ناسنامەی مێژوویی کەرکووک بە گوتاری ناڕەوا ناگۆڕێ
ڕۆژانە گوێمان لە چەندین لێدوان و قسەی جیاواز دەبێت لەسەر کەرکووک و چارەنووسی ئەم شارە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لێدوانی نابەرپرسیارانەی پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان، سەبارەت بە نەمانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، جێگەی هەڵوەستەی و تێڕامانی هەموو کوردستانییەکە. ئەم جۆرە لێدوانانە، نەک هەر خزمەت بە دۆخی شارەکە و دانیشتووانەکەی ناکەن، بەڵکو هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدانی ئەو تەباییەی کە خەڵکی شارەکە چاوەڕێی دەکەن، هەمووان باش دەزانن لە پشتەوەی قسەکانیەوە چی دەگوزەرێ.
لۆژیک ئەوەمان بۆ دەردەخات، کەرکووک بە قسەی کاتیی سیاسییەکان ناسنامەکەی ناگۆڕێت و کاریگەریشی نابێت. بۆیە گرنگە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو جۆرە تێڕوانینانە، ئەم چەند خاڵە وەک خۆی بخەینە ڕوو:
١. پێگەی یاسایی و ناوەڕۆکی ماددەی ١٤٠ ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، هێندە کەم نییە، بە ئارەزووی کەسێک لابرێت یان بگوترێت بەسەرچووە. ئەم ماددەیە دەقێکی ڕوونی دەستوورییە و نەخشەڕێگایەکی یاساییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی تر. دەقی ماددەکە بە سێ قۆناغی سەرەکی جێبەجێ دەکرێت: یەکەم، ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان و قەرەبووکردنەوەیان. دووەم، ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد. سێیەمیش، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاوەکو خەڵکی شارەکە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
قسەکردن لەسەر نەمانی ئەم ماددەیە، ڕاستەوخۆ بە مانای بێبەهاکردنی دەستوور دێت. ئەگەر دەستووریش کاری پێ نەکرێت، ئەوا خودی دەوڵەتی عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە، واتا قسەکانی پارێزگاری کەرکووک و هەموو ئەوانەشی کە پشتیوانی دەکەن، دژایەتی کردنی خودی ئەو دەستوورەیە کە عێراقییەکان دەنگیان بۆداوە و شانازیی پێوە دەکەن.
٢. ناسنامەی مێژوویی و باوەشی فراوانی پێکەوەژیان، بەپێی هەموو بەڵگەنامە مێژووییەکان و ڕاستییە جوگرافییەکان، کەرکووک شارێکی کوردستانییە و ناسنامەیەکی کوردی هەیە.
بەڵام ئەم ڕاستییە هەرگیز نەبووەتە هۆی ئەوەی کورد هەوڵی سڕینەوەی ئەوانی تر بدات. لێرەدا دەبێت دوو شت بەیەکەوە ببەستینەوە: شانازیکردن بە لایەنی نەتەوەیی و کوردستانیبوونی کەرکووک، لەگەڵ ڕێزگرتنێکی قووڵی کورد بۆ هەموو نەتەوەکانی تر وەک عەرەب، تورکمان، کلدان و ئاشوورییەکان. کەرکووک شاری پێکەوەژیانە، چونکە کورد هەمیشە پارێزەری ئەم برایەتییە بووە و دەیەوێت هەموو پێکهاتەکان خاوەنی ماف و ئەرکی خۆیان بن لەسەر ئەم خاکە.
٣. مافی کورد زۆر لە ماددەی ١٤٠ گەورەترە هەرچەندە وەک ڕێزگرتن لە یاسا باس لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکەین، بەڵام دەبێت هەمووان باش ئەوە دەزانن کە مافی کورد لە کەرکووک زۆر لەوە زیاتر و گەورەترە کە تەنها لە چوارچێوەی یەک ماددەی دەستووریدا کورت بکرێتەوە. خاکی کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوە لە جەستەی کوردستان و حەقێکی مێژوویی و ئەخلاقییە کە بە هیچ بڕیارێکی کاتی ناسڕێتەوە.
٤. شکۆی کەرکووک بە بەرپرسان ناشکێت، هیچ کەسێک، لە هەر ئاستێک و پۆستێکدا بێت، ناتوانێت لە گەورەیی و شکۆی پێکەوەیی ئەم شارە کەم بکاتەوە. ئەوانەی لە ئەنجامی ڕێککەوتن و سەفەقەی سیاسی دەگەنە پۆستێک، نابێت وا تێبگەن کە دەتوانن مێژوو بگۆڕن. ئەگەر پرۆسەیەکی دیموکراسی و هەڵبژاردنێکی ئازاد هەبووایە، دۆخەکە بە جۆرێکی تر دەبوو. بۆیە، دروستکردنی فیتنە، هەرگیز خزمەت بە کەرکووک ناکات.
لە کۆتاییدا، گرنگە پارێزگاری کەرکووک و
هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتییان هەیە، ژیرانە ڕەفتار بکەن. کەرکووک پێویستی بە ئاشتییە، پێویستی بەوەیە کە مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، نەک لێدوانی نابەرپرسانە. ڕێزگرتن لە دەستوور و مافی مێژوویی نەتەوەکان، تاکە ڕێگایە بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی لەم شارەدا.

فرسەت سەید شکور