ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەهێزکردنی ئاسایشی مرۆیی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا
دامەزراوە خێرخوازی و مرۆڤدۆستەکان لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا ڕۆڵێکی ڕیشەیی و ستراتیجی لە پاراستنی ئاسایشی مرۆیی، کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی قەیرانە نیشتمانییەکان، و پشتگیریپێدانی ژێرخانی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن. لە هەرێمی کوردستاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکێک لە ناوەندە مرۆییە هەرە دیار و کاراکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، لە ماوەی (٢١) ساڵی کارکردنی بەردەوامیدا توانێویەتی ببێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی. ئەم دەزگایە لەسەر بنەمای فەلسەفەی خزمەتگوزاری بەبێ جیاکاری ئایینی، نەتەوەیی و فەرهەنگی دامەزراوە، کە ئیلهامی لە تێڕوانینی "بارزانیی نەمر" وەرگرتووە کە دەفەرموێت شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت. لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ئەم دەزگایە، تێگەیشتنێکی ئەکادیمی بەخشێتە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و دابینکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمەکەدا.
لە ڕووی کرداری و مەیدانییەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی (٢١) ساڵی رابردووی تەمەنیدا بەردەوام لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و کاراساتە مرۆییەکاندا بووە لە سەرتاپای هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا. بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و شەڕە بەردەوامەکانی ناوچەکەوە، هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی شەپۆلی گەورەی ئاوارەبوونی نێوخۆیی و پەنابەربوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی وڵاتانی دراوسێ بووەتەوە. لەم چوارچێوە دژوارەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگە حکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و ستراتیجی لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی کەمپەکان، دابینکردنی پێداویستییە ژیانییە بنەڕەتییەکان، و بەخشینی خزمەتگوزاریی پزیشکی، خاوێنکاری و دەروونی لە سەختترین قۆناغەکاندا گێڕاوە.
تێڕوانینی دەزگاکە بۆ هاوکاریی مرۆیی تەنیا لە بەخشینی هاوکاریی فریاکەوتنی کاتیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو گەشەی کردووە بۆ بەرنامەی گەشەپێدانی بەردەوام. دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی بونیادنانی تواناکان، ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، و بەهێزکردنی ئابووریی خێزانە کەمدرامەتەکان، هەوڵی داوە ئاوارە و پەنابەران لە حاڵەتی پشتبەستنی تەواو بە هاوکاری دەربێنێت و بەرەو سەربەخۆییی ئابوورییان ببات. ئەم ئاراستەیە ڕێگەی خۆش کردووە تا کەسانی لێقەوماو بتوانن بە کەرامەتەوە ژیانی خۆیان بونیاد بنێنەوە و ببنە ئەندامی بەرهەمدار لە کۆمەڵگەدا.
جگە لە میحوەری ئاوارەکان، دەزگاکە گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی و پاراستنی منداڵان و بێباوکان داوە. بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی کێفالەتکردن و پشتگیریی داراییی بەردەوام بۆ هەزاران منداڵی بێباوک (ئۆرفان) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئەو چینە هەستیار و بەنرخەی کۆمەڵگە دەستەبەر کردووە. لەسەر ئاستی کەرتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش، نۆژەنکردنەوەی سەدان خوێندنگە، دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن، و پشتگیریکردنی داراییی قوتابییانی کەمدەرامەتی زانکۆ، بەشێکی تر بوون لە ستراتیجییەتی درێژخایەنی دەزگاکە بۆ بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار و زانستپەروەر.
شایەنی باسە کە کارەکانی ئەم دەزگایە سنووری هەرێمی کوردستانیشی بەزاندووە، لە کاتی ڕووداوە سروشتییە سەختەکانی وەک بوومەلەرزە و لافاو لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکەم ڕێکخراوی هەرێمەکە فریای لێقەوماوان کەوتووە و هاوکاریی مرۆییی پێشکەش کردوون. ئەم هەوڵە فرەلایەن و بێجیاکارییانە وایان کردووە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک ڕێکخراوێکی بێلایەن، پیشەیی و ڕاستگۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت و لەلایەن ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (ECOSOC) پلەی تایبەتی ڕێپێدانی فەرمیی لە بواری هاوکارییە مرۆییەکاندا پێ ببەخشرێت.
بەپێی شیکارییە ئەکادیمییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی (٢١) ساڵی ڕابردوودا، تەنیا دامەزراوەیەکی بەخشینی هاوکاری نەبووە، بەڵکو بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بونیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ڕاگرتنی هاوسەنگیی جڤاکی و بەهێزکردنی ناسنامەی مرۆڤدۆستانەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان. ئاسۆکانی پاشەڕۆژی ئەم دەزگایە، ئاماژە بە بەردەوامیی ئەم ڕێبازە پیرۆزە دەکەن لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوام، بەکارهێنانی میکانیزمی هاوچەرخ لە بەڕێوەبردنی بەخشینەکان، و بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکاندا. ئەم کاروانە (٢١) ساڵییە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دڵسۆزی لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و گەلدا، بەردی بناغەی گەشەپێدانی پایداری کۆمەڵگەیە.

سەنار شێرۆكی