەسوکار و یارانی لە شوێنێک بەناوی (کەربەلا) شەهید کران. ئیمام حوسێن (ع) کە بە "ئەبوو عەبدوڵڵا" ناسراوە، کوڕی ئیمام عەلی (ع) و نەوەی پێغەمبەر محەمەدە (سڵاوی خوای لێ بێت)، هەروەها دایکی فاتیمەی کچی پێغەمبەری خودایە (سڵاوی خوایان لێ بێت). ئیمام حوسێن (ع) لە ساڵی ٤ی کۆچی لە شاری مەدینە لەدایکبووە و لە ساڵی ٦١ی کۆچی لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا شەهید کراوە (٦٢٦-٦٨٠ز).

ئیمامی حەسەن و حوسێن لە ماڵی باوک و دایکیان گەورە بوون و زۆر خۆشەویستی پێغەمبەر بوون؛ هەمیشە لەگەڵ خۆی دەیبردن بۆ مزگەوتی نەبەوی لە کاتی نوێژی بەکۆمەڵدا. لە کاتی سوجدەبردندا، حەسەن و حوسێن دەچوونە سەر پشتی پێغەمبەری مەزن و ئەویش لە کاتی هەستاندا زۆر بە ئارامی و خۆشەویستییەوە لای دەدان. هەروەها لە کاتی دانیشتن و وتارداندا، یەکێکیانی لەسەر پێی ڕاست و ئەوی تریان لەسەر پێی چەپی دادەنیشتاند. لە کاتی نانخواردنیشدا، هەندێ جار پاروویەکی دەخستە دەمی حەسەن و جارێکی تر دەمی حوسێن و دەیفەرموو: «ئەمانە کوڕی من و کوڕی کچی منن، خودایە دەزانی کە من ئەوانم زۆر خۆش دەوێت، تۆش ئەوانت خۆش بوێت».

لە سەردەمی خیلافەتی عوسمان بن عەفان (ڕەزای خودای لێ بێت)، لە ساڵی ٢٦ یان ٢٧ی کۆچی، بەشدارییان لە شەڕ و جیهاددا کرد لە کاتی فەتحی ئەفریقادا. هەروەها لە ساڵی ٣٠ی کۆچی بەشدارییان لە فەتحی تەبەرستان و مەدائیندا کرد. لە سەردەمی خیلافەتی ئیمام عەلی (ع)، ئیمام حوسێن لە مەدینە بوو تا کاتی هەڵبژاردنی باوکی وەک خەلیفە، دواتر حەسەن و حوسێن لەگەڵ باوکیان بەرەو کووفە چوون و بەشدارییان لە شەڕەکانی (جەمەل، سەفین، نەهرەوان)دا کرد.

دوای شەهیدبوونی ئیمام عەلی لە ٢١ی ڕەمەزانی ساڵی ٤٠ی کۆچی بە دەستی (عەبدولڕەحمان بن مولجەم)، لە هەمان ساڵدا ئیمام حەسەن لەلایەن خەڵکەوە وەک خەلیفەی موسڵمانان هەڵبژێردرا و ئیمام حوسێن وەک یاریدەدەری ئەو بوو. دوای نزیکەی حەوت مانگ و لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی یەکڕیزی و ڕێگری لە ڕشتنی خوێنی موسڵمانان، لە ساڵی ٤١ی کۆچی ئیمام حەسەن لە خیلافەت کشایەوە بۆ موعاویە. دوای ئەم ڕووداوە، ئیمام حەسەن و حوسێن کووفەیان بەرەو مەدینە بەجێهێشت.

دوای شەهیدبوونی ئیمام حەسەن لە ساڵی ٤٩ی کۆچی، خەڵکی عێراق و بەتایبەت کووفە بەردەوام بە ناردنی نامە پاڵپشتیی خۆیان دەردەبڕی و ئامادەییان بۆ هەڵبژاردنی ئیمام حوسێن دوپات دەکردەوە، بەڵام ئیمام حوسێن پابەند بوو بەو پەیمانەی کە براکەی کاتی خۆی بە موعاویە دابووی. دوای مردنی موعاویە لە ساڵی ٦٠ی کۆچی، بەپێچەوانەی ئەو پەیماننامەیەی نێوان ئیمام حەسەن و موعاویە کە دەبوو خەلیفەی دواتر بە شوورا و هەڵبژاردن دیاری بکرێت، یەزیدی کوڕی موعاویە سیستەمی پاشایەتی پەیڕەو کرد و خۆی وەک خەلیفە بەسەر موسڵماناندا سەپاند.

یەزید ڕاستەوخۆ داوای لە والی مەدینە کرد بە زۆر بەیعەت (پەیمان) لە حوسێن کوڕی عەلی (ع)، عەبدوڵڵا بن عومەر و عەبدوڵڵا بن زوبەیر وەربگرێت. شایانی باسە کاتی خۆی عەبدولڕەحمان بن ئەبووبەکریش ڕازی نەبوو بەیعەت بە یەزید بدات. ئیمام حوسێن بەم هۆکارانەی خوارەوە بەیعەتی بە یەزید نەدا:
١- ئەنجامنەدانی کاروباری شوورا لەنێوان موسڵمانان بۆ هەڵبژاردنی خەلیفە.
٢- پابەندنەبوونی موعاویە بە پەیماننامەی نێوان خۆی و ئیمام حەسەن.
٣- نەشیاویی کەسایەتی و ناوبانگی یەزیدی کوڕی موعاویە بۆ پلەی خەلافەت.

بۆیە ئیمام حوسێن بەرەو مەککە ڕۆیشت و دواتر بەرەو کووفە بەڕێکەوت. پێش ڕۆیشتنی، زۆربەی پیاوانی ئایینی و سەرکردە گەورەکانی ئیسلام ڕێگرییان لێ کرد، بەڵام ئیمام دەیزانی ئەگەر لە مەککە بمێنێتەوە، یەزید دەست لە خوێنڕشتن و بێڕێزی بەرامبەر بە ماڵی خودا ناپارێزێت.

ئەم ڕووداوە وەک کارێکی دەستنیشانکراوی خودایی دەبینرێت کە پێغەمبەر (سڵاوی خوای لێ بێت) پێشتر باسی کردبوو. دوای گەیشتنی ئیمام حوسێن بۆ نزیک کووفە لە شوێنێک بەناوی (کەربەلا)، لەلایەن سوپای "عوبەیدوڵڵای کوڕی زیاد"ەوە کە "عومەری کوڕی سەعد" سەرکردایەتی دەکرد، گەمارۆ درا. دوای شەڕێکی نادادپەروەرانە لەنێوان ٧٢ کەس لە یارانی ئیمام و هەزاران سەربازی سوپای یەزید، ئیمام حوسێن و سەرجەم هاوەڵانی لە ڕۆژی هەینی، ١٠ی موحەرەمی ساڵی ٦١ی کۆچی شەهید کران. دواتر هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبوو، لەلایەن (موختار سەقەفی)یەوە سزای خۆیان وەرگرت و کوژران.

پێغەمبەر (سڵاوی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: «حُسَيْنٌ مِنِّي وَأَنَا مِنْ حُسَيْنٍ، أَحَبَّ اللَّهُ مَنْ أَحَبَّ حُسَيْنًا» (حوسێن لە منە و منیش لە حوسێنم، خودا ئەوەی خۆش بوێت کە حوسێنی خۆش دەوێت). هەروەها فەرموویەتی: «الحسن و الحسین سیدا شباب اهل الجنة» (حەسەن و حوسێن سەروەری لاوانی بەهەشتن).

بەڕاستی کەسایەتییەکی وەک ئیمام حوسێن (ع) کە نموونەی پاکی و پابەندی بوو بە شەریعەتی ئیسلامەوە، شایانی ئەوەیە لە ڕۆژی شەهیدبوونیدا بە ڕێز و شکۆوە یادی بکرێتەوە. ئیمام حوسێن تەنها موڵکی لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو موڵکی هەموو موسڵمانان و مرۆڤایەتییە. ئەو ئیمامی هەموو جیهانە بەبێ جیاوازی زمان و نەتەوە و ڕەنگ. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی یەکگرتوویی و دوورکەوتنەوە لە هزری تەسک و توندڕەوی، بۆ ئەوەی دژی سیاسەتی پەرتەوازەیی و تائیفی بوەستینەوە.

 

Top